Hawler

شێرزاد شێخانی: قەمبورو سینەما.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەولێریات (13)

لەزەمانی مەدا سینەما تاكە پەنجەریەك بو كە گەنجەكان دونیای لێوە ببینن. سینەما سەرباری ئەوەی كەوا وەسیلەیەك بو لۆ وەخت بردنەسەر، بەرانەكینێ دەركەیەكی باشیش بو لۆ مەعریفەت، فێری سەقافەتی دونیای دەكردین، هەندەكیشمان لەحەد زیاتر خوڵقی خۆی دابویە، یەكەكیش لەوان ئەمن بوم. ئێستاش نازانم لۆ حەڤدەجار چومە تەماشای فلیمی سەنگامی راج كابورو فیجانتی مالا، وای لێهاتبو هەمو گۆرانیەكانیشیم لەبەر كردبو. ئەو وەختی سێ سینەما لەهەولێرێ هەبو، یەكیان سینەما حەمرابو، ئەویدی سەڵاحەدین، بەو ئاخییرەش سینەمای سیروان پەیابو. هەردو سینەمای حەمراو سەڵاحەدین، سێنەما سەیفیشیان هەبو، واتە سینەمای هاوینان، لەسەر عەرزەكەی كراوە فلیمەكانیان ئیش پێدەكرد، هەر دیسان لەهاویناندا دو سینەمای سەیفی دیش هەبون، یەكیان ناوی جوندیان بو، كە دەكەوتە تەنیشت مەحكەمەی كۆنی هەولێر، ئەویدی سینەما سەفین بو كە دەكەوتە نێزیك دائیرەی تەربییەی ئێستا، ئەوجا ئەوەی ماری لە دەورەپشتی ئەو دو سینەمایە بایە، شەوان دەچونە سەربانێ لەوێ نیوەی شاشەكەیان دەبینی بەبێ ئەوەی یەك فلس بدەنە سینەما.

فلیمەكانی ئەو سەردەمە زۆربەیان فلیمی مندارانبو، وەكی( هەرقەڵ)و (ماشیستی) و (كۆدزیلا)و (سوندباد بەحری)و (ترێنتی ئەبو دەمانچە)و فلیمی عەرەبیش وەكی ئیسماعیل یاسینو عەبدولحەلیمو فەرید ئەتڕەش. ئێستا كە لەقەناتە عەرەبیەكاندا ئەو فلیمانە دەبینمەوە زۆر پێكەنینم بەخۆم دادێ كوو ئەو سیناریۆ سەخیفو بێ مەعنایانەی فلیمەكان ئەمەیان مەشغول دەكردو شێتی سینەمای كردین، چونكی ئەو فلیمانە چیرۆكەكانیان زۆر سادەو مندارانەیە، ئێستا لەوە گەشتیمە چەندە سادەو ساكار بوین..
لۆ راكێشانی خەركی لۆ ئەو فلیمانەش ساحێب سینەماكان دیعایەی فلیمەكانیان دەخستە سەر لەوحەیەكی گەورەو بەناو شاردا دەیانگێڕا، ئەو لەوحەیە كوڕەك بەناوی غازی دەیخستە سەرشانی و مستۆی سینەما سیروانیش هاواری لۆ دەكرد و بەناو جادەكانی هەولێردا دەیگێڕاو دیگۆت: وەرنە فلیمی مسارعون ئەلعەشرە، هەموی شەڕە شیرە، پاڵەوانەكەی ستیف ریفزە. یان دیعایەی فلیمی سپارتاكۆسی دەكرد لە بتولەی كێرك دۆگڵاس، یان ئیسماعیل یاسین لەسجن. فلیمی هیندیش زۆر دەوری هەبو بەتایبەتیش فلیمی سەنگامو ئوم ئەلهیند و تەزحیەت تەبیب، ئەوجا گۆرانی ناو ئەو فلیمانە حەموی وەكی نامیلكەیەك چاپ دەكراو لەبازار بە درهەمەك دەفرۆشراو ئەمەش دەمانكڕی و حەمو گۆرانیەكانمان لەبەر دەكرد.
سینەماكان عادەت سێ بەش بون، چل بایی، كە لەپێشی پێشەوەی شاشەكەوە كورسیەكانی دار بون. حەفتایی كە كورسیەكانی جلد بون، بەشی سەروەش بەهەشتا فلس بو. لەپشت ئەویشەوە ” لۆج ” هەبو كا تایبەت بو بە عائیلەكانی دەهاتنە دیتنی فلیمەكانی عەبدولحەلیمو فەرید ئەتڕەش، كە زۆرجار ئەمنیش لەگەر خوشكەكانم دەچوینە تەماشای ئەو فلیمانە.
سینەماكانی هەولێر لەگێژناندا حەشریان دەكرد، بیتاقە بەدەست نەدەكەت، فلیمە باشو نوێیەكان حەمویان هەردەگیران لۆ رۆژانی گێژنە، ئەوجا دوو رۆژ پێشی گێژنە موقەدیمەی حەمو ئەو فلیمانە حازر دەبون بە بەلاش عەرز دەكران لۆ ئەوەی خەركی بزانن رۆژانی گێژنە چ فلیمەكی تازە هاتیە.
سینەما سەڵاحەدین بەو ئاخیرانە هەندەك فلیمی یۆنانی نیوە رووتی پێشاندەدا، كە زۆربەی گەنجەكان دەچونو بەدەو جغارە خواردنەوە زەوقیان لێوەردەگرت، بەران سینەما حەمرا كە بەو ئاخییرە سەید مستەفای كوڕی سەید ئەحمەد خاوەنی بو، نەیدەهێشت ئەو لەقتە رووتانە پیشان بدرێن و دەیانیبڕی، لۆیە هەر جارەكی لەقتەیەك ببڕدرابایە هەزارویەك جونیان لۆ سەید مستەفا دەنارد، لەناو سینەما بەیەك دەنگ هاواریان دەكرد” قەمبوووووور. خوشكو داكت؟. هەندەكجار كە كارەباش لەسینەما ببڕدرابایە قەمبوری قوڕبەسەر جوونی دەخوارد.
ئاخر لەزەمانی مەدا گەنجەكان قاچو قوولی ژنانیان نەدەدیت مەگەر لەسینەمادا، لۆیە هەمو عەوداڵی فلیمەكان بون، ئەگەر لەوێ شتەكیان دەست بكەتبایە.

باقی وەلسەلام.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت