شێرزاد شێخانی : نەوەكانی نەوە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

غیابی چەند مانگەی كاك نەوشیروان لەلایەن زۆربەی سیاسی و رۆشنبیرانەوە لێكدانەوەی جیاوازی هەڵگرت .. هەندێكیان پێیان وابو غیابی ئەو لەبەر نەبونی یاخود بڵێین گەڵالە نەبونی پرۆژەیەك بووە بۆ تێپەراندنی ئەم باردودۆخە سەختە كەلەغیابی ئەودا گۆڕانێكی دراماتیكی بەخۆیەوە بینی ، هەر لەرێگریكردن لەسەرۆكی پەرلەمان و ئیفلیجكردنی دەزگا شەرعیەیەكەی یاسادانانو ، دەركردنی وەزیرانی گۆڕان و شكستهێنانی حكومەتەكەی نێچیرڤان بارزانی ، تا دەگاتە قوڵبونی قەیرانی دارایی تا ئاستی برسیكردنی میللەت  و نانبڕینی فەرمانبەران .

هەندێكی تریان پێیان وابو غیابی كاكە نەوە راكردنە لەروداوەكان بەتایبەتیش لەبەرپرسیارێتی چارەسەری كێشەو قەیرانەكان ، هەرچەندە ئەم گروپەی دووەم باشیش ئەزانن كەوا كاك نەوشیروان ئەگەر بشگەرایەتەوە دەسەڵاتێكی ئەوتۆی بەدەستەوە نەبو بۆ چاكردنی ئەو وەزعە چونكە دیارە چ لایەنێك قەیرانەكانی دروست كردوەو كێش ئەتوانێ چارەسەری بكات ..

كاتێك هەزاران هەواداری گۆران نانبڕاو كران ، ئا لەو رۆژانەدا چومە سەردانی كاك نەوشیروان ، بینیم زۆر خەمبارە ، كە لێمپرسی بۆ واخەمباریت ؟ وتی : ئەو هەمو خەڵكەیان نانبڕاو كردوەو منیش هیچ ئیمكانیاتێكم لەبەردەست نییە قەرەبویان بكەمەوە ، من خەمی ماڵ و مناڵی ئەمانەم كە ناتوانم بچوكترین هاوكارییان بكەم لەم میحنەتەیاندا  .

ئێستا میللەت بەگشتی نانبڕاو كراوە ، گەڕانەوەی كاك نەوشیروان چی بۆ ئەكردن و چۆن ئەیتوانی قەرەبویان بكاتەوە یاخود كێشەكان چارەسەر بكات لەكاتیكدا رژێمێكی دیكتاتۆری بارزانییەكان لەپشت ئەم برسیكردن و نانبڕینەوەیەن .

ئەم غیابەی كاك نەوە ئێستا هۆكارەكانی دەركەوتن ، هەر لەیەكەم لێدوانیدا تیشكی خستە سەر ئەم هۆكارانە كاتێك دانی بەوەدانا كەوا بەئەنقەست خۆی دورخستۆتەوە بۆ ئەوەی دەرفەتێك بداتە هاوڕێیانی بزوتنەوەكەی لەغیابی ئەودا سیاسەت بكەن . لەوتاری كردنەوەی یەكەم كۆنگرەی گۆرانیشدا كاك نەوە زۆر راشكاوانە ئاماژەی بەوەدا كەوا بزوتنەوەكەی بیر لەدامەزراندنی خانەی راپەراندن ئەكاتەوە بۆ ئەوەی بەمردنی رێكخەری گشتی یاخود لەغیابی ئەودا  رێكخراوەكە هەرەس نەهێنێت .

هەر لەسەرتاشەوە كاتێك كاك نەوشیروان بایەخێكی زۆریدا بەڕاكێشانی چیینی گەنج و رۆشنبیرە خوێنگەرمەكانەوە بۆ ناو بزوتنەوەكەی و ژمارەیەكی زۆریانی هێنایە واجیهەو رۆڵی سیاسی ورێكخراوەیی وئیعلامی پێدان ، مەبەستی ئەوە بو نەوەیەكی سیاسی تازە پێبگەیەنێت كە ببێتە پێشەنگی گۆڕینی سیستەمە تەقلیدییەكەو شكاندنی ئەو چەمكە سیاسییە چەقبەستووەی كەئەبێت سەركردە  شەرعیەتێكی شۆڕشگیری هەبێت ، بریاری سیاسیش ئەبێت لەدەست ناوەندیكی بچوكدا بێت ئەویش لەناو تەنها یەك سەركردەی حزب یا عەشرەتدا  كورتببێتەوە . بەدرێژایی تەمەنی بزوتنەوەی گۆرانیش كاك نەوشیروان بەو هەمو كاریزمایشیەوە توانی هەندێ چەمكی تەقلیدی بشكێنێت ، گەنجانیش بێنێتە ناو بریاری سیاسی حزبەوە . ئەوەبو لەغیابی ئەودا سیاسیەكانی گۆڕان سەركەوتوانە رۆڵی سەركردانەی خۆیان گێڕاو لەو هەمو قەیرانو كێشە سیاسیانەدا توانیان ئیدارەی ململانێكان بدەن ، بەمەش ئەزمونێكی باشیان بۆ خۆیان پەیداكرد كەلەدوا رۆژدا ئەتوانن سەركەوتوانەتر كاری خۆیان بكەنو تەوقی سیاسەتە تەقلیدییەكانیش بشكێنن ، بەمەش كاك نەوشیروان توانی فەلسفەی خۆی بەسەر كایەی سیاسیدا بچەسپێنێت و نەوەیەكی تازە بێنێتە سەر گۆرەپانی سیاسی لەكوردستاندا كە پێموایە ئەم نەوەیە ئەبنە ئامرازی شۆڕشێكی گەورە بۆ گۆڕانكاری و دامەزراندنی سیستەمێكی سیاسی تەندروست و پێشكەوتر لەهەرێمی كوردستاندا .

ئەو كە ئەڵێ  : ئەبێت ئەم كلتورە كۆتایی بێت كەپارتی حەزی لەچارەی هەر كەسێك نەكرد بەئارەزوی خۆی دەریبكات  . مەبەستی ئەوەیە قاڵبە تەقلیدییەكان بشكێنێت ئیدی بۆ هیچ كەسێك نەبێت بەمیزاجی تاكە سەركردەیەك یا سەرۆكێك یا سەرۆك عەشیرەتێك پرۆسەی سیاسی و ئیدارە بەرێوە ببرێت . ئەمەش رێك كارێكە بۆ رێگریكردن لەدروستبونی دیكتاتۆریەت لەكوردستاندا .

كاك نەوە لەناو بزوتنەوەكەی خۆیدا نەوەیەكی تازەی دروستكردوە كەجورئەتی ئەوەی هەبێت بەگەورەترین دەسەڵاتی كوردستان بڵێ : من ئازادم كۆیلە نیم . بەكەسێك بڵێن كەوا خۆی بەخوا ئەزانیت ” بوەستە تۆ شەرعییەتت نەماوە .. سەركردەی وای دروستكردوە كەبەهیچ شێوەیەك نەچیتە ژێرباری ترس و تۆقاندو ئیغراكردن و گەندەڵیەوە ، نەوەیەك كەچاوی لەماڵی میللەت نەبێت تا سەر ئێسقان داكۆكی لەمیللەت بكات بەرامبەر بەچەوسێنەرەكانی .

لەسەروبەندی رێككەوتنەكەی دەباشاندا ، باسێكی گەرمو گور هاتە ئاراوە لەسەر یەكگرتنەوەی یەكێتی وگۆران ، ئا لەو ئانەدا لەگەڵ برادەرێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا كەوتینە گفتوگۆ لەسەر ئەم نزیكبونەوەو شیمانەی گەرانەوەی كاك نەوشیروان بۆ ناو یەكێتی ، ئەم برادەرەم زۆری پێناخۆش بو ئەم مەسەلەیە سەربگرێت . كەلێشمپرسی بۆچی پێت ناخۆشە لەكاتێكدا ئەم پرۆسەیە یەكێتی بەهێزتر ئەكات و ئەیكاتە هێزی یەكەمی سەر ساحەكە ؟ لەوەڵامدا وتی : ئاخر كاك نەوشیروان ئەگەر بێتەوە ناو یەكێتی نیوەی مەكتەب سیاسی و سەركردایەتی لەسەر گەندەلی هەڵئەواسێ ، بۆیە زۆر كەس پێی خۆش نیە ئەو بگەرێتەوە !!. منیش پێموت : كەواتە با ئەو سەركردانە گەندەڵی نەكەن تا موحاسەبە نەكرێن .

دیارە ئەو مەبەستی هەندێ لەو سەركردانەی یەكێتیە كە پارتی توانیویەتی ویژدانیان بەچەند پرۆژەو ئیمتیازاتێكەوە بكڕێت كە ئێستا ئەمانە ئەوەندەی داكۆكی لەسیاسەتەكانی پارتی ئەكەن لەژێر پەردەی ئەوەی نایانەوێ شەڕی براكوژی سەرهەڵداتەوە یا هەرێمەكەمان دولەت ببێت ، ئەوەندە داكۆكی لەسیاسەت و هەڵوێستی یەكێتی ناكەن بەرامبەر بەستەمەكانی پارتی و بارزانی لەمیللەتەكەیان .

هەندێ لەم سەركردانەی یەكێتی نەك تەنها لەپشتی پەردەو ژورە تاریكەكانەوە دەیان سەفقەی ( پرۆژەی ئابوری بەرامبەر هەڵوێستی سیاسی ) لەگەل پارتیدا ئەكەن ، بەڵكو سایتو میدیا سێبەركانیشان خستۆتە خزمەتی پارتی وبارزانییەوە ، باس لەجوامێری و لێوەشاوەیی كاكە نێچیرڤانی سەرۆكی شكستخواردوی حكومەت و ئەندازیاری فاشیلی ئاوەدانی ئەكەن و ، دەستخۆشی سەرقاڵبونی ئەكەن بە ” پییشەسازی ژیانەوە ” ، هەندێ لەقەڵەمەكانیشیان لەبەرامبەر پارەی دزراوی نەوتی میللەتەوە كەوتونەتە خزمەتی كەناڵەكەی كاكە نێچیرڤانەوە .

هەڵبەت بەم حاڵەشەوە گەڕانەوەی كاك نەوشیروان بۆ ناو یەكێتی یاخود نزیكبونەوەو دامەزراندنی ناوەندێكی بریار بەدەست كاك نەوشیروانەوە مەترسیەكی گەورە ئەبێت بەسەر ئەوانەوە ، ئەمجارە ئەوان نانبڕ ئەكرێن ، بۆیە دور نیە ئەمانە هەر لەئێستاوە كار بۆ ئەوە بكەن كەوا پرۆسەی یەكگرتنەوەكە سەر نەگرێت بۆ ئەوەی بەرژەوەندییەكانیان لەدەست نەدەن . نابێ ئەوەشمان لەبیر بچێت كەوا مانەوەی یەكێتی بەم زەعیفییەوە سودێكی یەكجار زۆری بۆ پارتی هەیەو بەئاسانی توانیویەتی چەندین سەركردەی ئەو حزبە بۆ لای خۆی راكێشێت .

هەرچەندە پارتی و سەركردەكانی تا ئێستاش خۆیان وا نیشان ئەدەن كەوا پێیان خۆشە یەكێتی و گۆڕان لەیەكتر نزیكببنەوە ، بەڵام  دڵنیام لەوەی كەوا زەندەقییان چوە ، زۆرباش ئەزانن ئەم نزیبك بونەوەو ئاوێتەبونی نەوەی تازەی گۆڕان لەگەڵ كادیرە دلسۆزەكانی یەكێتی و، دروستبونی ناوەندێكی بڕیاری سیاسی بەهێز لەناو یەكێتیدا واتای لەگۆڕنانی خەونە دێرینەكانی پارتی و سەرۆكەكەیەتی بۆ دامەزراندنی رژێمێكی دیكتاتۆری هاوشێوەی رژێمە فاشییەكەی سەدام كە بارزانی بەخوا بزانن و حزبەكەشی بەحزبی قائیدو ئەوانی تریش هەمویان كۆیلەو دەستەمۆو گوێڕایەڵ ، ئەوەتا ئەم حزبە تەنانەت دەست  لەقودسیەتی مزگەوتیش ناپارێزێت خەتیب و مەلا سزا ئەدات چونكە گوێرایەڵ نین و باسی گەندەلی سیستەم ئەكەن ، لەكاتێكدا خودی مەسعود بارزانی دانیبەوەدا ناوە كە كوردستان غەرقی گەندەڵی بوەو پرۆسەیەكیشی راگەیاندوە بۆ لەناوبردنی كە ئەمە ئیعترافێكی وازحە بەوەی كەوا گەندەڵی لەم هەرێمەدا هەیە ئیدی بۆچی مەلاو خەتیبی مزگەوت سزا ئەدرێن كاتێك وەكو بارزانی باس لەبونی گەندەڵی ئەكەن  .

لەكۆتاییدا پێموایە ئەمرۆ تەنها كارێك مابێت كاك نەوشیروان تەواوی كات ، یەكگرتنەوەیە لەگەڵ یەكێتیدا ، چونكە تەنها بەم رێگەیەوە یەكێتی و گۆڕان ئەتوانن ئەم سیستەمە سیاسییە سەقەتەی كوردستان راستەرێبكەنەوە كە خودی كاك نەوشیروان و جەماوەری كوردستان بەگشتی داواكارین بۆ بەدیهێنانی دادی كۆمەڵایەتی و حوكمی رەشیدو بەرقەراركردنی ئاشتی و ئارامی لەناو كۆمەڵگەی كوردستاندا  .

کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە  ئاشنا بکە بە هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت