شەریف هەژارى: دکتۆر هەڤاڵ ـە پۆستدارە مەلابەزێنەکانى گۆڕان و کۆمەڵ، بۆ لەسەر پۆستەکانیان زار و هەلوێستیان بەستراوە!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەکاتێکا کە: شەهیدکردن، بریندارکردن، خوێناوى کردن و ڕفاندنى (مامۆستایان، لاوان، چالاکوانانى مەدەنى) درێژەى هەیە، کەچى دەمبازە مەلابەزێنە پۆستدارەکانى گۆڕان و کۆمەڵ، زار و هەڵوێستیان لەسەر پۆستەکانیان بەستراوە!
ھەڤاڵ ئەبوبەکرەکان، ئەگەر پۆستەکەنیان لە زاری خستبن! ئەوا یەکێک لە ستراتیژترین ھەڵەکانی نەوشیروان مستەفا، کە کاتی خۆی نەوشیروان مستەفا مابو لەچەندین بابەت دا ئاماژەم پێ داوە ئەوەیە: نەوشیروان مستەفا توێژی ڕۆژنامەنوسی کردە جۆکەر بۆ ھەمو جۆرە پۆستەکان!
کاتێک سەرکردەیەکی گۆران پێى وتم: مامۆستا شەریف کاک نەوشیروانیش ڕەزامەندی دەربڕیوە کە دکتۆر ھەڤاڵ ببێتە کاندیدی پارێزگای سلێمانی! منیش لە وەڵامدا پێم وت: ئەی بۆچی نەوشیروان مستەفا کەسێکی نەکردە کاندید کە بیست ساڵ ئەزمونی ئەندازیاريی لە ناو پارێزگا کەدا ھەبێت، کەسێک (دکتۆرای ڕاگەیاندن)ی خوێندبێت دەبێت پۆستەکەى لەگەڵ بوارەکەى دا بگونجێت، لە پێناو ھێنانەکایەی حوکمی تەکنۆکرات دا!
دکتۆر ھەڤاڵ ئەبوبەکر کە بە کالۆریۆسەکەی لە (زمان و ئەدەبی کوردی) دایە و دکتۆراکەشی لە (ڕاگەیاندن) دایە کە لە زانکۆی سلێمانی بەدەستی ھێناوە، پێچەوانەی یاساکانی وازارەتی خوێندنی باڵای ھەرێمە، ئیتر نازانم چۆن ڕێیان بە ئەو داوە! چونکە بواری بڕوانامەی بەکالۆریۆسەکەی جیاوازە لە بوارى بڕوانامەی دکتۆراکەی، ئەمەش بەپێی یاساکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا قەدەغەیە!
بۆ نمونە من کە یەکەمی بەشی مێژوی زانکۆی سلێمانی بوم و پاش ئەوەی سکۆلارشیپم بردەوە و، ڕۆشتمە بەریتانیا بۆ خوێندنی ماستێر، دواى تاقیکردنەوەیەک لە ماستێری (بەشی دبلۆماسیەت)ی زانکۆی لیستەر وەرگیرام، بەڵام کاتێک ئۆفەرەکەم (قبوڵەکەم) ھێنایەوە تا مامەڵەکانم لە وەزارەت تەواو بکەم. لە وەزارەت ڕەتیان کردەوە کە قبوڵی بکەن و بتوانم لە (ماستێرى دبلۆماسیەت) دا بخوێنم، ڕوونە منیش لەبەر ئەوەی هەمیشە بەکردەوە دژی واستەکاریم، بۆیە ناچار گەڕامەوە بۆ بەریتانیا و وازم لە ماستێری دبلۆماسیەت ھێنا و، ڕۆشتمەوە ماستێرم لە بوارى بەکالۆریۆسەکەى خۆم لە زانکۆی لەندەن خوێند!
دکتۆر ھەڤاڵ کە ئێستا پارێزگارى سلێمانى و سەرۆکی لیژنەی ئەمنی شاری سلێمانییە، کەچى خاوەنی بچوکترین ھەڵوێستى کردارەکى نیە بەرانبەر ئەو ھەمو ستەمکاری و ڕفاندن و کوشتوبڕەی کە دەکرێ!
مرۆڤى ڕاستگۆ و خاوەن هەڵوێست و گەلویست چۆن ئەبێ بۆ (پۆستێکی کاتی) یاخود بۆ (تەکتیکێکی کاتی بزوتنەوەی گۆڕان) ھێندە بێ- ھەڵوێست بێت لە پۆستەکەى دا!؟ ئەگەر دەسەڵاتت بەسەر ئاسایش و پۆلیس دا نییە بۆ لەو پۆستە ناکشێیتەوە!؟ خۆ ئەو یەکگرتوی ئیسلامیەی کە منی (ئەکادیمی نەتەوەیی بێ-لایەن) و تۆ و حیزبەکەت توانجی لێ دەدەین تەنھا لەبەر ئەوەیە کە دەسەڵاتیان نییە و ناشکشێنەوە! ئەی تۆی بێ ھەڵوێست و باقى پۆستدارەکانى ترى گۆڕان و کۆمەڵ بۆچى لە پۆستەکانى پارێزگار و قایمقام و بەڕێوەبەرى شارۆچکەکان ناکشێننەوە لە پارێزگاکانى هەڵەبجە و سلێمانى دا!؟
لە هەمو دونیا، کاتێک حیزبێک پشتیوانى و ڕابەرایەتى خۆپیشاندەران دەکات، ئەوا سەرکردەکانى لە ڕیزى پێشەوەى خۆپیشاندەرانن، کەچى سەرکردەکانى گۆڕان و کۆمەڵ بە دەم و بە ڕاگەیاندن پەمپى کوڕانى هەژار دەدەن، بەڵام خۆیان لە دیوەخانەکانیان لەگەڵ (سێ و چوار) لە ژنەکانیان پاڵیان لێ داوەتەوە!
ڕونە من لە لایەن سێ لیستەوە پێشنیارى کاندید بوونم بۆ کرا، بەڵام بڕوام وابو کە: ئەکادیمیستێکى نەتەوەیى بێ-لایەنى خاوەن سەنگ و هەڵوێست زۆر لە پۆست گەورەترە، دکتۆر هەڤاڵەکان کە لەسەر پۆستەکانیان بێ هەڵوێست و زار بەستراون، ئایا سەنگینتر نەبو بۆیان کە مامۆستایەکى زانکۆى بێ-موچە ببونایە و لەگەڵ خوا و گەلەکەیان دا ڕاستگۆ بونابایە!؟
خۆ نە سەر بە لیست و حیزبەکەى شاسوار عبدالواحیدم و نە داواکەشیانم قبوڵ کردووە کە ببمە هاودیدیان، بەڵام حەقیقەت ئەوەیە: شاسوار و هاوڕێکانى لەم خۆپیشاندانانەدا کردارەکى تر بوون هەتا هەڤاڵ ئەبوبەکرەکان و سەرکردەکانى کۆمەڵى ئیسلامى!
ئاخر من تێ ناگەم هەر کەسانى وەک من و هەڤاڵ ئەبوبەکرەکان و کۆمەڵەکانن کە ڕەخنە لە یەکگرتووەکان دەگرین کە بۆچى دەسەڵاتیان نیە و ناکشێنەوه!؟ دەیانجاریش هەڤاڵ ئەبوبەکرەکان وتویانە: هیچ پۆستێک قبوڵ ناکەن کە دەسەڵاتیان تێیدا نەبێت، دەى فەرمو دکتۆر هەڤاڵەکان ئەوا لە لوتکەى پۆستەکانى پارێزگا و قایمقام و بەڕێوەبەرى شارۆچکەکانن و دەسەڵاتى وەستانى پۆلیسێکى کوتەکوەشێن و ئاسایشێکى ڕفێنەر و چەکدارێکى حیزبى بکوژتان نییە، ئیدى بۆچى دەست لە کار ناکێشنەوە! ؟
دڵنیابن دواتر هەرچى بیانو و موبەڕیڕ بهێننەوە (چونکە ئێوە لە دەمبازى دا مەلابەزێنن) ئەوا خەڵک بە فلسێکى قەڵب لێتان وەرناگرێ و پاداشتان ئەداتەوە لە دەنگدانەکان دا!
تکایە لەبەر پۆستەکانتان وامەکەن جەماوەرى حیزبەکانیشتان لێتان بکشێننەوە، بە مەردانە واز بهێنن، ئێوە کە داواى هەڵوەشانەوەى حکومەت ئەکەن، بۆچى لە پۆستە حکومیەکانى پارێزگاکان لە خۆتانەوە دەست پێ ناکەن، تو ویژدانتان چۆن ڕوتان دێ (سەراى ئازادى سلێمانى و هەڵەبجە و ڕانیە و چەمچەماڵ و باقى ناوچە بە سەربازکراوەکان) و شەهید و بریندار و ڕفێنراوەکان ببینن و ، ئێوەش لەسەر پۆستەکانتان غیرەتان نەبێت هەڵوێستان دەربڕن، هەر هیچ نەبێت بە (مەردى) تا درەنگ نەبووە واز بهێنن!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت