Arabi-Awarae-kampi-Xzr

عـــەتا قەرەداخی : چارەنووسی ئاوارەکان و تێڕوانینی رەگەزپەرستانە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کێشەى ئاوەرەبوون کێشەیەکی جیهانیەو مێژوویەکی دوورو درێژى هەیە . ئەگەر بەشێکی سەرەکی ئەم کێشەیە پەیوەندی بە سیستێمە سیاسیەکان و چۆنێتی بەڕێوەبردنی وڵاتانەوە هەبێت لەلایەن ئەو سیستێم و دەسەڵاـە سیاسی و ئیدارییانەوە کە درووستبوون ، ئەوا دەبێ بزانین بەشێکی تری ئاوارەبوون پەیوەندی بە بوون و گەوهەرو ماهیەتی مرۆڤــ خۆیەوە هەیە کە زۆرجار ناتوانێت پەیوەست بێت بە شوێنەوە ، یان شوێن بۆ بەشێک لە مرۆڤەکان دەبێـە زیندانێک و رۆحیان دەخوات و ناتوانن لە شوێندا ئۆقرە بگرن و جێگیر ببن . لە راستیشدا یەکێک لە رووە نەرێنی و هەرە خراپەکانی خودی مرۆڤــ ئەوەیە کە کاتێک دەبێتە خاوەنی دەسەڵات بە هەموو شێوەیەک هەوڵدەدات چەندین سنوورو کۆت و پێوەند بۆ خودی خۆی درووست بکات و بەوەش بەشێکی دیار لە ئازادییەکانی مرۆڤــ بەدەستی دەکوژێت . بە مانایەکی تر ئەو یاسا ژەنگاوییەى کە مرۆڤــ خۆی دایناوەو چوارچێوەى بۆ مرۆڤەکان دیاریکردووە، بەوەش جۆرێک لە کۆیلایەتی بەسەر کۆمەڵگەى مرۆڤایەتیدا سەپاندووە ئەویش لە رێگای کۆت و پێوەندی سنوورەکانەوە ، ئەو سنوورانەى کە لە ئاستێکی تردا دەبنەوە بە هاوشیوەەى ئەو زیندانانەى کە هەر خودی مرۆڤ و دەسەڵاتە دڕندەییەکەى مرۆڤ بۆ زیندانیکردنی ئەوانی تری هاوڕەگەزی خۆی درووستی کردوون . ئەگەر بهاتبایەو مرۆڤ وەکو بەرزو بڵندترین سەرمایەی ئەم گەردوونە بەم سنوورە دەستکردانە زیندانی نەکرایە ئەوسا گۆی زەوی دەبووە یەک نیشتیمان کە نیشتیمانی هەموو مرۆڤەکان دەبوو ، کە دیارە تام و چێژی ژیانیش تەنیا ئەو کاتە بەهاو بایەخی دەبوو کە کۆی مرۆڤەکان بەدەر لە رەنگ و زمان و رەگەزو ئایین و کۆی خاسێـتەکانی تریان بە یەکسانی و وەکو یەک خاوەنی ئەم گۆی زەوییە بوونایە . بەڵام دیارە غەریزە ئاژەڵیەکەى مرۆڤــ زۆر باڵاتر بووە لە پاڵنەرە مرۆییەکانی هەربۆیە خودی مرۆڤی کردۆتە دووبەش ، یان دوو ئاست کە ئەوانیش بریتین لە مرۆڤە راستیەکان کە هەموو ئەوانە دەگرێـتەوە کە گەوهەرو ماهیەتی مرۆییان لەدەست نەداوەو هەموو ئەوانی تر لە هەر گۆشەیەکی گۆی زەویدا بن بە برای راستەقینەو هاوشانی راستەقینەى خۆیان دەزانن ، کە بێگومان ئەمانەش زۆرینەن کە لەبەرامبەر ئەم بەشەدا بەشەکەی تر هەیە کە کەمینەیەو ئەو بەشەیە کە لەم گۆی زەوییەدا دەسەڵاتی بەدەستەوەیەو لە پێناوی خۆی و بەرژەوەندییەکانی و بەردەوامبوونی لە دەسەڵاتدا گۆی زەوی بۆ ئەوانی تر کردووەتە دۆزەخ و لە پێناوی خۆی و دەسەڵات و مانەوەیدا نەک هەر سنوور بۆ ئەوانی تر دادەنێت , بەڵکو گۆی زەوی کردووەتە دۆزەخێک بۆیان و هەموو رۆژێک بە جۆرێک و بە نەخشەیەکی نوێ پاکتاوی مرۆڤــ و بوونە مرۆییەکان دەکات و لەسەرووى هەموو شتێکیشەوە هەوڵی جدی دەدات بۆ ئەوەى ئەو بۆچوونە بکاتە تیۆریی کە مرۆڤەکان لە راستیدا دوژمنی یەکن و وایان ئاراستە دەکات بۆ ئەوەى هەر کەسێک بمێنێتەوەو درێژە بە بوون و ژیانی خۆی بدات ئەوا پێویستە پێ بنێت بەوانی ترداو تەنانەت سەریشیان پان بکاتەوە. ئەمەش لە عەقڵ و زیهنی زۆرینەى سیستێمە سیاسیەکاندا خاڵێکی لەبەرچاوگیراوەو کاری بۆ دەکرێت. واتە دەتوانرێـت بگوترێت لە بنەڕەتدا مرۆڤایەتی کۆیلەى دەستی خودی مرۆڤەکانە بە تایبەتی ئەوانەیان کە کەمترین خاسێتی مرۆییان تێدا ماوە.
دیارە ئەوەش ئاشکرایە کە مرۆڤەکان لە هەر جۆرە کۆمەڵەیەکدا بە جۆرێک دەکرێنە کۆیلەو بەجۆرێک بوونی مرۆییان دەکوژرێت و بەجۆرێک لە بنەما مرۆییەکان رووت دەکرێنەوە. لەو کۆمەڵگەیانەدا کە سیستێمە سیاسیەکان بوونەتە دامەزراوەى جێگیرو مەترسی رووخاندن و هەرەسهێنانیان کەمتر بووەتەوە ، بۆ رەونەقدارکردنی رووی سیستێمە سیاسیەکان یاساکان تا ئەندازەیەک جۆرێک لە رێکخستنیان هێناوەتە ئاراوە ئەگەرچی لە کۆی سیستێمی سەرمایەداریدا مرۆڤــ بە هیچ شێوەیەک ئازاد نییەو تاکو شتێکیش بمێنێـت پێی بگوترێت دەسەڵات ئەوە مرۆڤ ئازاد نابێت چونکە ئازادی و دەسەڵات دوو چەمکن کە هیچ شتێک کۆیان ناکاتەوە . هەڵبەت یاساکان لە کۆمەڵگە پەرەسەندووەکاندا بە تایبەتی ئەوانەى کە ئیدیعای دیموکراسی و مافی مرۆڤیان تێدا دەکرێت ، جۆرێک لە رێوشوێن و چوارچێوەیان داناوە کە سەرباری کرۆشتنی رۆحی راستەقینەى مرۆیی لە ناوەوەڕا بەڵام لە دەرەوەڕا جۆرە رووکەش و جوانییەک بەو جۆرەی ژیان لە سایەى ئەو سیستێمانەدا دەبەخشێت . لە کاتیکدا لە کۆمەڵگە پەراوێزی و پاشکۆکانی وەکو رۆژهەڵات یان ئەوەى پێی دەوترێت پەراوێزی ناوەند، یان پاشکۆی رۆژئاوا ئەوەى بەهای بۆ دانانرێت و تاکەکەسانی خاوەن دەسەڵات یان سیستێمەکانی دەسەڵات وەکو ئامرازێک سەیری دەکەن ئەوە ئەو رووبەرە بەرفراوانەیە کە پێی دەگوترێت مرۆڤایەتی کە ئەرکی سەرەکییان جێبەجێکردنی خواست و ویستەکانی ئەوانی نوخبەى دەسەڵاتدارە. هەرکاتێش بیانەوێت هەرچۆن شوانەکان مێگەلەکان لەبەردەدەن و بە ئارەزووى خۆیان لێیان دەخوڕن دەسەڵاتەکانی رۆژهەڵاتیش بەوجۆرە مامەڵە دەکەن بە تایبەتی لە کۆمەڵگە مسوڵمانەکاندا چونکە لێرە ئایینیش بووەتە ئایدیۆلۆجیای دەسەڵات بۆ کوشتنی بوون و ماهیەتی تاکەکەس و کۆکردنەوەى لە یەکەیەکی گەورەتردا کە خاسێتی دەستەجەمی هەیەو دەسەڵاتەکانیش ئەو خاسێتی دەستەجەمیە ناشیرینتر دەکەن و سیمای مێگەلی پێدەبەخشن. ئەوەى ئێستا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا روودەدات بە مێگەلکردنی کۆمەڵگەو مرۆڤەکانە بە گشتی بۆ ئەوەى رۆحی یەکتریان پێبکوژن و هەمیشە وەکو دوژمن و نەیاری سەرسەختی یەکتری دەریان بخەن . کە دیارە ئەوەی ئەو پرۆژە دژمرۆییە بەڕێوەدەبات بریتیە لە دەسەڵاتە تائیفی و رەگەزپەرستەکان کە بێجگە لە خۆیان و رەگەزو تائیفەو مەزهەبەکەی خۆیان هەموو ئەوانی تر بە نەیارو دوژمن دەزانن و لەو روانگەیەشەوە شەرعیەت بە خۆیان دەدەن بۆ پاکتاوکردنی سەرجەم ئەوانی تر. واتە بەرژەوەندی تاکەکەسەکانی دەسەڵات و خودی دەسەڵاتە تائیفی و رەگەزپەرستەکان ئەوە دەخوازێت کە بەردەوام بۆ مانەوەى ئەو دەسەڵاتانە رووبەرە فراوانەکەى کۆمەڵگەى مرۆڤایەتی بکرێـتە دوژمنی یەکتری.
لەم رووەوە مەترسیەکی زۆر گەورە رووبەڕووى رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووەتەوە کە ئەویش کێشەى سەرهەڵدانی دوژمنایەتی رەگەزی و ئیتنیکی و نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبی و کەلتوورییە . ئەم ململانێ سەختە نامرۆییە رێگا خۆش دەکات بۆ سەرهەڵدانی جۆرێک لە رەیسیزمی لە رادەبەدەر کە ئەوەش وەکو پەڵەیەکی شەرمەزاری دەبێت بە ناوچاوانی مرۆڤایەتییەوە. ناشیرینترین و دزێوترین ململانێکان لە رابردوودا ململانێی خوێن و دەماربووە لە نێو خێل و عەشیرەتەکاندا. ئێستا ئاستی ئەو ململانێیە ترسناکترو خوێناویتر بووە لە نێوان ئیتنیک و نەتەوەو ئایین و مەزهەب و رەگەزە جیاوازەکاندا. ئەوەى ئێستا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە ئاشکرا دەبینرێت کوشتنە لەسەر شووناس، کە هەموو جۆرەکانی شووناس دەگرێـتەوە. مسوڵمان مەسیحی و یەزیدی و سابیئەو زەردەشتی و کاکەیی جولەکە دەکوژێت لە سەر شووناسی ئایینی. عەرەب و تورک و فارس کورد و ئەرمەن و بەلوچ دەکوژن لەسەر جیاوازی نەتەوەیی. شیعە سوونە دەکوژێت و سوونە شیعە دەکوژێت لەسەر مەزهەب. حیزب و رێکخراوە جیاوازەکان یەکتری دەکوژن لەسەر جیاوازی بیرو ئایدیۆلۆجیا. لە پشتی هەموو ئەمانەشەوە دەسەڵاتە سیاسیەکان و سیستێمە سیاسیەکان راوەستاون و ئەوەى ئەم هەموو کوشتنە رێکدەخات و ئەم پرۆژە ناشیرینە نامرۆییانە بەڕێوەدەبات خودی سیستێمە سیاسیەکانن. ترسناکی ئەم پرۆژانەش ئەو کاتەیە کە لە فەرمان و نەخشەبۆدانانی سیستێمەکانەوە بگوازرێـتەوە بۆ کۆنەستی جەماوەری و جەماوەر خۆی بە خاوەنی ئەو پرۆژەى رق و کینەیە بزانێت کە ئەوەش بردنی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی و بە تایبەتیش کۆمەڵگەکانی ئەم ناوچەیەیە بەرەو ترسناکترین چارەنووس.
یەکێک لەو خاسێتانەى کە کۆمەڵگەى کوردی وەکو کۆمەڵگەیەک کە بەردەوام قوربانی بووە لە مێژووداو، سەرباری ئەوەش تاکو ئێستا شانازی پێوەکردووە ئەوەیە بە ئاشکراو بە شێوەى بەرچاو دوژمنایەتی نەتەوەو ئیتنیک و ئایین و مەزهەبە جیاوازەکانی نەکردووەو ئەوەش ئاشکرایە کە کوردستان لە مێژوودا وەکو لانکێک بۆ پێکەوەژیانی ئەو جیاوازانە سەیر کراوە. سەرباری ئەو هەموو تاوانانەى کە سیستێمە عەرەبی و تورکی و فارسیەکان دژی کورد و بۆ پاکتاوی رەگەزی کورد کردوویانە لە مێژوودا، هێشتا کورد نەگەیشتووەتە ئەوەى کە گەل و جەماوەری خەڵکی ئەو نەتەوانە وەکو دوژمن سەیر بکات کە دیارە ئەمەش روانینێکی راست و درووستی مرۆڤی کوردە چونکە ئەوەى دوژمنی کورد بووەو بەردەوام لە هەوڵی لە ناوبردنی کورددا بووە دەسەڵاتەکانی ئەو نەتەوانە بوون نەک گەلەکانیان. بۆیە ئەوە بۆچوونێکی هەڵەیە کە بانگەواز بۆ بوونی دووژمنایەتی لە نێوان کوردو گەلانی عەرەب و تورک و فارسدا بکرێت بە تایبەتی ئێستاو دوای ئەو بارودۆخە نوێیەى کە لە عێراقدا روویداوەو ژمارەیەکی زۆر لە عەرەبی عێراقی ئاوارەى کوردستان بوون، لەملاو ئەولا گوێبیستی ئەوە دەبین کە باسی دەرکردنی ئاوارە عەرەبەکان لە کوردستان دەکرێت. راستە لە جیهانی ئەمڕۆدا یاسای تایبەت بە ئاوارەکان و جۆری ئاوارەکان هەیەو ئەوەش دەزانین کە بۆ بارودۆخی ئێستای کوردستان کە بارێکی ناجێگیری هەیەو رووبەڕووى چەندین قەیرانیش بووەتەوە بەڵام هێشتا ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە کەسانێک لە دەستی مردن رایانکردبێت تۆ ناچاریان بکەیت وڵاتەکەت بەجێبهێڵن. دیارە ئەوەش دەزانین کە لێشاوێکی لەوجۆرە بەهێزی ئاوارەبوون بەرەو کوردستان چەندین کێشەى پێوەیە بەڵام دیسان بەهای راستەقینەى مرۆیی کورد لەوەدا دەردەکەوێت کە تا دەتوانێت داڵدەی هەر مرۆڤێک بدات کە پێویستێتی بە شوێ ، و یارمەتیە ، ئیتر گرنگ نییە لە چ رەگەزو نەتەوەو ئایین و رەنگێکە. دیارە دەنگی ناسازی لەوجۆرەش دەبیسترێــت کە داوای دەرکردنی عەرەبەکان لە کوردستان دەکات، بەڵام من پێموایە ئەوە دەنگی راستەقینەى کورد نییەو تەنانەت ئەگەر خراپی رەفتاری سیستێمی سیاسی بەغدا رق و کینەى جەماوەری خەڵکی کوردستانی وروژاندبێت دەبێ ئەو رق و کینە بەرامبەر بە دەسەڵاتی سیاسی عەرەبی و نوخبەی سیاسی عەرەبی و رێکخراوو حیزب و ئایدیۆلۆژیا شۆڤێنی و تیرۆریستیەکانی عەرەبی بێــت نەک بەرامبەر بەو جەماوەرەى کە لە ترسی مردن و بەناچاری پەنای بۆ کوردستان هێناوە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت