Hawler

شێرزاد شێخانی: پاڵەوانەکانى زەمانى جاران.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەولێریات 94
لە زەمانی مەدا، کارو کاسبی وپارە پەیدا کردن لۆ بەخێو کردنی منداران هەر باب بوو. زۆر بەدەگمەن ژن لەوەزیفەدا بو، مەگەر تەنها لە خەستەخانە سستەر بی، یان لە مەکتەبەکانی کچان موعەلیمە بیتن، ئەویش تەبعەن لەبەر عورفو عاداتی ئەو وەخت کە نەدەبایە هەندەک ئیش پیاوان بیکەن بەتایبەتی ئەوەى عیلاقەی بە ئافرەتانەوە هەبو . ئەوجا زۆربەی بابو باپیرانیشمان کاری وەزیفەیان نەدەکرد، زۆربەیان کاسبکار بون، وەکی چایچی و حەمامچى و چەخماخچی و بەقارو نەجارو حەدادو فیتەرو دوکاندار و… هتد. ژنەکانیش زیاتر خەریکی پەروردەی مندارو شیولێنان و بەڕێوەبردنی مار بون. لەگەر ئەوەى مەسئولیەتی بژێوی پەیداکردن عایدی بابەکان بو، بەران داکەکانمان ئەرکیان زۆر زۆر قوڕستر بو لەبابەکانمان لەوانیش زیاتر ماندی دەبون.
هەر لەگەر بەیانیان پێش حەمومان لەخەو هەردەستانو نانی سبەینانیان حازر دەکرد، زۆرجار هەر خۆیان دەچونە سڕرەی نانی فرنی وسەمونخانەکان، لەشیخەڵڵاش مەنجەرە ماست یان قاپەک قەیماغیان دەهیناو حەتا مندار هەردەستان حەمو شتەک حازر دەبو. دواییش جلک لەبەرکردنی مندارو بەڕێکردنیان لۆ مەکتەب، بابەکانیش بەڕێ دەکران لۆ سەر ئیشو کارو کاسبی.
لەگەر تەواو بونی کاری سبەینان، زەمبیلیان هەردەگرتو دەچونە بازاڕ لۆ کرینی پێداویستی شیوی نیوڕانان، گۆشتو ئەرزاق و شتیان دەکڕی لۆ نانی نیوڕانێ، ئیدی لەچێشتەنگانەوە خەریکی شیولێنان دەبون. دوای نانخواردنیش تەشتیان دادەناو بە دەست جلکی مندارانیان دەشوشت و هەر خۆشیان بەسەر قادرمە دەکەتنو دەیانبردە سەربان رایاندەخست. عەسرانیش یان خەریکی کولیچەکردن دەبون، یان جلکی منداریان چاک دەکردەوە، یانیش لەگەر کچانی جیرانەکان ئاوی تەماتەیان هیشک دەکردەوە، یان بامیەیان لە داوی دەبەستا لۆ هیشک کردنەوە، هەر رۆژەو بە شتەکی زەخییرەی زستانان خەریک دەبون.
ئێوارانی هاوینانیش جێگایان دەبردە سەربانان و شەربەو شفتی و گندۆرە حازر دەکران، دوای ئەوەش منداریان دەخەواند، ئەوجا بەو حەمو ماندی بونەوە دەچونە سەر جێ، رۆژی دواتریش عەینەن شت دووبارە دەبونەوە. حەتا کڕینی قۆندرەو قوماشی بێجامەو بەرگە دۆشەکو نازانم چی، حەموی لەئەستۆی داک بوو. بەراستی داکەکانمان قارەمان بون، ئەو حەمو ئەرکەی رۆژانەیان بەجێ دەگەیاند بەبێ ئەوەى بێزار بن، زۆربەی شەوان خەویان لەخۆیان حەڕام دەکرد بەدیار منداری نەخۆشەوە، شەوان چەندجارەک بەخەبەر دەهاتن دەچونە سەر جێی منداران نەوەکا بەتانیەکە لەسەریان لاچوو بیتن، ئەرکی ئەو داکە پاڵەوانانەمان قەت قەت تەعویز نابنەوە.
ئێستاش بەخۆتان دەبینن، جلک بەغەسالە دەشورێ و هیشکیش دەکرێتەوە، حەمام وبانیۆ لەزۆربەی ماراندا هەیە، ئاوی تەماتە هەر وەختەکی بتەوێ لە بازاڕەکاندا هەیە، زەخییرەی زستانان داناندرێ چونکى حەمو شتەک هەیە. ئێستا ئەو مودیلی دێلیفرىیش پەیدا بوە، ژن پێویستی بە شیولێنانیش نیە، بەتەلەفۆنەکی چ خواردنەکت بوێ لۆت دەهیننە سەر سفرە. سپلیت ژۆرەکەت دەکاتە حەمام خەمی سەرمابونی مندارت نەمایە. کولیچە لەبازار بە ئەنواع ئەشکال هەیە و پێویست ناکات خۆت ماندی بکەی، مندار رازی نابی داک قۆندرەو جلکى لۆ بکڕی، بەرکو لێشی تووڕە دەبی ئەگەر کراسەک یان بلووزەکى لۆ بکڕی بە زەوقی خۆی .ئاخر منداری ئەو زەمانەمان ئەو ئەرکە قوڕسانەی داکو بابانمانیان نەدیتیە لۆیە وا کەپوویان برند بوەو شا بەسەپانی خۆیان نازانن، لۆیە خەرک وا مەغرور بوە چونکی زەمانی نەبونی و عەزابی نان پەیدا کردنیان نەدیتیە.
هەزار رەحمەت لە گۆڕی پڕ لەنووری داکو بابانمان کە قارەمان و پاڵەوان بون لەبەخێوکردنی مندارو پەروەردەکردنیان بە حەمو شتەکی جوان، هەزار رەحمەت لە گۆڕیان، باقى وەلسەلام.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت