PUK-1

شێرزاد شێخانی: نەخشە رێگاكەی یەكێتی بە بەرەواژی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەكۆی (8) هەشت ماددەو( 37) بڕگەی نەخشە رێگاكەی یەكێتی، كەبەكۆی دەنگی سەركردایەتی و ئەنجومەنی ناوەندی پەسندكران. پارتی تەنها یەك بڕگەی ئەم نەخشە رێگایەی بەدڵ بووە، ئەویش بڕگەی تایبەت بە مەسەلەی ریفراندۆم كە ئێستا میللەتەكەمانی پێ چەواشەئەكات و بوە بەبنێشتەی خۆشەی سەر زمانی هەمو سەركردەكانی پارتی.

بەسودفە ئەو برگەیەی باسی ریفراندۆم ئەكات، دوا بڕگەی نەخشە رێگاكەیە، ئەمەش وایكردوە كەوا زەن بكەین برادەرانی پارتی نەخشە رێگاكەیان وەكو هەولێریەكان وتەنەی”بەبەرەواژی”خوێندبێتەوە. واتا لەخوارەوە بۆ سەرەوە، ئەگینا بڕگەكانی پێش ریفراندۆم بەگشتی لەبەرژەوەندی میللەتدایەو چارەسەری كێشە قوڵەكانی ئەمڕۆی نیشتمانەكەمان ئەكات. بەڵام لەوە ئەچێ پارتی زۆر كێشەی لەگەڵ قەیرانەكانی هەرێم و بارودۆخی هاوڵاتیاندا نەبێ. ئەو تەنها كێشەی لەگەڵ كاتدایە، چۆن كارێك بكات زۆرترین كات بخاتە سەر ماوە بەسەرچوەكەی سەرۆكەكەیان لەسەرۆكایەتی هەرێم. ئەو مەسەلەی ریفراندۆمەش باشترین بژاردەیە بۆ بەسەربردنی چەند مانگێكی ترو ئیزافەكردنی بەسەر ماوە بەسەرچوەكەی سەرۆكی هەرێم و، مەشغوڵكردنی خەڵكەكە بەلێژنەكانی ریفراندۆم و هاتوچونیان بۆ بەغداو كۆبوەنەوە لەگەڵ لایەنەكان بەناوی سازدانی زەمیینەی ریفراندۆم كە زۆر بەوازحی كارێكی نامەقبولە لەلایەن ئەمریكاو توركیاو عیراق و دەیان لایەنیتری سیاسی كە جەخت لەسەر یەكپارچەیی خاكی عیراق ئەكەن و دژی هەر مافێكی سەربەخۆیین لەم كاتەدا.
هەڵبەت بەپێی یاسای نێودەوڵەتی هەر ریفراندۆمێك لەهەر وڵاتێك یا ناوچەیەكی دونیادا رێكبخرێت ئەبێ لەسەر داوای وڵاتەكە خۆی بێت، یانی ناكرێ هەر میللەتێك و كەمینەیەك ویستی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی رابگەیەنێ بچێت بەدەر لەیاسای نێودەوڵەتی ریفراندۆم رێكبخات و دەوڵەتی خۆی رابگەیەنێ. ئەگەر مەسەلەكە بەو شێوەیە بێت كە پارتی باسی ئەكات و هەر كاتێك ویستی لەرقی لایەنێكی سیاسی ریفراندۆمێك ساز بكات. ئەوە مافی شیعەكانی لوبنان و درووزەكانی سوریاو مەسیحییەكانی میسرو بەربەرەكانی جەزایەرو لیبیاو، گاپەرستەكانی هیندستان و كەمە نەتەوەییەكانی زۆربەی وڵاتانی دونیاش ئەم مافەیان ئەبێ. تەنانەت كوردەكانی باكوری كوردستان و رۆژئاواو رۆژهەڵات و كوردانی وڵاتەكانی قەوقازیش ئەو مافەیان هەیە. ئەوسا جیهان بەگشتی توشی فەوزایەكی لەبن نەهات و ئەبێ. نیفاقی سیاسی لەمبارەیەوە هەڵوێستی چەواشەكارانەی پارتیمان بۆ دەرئەخات، كاتێك ئەوان ئامادە نین ئەو مافی بریاردان لەچارەنوس بدەنە ئێزیدیەكانی شەنگال و هێزی عەسكەری ئەنێرنە سەریانو كچ و كۆڕانیان ئەكوژن، كەچی ئەو مافە بە خۆیان رەوا ئەبینن. ئەوان سەرباری ئەو تاوانە گەورەییەی بەسەر ئێزیدیەكانیان هێناو، سەرباری ئەوەی خەڵكی شەنگال بەگشتی ئەوانیان ناوێ، كەچی بەزەبرو زەنگ ئەیانەوێ مافی خۆبەڕێوەبەری ئێزیدییەكان پێشیل بكەن.
سەیر لەوەدایە هێشتا مەكتەبی سیاسی یەكێتی نەیوێراوە نوسخەیەك لەنەخشە رێگاكەشی تەسلیم بەپارتی بكات، كەچی زۆر بەئاسایی چۆتە ژێرباری فشارەكانی پارتی لەوبارەیەوەو رازی بوە بەشداری لێژنەیەك بكات بۆ قسەكردن لەسەر ریفراندۆم لەگەڵ بەغدا. لەوەیش سەیرتر ئەوەیە كە یەكێتیش وەكو پارتی لەخاڵی كۆتایی نەخشەرێگاكەوە دەستی پێكردوە، هەمو ئەو بڕگەو ماددانەی پەیوەستن بە بەرژەوەندیەكانی میللەت و چارەسەری كێشەكان فەرامۆش كردوە بۆ راگرتنی دڵی پارتی!.
هەر لەسەرەتاوە من تێبینیم لەسەر ئەو نەخشەرێگایەی یەكێتیدا هەبو، چونكە ئەوكات و ئێستاش پێموایە یەكێتی خاوەن ئەو دەسەڵاتە نیە بتوانێ یەك مادەو بڕگەی ئەم نەخشەیە جێبەجی بكات بەبێ رەزامەندی پارتی. بۆ نمونە یەكێتی چۆن ئەتوانێ پەرلەمان كارا بكاتەوە، یان چارەسەری كێشەی موچەی فەرمانبەران بكات كە خەڵك نانی نەماوە بیخوات، یا شەفافییەت لەنەوتدا كە رۆژانە سەدان هەزار بەرمیلی لێ ئەدزرێ. ئەوەی كە تەرحكراوە هیچ كاریگەرییەكی نیە بەسەر پارتیەوە، بۆیە نەخشەرێگاكەی یەكێتی هەر بەمردوویی لەدایك بوو. پارتی ئێستا حوكمی بەسەر یەكێتیدا گەیشتۆتە رادەیەك ئەو خۆی بریار بدات وەفدی مەكتەبی سیاسییەكەی یەكێتیش كێی تیا بێ، بەم حاڵەشەوە هیچ ئەهەمییەتێك بۆ نەخشەرێگاو دەستپێشەخەرییەكانی یەكێتی و لایەنەكانی تریشی نەهێشتۆتەوە. ئیدی با چاوەڕوانی داهاتو بكەین بزانین پارتی وەكو حیزبی قائید بەرەو كوێمان ئەبات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت