عمر ئیزدخواە : نەتەوایەتی بوونی پارتە کوردیەکان ، پێوەرەکانی نەتەوایەتی بوون ؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

گرنگی ئەو بابەتە دەگەڕێتەوە بۆ هەستیاری و دۆخی چارەنوسازی پرسی نەتەوایەتی کورد، کە خۆی دەبینێتەوە لەو قۆناغەی کە بەبڕوای بەشێکی سەرەکی هزرمەندان و تیۆرناسانی ناسیۆنالیزم ، بریتیە لە بونیادنان و پێکەوە نانی بزاوتێکی نەتەوایەتی لە شکڵی ناسیۆنالیزمدا ( بە خۆبواردن لە هەڵسەنگاندن و خستنەرووی دیوەکانی تری ئەم پەیرەوگەیە ) ، ئەوا دۆزی نەتەوایەتی کورد تا هەنوکەش پرسێکە بەدەر لە هێرش و سەرکوتە دەرەکیەکانی ، قوربانیەکی نا ئاسایی و لە رادەبەدەری سیاسەتی پارتە کوردیەکان و ململانێی نێوانیانی داوە ، بەو هۆیەش وەک بە درێژایی مێژوو دیارە نەک هەر زیان بەر هەل و مەرجە لەبارەکان بۆ هێنانەدی و جێگیرکردنی ئامانجەکان کەوتووە، بەڵکو لە زۆرترین دۆخیشدا بینیمان زیان بەر دەستکەوتووەکانیش دەکەوێ و ناتوانرێ بپارێزرێن ، لەهەمان کاتتدا پرسێکی جێی باس بریتیە لە فرۆشتنی منەتی نەتەوایەتی بوون و کارکردن بۆ بردنە پێشی ناسیۆنالیزمی کوردی لەنێوان بەشێک پارتە کوردیەکاندا و لەهەمان کاتتدا بوونی جۆرێک لە ناروونی لە سیاسەتی ئەو پارتانە بە تایبەتیش لە دۆخە چارەنوسازەکاندا یەکلانەبوونەوە لەنێوان کارکردن بۆ هێنانەدی گرنگترین داواکاریی و ئەرک و ئامانجە نەتەوەییەکان و قۆستنەوەی دۆخەکان بە سیاسەتێکی واقعبین و دوورمەودابینینانە هەروەها لەگەڵ کارکردن بۆ رێگریکردن و پێشگرتن بە جوڵانێکی ئەرێنی دۆزی نەتەوایەتی و لەسایەی سیاسەتێکی پشتبەستوو بە هەل و مەرجێکی مومکین لەو ئامانجانەی کە هەڵقوڵاوی دۆزەکە و هەروەها بەشێک لە بانگەشەی گوفتاری هەمان ئەو هێزانەیە .. لێرەدا دەست دەبەین بۆ گفتوگۆ و خستنەڕووی چەند تایبەتمەندیەک کە سیاسەتی پارتەکانمان لەو لایەنەوە بۆ روون دەکاتەوە ، دیاریکردنی نەتەوایەتی بوونی پارتە کوردیەکان بەم پێوەرانەی خوارەوە :
1 – ئاستی ستراتیژی پارتەکان : بوونی ستراتیژێکی روون بۆ گەیاندنی کۆمەڵگا و تاکی کوردی بە ئامانجە نەتەوەییەکان ، کە خۆی دەبینێتەوە لە خۆبەڕێوەبەری سیاسی و بەشداریی کارای نەتەوەیی و نیشاندانی ناسنامە و داننان بەسەروەری و روخساری نەتەوەیی و ، رزگاری نەتەوەیی ئامانجی سەرەکی ئەم قۆناغەی ئێستا پێکدێنێت ، کارکردنی ستراتیژی پارتەکان لە مامەڵە لەگەڵ دۆزی نەتەوەیی نیشانەی باوەڕی پارتەکەیە بە پلەی یەکەم ، کە ئەویش زیاتر لە راگەیاندنی دامەزراندن و بەرنامەی پارتەکاندا بە ئەندام و جەماوەر و کۆمەڵگا رادەگەیەنرێت .
2 – ئاستی پرۆسەیی پارتەکان : تا چەند پارتە کوردیەکان لە زەمینی واقعدا کار بۆ ئەو ئامانجە نەتەوەییانە دەکەن ، ئایا خەباتی نەتەوایەتیان بە تەنها لە گوفتاریان خۆی دەبینێتەوە یان لە کردەوەدا هەنگاوەکانیان بە ئاراستەیەکی ئەرێنی دۆزی نەتەوایەتی و ناسیۆنالیزمی کوردین ، ئەوەی لێرەدا گرنگە و جێی باسە ئایا پارتە کوردیەکان هەر تەنها لەسەر ئاستی بەرنامە و باوەڕ نەتەوایەتین یاخود بە کردەوەش بە توندی کار بۆ بردنە پێشی ئامانجە نەتەوەییەکان دەکەن و سازشی لەسەر ناکەن .
3 – باڵایی بەرژوەندی نەتەوەیی بەسەر بەرژوەندیەکانی تر : ئایا لە ئاستی کرداری پارتەکاندا بەرژەوەندی نەتەوەیی سەروترە یاخود بەرژەوەندی حیزبی و نا نەتەوەیی ، ئەوەش پشتراستکردنەوەی باوەڕی پارتەکەیە بە بزاوتە نەتەوەییەکە ، کە بە رێژەیەکی گەورە خۆی دەبینێتەوە لە ریسک و قوربانیدانی پارتەکان لەو پێناوەدا ، لە قۆناغی ئێستادا کە سیمای کوردستان برتیە لە بوونی کۆمەڵێکی زۆر لە پارتی سیاسی و هەر یەکێکیشان خاوەنی جەماوەری تایبەت بەخۆیەتی ، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوە قبوڵکردنی فرەیی و رەنگ و دەنگی جیاوازی کوردی یەکێکە لەو ئەرکانەی پارتەکان کە لەو پەیوەندیەدا لەو قۆناغەدا پێویستە ، بەرژەوەندی نەتەوەیی نەبەستراوەتەوە بە تاکە پارتێک و پارتێک خاوەنی ئەو بزاوتی نەتەوایەتیە نیە ، بەڵکو بەرژەوەندی و بزاوتی نەتەوایەتی کوردی لە کۆبونەوەی پارت و هێزە سیاسیەکانی کوردستان لەسەر چوارچێوەیەکی دیاریکراو سیاسەتەکانیان بە تایبەت لە قۆناغی ئێستادا لە مامەڵەکانیان بە تایبەت لەگەڵ سیاسەتی هەرێمی و نێودەوڵەتی و لەو پێناوەشدا چڕکردنەوەی هەوڵەکانیان بۆ دروستکردنی هەماهەنگی لەنێوان ‌هێزە سیاسیەکاندا و دروستکردنی بەرە و میکانیزمی سیاسی بۆ یەکخستنی تواناکانیان و پەیوەندیەکانیان لەگەڵ دەرەوەدا ، سیاسەتێکی واقعبینانە و بە سفرنەکردنەوەی دەستکەوتەکان ، ئەوەش ئاستی باوەڕی پارتەکە بە دۆزی نەتەوایەتی دەردەخات ، ئایا بەرژەوەندیەکانی خۆی لا گرنگە یان هەر جۆرە بەرژەوەندیەک یاخود بەرژەوەندی نەتەوەیی .
هەر سەبارەی بە باڵایی بەرژەوەندی نەتەوەیی ئەوا وەلانانی بیریی- خێڵه‌كیی و ناوچه‌گه‌ری و شارچێتیی و خێڵ و بنه‌ماڵه‌گه‌ریی گرنگیەکی گەورەی هەیە کە وەلانانی و لەبەرامبەردا بوونی تایبەتمەندی ( دامەزراوەیی رێکخراوەیی ) لە ئەولەویاتی سیاسەتی پارتە نەتەوەییەکاندایە ، بوونی بەرژوەندی خوار نەتەوەیی پێچەوانەیە لەگەڵ بزاوتێکی نەتەوایەتی لە شکڵی ناسیۆنالیزمدا .
4 – بەرزراگرتنی پیرۆزی و بەهاکان : رەمزە نەتەوەییەکانی وەکو ئاڵا ، مارش و سرود ، سەرکردە .. ، هەروەها زمان ، مێژوو ، فەرهەنگ و کلتور، داستان … ، پاراستنیان ئەرکی سەرەکی پارتە نەتەوەییەکانە ، بوونی هەرجۆرە هەرەشەیەک لەسەریان بەدەرە لە تایبەتمەندی پارتێکی نەتەوەیی .
5 – خۆ بەدوورگرتن لە خیانەت : واتە خۆپارێزیکردنی پارتەکان لە گێڕانی رۆڵێکی نەرێنی و دروستکردنی ئاژاوەگێڕی ، هەروەها لەوەش نەرێنی تر بریتیە لە هەڵکوتانە سەر پارتە کوردیەکانی تر بە ئامانجێکی شەڕخوازانە و ئەنجامدانی کردەوەی نامرۆڤانە و کۆمەڵکوژیانە بۆ لەناوبردنیان ، ئەنجامی ئەوە هەرچیەک بێت ئەوا دواجار شەڕی ناوخۆیی و بارگرژی توندی لێ دەکەوێتەوە و بەتەواوی ناکۆکە لەگەڵ ئامانجی نەتەوایەتی کوردی و لەکەداریان دەکا ، لەبەرامبەردا خزمەتکردنە بە دوژمنانی بزاوتی کوردی کە تامەزرۆی ئەوەن، بە تایبەتیش لە قۆناغی هەنوکە کە دۆخێکی زۆر هەستیاری بزاوتی نەتەوایەتی و ناسیۆنالیزمی کوردیە .
6 – تایبەتمەندی دەستپێشخەرانە و کارکردن بۆ دروستکردنی یەکڕیزی نیشتیمانی: بۆ لێکنزیکردنەوەی لایەنە ناکۆک و بیروڕا جیاوازەکان و بوونی جۆرێک لە تایبەتمەندی کۆکردنەوەی لایەنەکان ، بینینی رۆڵی کۆکەرەوە لەنێوان هێزە سیاسیەکاندا و ئاراستەکردنیان بە ئاراستەی بردنەپێشی دۆزی نەتەوایەتی و پارێزگاری لێی ، هەڵویستی پارتەکان لەو لایەنەوە نیشانەی سوربوونە لەسەر ئارستەیەکی نەتەوەییانە ، رەنگە ئەو تایبەتمەندیە گرانتر بێت بۆ پارتەکان ، بەڵام لە راستیدا دۆخەکە پێویستی زۆری بەو هێزانە هەیە کە رۆڵێکی هاوسەنگانە لەنێوان پارتەکاندا دەگێڕن و بۆ ئەم مەبەستە دەستپێشخەری ناوازە دەکەن ، لە راستیدا ئەو تایبەتمەندیەش پێویستی بە خۆراگری و تەعەمول و بەردەوامی و توانای زۆر هەیە بەهۆی ناکۆکیە توندەکانی کە لەنێوان پارتەکاندا هەیە لە ئێستادا .
7 – سود بینین لە هەل و مەرجی یارمەتیدەر : سروشتی دۆخی ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتی و سودبینین لە دەرفەتەکان دەتوانین بە تایبەتمەندیەکی گرنگی پەیوەست بە پرسی نەتەوایەتی بوونی پارتە کوردیەکان دابنێین کە بەهەمانشێوە دەچێتە لایەنی کرداری پارتەکان ، واتە تا چەند پارتەکە هەل دەقۆزێتەوە و سود وەردەگرێت لە سەرچاوەکان ، واتە هاوئاهەنگبوونی کرانەوەی بەردەم چالاکی پارتەکانە لەگەڵ خستنەگەڕی پرۆسە و پلانەکانە بۆ هێنانەدی ئامانجە نەتەوایەتیەکان ، ئەوەش پێویستی بە وریایی زۆر و لێهاتووی سەرکردایەتی پارتەکان هەیە بۆ بڕیاردانی چارەنوساز ، بەهەڵەیەک رەنگە دەستکەوتی مەزن بەهەدەر بدرێت ، سەرکەوتنی هەر پارتێکی کوردی لە قۆستنەوەی هەلە زێڕینەکان و بەفیڕۆنەدانی کات دەکرێت وەک سەرکەوتنێکی گەورە بۆ بزاوتەکە بیتە دی و شکستیش بە پێچەوانەوە دۆخێکی نەرێنی گەورە بەدوای خۆیدا بهێنێت .
لەگەڵ ئەوانەشدا بوونی ستراتیژێک بۆ پێشخستنی ( زمان و فەرهەنگی کوردی ) لە کارە سەرەکیەکانی پارتە نەتەوەییەکانە ، لە ئێستادا زمان و فەرهەنگی کوردی لەبەردەم مەترسی گەورەی سیاسەتی ئاسیمیلاسیۆنی نەتەوە باڵادەستەکانی دەوروبەری کورددایە ، گرنگی زمانیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو رۆڵە گەورەیەی کە لە بوون و دروستکردنی شوناسێکی نەتەوەیی دیاریکراودا دەیبینێ ، لەژێر رۆشنایی ئەوە پێویستە بڵێین کە پەرەدان بە زمانی کوردی و رزگارکردنی لەو هەرەشانەی کە لەسەرینی ئەرکێکی لەپێشینەی نەتەوەییانەیە و ناکرێت بەهیچ شێوەیەک خۆی لێببوێردرێت .
لە راستیدا ئەو تایبەتمەندیانە دەکرێ هەڵگری گفتوگۆ و شیکاری لەوە زیاتر بن بە تایبەتیش ئەگەر خوێندنەوەیەکی قوڵترمان لەمەڕ پرس ناسیۆنالیزم و نەتەوایەتی و خوێندنەوەی تیرۆریاتی ئەو بابەتە هەبێت بوونی جۆرێک لە تایبەتمەندی لاستیکی بوونی ئەو ریبازەمان بۆ دەردەکەوێ هەرچەند کۆمەڵێک هێڵی گشتی جیهانی بوونی دیاردەکە دەسەلمێنێ ، بەڵام تایبەتمەندی جیاوازی ئەو پرسە بەپێی کۆمەڵگا و نەتەوەکان خاڵێکە لەلایەن زۆربەی تیرۆناسانی بواری ناسیۆنالیزمەوە دڵنیاکراوەتەوە ، بۆیە دەشکرێ بڵێین رێژەیی بوونی ئەو تایبەتمەندیانەی کە باسمان کردن لە پارتە کوردیەکاندا راستیەکە ، هەروەها دەشتوانین بڵێین مێژوو دادوەرێکی گرنگە کە بڕیار لەسەر نەتەوایەتی بوونی پارتەکانمان بۆ بدات ، ئەویش خۆی دەبینێتەوە لە پەتی مێژوویی پارتەکان لە مامەڵە لەگەڵ دۆزەکە و کارکردنیان لەو پێناوەدا .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت