Sherzad-Wllatdost

شێرزاد وڵاتدۆست : ئایاهەرێمکین سەر بە بەغدا یاخود ئەنقەرە ؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دوای چارگە قەرنێک لە حکومڕانی  دووبارە گەڕانەوە بۆ خاڵی سفر ئەو کۆستە دەبێت ، کە وەک نوشستە زۆر و زەوەندەکانی ترمان دەچێتە لاپەرە تاریکەکانی مێژووی گەلەکەمان ، ئاخۆ ئیفلجکردنی پەرلەمان و حکومەت و تەواوی دامودەزگاکانی ئەم هەرێمەو قەیرانی دارایی و پەلکێشکردنی سوپا و تاقم و گرووپگەلی داگیرکەری جیاواز گەڕانەوە بۆ خاڵی سفر نەبێت چ کارەساتێکی تر بە گەڕانەوە بۆ خاڵی سفر هەژمار دەکرێت ؟

لێرەدا نامەوێت تیشک بخەمە سەرکێشە لەبنەهاتووە ناوخۆیەکانی هەرێم ، بەڵکو ئەوەی لێرەدا دەمەوێ شرۆڤەیەکی کورتی لەسەر بکەم هاتن و پەلکێشکردنی  سوپایەکی داگیرکەرە بۆ ناوخاکی هەرێمی کوردستان و عێراق بەم شێوە ئاشکرایە ، کە ئەویش سوپای تورکیایە ، سوپایەک سەد ساڵە دەستی سورە بە خوێنی ڕۆڵەکانی گەلی کورد چ ما خێرە دوای ڕووبارێک ڕشتنی خوێنی ئەم گەلە ئێستا ببێتە پارێزەرمان ! ، هەروەها دەمەوێت تیشک بخەمە سەر هۆکارگەلی  ئەم هەموو وابەستە بوونەی هەرێم لە ئێستادا بە بڕیار و ئامۆژگاریەکانی ئەنقەرە و پشتکردنە حکومەتی ناوند و بەغدا ، لێرەدا پرسیارێکی زۆر گرنگ خۆی دێنێتە پێشەوە ، کە ئەویش ئەوەیە ئایا ئەم هەرێمەی ئێمە  هەرێمێکە سەر بە بەغدا یاخود ئەنقەرە ؟

ئەوەی زۆر ئاشکرایە لای گشتمان بە درێژایی مێژووی گەلی کورد ‌هیچ داگیرکەرێک جگە لە کوشتوبڕین و وێران کردن هیچ دیاری گەلێکی تری پێ نەبووە بۆ ئەم گەلە ، دوای مێژوویەک لە خەبات و قوربانی دان و قوتاربوون لە دگیرکەرێک  و بەرەنجام بوونی پەرلەمان و حکومەتی کوردی لە ساڵی 1991 دەکرێت بیچوێنین بە ڕۆژی درەوشاوە لە مێژووی تاریکی گەلەی کورد لە باشووری کوردستان ، تەنانەت بۆ هەرتاکێکی کورد لەهەر کوێیکەی ئەم جیهانە ، لێ تێپەڕبوونی 24 ساڵ لە حکومڕانی خۆماڵی لەم هەرێمە بە هەموو کەموکوڕیەکانیەوە ، داکرا وەرچەرخانێکی گرنگ بێت بۆ بڕینی قۆناغێکی تر کە ئەویش بوون بە دەوڵەتە ، بەڵام بە سیاسەتی پر لە هەڵەو ناحەکیمانەی بەشێک لە سیاسیە بڕیاربەدەستەکانی ئەم هەرێمە هێدی هێدی ئەم خۆرە درەوشاوەیە ئاوادەبێت  ، کە 24 ساڵ لەمەوبەر لەم گەلە بەش مەینەتە هەڵهات ، ئەگەر ڕزگاربوون لە دەسەڵاتێکی داگیرکەر و دیکاتۆرێکی وەک سەدام و بنیاتنانی پەرلەمان و حکومەت بە هەڵهاتنی ئەم خۆرە دابنێین ، ئەو زۆر ڕاستە دۆخی قەیراناوی ناوخۆی هەرێم و چوونە بنباڵی خەلافەتەکەی ئەردۆگان بە ئاوابوونی ئەم خۆرە درەوشاەیە دابنێین .

   هاتنی سوپای تورکیا بۆ نزیک موسڵ و دواتر پاشەکشێکردنی بەشێکی  ئەو هێزە بۆ ناوچەکانی هەرێمی کوردستان لە ژێرگوشاری حکومەتی عێڕاقی ، بەهەرهۆیەک بێ بێگومان جۆرێکە  لە داگیرکاری بۆ سەرخاکی هەرێم و وڵاتێکی تر ، دەکرێ هۆکاری هاتنی ئەم ‌هێزە وابەستەی چەند خاڵێک بکەیەن کە بوونتە هۆی هاتنی ئەم هێزە ،  کە ئەمیش بریتی لە نیگەریانەکانی تورکیا لە زۆر بوونی هەژمونی دەسەڵاتی شیعەگەری ئێران لە عێراق و سوریا و ڕاکێشانی سووننەکانی عێراق بەشێک لە لایەنە سیاسیەکانی هەرێم بەلای خەلافەتی ئایندەی ئەردۆگان ، هەروەها بوونی مەترسی لە سەرکورسی دەسەڵاتی هاوپەیمانەکانی تورکیا لە  ناوخۆی هەرێم و بەهێزتر بوونی دەسەڵاتی پارتی کرێکارانی کوردستان ( پەکەکە ) لە باشوری کوردستان ، جگە لەمە بوونی ناکۆکی مەزن لەگەڵ دەوڵاتی روسیا و چەند هۆیەکی تر دەكرێت بەو پاڵنەرانە هەژماربکرێن ، کە وای کرد بەشێکی تری سوپای تورکیا زیاد بێت بۆ ئەو هەژمارەی تر کە لە ساڵانی شەڕی ناوخۆی هەرێم هاتبوونە خاکی هەرێمی کوردستان ، بەڵام هۆکار و پاڵنەر هەرچیەکە بێت بۆهاتنی ئەم هێزە  بێگومان ئەنجامێکی باشی نابێت بۆ گەل و حکومەتی هەرێمی کوردستان ، بەڵکو  دەبێتە هۆکاری زیاتر بۆ وابەستە بوون بە بڕیارەکانی ئەنقەرە و قوڵتربوونەوەی ناکۆکیەکان لەگەڵ بەغدا و کەوتنە نێوان  بەرداشی ململانێکانی شیعە و سوننە لە ناوچەکە ، کە ئەمەش جگە لە ماڵێورانی و زیانێکی مەزن شتگەلی تری لێ چاوەڕێ ناکرێت .

ڕاگەیاندنی هاوپەیمانەتیەکی ئیسلامی بەدەستپێشخەری و پێشەنگی وڵاتی عەرەبی سعودیە وبەژداربوونی 34 وڵاتی ئیسلامی سوننی لە هاوپەیمانەتیە دواهەمین گۆڕانکاری بوو لە باردۆخی جەمسەربەندی و هاوپەیمانەتیەکان لە ناوچەکە ، گرنگترین هۆکاریش بۆ دروستبوونی هاوپەیمانەتیەکی وەها ترسە لە زیاتر بوونی هەژموونی دەسەڵاتی شیعەگەری ئێرانی و لە بەشێک لە وڵاتانی ئیسلامی و قۆرخکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست لەلایان ئێرانەوە ، ئەگەرچی ئەم هاوپەیمانتیە هاوپەیمانتەیەکی بەهێز و کاریگەر نابێت ، چونکە بەشێک لەو وڵاتانەی لە دەوری ئەم هاوپەیمانەتیە کۆبوونەتەو لەنێو خۆیاندا کێشەی مەزنیان هەیە دیارترین ئەو وڵاتانەش تورکیا و میسرە ، کە دوای لادانی ئیخوانەکان لە دەسەڵات لەو وڵاتە پەیوەندی میسر و تورکیا بەرەو نزمترین ئاست دابەزی، بەڵام هەرجۆرێک بێت بوونی هاوپەیمانەتیەکی وەها لەم باردۆخەی ئێستا  دۆخی ناوچەکە زیاتر ئالۆز دەکات ململانێ سوننە و شیعە بەرەو قۆناێکی مەترسیدارتر دەبات ،بوونی تورکیا لە هاوپەیمانەتیەکی وەهادا و دژبەری حکومەتی عێراق کە لەلایان مەرجەعیەتی شیعەکانەوە جڵەوگیری کراوە بۆ هاوپەیمانی ئیسلامی وادەکات کاریگەری نێگەتیڤی ئەم هاوپەیمانەتیە لەسەر هەرێمی کوردستانی باشور دەربکەوێت ، بەجۆرێک دوای ئامادەگی ئەو هاوپەیمانەتیە بۆ ناردنی هێزی پیادە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی ( داعش )  لە عێراق و سوریا ، مەترسی لەسەر بە شەرعی بوونی مانەوەی هێزەکانی تورکیا دەکرێت لە خاکی هەرێمی کوردستان و پەل هاویشتنی سوپای بەشێک لە وڵاتانی ناو ئە هاوپەیمانەتیە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان بە بیانوی شەر کردن لە گەڵ ڕێکخراوی داعش ، ئەوەی زۆر ئاشکرایە دروستبوونی ئەو هاوپەمانیە نوێیە لە ناوچەکە ئامانجی سەرەکی وەستاندنی بەهێزتربوونی دەسەڵاتی شیعەگەری دەوڵەتی ئیسلامی ئێرانە لە وڵاتانی عێراق و سوریا و وڵاتانی کەنداو نە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعشە ، بەڵام ئەوەی گرنگە بۆ گەلی کورد  پێویستە خۆمان بە دوور بگرین لە ململانێی نەبڕاوەی ئەم دووبەرە دژ بەیەکە و بە شێوازێکی حەکیمانە سیاسەت بکرێت بۆ ئەوەی هەمیسان نەبینەوە قوربانی ململانێکانی ئەم دوو بەرەیە وەک مێژووی دوور و درێژمان لە قوربانیدانی بێ سوود و بێ ئەنجام بۆ جەنگی نەبڕاوەی ئەم دوو بەرە دژ بەیەکە .

ئەوەی گرنگە لەم چەند دێرەی کۆتایی ئاماژەی پێبدەین گرنگی هەبوونی سیاسەتێکی  حەکیمانەیە ، دوور لە بەرژەوەندی بەرتەسکی حزبی و بنەماڵەیی بۆ پەیوەندی چ لەگەڵ تورکیا یاخود ئێران یان هەر وڵاتێکی تری ناوچەکە و جیهان بۆ مامەڵەیەکی دروست و سود بەخش ، بێگومان بوونی  جۆرێکی وەها لە سیاسەتکردن دەرەنجامێکی باشی هەم بۆ هاوڵاتیان و تەواوی لایەنکانی باشوری کوردستان و پارچەکانی تری کوردستان دەبێت ، بەڵام بە پێچەوانە سیاسەتکردن بەدڵنیایەوە ئەنجامگەلی زۆر خراپ و زیانبەخشی بۆ هەموو لایەک لێدەکەوێتەوە ،دەبێت دان بەو ڕاستییە تاڵە دابنێین کە مەخابن دەبینین لەهەرێمی کوردستان لە ئێستادا بەو جۆرە سیاسەت دەکرێت  بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی حزب و چەند کەس و لایەنێک خەریکە دەبینە سەرەڕمی لەشکری بنیاتنەرەوەی خەلافەتی عوسمانی بەسەکردایەتی سوڵاتان ئەردۆگان ، بێگومان بەم شێوازە لە سیاسەتکردن بەرەو هەڵدێر و کۆتایی ڕێگاکە دەڕۆین و ئەو خۆرە  بەتەواوەتی ئاوادەبێت کە چەند ساڵێکە لێمان هەڵهاتووە ،دوور نیە هاوشێوەی لەناوچوونی میرنشینە کوردیەکان لە سەدەکانی ڕابردوو کە بەهۆی ململانێکانی دەوڵەتی عوسمانی و سەفەوی زۆر بە سادەیی کۆتایی بە حکومڕانیان هاتووە ، حکومەتی هەرێمیش ببێتە مێژوویەک و دوای دەیان ساڵی تر نەوەکانمان هۆ و هۆکاری کۆتایی ئەم حکومڕانیە بخوێنن ، بۆنەگەیشتن بەوقۆناغەش پێویستە هەرچی زووە تەواوی ئەو هەڵانە ڕاستبکرێنەوە کە لە ناوخۆی ماڵی کورد دەرهەق بەیەک کراون و بە پەرلەمان و حکومەتێکی کارە لە باشوری کوردستان ، وهاوپەیامانەتیەکی تەواوی هێزە کوردستانیەکانی هەر چوار پارچە  خۆمان بۆ گۆڕانکاریی مەزن لە ناوچەکە ئامادە بکەین ، هەروەها دەبێت وەک باشوری کوردستان هەتا ئەوکاتەی هەرێمک دەبین لە حکومەتی فیدڕاڵی عێراق ، ئەوە بەڕوونی بزانین ئێمە  هەرێمکین سەر بەغدا بۆیە مامەڵە کردنێکی دروست لەگەڵ حکومەتی ناوەند و تەواوی وڵاتانی ناوچەکەو جیهان  دەمانگەیەنێت بە ئاقارێکی باش ، جگە لەمە هەرمەیلێک یاخود هەر هەوڵێک بۆ بوون بە هەرێمێک لە تورکیا یان یەکگرتن لەگەڵ بەشێک لە ناوچەکانی تری عەرەبی سوننە و ڕاگەیاندنی دەوڵەتێکی هاوبەش لەگەڵ عەربی سوننە لە عێراق ، یاخود هەرسەکێشیەکی تر لەباردۆخێکی وەهادا  بەدڵنیایەوە دووچاری قۆناغێکی زۆر مەترسیدارمان دەکاتەوە و خەونی ڕاگەیاندنی دەوڵاتێکی کوردی بەهێز و بەڕەسمی دانپێدانراو لە جیهان  بەتەواوەتی کۆتایی دێت .

 

بەکلیک کردنە سەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت