شێرزاد شێخانی: كاك نەوشیروان و خیانەتەكانی پارتی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەسەروبەندی ساڵی 2000 داو لەسەر داوای هاوڕێی خۆشەویستم كاك نەوشیروان مستەفا كتێبە نایابەكەی بەناوی ( خولانەوە لەناو بازنەدا ) وەرگێڕایە سەر زمانی عەرەبی. بەماوەیەكی كورت كتێبەكەم تەواوكردو دواتر خرایە سەر كۆمپیوتەرو ئامادەكرا بۆ چاپكردن. ماوەیەكی زۆر چاوەڕێمان كرد تا ببرێتە چاپخانەو بڵاو بكرێتەوە، بەڵام هیچ دەنگی نەبو. پاش ماوەیەك سەردانی بەڕێزیانم كردو لەچارەنوسی كتێبەكەم پرسیەوە، لەوەڵامدا پێیوتم: لەسەركردایەتییەوە داوایان لێكردوم بڵاوكردنەوەی رابگرم چونكە هەندێ شتی تیایە لەوانەیە دڵی پارتی عاجز بكات”. هەڵبەت بەبۆچونی خۆم ئەم داوایە لەلایەن مامی گەورەمان بووە، چونكە لەكتێبەكەدا كاكە نەوە زۆر بەراشكاوی باسی هەڵوێستەكانی پارتی كردبو لەمەڕ دانوستانەكان. مامیش هەمیشە سیاسەتەكەی وابووە لەپێناو یەكڕیزی و تەبایی كورد، پارتی و سەرانی ئیستفزاز نەكرێن بەتایبەتیش لەو سەردەمەدا كەشێكی تۆزێ ئارام باڵی بەسەر كوردستاندا كێشابو دوابەدوای رێكەوتنی واشنتۆنی ساڵی 1998 و رێگای هاتوچۆی نێوان هەردو زۆنی سەوزو زەرد خەریكبو ئاسایی ئەبوەوە. تەنانەت سیاسەتی یەكێتی لەو كاتەدا رێگای نەئەدا باسی خیانەتە مێژووییەكەی پارتی لە 31 ئابیشدا بكرێ. هەرچەندە كتێبەكەی كاك نەوە بەهایەكی زۆر گەورەی هەبو بۆ ئەوەی میللەتانی تریش بەتایبەت عەرەب حەقیقەتی شكستهێنانی دانوستانەكانی كوردو بەغدا تێبگەن، بەڵام كارەكە نەكراو تا ئەمڕۆش ئەم كتێبە رووناكی نەبینیوە.
زیاتر لەسێ مانگە لەدوای روداوەكانی 16 ئۆكتۆبەرەوە میدیاكانی پارتی بەرەسمی و سێبەرەكانیەوە رۆژانە بەدەقەو سەعات بەردەوام باس لەخیانەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و فرۆشتنی كەركوك ئەكەن، بەموناسەبەو بەبێ موناسەبەش ئەم قەوانە دوبارە ئەكەنەوەو هەڵوێستی بەشێك لەسەركردە گەنجەكانی یەكێتی سەبارەت بەكوشتنەدانی رۆڵەكانمان بەخیانەت وەسف ئەكەن. رۆژیك لەرۆژان هیچ یەكێك لەسەركردەكانی پارتی و بنەماڵەی بارزانی داوایەكیان لەو میدیایانە نەكرد ئەم هەڵمەتە چەواشەكارییە رابگرن، هەڵبەت مەبەستیشیان لەدوبارەكردنەوەی ئەم قەوانە سواوەوە ناشرینكردنی یەكێتی نیشتمانییە، ئەگینا ئەوان دەیانجار خیانەتیان لەمیللەت و خاك و نیشتمان كردوەو پێویست ناكات بەبیریان بێنینەوە.
هیچ یەكێك لەم میدیا فەرمی و سێبەرانەی پارتی باسی ئەوە ناكەن هۆكاری ئەو ڕووداوەی كەركوك و ناوچە دابڕاوەكان چی بوە؟ كەسیان ناپرسێ بۆچی سەركردەكانیان ئەوەندە سووربون لەسەر ریفراندۆمە فاشیلەكەی سەرۆكیان كە سەبەبی سەرەكی ئەو روداوانە بوو. كەسیان ناپرسێ بۆچی بارزانی و سەرانی حیزبەكەی گوێیان لەهاواری كەركوكیەكان و سەركردایەتی یەكێتی نەگرت بۆ دواخستنی ریفراندۆمەكە بەتایبەتیش لەكەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكاندا. كەسێكیان ناڵێ ” باشە مادام تاقمێكی ناو سەركردایەتی یەكێتی بەرگرییان لە كەركوك نەكرد، كەواتە بۆچی هێزەكانی پارتی نەهاتنە دەنگ و رووبەرووی حەشدو سوپای عیراق نەبونەوە؟. كەس ناپرسێ دوای كەركوك كە تۆزێك موقاوەمەی تێداكرا لەلایەن بەشێك لەهێزەكانی یەكێتیەوە، بۆچی پارتی لەناوچەكانی تری دەشتی نەینەوا تا سەر سنوری ئیبراهیم خەلیل تەسلیم بە بەغدا كردەوە؟
ئەو شین و شەپۆرەی پارتی بۆ كەركوك ئەیكات بۆ خاكی نیشتمانەكەمان نیە بەقەدەر ئەوەی گریانە بۆ نەوتەكەی بای حەسەن و هاڤانە. ئەوەی لەكەركوك ڕوویدا گڕی لەرۆحی پارتی بەردا بەوەی سێ بەشی پارەی نەوتی دزراوی كوردستانی لەدەست دەرهێنا. هۆكاری سەرەكی ئەو روداوەش تەنهاو تەنها سیاسەتەكانی پارتی بوە بۆ لاوازكردنی یەكێتی و، نەتیجەی ئەو پیلانە بوو بۆ لەتوپەتكردنی یەكێتی كە لەوەتەی نەخۆشكەوتنی مام جەلالەوە پارتی كاری لەسەر ئەكرد. چونكە ئەگەر یەكێتی ریزەكانی بەم شێوەیە پەرتەوازە نەبوایەو مەركەزێكی بەهێزی وەكو جارانی لەناو سەركردایەتیو مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا هەبوایە، كەس جورئەتی نەئەكرد لەدەرەوەی سەركردایەتی یەكێتیەوە بریار بدات.
ئەوەی روویدا نەتیجەی غرورو دیكتاتۆرییەتی پارتی بو كە ویستی هەمو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و میللەتەكەیشی بكاتە كۆیلەی گوێڕایەڵی خۆی. ئێستاش دوای ئەم هەمو كارەساتە سەرانی پارتی هاتوهاوارییانە بۆ یەكڕیزی وتەبایی كە دوای كەشفبونی پیلان و مەرامەكانی پارتی مەحاڵە جارێكتر بێتە كایەوە. بەر لەوەی سەرانی پارتی داوای تەبایی و یەكڕیزی لەلایەنەكان بكەن، مەفروزە پیاوێكیان هەبێ ئەم هەڵمەتە چەواشەكارییەی بەرامبەر بەیەكێتی رابگرێ، یاخود لانیكەم بیر لەوە بكەنەوە كە ئەوان خۆیان گیانیان پڕیەتی لەخیانەت لە خاك و نیشتمان و میللەتەكەیان، پێویست ناكات هەڵوێستی نیشتمانپەروەری و كوردانەمان بەسەرا بفرۆشنەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت