شەهاب کەریم: ئەستۆ پاکی ئەندام پەرلەمانەکان.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

یەکێک لە کێشەکانی خەڵکی کوردستان نەبوون و نەمانی متمانەیە بە هیچ کەس و پارتێکی سیاسی لە کوردستاندا.
بێ متمانەیی بەجۆرێک بۆتە جێیی گومان تەنانەت لە نێو تاکەکانی خێزانیشدا دیوارێکی سەختی نەبڕەو بەئاسانیی لەم دوونیایی بەرژەوەندییە دروستکراوەی حیزبدا نارووخێ.!
کاتێک بێ متانەیی و گومان بەو ئاستە گەیشتبێت، بێشک چارەسەرکەی ئاشکراکردن و ڕووماڵکردنی راستیەکانە لەڕێی پیشاندانی دەست پاکی و ئەستۆ پاکیەوە بۆ خێزان و حیزب و کۆمەڵگا، بەمەبەستی بنەبڕکردنی پەتای گەندەڵی و نەهێشتنی ترس و ڕەوینەوەی گومان لەسەر پۆست و پلەکانی نێو بەڕێوەبردن بۆ وەرگرتن و جێبەجێکردنی ئەرکە ڕاستەقینەکەی کە بە لێپرسراوەکە دەدرێت وەک ئەرک.!
بۆ جیاکردنەوەی رووی راستەقینەی ئەم گێژاو و چاوبەستنەی بە ئەگەرەکانی کردەوەی خراپ ناودەبرێن، دەبێت خەڵک دەربازبێت لە شێوەی کار و شێوازی دەربڕین بۆ وونکردنی بەشێکی ناوەوەی کارەکانی بەرپرس لەنێو خۆیدا و وونکردنی خەڵک و چاوەڕوانی لە خواستەکانیاندا دیوە شاردراوەکەی بەرپرسیارێتی تێدا بزر بکەن و خۆشیان بە پۆشتە و پەرداخیەوە ژیان بگوزەرێنن و میللەتیش بە هەمان باسی چاوەڕوانییەوە چاوەڕوان بکەن.
واتە لە قسەکەرێکی وریا و فێڵبازی باشەوە بگۆڕدرێت بۆ سیاسییەکی بیرکەرەوەی کردەوە باش بۆ خێزان و حیزب و خەڵک.!
ئەم ئاکاری کارکردنی خۆ دۆزیینەوە لە کار و یەکدۆزیینەوە لەگروپی فێڵبازانەی دەوریی یەک و بەرژەوەندی خۆیی و خۆیان بپڕێت و بگەڕێتەوە نێو واقیعی سیاسی و رووی ڕوونی ڕاستیەکان بۆ خەلک ئاشکرا بکرێن، هەر وەک چۆن بەری خۆر بە بێژەنگ ناگیرێت ئەوهاش هیچ کام لەم بەرپرسانەی لە شاردنەوەی راستیەکاندا دەستیان هەیە ناتوانن بەردەوام ببن و گوومانی خەڵک لەسەر خۆیان بڕەوێننەوە.!
پرسیارە راستەقینەکە ئەمەیە.!؟ ئایە هیچ کام لەو ئەندام پەرلەمانانەی بە تایبەتی لەسەر ئەنجومەنی نیشتیمانی عێراق کاندید کراوون دەتوانن بەڕاستی باس لە ئەستۆ پاکی خۆیان بکەن و بیکەنە نەرێتی داهێنان بۆ خەڵکی کوردستان و ئەوانەی لە داهاتودا دەچنە سەر پۆستە نوێکان و دەبنە کاربەدەستی حیزب و حوکومەت.!
با بوێرێک ئەمە راستییانە بخاتە ڕوو بە بەڵگەوە ژمارە و ناوی پاسەوانەکانی ئاشکرا بکات بەوانەشی نیوو بەنیوە پارەکانیان لەگەڵ بەشدەکات ئەو ناڕاستیانە ئاشکرا بکات و ڕاستی و دروستی پرۆسەی شاردنەوەی بەرژەوەندییەکانی بخاتە ڕوو. واتە بەرژەوەندییە مادییەکانی چۆنین و چۆن بەکاریان هێناوە ئاشکرا بکەن بەڕوونتر.
بێگومان خەڵک زۆرێک لە ڕاستییەکان دەزانێت و شاراوە نییە لایان بۆیە بەم ئەستۆ پاکییە پیستان لە پاکتان جیادەکاتەوە و گومان و ڕاڕایمان لەسەر ئەوانە نامێت کە شایستەی ڕێزن و خزمەتیان بە ئەرکەکەیان کردوە لە ماوەی دەستبەکاربوونیاندا.
خراپی دۆخی بژێووی خەڵک و شکستی بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی چەوتی حوکومڕانی تاکی کوردی خستەوە سەر ئەو پرسیارەی ئەمە چۆن و بۆچی ڕوویدا و ڕوو دەدات.!؟ ئایە ئەمە لەکویاو لە کوێدا دەوەستێت.؟
بۆیە ئەرک و بەرپرسیارێتی ڕاستەقینەی تاک بە تاکی ئێمەیە هەستین بەئاشکراکردن و ڕووماڵکردنی ڕاستیەکان. هەر بۆیە کارەکانی تاکی بەرپرس لە شوێن و کارەکەی خۆیدا بۆ خەڵک و ئەستۆپاکی و ڕەوینەوەی گومان و شکی بەدکاری لە کار و پۆستەکانی بەڕێوەبردندا دەباتەوە نێو کەسایەتی شایستەو بەڕێز لە کەسی دڵسۆز و بەئەمەک بۆ خەڵک و وڵات. کە بەداخەوە لەمڕۆدا پۆستێک نییە کە گوماناویی و شەرم نەبێت بۆ وەرگرتن و سڵەمینەوە.
پۆست و پلە بۆ خۆ دەوڵەمەندبوون و پاداشت وەرگیراوە یان بەخشراوە وەک دیاری بە پاداشت و شەراکەتی بەردەوامی لە پرۆسەی سیاسی و بازرگانیدا، بۆیە دەبێت ئەم شێوازە نەشیاوو ناشیرینە لاببرێت و بچێتەوە سەر دۆخی ئاسایی خۆی بۆ خزمەتکردن و دڵسۆزی بە ئەرک و خواستی میللەت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت