عه‌تا قه‌ره‌داخی: نامه‌یه‌كی تر له‌ مه‌لانا خالیدی نه‌قشبه‌ندییه‌وه‌.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بۆ به‌رپرسه‌ نا به‌رپرسه‌كانی كوردستان، واته‌ بۆ ئێوه‌ ئه‌وانه‌ی كه‌ گوێ له‌كه‌س ناگرن و ملهوڕانه‌ له‌سه‌ر هه‌ڵه‌كانتان و له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی َو درۆو ناپاكی و به‌ فیڕۆدانی سامانی گشتی به‌رده‌وامن، بۆ ئێوه‌ كه‌ له‌ پێناوى پاراستنی نوخبه‌یه‌كی حیزبی و دۆست و هاوبه‌رژه‌وه‌ندییه‌كانتاندا پشتتان له‌ میلله‌ت كردووه‌، هه‌رچۆن میرانی بابان و كۆى میرو ده‌سه‌ڵاتداره‌ ناوچه‌ییه‌كانی كورد به‌ درێژایی مێژوو خه‌ریكی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندى خۆیان بوون و ئه‌وه‌ى له‌ بیریان نه‌بووه‌ میلله‌ت بووه‌و هه‌رگیز گوێیان له‌ دڵسۆزان و خه‌مخۆرانی میلله‌ت نه‌گرتووه‌، به‌ڵی بۆ ئێوه‌ى به‌رپرسانی حكومه‌ت و كۆى حیزبه‌كانی باشوورى كوردستان كه‌ هه‌ریه‌كه‌تان به‌ ئاستێك به‌شدارن له‌ هه‌ڵچنینی كۆشكی له‌رزۆكی گه‌نده‌ڵیدا. بۆ ئه‌و ویژدان تۆپیوانه‌ى كه‌ به‌ ناڕه‌وا به‌ پله‌و پایه‌ى به‌رز خانه‌ نشین بوون و بۆ ئه‌و بن دیوارانه‌ى كه‌ بێ ئه‌وه‌ى كارێك بكه‌ن موچه‌ وه‌رده‌گرن، بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ى له‌به‌رى گه‌نده‌ڵی ده‌خۆن..
ئه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ئێستا له‌ باشوورى كوردستان بوونه‌ته‌ به‌رپرس و هیچتان نازانن به‌رپرسیارێتی چییه‌و زۆربه‌شتان هیچ په‌یوه‌ندییه‌كتان به‌ رابردووى ئه‌م میلله‌ته‌و ئازاره‌كانیه‌وه‌ نیه‌و هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌ش هیچ دڵتان پێی ناسووتێت، بیرتان ده‌خه‌مه‌وه‌ كاتی خۆی من ویستم میرانی بابان له‌ ناو یه‌كدا كۆك و ته‌بابن و خۆیان بپارێزن له‌ ملكه‌چی بۆ فارسه‌كان و عوسمانییه‌كان. ئاگادارم كردنه‌وه‌ تورك و فارس و ئه‌وانی تر نابنه‌ دۆستی كوردو پشت پێبه‌ستنیان ساویلكه‌ییه‌. به‌ڵام ئه‌وان قسه‌كانی منیان پێناخۆش بوو چونكه‌ دڵسۆزى میلله‌ته‌كه‌یان و خۆیشیان نه‌بوون، ته‌نیا چاویان له‌ به‌رژه‌وه‌ندى كاتی و ته‌سكی خۆیانه‌وه‌ بوو بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ئاماده‌بوون ملی یه‌كتر بشكێنن و میلله‌تیش ماڵوێران بكه‌ن. ئه‌وان نه‌ك گوێیان له‌ ئامۆژگارییه‌كانی من نه‌گرت به‌ڵكو كه‌وتنه‌ دژایه‌تیكردنم و ناچاریان كردم به‌ دڵشكاوی زێدى خۆم به‌جێبهێڵم و رێگاى ئاواره‌ى بگرمه‌ به‌رو به‌ خه‌می نیشتیمان و ئه‌هلی كه‌سه‌به‌ى میلله‌ته‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ ئومێدم پێیان هه‌بوو سه‌ر بنێمه‌وه‌. به‌ڵام سه‌رئه‌نجام هه‌ر كوڕه‌ میره‌و پاڵی دا به‌ یه‌كێك له‌ فارس و توركه‌كانه‌وه‌و ئه‌وانیش كردنیان به‌ گژی یه‌كترداو ئه‌وه‌ش بووه‌ هۆی روخاندنی میرنشینه‌كه‌. جارێكی تر وریاتان ده‌كه‌مه‌وه‌ پێویسته‌ له‌ ناوخۆتاندا رێكبكه‌ون و شوره‌یی و ریسواییه‌ په‌نا بۆ نه‌وه‌كانی سه‌فه‌وی و قاجاری و عوسمانی و قه‌عقاع و به‌دووه‌كانی بیابان ببه‌ن به‌ دژی براكانی خۆتان. جارێكی تریش وریاتان ده‌كه‌مه‌وه‌ به‌ لۆجیكی عه‌قڵ و مه‌نتیق بیربكه‌نه‌وه‌و ده‌ستبه‌رداری خواست و ویسته‌ تاكه‌كه‌سی و هه‌رزه‌كارییه‌كانتان ببن و بیر له‌وه‌ بكه‌نه‌وه‌ ئێوه‌ به‌رپرسیارن له‌ چاره‌نووسی ئێستای ئه‌م وڵاته‌و دانیشتوانه‌كه‌ی و هه‌موو نه‌ته‌وه‌كه‌شتان. هه‌ر هه‌ڵه‌یه‌ك بكه‌ن ریسوای دنیاو قیامه‌ت ده‌بن، هه‌رچه‌نده‌ ئێستاش میلله‌ت به‌ چاوى سووك و وه‌كو ناپاك و گه‌نده‌ڵ و پیاوى بیگانه‌و خزمه‌تكارى به‌رژه‌وه‌ندى تایبه‌تی خۆتان سه‌یرتان ده‌كات. ئێستا ئێوه‌ له‌به‌رده‌م دوابڕیارى چاره‌نووس سازانه‌دان بۆ ئه‌وه‌ى خۆتان و میلله‌ته‌كه‌شتان بپارێزن، ئه‌ویش بریتیه‌ له‌ به‌ده‌ستهێنانی ئیراده‌یه‌كی پته‌و بۆ بڕیاردان له‌ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و هه‌موو گه‌نده‌ڵیه‌ى كه‌ كردووتانه‌و بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ى گه‌نده‌ڵی و بن دیوارو خانه‌نشینی نایاسایی و به‌ موچه‌خۆركردنی كادیرانی حیزبه‌كانتان له‌سه‌ر حكومه‌ت و بێ ئه‌وه‌ى كارێك بۆ حكومه‌ت بكه‌ن و سوودێكی گشتیان هه‌بێت. كه‌مێك بیر بكه‌نه‌وه‌ هێزى دوژمن و داگیركه‌ران كورد ناڕوخێنێت به‌ڵام ئه‌م گه‌نده‌ڵی و بێ سه‌روبه‌ریه‌و ئه‌م پشتكردنه‌ له‌ ئازاره‌كانی خه‌ڵك له‌ پێناوى خۆتان و حیزبه‌كانتان و دۆست و كه‌س و كارو بنه‌ماڵه‌كانتان و بۆ كڕینی زیمه‌ بێگومان ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌رى نه‌كه‌ن سه‌رتان ده‌خوات.. ئێوه‌ ده‌ڕۆن وه‌كو ئاوێكی لیخن ناگه‌ڕێنه‌وه‌، به‌ڵام میلله‌تی وه‌كو زیخ و چه‌وى تریفه‌دار ده‌مێنێته‌وه‌، كه‌واته‌ ئێوه‌ خۆتان له‌ پێش میلله‌ته‌وه‌ له‌به‌رده‌م مه‌ترسیدان، ئه‌گه‌ر فریاى خۆتان نه‌كه‌ون زه‌نگی كۆتاییتان لێده‌درێت.. ره‌نگه‌ میلله‌ت تووشی شكست بێت به‌ڵام هه‌ڵده‌سێـته‌وه‌ به‌ڵام ئێوه‌ به‌ شوێنه‌ تاریك و نووته‌كانی په‌راوێزى مێژوو ده‌سپێردرێن. كه‌واته‌ فریاى خۆتان كه‌ون ته‌نیا چاكسازى جیدى و به‌په‌له‌ فریاتان ده‌كه‌وێت و هیچی تر. تۆزێ چاوتان بكه‌نه‌وه‌و وڵاته‌كه‌ وه‌كو خۆی ببینن و تێبگه‌ن ئه‌م وڵاته‌ ئه‌وه‌نده‌ هه‌ژارو داماو نییه‌ كه‌سی تێدا نه‌بێت ئه‌ركی به‌ڕێوه‌بردنی بگرێته‌ ئه‌ستۆ، ئه‌وه‌ ئێوه‌ن وڵاتت و كۆمه‌ڵگه‌ى كوردیتان وا وه‌جاخ كوێر كردووه‌، ئه‌م وڵاته‌ وه‌جاخی كوێر نیه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌م وڵاته‌دا عیزه‌ت و كه‌رامه‌تی خۆی ده‌پارێزێت پێی عه‌یبه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ندێ له‌ ئێوه‌ی به‌ ناو به‌رپرس كاربكات كه‌ له‌ هه‌موو بنه‌مایه‌كی ئه‌خلاقی و ئایینی و نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌یی رووتكراونه‌ته‌وه‌و گه‌نده‌ڵی و درۆ و فریودان رۆحتانی خواردووه‌.
به‌ڵێ جارێكی تر وریاتان ده‌كه‌مه‌وه‌ به‌ تایبه‌تی ئه‌وانه‌تان كه‌ هێشتا لێتان بێئومێد نه‌بووم رێگه‌ مه‌ده‌ن به‌وانه‌ی ترتان كه‌ له‌ هه‌موو شتێك رووتكراونه‌ته‌وه‌ وڵات بشێوینن و خوێنی رۆڵه‌كانی به‌ ناهه‌ق بڕژێت و ئه‌زموونی فه‌رمانڕه‌وایی ئه‌مجاره‌ش كه‌ به‌ده‌ستی خۆتان وێران و نابووتتان كردووه‌، به‌ده‌ردی ئه‌زموونی فه‌رمانڕه‌وایی میرانی بابان و سۆران و ئه‌رده‌ڵان و ده‌سه‌ڵاتدارییه‌كه‌ی شێخ مه‌حمود و قازى محه‌مه‌د بچێت، عه‌قڵتان به‌ به‌به‌ردا بێته‌وه‌ ئه‌گینا مێژوو به‌ زبڵدانی خۆیتان ده‌سپێرێت.
رابه‌رو نوێكه‌ره‌وه‌ی رێبازی نه‌قشبه‌ندی و رابه‌رى هه‌ژاران و كه‌سه‌به‌ى میلله‌ت خالیدی مكایه‌ڵی شاره‌زووری 14-12- 1827 شام

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت