عوسمان صاڵح: ئایا ڕۆڵی دادگا لە کوردستان بەرەو بێ دەسەڵاتی یەکجارەکی ناچێت!؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لای ھەموان ئاشکرایە بەدرێژای حوکمی بیست و شەش ساڵەی حیزبی کوردی، حوکمڕانی حیزبەکان بەتایبەت ھەردوو حیزبی دەسەلاتدار (یەکێتی و پارتی) بەتەواوی دژ بە پرەنسیپەکانی یاساسەروەری و شکۆدانان بوە بۆ دادگاکانی کوردستان.
سەرەڕای ئەوەی دەسەلاتی یەکێتی و پارتی نفوزیان ھەبوە بەسەر دادگاکانی کوردستانەوە، ئەوا ڕێژەیەکی بەرچاو لە کادیر و ئەندامە نەخوێنەوارەکانیشیان خزاندۆتە ناو کایەکان و فەرمانگەکانی دادەەرییەوە و، بە سەدان کەسیشیان بە شەھادەی قبوڵ خاسی یاسا لە دامەزراوە گرنگەکانی دادوەری داناوە.
ھەموو ئەو دەستخستنە ناو دادگاکان و بڕیارەکانی دادگاکان لەلایەن یەکێتی و پارتییەوە وای کردووە ڕۆژ بە دوای ڕۆژ تاوان و تاوانکاریی لە کۆمەڵگاکەمان پەرە بسەنێت، بە جۆرێک لە حاڵەتەوە نەک ھەر بووەتە دیاردە بگرە وەختە دەشبێتە باو!
بۆ نمونە گەر پێوەرێک وەربگرین بۆ سەلماندنی بۆچوونەکانی ناو ئەم بابەتەمان ئەوا دەبێت بە ڕێژەوە باسەکە دەوڵەمەندتر بکەین.
ئەگەر تەماشای ڕێژەی تاوان و کوشتن و لە یاسادەرچون بکەین لە پارێزگایەکی وەکو ھەڵەبجەی شەھید دا، ئەوا نەک ھەر تاوان و سەرپێچییە یاساییەکان بەڕێژەیەکی زۆر زیادی کردوە و ھەزاران ئۆتۆمبێل و ماتۆڕی بێ مۆڵەت و بێ ڕەقەم ھێنراونەتە ناو پارێزگاکەوە و ڕۆژانە دەیان تاوان و سەرپێچی یاسایی ئەنجام دەدەن، بگرە دەیان لاومان دوچاری حەبی مادە ھۆشبەرەکان و خواردنەوە کحولیەکان لە دەرەوەی ڕێنماییە یاساییەکان بوون، تەنانەت ئەم زیادبوونە بەرچاوەی تاوان و لە یاسا دەرچوون لەم پارێزگایەدا گەشتۆتە ئاستێک کە تاوانی گەورەی کوشتنی بە ئەنقەست زۆر زیادی کردووە، ئیدی با ئەوەش بووەستێت کە ڕێژەیەکی بەرچاویش لە حاڵەتی خۆکوشتن بەھەمان شێوە لە زیادبوون دایە!
باسکردنی پارێزگای ھەڵەبجەی شەھید تەنھا وەک نموونەیەکە، ئەگینا لە سەرجەم پارێزگاکان و شاروشارۆچکەکانی وەک (کەلار، دەربەندیخان، ڕانیە، زاخۆ، سەیدسادق، چەمچەماڵ و زۆرینەی شاروشارۆچکەکانی تری ھەرێم) ڕێژەی تاوانکاریی و دەرچون لە یاسا و، تا دەگات بە خۆکوشتن لە ھەڵکشان و زیادبوون دایە!
یەکێک لە ترسناکترین ئەو ھەنگاوە حیزبیانەش کە ڕۆڵی دادگاکان و ھێزە ئەمنیەکانی کەم کردۆتەوە ھەبوونی ھێزی حیزبییە، کە دۆخێکی خولقاندووە نەک ھەر بەرپرسەکان بە ئاشکرا یاسا پێشێل دەکەن و ھێزی حیزبی پاسەوانیان دەکات، بگرە پاسەوانەکانیشیان و ئەوانەشی خۆیان بەو بەرپرسانەدا ھەڵواسیووە کاری نایاسایی دەکەن و کاتێک ھێزە ئەمنیەکان دەیانەوێت دەستگیریان بکەن و بیانھێننە بەردەم دادگاکان، ئەوا تەقە لە ھێزە ئەمنیەکان دەکەن و ڕوبەڕویان دەبنەوە، کە دەیان نموونەمان ھەر لە پارێزگای ھەڵەبجەوە تا ئەگات بە پارێزگای دھۆک ھەیە، دەیان نمونەشمان ھەیە کە پاسەوانی بەرپسەکان ھاولاتیانیان کوشتوە و دواتر بەرپرسەکە نەی ھێشتوە کە پاسەوانەکەی بدرێتە دەست حوکمی دادوەریی! تەنانەت وای لێ ھاتووە بەرپرس ھەیە سەر بە دەوڵەتە ئیقلیمیەکانە و ئێران ھەر فەرمانێکی پێ بکات لە تیرۆر و ڕفاندن بۆی جێ بە جێ دەکات، نەک ھەر ئەوە، بگرە دیمان کە تەنانەت شاری کەرکوکی کوردان ھەر بە فەرمانی ئێران لەلایەن چەند بەرپرسێکی حیزبییەوە درایە دەست حەشدی شەعبی.
کێشەی سەرکی لە بەردەم دەسەلاتی دادگا و دادوەری لە ھەرێم دا ئەوەیە لە لایەک نابێت بە ھیچ جۆرێک ھێزی حیزبی ھەبێت، لە لایەکی دیکەش دەبێت دەسەلاتی دادوەری خاوەن ھێزێکی مەشقدیتوی یاساسەروەر بێت کە ھەر کات ویسترا دادگاکان بتوانن بەکاری بھێنن بۆ کاری یاساسەروەری و دژایەتی تاوانکاران. ئەگینا چ لۆژیکێکی تێدایە کە پاسەوانی بەرپرس ھەیە تەقە لە ھێزەکانی ئاسایش ئەکا و دواتریش بە فەرمانی مەڵبەندەکان ناگیرێت، ئایا ئەمە ئەوە ناسەلمێنێت کە مەلبەندەکان دەسەلاتیان بەسەر ئاسایش و پۆلیس دا ھەیە؟ ئایا ئەمە بەو مانایە نیە کە ئیدی دەسەلاتی دادوەری پێویستی بەھێزێکی تایبەت بە خۆی ھەیە وەک لە ولاتانی پێشکەوتودا ھەیانە.
کەوابوو، ڕێگری کردن لەوەی کە حوکمی یاسا و دامەزراوە دادوەری و ئەمنیەکان بەکارەکانی خۆیان ھەستن و کاریگەری حیزبە دەسەلاتدارەکان لەسەر پێگەی دادگاکان و ڕێکارەیاساییەکان، وەختە کەشێک دەقولقێت کە بە تەواوی ڕۆڵی دادگاکان بێ دەسەڵات دەکرێن لە ھەرێم دا، ئەمەش یەکێک لە ترسناکترین ئەو دۆخانە لە کۆمەڵگاکەمان دێنێتە کایەوە کە نە پارێزەر و دادوەرەکان بتوانن بە دەست کراوەیی بەڕۆڵی خۆیان ھەستن و، نە تاوانکارانیش سڵ بکەنەوە لە ئەنجامدانی تاوان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت