Arif-Bawacani

 عارف باوەجانی : یەکێتی ئه‌وروپا و گرنگی کردنەوەی نوێنەرایەتی لە هەرێمی کوردستان .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە جیهاندا زۆر یەکێتی و رێکخراوی مەزن هەیە کە هەرکامەیان لە بوارێکدا گرنگی تایبەت بە خۆی هەیە، یەکێتی ئه‌و‌روپا یەکێکە لەو رێکخراوە ناسراوانەی جیهان کە بەشی زۆری وووڵاتانی ئه‌و‌روپایی تێدا ئەندامن ، زۆر خاڵی گرنگ و بە کەڵک لەم رێکخراوەدا هەیە و باسکردن لە سەر ئەم رێکخراوە مەزنە لە وتارێکدا جێی نابێتەوە، بە پێویستی دەزانم ئاراستەی خۆێنەرانی کوردستانەکەم بکەم .

لەم رۆژانە لە رێگەی میدیاکانەوە ئەو هەواڵە بڵاوکرایەوە کە پەرلەمانی یەکێتی ئه‌وروپا بە نیازە بە فەرمی نۆێنەرایەتی خۆی لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بکاتەوە ، ئەمەش باشترین دانپێدانانی (٢٨) وووڵاتی مەزنی ئه‌وروپایە بە پێشکەوتن و گرنگییەکانی باشوری کوردستان لە ئێستاو داهاتوودا لە بوارەکانی سیاسی، ئاسایشی و ئابوریەوە ، هەروەها پشتیوانییەکی ناڕاستەوخۆییە بۆ بە دەوڵەتبوونی ئەو بەشەی کوردستان ، و کێبرکێی وووڵاتانی دۆست و بەرژەوەندخوازە لە کوردستان بۆ جێخۆشکردنیان لە سەردەمی ئەگەری بە دەوڵەتبوون.

یەکێتی ئه‌وروپا چ گرنگیەکی بۆ کورد هەیە ؟
ئێمەی کورد کە لە درێژایی مێژوودا خاک و نیشتیمان و سەروەت و سەروەریمان داگیرکراوە و بەردەوام لە سەنگەری بەربەرەکانی و خۆڕاگری و خۆپاراستندا بووین، ئەمەش بووەتە هۆکاری ئەوەی کە کۆمەڵگای ئێمە بەراورد بە کۆمەڵگای هه‌ندێک وووڵاتی سەربەخۆ و دیموکرات جیاوازی لە بوارەکانی پێشکەوتنی زانستی و سەروەری هەبێت، هەر بۆیەش بە نزیکبوونەوە کاری هاوبەش لەگەڵ وووڵاتانی پێشکەوتوو دیموکراتی ئه‌وروپا گەلێک لەو بۆشاییانەمان بۆ پڕ دەکاتەوە .
باشوری کوردستان ماوەی چەند ساڵە لە ژێر چنگی داگیرکەر رزگاربووە و لە بەشێک لە خاکی کوردستان دەسەڵات و سەروەری خۆی هەیە، هەرچەند بەردەوام کێشەی لەگەڵ دەسەڵاتی نوێش لە بەغداد هەبووە و هەیە ، بە لایەکی دیکەدا شەڕێکی نەخوازراوی پر لە ‹ نهێنی › گروپی تیرۆریستی داعشی بە سەردا سەپاوە ، هەر خۆڕاگری و فیداکاری ئەم شەڕەش کوردی بۆ ماوەی (١٠٠) ساڵ بردە پێشەوە لە ئاست لێهاتوویی کورد و دروستکردنی باوەڕی نێونەتەوەیی بۆ وووڵاتان لەجیهاندا . 
یەکێتی ئه‌وروپا دەکرێت بە (٥٠ %) هێزی سیاسی و ئابوری و دیپلۆماتی و زانستی جیهاندا پێناسە بکرێت، لە بواری پێشکەوتنی خێراشدا لە درێژایی مێژووی رابردو و داهاتووش هەمیشە لە پێشەوەی کیشوەرەکانی دیکەی جیهانەوەن، (٣) لە وووڵاتانی ئه‌وروپایی ئەندامن لە وووڵاتە گرنگەکانی ( ٥ لە سەر ١) ی وووڵاتە گرنگەکانی جیهان ، کەوابێت یەکێتی ئه‌وروپا دۆست یا نزیکی هەر نەتەوەیەکی وووڵات داگیرکراو بێت، لەو رێگەوە و لەبەراورد لە سەر بەرژەوەندی دوو لایەنەش زۆر گرێ کوێرەی ئەو نەتەوە بندەستە دەکرێتەوە، گەلی کوردیش دەبوو لە پێشتر هەوڵی دروستکردنی لۆبییەکی بەهێزی کوردی لە ناو یەکێتی ئه‌وروپا لە رێگەی پشتیوانی کردن لە چەند کوردێک و دۆستانی کورد بۆ چوونە ناو یەکێتی ئه‌وروپا دەستی پێبکردایە . بەڵام ، شاراوە نییە کە کێشە ناوخۆییەکان هۆکاربون بۆ لە دەستدانی زۆر دەسکەوتی گرنگی دەرەکیش ، بە قەولی پەندە کوردییەکەش ( زەرەر لە نیوەی بگەڕێتەوە هەر قازانجە) .
زۆر لە نەتەوەکانی دیکەی جیهانی هەوڵی خۆیانداوە کە لۆبی چالاکیان لە ناو یەکێتی ئه‌وروپادا هەبێت، بەڵام ، پێشکەوتنەکانی کوردستان لەم چەند ساڵەدا کە گرێدراوه‌ بە شەڕی داعش ، لە زۆر بواردا زیاتر هاندەری وووڵاتانی ئه‌وروپاییە، کە گرنگییەکی تایبەت بەو بەشەی کوردستان بدرێت، لە هێندێک سەرچاوەی ناڕوون باس لە ژمارەی کوردانی دانیشتووی وووڵاتانی ئه‌وروپایی نزیک بە (٢) ملیۆنێک کورد لە نێو وووڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئه‌وروپا دەکرێت ، کە بەشی زۆری ئەو ژمارە لە ئەڵـمانیایە ، کە کوردانی باکور وەک هێزی کار و بونیادنانەوەی ئەڵمان لەگەڵ ژمارەیەکی زۆری تورکەکان لە پاش شەڕی دووەمی جیهانی بۆ سەرەوە هاتوونەتەوە ئەو وووڵاتە، هەروەها لە نەهامەتییەکانی شۆڕشەکانی سەردەمی ساڵانی حەفتاکان بۆ نەوەدەکان ، پۆل پۆل کوردانی هەر چواربەشە داگیرکراوەکەی کوردستانیش پەریوەی وووڵاتانی جیاوازی ئه‌وروپایی بوون، کە سوید بە دووەمین وووڵاتی پڕ لە کورد ناودەبرێت ، کەوابێت بە بوونی ئەو هەموو کوردە لە وووڵاتانی ئه‌وروپایی پێویستە کورد بە گشتی و حکومەتی هەرێم بە تایبەتی کە خاوەنی ئیمکاناتی دیپلوماتی و داراییە کار لە سەر ئەوە بکات بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو چەند کوردێک و چەند دۆستە کوردێکیش بە پشتیوانی جەماوەری بگەیەنێتە پەرلەمانی یەکێتی ئه‌وروپا، بە بوونی چەند کورد و دۆستانی کورد لەو پەرلەمانەدا دەتوانرێت لۆبییەکی بە هێزی کوردی لە ناو پەرلەمان دروستبکرێت و رووداوەکانی کوردستانیش بخرێتە رۆژەڤی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانەوە. 
پێناسەیەکی کورتی یەکێتی ئه‌وروپا : 
یەکێتی ئه‌وروپا ، رێکخراوێکە بۆ کۆکردنەوەی وووڵاتانی ئه‌وروپایە لە دەوری یەک ، لە گشت بوارەکانی رامیاری و ئابوری و زانستی و بەرەو دروستکردنی هێزی سەربازیش هەنگاو دەنرێت ، کە تا ئێستا (٢٨) وووڵاتی ئه‌وروپایی لەم رێکخراوەدا ئەندامە ، پایتەخت و ناوەندەکانی بڕیاردانی ئەم یەکێتییە لە بەشە جیاوازەکانییەوە لە هەر (٣) شاری (بروکسل و ستراکسبۆرگ و لۆکسەمبۆرگ) ە ، ئەم رێکخراوە کە نۆینەرایەتی وووڵاتانی ئه‌وروپایی دەکات تا ساڵی (٢٠١٤) ژمارەی دانیشتووانی ئەو وووڵاتانەی کە ئەندامن لەم یەکێتییە دەگاتە (٤٩١٥٨٢٨٥٢) کەس، پانایی خاکی گشت وووڵاتانی ئەندامی دەگاتە (٤٣٢٤٧٨٢) کیلۆمه‌تری چوارگۆشە ، هەروەها (٣،٠٨%) ئاوە .
لە نێو وووڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئه‌وروپا بە (٢٣) زمانی ئه‌وروپایی ئاخاوتن هەیە ، پارەی رەسمی ئەو رێکخراوە ئێرۆیە، کە لە ساڵی (١٩٩٩) ئەو پارە هاتە بازاڕەکانی یەکێتی ئه‌وروپا و جیهانەوە، بۆ بڕێک لە وووڵاتانی ئەندام بۆ گەشاندنەوەی ئابورییەکەیان زۆر باش بوو، بۆ هێندێک لە وووڵاتانیش زیانی ئابوری هەبووە ، کە نموونەترین وووڵاتیش زیانی پێگەیشتووە (یۆنان) بووە ، تا ئێستا (١٧) لە وووڵاتانی ئەندام لە وووڵاتەکانیان پارەی ئێرۆ بە کار دێنن ، بەڵام، (١١) وووڵاتی ئەندامی یەکێتی ئه‌وروپا هێشتا پارەکەی خۆیان بە کاردێنن، لە راپرسیان بە خەڵکەکەیان موڵەتی گۆڕینی پارەیان پێنەدراوە.
گرنگترین رێکخراو ، یا نیهادەکانی یەکێتی ئه‌وروپا بریتین لە ( پەرلەمانی ئه‌وروپا ، شۆرای یەکێتی ئه‌وروپا ، کۆمیسیۆنی یەکێتی ئه‌وروپا ، دادی یەکێتی ئه‌وروپا ، کۆنگرەی ئه‌وروپا ، بانکی مەرکەزی ئه‌وروپا ) ، هێشتا چەند وووڵاتێکی دیکەی ئه‌وروپی هەن کە بە مەبەستی پاراستنی سەروەری ئابورییەکەی خۆیان هێشتا نەچوونەتە ناو یەکێتیەکەوە ، بۆ نموونە وووڵاتێکی وەک ( نەرویج) لە راپرسیەکی سەرتاسەری لە ساڵی (١٩٩٤) نزیکەی (٥٢%) خەڵکەکەی دەنگی( نا) بە نیشانەی ناڕازییان دا ، بۆ ئەوەی نەرویج نەبێتە ئەندام لە یەکێتی ئه‌وروپا، ئەوانەی کە لە وووڵاتی نەرویج دژایەتی بە ئەندامبوونی نەرویج دەکەن لە یەکێتی ئه‌وروپا بە (٢) گروپ پێناسە دەکرێن ، گروپێک مەبەستیان بۆ پاراستنی سەروەری ئابوری نەرویجە، گروپی دیکەشیان گروپی چەپەکانە .
ئێستا لەو وووڵاتانەی کە نەبوونەتە ئەندام لە یەکێتی ئه‌وروپا (٢) کەمپینی جیاواز هەیە بۆ راکێشانی دەنگی خەڵکەکەیان ، کەمپینی نا بۆ یەکێتی ئه‌وروپا، کەمپینی بەڵێ بۆ یەکێتی ئه‌وروپا، لە وووڵاتانی ئەندامیش کەمپینی کشانەوە لە یەکێتی ئه‌وروپا بەردەوام لە لایەن چەپەکانی ئەو وووڵاتانەوە کاری بۆ دەکرێت  .
کورتە مێژووی دروستبوونی یەکێتی ئه‌وروپا : 
یەکێتی ئه‌وروپا لە (٩)ی مای ساڵی (١٩٥٧) لە رێکكەوتنێکی ئابوری نێوان (٦) وووڵاتی ئه‌وروپایی کە بەڕێکەتننامەی (رۆم)ی پایتەختی ئیتاڵیا ناسراوە ئەم یەکێتییە دروستکرا، پاشان بە هۆی زیادبوونی وووڵاتانی ئەندامەوە ئەم یەکێتیە گەورەتر بوو، تا سەرئەنجام لە (١)ی نۆڤامبری ساڵی (١٩٩٣) لە شاری ماستریختی هۆڵەندا یاساییەکی تایبەتی بە یەکێتی ئه‌وروپا بۆ مەرجەکانی وەرگرتنی ئەندامیەتی و گرنگی پێدانی یەکێتییەکە پەسەندکرا. ئێستا بەپێی یاسای یەکێتی ئه‌وروپا (٩)ی مای، بە رۆژی ئه‌وروپا ناسراوە .
وووڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئه‌وروپا : 
بلژیک. لە هەڵبژاردنی (٢٠١٤ بۆ ٢٠١٩) بووەتە خاوەنی (٢١) کورسی ناو پەرلەمانی یەکێتی ئه‌وروپا، ساڵی (١٩٥٧) بووەتە ئەندام لە یەکێتی ئه‌وروپا، ژمارەی دانیشتووانی نزیک بە (١٢) ملیۆنە. 
بولغاریا. لە هەڵبژاردنی (٢٠١٤ بۆ ٢٠١٩) بووەتە خاوەنی (١٧) کورسی ناو پەرلەمانی یەکێتی ئه‌وروپا، ساڵی (٢٠٠٧) بووەتە ئەندام لە یەکێتی ئه‌وروپا، ژمارەی دانیشتووانی (٧٣٢٧٢٢٤) كه‌سه‌.
کرواتیا. لە هەڵبژاردنی (٢٠١٤ بۆ ٢٠١٩) بووەتە خاوەنی (١١) کورسی ناو پەرلەمانی یەکێتی ئه‌وروپا، ساڵی (٢٠١٣) بووەتە ئەندام لە یەکێتی ئه‌وروپا، ژمارەی دانیشتووانی نزیک بە (٤٢٧٥٩٨٤) كه‌سه‌.
قیبرس. لە هەڵبژاردنی (٢٠١٤ بۆ ٢٠١٩) بووەتە خاوەنی (٦) کورسی ناو پەرلەمانی یەکێتی ئه‌وروپا، ساڵی (٢٠٠٤) بووەتە ئەندام لە یەکێتی ئه‌وروپا و ژمارەی دانیشتووانی نزیک بە (٨٦٢٠١١) كه‌سه‌.
دانیمارک. لە هەڵبژاردنی (٢٠١٤ بۆ ٢٠١٩) بووەتە خاوەنی (١٣) کورسی ناو پەرلەمانی یەکێتی ئه‌وروپا، ساڵی(١٩٧٣) بووەتە ئەندام لە یەکێتی ئه‌وروپا، ژمارەی دانیشتووانی نزیک بە (٥٥٨٠٥١٦) كه‌سه‌.
ئیستلاند. لە هەڵبژاردنی (٢٠١٤ بۆ ٢٠١٩) بووەتە خاوەنی (٦) کورسی ناو پەرلەمانی یەکێتی ئه‌وروپا، ساڵی (٢٠٠٤) بووەتە ئەندام لە یەکێتی ئه‌وروپا، ژمارەی دانیشتووانی نزیک بە (١٣٢٥٢١٧) كه‌سه‌.
فینلاند. لە هەڵبژاردنی (٢٠١٤ بۆ ٢٠١٩ ) بووەتە خاوەنی(١٣) کورسی ناو پەرلەمانی یەکێتی ئه‌وروپ، ساڵی (١٩٩٥) بووەتە ئەندام لە یەکێتی ئه‌وروپا، ژمارەی دانیشتووانی نزیک بە (٥٤٠١٢٦٧) كه‌سه‌.
فەره‌نسا. لە هەڵبژاردنی (٢٠١٤ بۆ ٢٠١٩) بووەتە خاوەنی (٧٤) کورسی ناو پەرلەمانی یەکێتی ئه‌وروپا، ساڵی(١٩٥٧) بووەتە ئەندام لە یەکێتی ئه‌وروپا، ژمارەی دانیشتووانی (٦٥٢٨٧٨٦١) كه‌سه‌.
یۆنان. لە هەڵبژاردنی (٢٠١٤ بۆ ٢٠١٩) بووەتە خاوەنی (٢١) کورسی ناو پەرلەمانی یەکێتی ئه‌وروپا، ساڵی(١٩٨١) بووەتە ئەندام لە یەکێتی ئه‌وروپا، ژمارەی دانیشتووانی (١١١٢٣٠٣٤) كه‌سه‌.
ئیرلەندا. لە هەڵبژاردنی (٢٠١٤ بۆ ٢٠١٩) بووەتە خاوەنی (١١) کورسی ناو پەرلەمانی یەکێتی ئه‌وروپا، ساڵی (١٩٧٣) بووەتە ئەندام لە یەکێتی ئه‌وروپا، ژمارەی دانیشتووانی (٤٥٨٢٧٠٧) كه‌سه‌. 
ئیتاڵیا. لە هەڵبژاردنی (٢٠١٤ بۆ ٢٠١٩) بووەتە خاوەنی (٧٣) کورسی ناو پەرلەمانی یەکێتی ئه‌وروپا، ساڵی (١٩٥٧) بووەتە ئەندام لە یەکێتی ئه‌وروپا، ژمارەی دانیشتووانی (٥٩٣٩٤٢٠٧) كه‌سه‌.
لاتیڤیا. لە هەڵبژاردنی (٢٠١٤ بۆ ٢٠١٩) بووەتە خاوەنی (٨) کورسی ناو پەرلەمانی یەکێتی ئه‌وروپا، ساڵی (٢٠٠٤) بووەتە ئەندام لە یەکێتی ئه‌وروپا، ژمارەی دانیشتووانی (٢٠٤٤٨١٣) كه‌سە. 
لیتاڤین. لە هەڵبژاردنی (٢٠١٤ بۆ ٢٠١٩) بووەتە خاوەنی (١١) کورسی ناو پەرلەمانی یەکێتی ئه‌وروپا، ساڵی (٢٠٠٤) بووەتە ئەندام لە یەکێتی ئه‌وروپا، ژمارەی دانیشتووانی (٣٠٠٣٦٤١) كه‌سە. 
لۆکسەمبورگ. لە هەڵبژاردنی (٢٠١٤ بۆ ٢٠١٩) بووەتە خاوەنی (٦) کورسی ناو پەرلەمانی یەکێتی ئه‌وروپا، ساڵی (١٩٥٧) بووەتە ئەندام لە یەکێتی ئه‌وروپا، ژمارەی دانیشتووانی (٥٢٤٨٥٣) كه‌سە.
ماڵتا. لە هەڵبژاردنی (٢٠١٤ بۆ ٢٠١٩) بووەتە خاوەنی (٦) کورسی ناو پەرلەمانی یەکێتی ئه‌وروپا، ساڵی (٢٠٠٤) بووەتە ئەندام لە یەکێتی ئه‌وروپا، ژمارەی دانیشتووانی (٤١٧٥٤٦) كه‌سە.
هۆڵەندا. لە هەڵبژاردنی (٢٠١٤ بۆ ٢٠١٩) بووەتە خاوەنی (٢٦) کورسی ناو پەرلەمانی یەکێتی ئه‌وروپا، ساڵی (١٩٥٧) بووەتە ئەندام لە یەکێتی ئه‌وروپا، ژمارەی دانیشتووانی (١٦٧٣٠٣٤٣) كه‌سە.
پۆڵەندا. لە هەڵبژاردنی (٢٠١٤ بۆ ٢٠١٩) بووەتە خاوەنی (٥١) کورسی ناو پەرلەمانی یەکێتی ئه‌وروپا، ساڵی (٢٠٠٤) بووەتە ئەندام لە یەکێتی ئه‌وروپا، ژمارەی دانیشتووانی (٣٥٥٣٨٤٤٧) كه‌سە.
پورتوگاڵ. لە هەڵبژاردنی (٢٠١٤ بۆ ٢٠١٩) بووەتە خاوەنی (٢١) کورسی ناو پەرلەمانی یەکێتی ئه‌وروپا، ساڵی (١٩٨٦) بووەتە ئەندام لە یەکێتی ئه‌وروپا، ژمارەی دانیشتووانی (١٠٥٤٢٣٩٨) كه‌سه‌.
رۆمانیا. لە هەڵبژاردنی (٢٠١٤ بۆ ٢٠١٩) بووەتە خاوەنی (٣٢) کورسی ناو پەرلەمانی یەکێتی ئه‌وروپا، ساڵی (٢٠٠٧) بووەتە ئەندام لە یەکێتی ئه‌وروپا، ژمارەی دانیشتووانی (٢٠٠٩٥٩٩٦) كه‌سە .
سلۆڤاکیا. لە هەڵبژاردنی (٢٠١٤ بۆ ٢٠١٩) بووەتە خاوەنی (١٣) کورسی ناو پەرلەمانی یەکێتی ئه‌وروپا، ساڵی (٢٠٠٤) بووەتە ئەندام لە یەکێتی ئه‌وروپا، ژمارەی دانیشتووانی (٥٤٠٤٣٢٢) كه‌سه‌.
سلۆڤینیا. لە هەڵبژاردنی (٢٠١٤ بۆ ٢٠١٩) بووەتە خاوەنی (٨) کورسی ناو پەرلەمانی یەکێتی ئه‌وروپا، ساڵی (٢٠٠٤) بووەتە ئەندام لە یەکێتی ئه‌وروپا، ژمارەی دانیشتووانی (٢٠٥٥٤٩٦) كه‌سه‌.
ئیسپانیا. لە هەڵبژاردنی (٢٠١٤ بۆ ٢٠١٩) بووەتە خاوەنی (٥٤) کورسی ناو پەرلەمانی یەکێتی ئه‌وروپا، ساڵی (١٩٨٦) بووەتە ئەندام لە یەکێتی ئه‌وروپا، ژمارەی دانیشتووانی (٤٦٨١٨٢١٩) كه‌سه‌. 
بەریتانیا. لە هەڵبژاردنی (٢٠١٤ بۆ ٢٠١٩) بووەتە خاوەنی (٧٣) کورسی ناو پەرلەمانی یەکێتی ئه‌وروپا، ساڵی (١٩٧٣) بووەتە ئەندام لە یەکێتی ئه‌وروپا، ژمارەی دانیشتووانی (٦٣٤٩٥٣٠٣) كه‌سه‌. 
سوید. لە هەڵبژاردنی (٢٠١٤ بۆ ٢٠١٩) بووەتە خاوەنی (٢٠) کورسی ناو پەرلەمانی یەکێتی ئه‌وروپا، ساڵی (١٩٩٥) بووەتە ئەندام لە یەکێتی ئه‌وروپا، ژمارەی دانیشتووانی (٩٤٨٢٨٥٥) كه‌سه‌. 
چیک. لە هەڵبژاردنی (٢٠١٤ بۆ ٢٠١٩) بووەتە خاوەنی (٢١) کورسی ناو پەرلەمانی یەکێتی ئه‌وروپا، ساڵی (٢٠٠٤) بووەتە ئەندام لە یەکێتی ئه‌وروپا، ژمارەی دانیشتووانی (١٠٥٠٥٤٤٥) كه‌سه‌.
ئەڵمانیا. لە هەڵبژاردنی (٢٠١٤ بۆ ٢٠١٩) بووەتە خاوەنی (٩٦) کورسی ناو پەرلەمانی یەکێتی ئه‌وروپا، ساڵی (١٩٥٧) بووەتە ئەندام لە یەکێتی ئه‌وروپا، ژمارەی دانیشتووانی (٨٠٣٢٧٩٠٠) كه‌سه‌. 
هەنگاریا. لە هەڵبژاردنی (٢٠١٤ بۆ ٢٠١٩) بووەتە خاوەنی (٢١ ) کورسی ناو پەرلەمانی یەکێتی ئه‌وروپا، ساڵی(٢٠٠٤) بووەتە ئەندام لە یەکێتی ئه‌وروپا، ژمارەی دانیشتووانی (٩٩٣١٩٢٥) كه‌سە.
ئوتریش. لە هەڵبژاردنی (٢٠١٤ بۆ ٢٠١٩) بووەتە خاوەنی (١٨) کورسی ناو پەرلەمانی یەکێتی ئه‌وروپا، ساڵی (١٩٩٥) بووەتە ئەندام لە یەکێتی ئه‌وروپا، ژمارەی دانیشتووانی (٨٤٠٨١٢١) كه‌سه‌.
هەرەها چەند وووڵاتێکی دیکە داواکاری ئەندامەتییان کردوە، وەک وووڵاتانی تورکیا، ئیسلاند، مونتینیگرۆ، سربستان و مەگەدۆنیا، کە داواکارییەکەی تورکیا بە دوور دەزانرێت لەم کاتەدا بە ئەندام قبووڵ بکرێت، بەڵام، وووڵاتانی دیکە شانسیان هەیە کە وه‌ڵامی پۆزەتیڤ وەربگرن.
چۆنییەتی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی یەکێتی ئه‌وروپا: 
هەر (٥) ساڵ جارێک لە مانگی مەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی یەکێتی ئه‌وروپا لە گشت وووڵاتانی ئەندام لەو یەکێتیە بەڕێوە دەچێت، ئەندامانی پەرلەمانی ئه‌وروپا راستەوخۆ لە لایەن خەڵکی وووڵاتانی ئەندام لەو یەکێتییە هەڵدەبژێردرێن.
بۆ هەڵبژاردنی نۆێنەرانیان بۆ ناو پەرلەمانی یەکێتی ئه‌وروپا، لە نێوان (٥) ساڵ جارێکدا ژمارەی کورسیەکان گۆڕانکاری تێدادەکرێت، بە هۆی هاتن و بە ئەندامبوونی وووڵاتی نۆی، لە هەڵبژاردنی نێوان ساڵی (٢٠١٤ بۆ ٢٠١٩) کورسیەکانی یەکێتی ئه‌وروپا (٧٥١) کورسیە، تێێدا (٧٥١) کەس بە نۆێنەرایەتی نزیکەی (٤٩٦) ملوێن خەڵک لە (٢٨) وووڵات هەڵبژێردران. گروپە سیاسیەکانی ناو پەرلەمانی ئوروپا:
لە نێو پەرلەمانی یەکێتی ئه‌وروپاش وەک گشت پەرلەمانەکانی وووڵاتانی جیهان لە فراکسیۆن و گروپ پێکهاتووە، باسەکان لە لایەن گروپە جیاوازەکانەوە دێتە ئاراوە، ئێستا ئەم گروپانە لە ناو پەرلەماندا بوونیان هەیە: 
گروپی حیزبی گەلی خەڵکی ئه‌وروپا کە بە دیموکرات مەسیحییەکان ناسراون، ئەم گروپە لە ناو پەرلەمانی یەکێتی ئه‌وروپا خاوەنی (٢١٣) کورسیە، کە دەبێتە (٢٨،٤ %) کە گەورەترین گروپی ناو پەرلەمانن. 
گروپی ئیتلافی دیموکرات و سۆسیالیستەکان، کە خاوەنی (١٩١) کورسین، دەبێتە (٢٥،٤ %) دووەمین گروپی گەورەی ناو پەرلەمانن.
گروپی ئیتلافی لیبراڵ دیموکراتەکان، کە خاوەنی (٦٤) کورسین، دەبێتە (٨،٥ %) گروپی سێیەمی ناو پەرلەمانن، گروپەکانی دیکەی وەک گروپی یەکێتی نەتەوەیی ئه‌وروپا، گروپی ئیتلافی ئازادی ئه‌وروپا، گروپی هاوپەیمانی چەپەکانی ئه‌وروپا، گروپی سەوز و ژینگە پارێزەکان، گروپی دیموکراسی و گروپی بێلایەنەکان، ئەوانەش هەموویان (٣٦%) ی پەرلەمان پڕ دەکەنەوە، ئەمانە وەک گروپی کەمینەی ناو پەرلەمان دێنە ئەژماردن.
بەڕێز (مارتین شهولز) سەرۆکی یەکێتی پەرلەمانی ئه‌وروپایە.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت