عوسمان عومەر: تاوانە ئەلکترۆنیەکان چین؟ بەشى یەکەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەبەر ئەوەى چەمکى تاوانە ئەلیکترۆنیەکان چەمکێکى یاساییەو فراوانە، هەولم داوە بە شێوەیەکى کورت بیخەمە بەر دیدى خوێنەرانى بەڕێز. ئەم بابەتەم لەوەوە سەرچاوەى گرت، کە هاوڕێ ئەزیز ودێرینم کاک کوردۆڕەحمان لەوالەکەى خۆى دا باسى کۆنگرەى تاوانە ئەلیکترونیەکانى سالى 2017 ى کرد بوو.
بەهۆى ئەو پێشکەوتن و گەشە کردنە بەرچاوەى تەکنۆڵۆژیا واى کردووە تاوانى ئەلکترۆنى و هۆیەکانى ئەنجامدانى زیاتر بێت، کەواتە پیویستى بەیاسایەک هەیە بۆ پارێزگارى کردن لەدام دەزگا ئەلکترۆنیەکان و کەسانى بەکارى هێنەرى هەیە، هەروەها پەرچەکردارى یاسا بەرامبەر ئەوکەسانەى ئەنجامى دەدەن. تاوانى ئەلیکترۆنى ئەو تاوانەیە کە لە ڕێگاى کۆمپیوتەرەوە ئەنجام دەدرێ لەریگاى بەکارهێنانى ئەنتەرنێتەوە, یا هەر هەڵسوکەوتێکى نایاسایی بەبەکارهێنانى ئامێرە ئەلکترۆنیەکان دەگرێتەوە بۆ چونە ناو کۆمپیوتەرێک یا تۆرێکى کۆمپیوتەرى بە ئامانجى تێکدانى یا چەواشەکارى یاساختەکارى یا دزینى زانیاریەکانى یا پارەو پول یا دزینى بیرۆکەی کەسێک یا نوسینى کەسێک کە تاوانبار سودى ماددى یامەعنەوى بەدەست دەهێنێ و تاوانلێکراویش(قوربانیەکە) توشى زیان و زەرەر و پەک خستن و لەکارکەوتنى ئامێرەکەى دەکات.
قۆناغەکانى تاوانە ئەلکترۆنیەکان:

قۆناغى یەکەم :
لەسەرەتاى پەیدا بوونى کۆمپوتەر لەشەستەکانى سەدەى ڕابوردوو تا حەفتاکانى سەدەى ڕابوردوو کە تەنها کاریان تێکدان یا چەواشەکردنى زانیاریە پەنهانکراوەکان (خەزنکراوەکان ) بووە.

قۆناغى دووەم:
لە هەشتاکانى سەدەى ڕابوردوو دەست پێدەکات، کە چەمکێکى نوێ هاتە ئاراوە بۆ تاوانە ئەلکترۆنیەکان بەهۆى گەشەکردن و بڵاوبونەوەى ئەنتەرنێتەوە ئەویش هێرشکردن و چونە ناو سیستەمەکان و پەخشکردن و بڵاوکردنەوەى ڤایرۆسەکان بوو.

قۆناغى سێهەم:
لە نەوەدەکانى سەدەى ڕابوردوو لەم قۆناغەدا تاوانى ئەلکترۆنى زیاتر تێیدا بڵاوبۆوە بەهۆى فراوانى بەکار هێنانى ئەنتەرنێت و ئاسانکارى کردن بۆ چونە ناو سیستەم و تۆڕە زانیاریەکان و لەکارخستنیان و ڤایرۆس ڕێژ کرنى.

چەمکى تاوانە ئەلکترۆنیەکان:
•جیاوازى سیستەمى یاسایی لەنیوان ووڵاتان و جیاوازى کەلتورەکان و ئەو تازەگەریەى لەتاوانە ئەلکترۆنیەکان پەیدا بووە واى کردووە بەشێوەیەکى جیاواز مامەڵەى لەگەڵ بکرێ.
•بەپێى لیژنە ئەوروپیەکان زاراوەى تاوانى ئەلکترۆنى هەموو دیاردەیەکى تەقلیدى تاوانى وەک ساختەکارى, چەواشەکردنى زانیاریەکان و بلاوکردنەوەى ئەو بەرنامانەى کەزیان بە خوورەوشت و بانگەشەى تایەفەگەرى دەگرێتەوە.
•بەلام بەپێی یاساکانى وەزارەتى دادى ویلایەتە یەکگرتوەکان بێ وابەستەى کردووە بە ئەنتەرنێتەوە واتە تاوانێکە ئەو کەسەى شارەزایی هونەرى کۆمپیوتەرە و تواناى ئەنجامدانى هەیە.
•بەپێى رێکخراوى هاوکارى ئابوورى بۆتاوان, وا دەیناسێنێ ئەوتاوانەیە بەهۆى ئەنتەرنێتەوە بە هەڵسوکەوتێکى نا یاسایی بۆ گواستنەوەى داتاو زانیاریەکان ئەنجامدەدرێ.
هەندێ ناونانەکانى تاوانە ئەلیکترۆنیەکان:
• Computer Crime تاوانى ئەنتەرنێت.
• Hi Tech Crime تاوانى تەکنەلؤژیاى نوێ.
• Cyber Crime تاوانى سایبیرى ئەو تاوانەیە کە گرنگى بە داهێنانى ڤایرۆس و بڵاوکردنەوەى ئەوە یەکێکە لە تاوانە بڵاوەکانى ناو تۆڕی ئەنتەرنێت.
• Cyber ware fare جەنگى ئەلیکترۆنی
ئەو جەنگەیە کە بەفیعلى لەسەردەمى ئیستامان دا لەنیوان ووڵاتان دا بەرپا بووە نەک بە چەک و جبەخانەو سەرباز بەلکو لەڕێگاى کۆمپیوتەرو تۆرەکانى ئەنتەرنێتەوەیە گرنگترینیان ئەو هێرشە بوو کە لەلایەن چەند کەسێکى رووسەوە کرایە سەر ژێرخانى وولاتى ئەستۆنیا لە 2007 بەپێى زانیاریەکان توانی بویان 20 ملیار دۆلار بدزن و سپى بکەنەوە. ئەم جەنگە، جەنگى داهاتووە لە نێوان ووڵاتان، سوپایەکى ئەلیکترۆنى دروست دەبێ رەنگبێ سەرکردەسەربازیەکان ڕابسپێردرین بۆ فەرماندەیی ئەو کارە. بەپێى زانیاریەکان سوپاى ئەلیکترۆنى سوورى و سوپاى ئێرانى ئەلیکترۆنى و یەکەیەکى سوپاى رزگارى گەلى چین لەوانەن. رەنگبێ لە هەریمەکەى خۆشمان ئەو کارە ئەنجام بدرێ چونکە کەس نییە پرسیاریى داهاتى نەوتفرۆشى نەکات، تا ئیستا کەس راستیەکانى نەدرکاندووە، بۆیە گومان دەکرێ کۆمپانیا تیرۆریستە تورکەکان چوبێتنە ناو سیستەمى کۆمپوتەرى وەزارەتى سامانە سروشتیەکان. یا کۆمپوتەرى ئەو کۆمپانیایانەى لەگەل هەرێم گرێبەستیان هەیەو توشى زیانیان کردبێت. بۆیە هەرجارەى کۆمپانیایەک داواى قەربوو لە حکومەتى هەرێم دەکەنەوە بەبیانوى زیان لێکەوتن یا ئەوەتا کۆمپانیاکان خۆیان ئەو کارە دەکەن یا ئەوەتا سامانە سروشتیەکان سەرپەرشتى ئەوکارە دەکات و پارە دزراوەکان دەخرێتە سەرحسابى کەسانى دەسەڵاتدار. بۆیە گەر لەداهاتودا پەرلەمان کارا کرایەوە ئەرکى پەرلەمانە کە یاسایەکى لەو جۆرە بریار لێ بدات، وەک ووڵاتانى تر بۆ بەرەنگارى تاوانە ئەلیکترۆنیەکان.

بەشى دووەم
هۆکار یا پاڵنەرەکانى تاوانە ئەلێکترۆنیەکان :
دوو هۆکار یا پاڵنەر هەیە بۆ ئەنجامدانى تاوانى ئەلیکترۆنى
• پاڵنەرى ماددى
یەکیکە لە پاڵنەرەسەرەکیەکان بۆ بەدەست هێنانى دەستکەوتى مادى زۆر و دەولەمەند بوون بەهۆى ئەنتەرنێتەوەیە بەهۆى ئەوەى تاوانبار توشى گرفتى ماددى (بێ پارەیی)هەولدەدات کارێکى وا بکات کە پارە لە حسابى بانکى یەکێکەوە بگوازێتەوە بۆ سەر حسابى خۆى ئەوە زیاتر لە ئەوروپا روودەدات چونکە کریدت کارت بەکار ەهێنن .
• پاڵنەرى شەخسى واتە کەسى ئەمانەى خوارەوە دەگرێتەوە :
• ئارەزوى فیربوون لێرەدا تاونبار هەولى فێربونى چونە ناو شوێنە قەدەغەکراوەکان وتەکنۆلۆژیا ئەمنیىکان دەدات کە سیستەمى کۆمپیوتەرى بەکار دەهێنن .
• پاڵنەرى بیروهۆش کەسى تاوانبار هەوڵ دەدات کەسیەتى وتواناى خۆى لەورێگایەوە بسەلمێنێ وەک سەرکەوتنێک شانازى پێوە بکات .
• پاڵنەرى تؤڵە سەندنەوە ئەوە یەکێکە لە ترسناکترین تاوانە ئەلیکترۆنیەکان بەوەى زۆرترین زانیارى دەربارەى دەزگا یا کۆمپانیایەک دەزانێ واى لێ دەکات ئەو تاوانە ئەنجام بدات .
• پاڵنەرى رابواردن ئەوە تەنها بۆ کارى پێ رابوردنە هیچ تاوانێک ئەنجام نادرێ .
• پالنەرى سیاسى ئەم جۆرەیان زیاتر لەلایەن پیگە سیاسیە نەیارەکانى حکومەت ئەنجام دەدرێ وەک چەواشەکردنى هەوالێک, یا بڵاوکردنەوەى هەواڵى درۆ بە کوردیەکەى خۆمان ترش وخوێ کردنى بۆئەوەى ئەوانەى گوێیان لێى دەبێ باوەڕى پێبکەن یا بڵاو کردنەوەى واتە وات دیعایە بۆ نمونە ئەمشەو ئەستێرەیەکى گەورە بەر زەوى دەکەوێ یا بارینى بارانى بەلێزمەى ترسناک و… هتد، پالنەرى سیاسى لە پشتەوەیە زیاتریش لەنێوان رژێمەکانى دونیا یا حکومەتەکان روودەدات.

جۆرەکانى تاوانى ئەلیکترۆنى:
تاوانە ئەلیکترۆنیەکان دەکریت بە سێ بەشەوە
• تاوانى دژە کەسایەتیەکان ئەوانەن کە لەریگار ئەنتەرنێتەوە دژى کەسیک ئەنجامدەدرێ وەک دزینى ئیمەیل یا دزینى هاوبەشى کەسەکە لە تۆرى ئەنتەرنێت یا هەلگرتنى ناوى کەسەکە بە رێگایەکى نایاسایی نمونەى ئەوەش دانانى ئەکاونتێک کەخۆى نییە بۆ سوود وەرگرتن لەو کەسایەتیە.
• تاوانى دژە مولکیەت ئەوانە دەگرێتەوە کە بەڕێگایەکى نایاسایی بەرنامەى زیانبەخش دەنێرن بەمەبەستى تێکدانى بەرنامەى کۆمپانیاکان یا دەزگا حکومیەکان یا بانکەکان تەنانەت خاوەنداریەتى کەسەکان.
• تاوانى دژە حکومەت لەورێگایەوە هەوڵدەدرێ هێرش بکرێتە سەر سیستەم تۆرە کۆمپیەتەرەکانى حکومەت لەسەر ئاستى ناوخۆو دەرەوە بەمەبەستى هەرەس پێهێنانى ژێرخانى ئایوورى وەک ئەوەى ئەستۆنیا لەسەرەوە ئاماژەم پێ دا, زۆربەى کات ئەوە پاڵنەرى سیاسی لە پشتە.

قەبارەى گەورەیی تاوانى ئەلیکترۆنى چەندە؟
بێگومان هەمومان دەزانین کە تۆرى ئەنتەرنێت گەورەترین تۆڕە وخزمەتى مرۆڤایەتى دەکات لە مێژوى مرۆفایەتیدا، ئەمەش واى کردووە بە پێى زانیاریەکان نزیکەى 500 ملیۆن کۆمپیوتەر لە نێوان 200 وولات پێکەوە ببەسترێ و زیاتر لە ملیارێک مرۆڤ بەکار بهێنێ کەواتە تاوانى ئەلیکترۆنى جەنگێکە لە نێوان پێشکەوتنى تەکنەلۆژیا و پاراستنى ئاسایش و تایبەتمەندیەتى واتەPrivacy بە گوێرەى هەواڵەکان سەدان هەزار کۆمپانیا بوونەتە بەرەئەنجامى تاوانکارى (تاوانلێکراو ضحیة)لێرەدا چەند نمونەیەک دەخەمە ڕوو ۆئەوەى خوێنەرانى بەڕێز قەبارەو چۆنیەتى تاوانەکان بزانن لە ووڵاتى میسر یەکێک لە کۆمپانیاکان کارى بەرهەم هێنانى خواردنەوە گازیەکان بووە کەسێک لەڕێگاى ئەنتەرنێتەوە هەڕەشەى لەو کۆمپانیایە کردووە گەر بڕێکى زۆر پارەى پێ نەدەن ئەوا گرتە ڤیدیۆییە بڵاودەکاتەوە کە یەکێک لەشوشەى خواردنەوە گازیەکانیان قالۆنچەى تێدا بووە وبەفیعلى بڵاوى کردەوە کاتێ کۆمپانیا نەچووە ژێر بارى هەرەشەکانى 3700 کەس گرتە ڤیدیؤییەکەیان بینى. هەر لە میسر بەهۆى ڤیزاکارتەوە یەکێکى تر توانى پارەى بازرگانێک بخاتە سەر حسابى خۆى دواى ئاشکرا بوونى دانى بەوەدا ناوە کە بڕى 12000 هەزار دۆلارى بردووە و بۆکارەکارى خۆى بەکارى هێناوە. لە وولاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا لە سالى 2012بەپێى لێکۆلینەوەکانى FBI دەرکەوتووە کە زیاتر لە 1.5 ملیۆن دۆلارى خاوەن کارتە دڵنیاییەکان بەکارهێنروە ودیارنەماوە لە سالى 2016 یەک ملیۆن کارتى دڵنیایی دزراوە. کەواتە ئەوە قەبارەى زیانەکانى تاوانى ئەلکترۆنییە.

تاوان وتەکنۆلۆژیاى زانیارى
• تەکنۆڵۆژیا وەک ئامانجێک وەک چونە سیستەمى بانکەکان و سیستەمى کۆمپانیاکانەوە.
• تەکنۆڵۆژیا وەک چەکێک بۆ بڵاوکردنەوەى بیروباوەرى توندڕەوى, کارى روخێنەرى زیان گەینەربە کۆمەڵگا.
• تەکنۆڵۆژیا وەک یاریدەرى ساختەکارى و فرت وفێڵ و چەواشەکارى.

هەندێ ڕێنمایی بۆ خۆپاراستن لەتاوانى ئەلیکترۆنى:
• بەجێ نەهێشتنی کۆمپوتەر بەکراوەیی.
• کاتێ کارت بەکۆمپیوتەرەکەت نەما تۆڕى ئەنتەرنێتى لێ ببڕە یا جیاکەرەوە.
• هیچ بەرنامەیەک نەکرێتەوە کە زانیت سەرچاوەکەى نادیار بوو.
• هەولدان بۆ دانانى پاسۆوردى بەهێز واتە هەر ژمارە نەبێ یا هەرپێت یا ناوو رۆژى لەدایک بوون.

لە کۆتایی دا دەگەینە ئەم ڕاستیانەى لاى خوارەوە:
یەکەمیان/ کۆمپیوتەر Target of an offense ئامانجى تاوانکاریەکەیە.
دووەمیان/ کۆمپیوتەر ئامێرى تاوانەکەیە بۆ ئەنجامدانى تاوان.
سێەم کۆمپوتەر ژینگەى تاوانەکەیە بەوەى کەبەرنامەى دزراوى تێدا پەنهان دەکرێ واتە (تخزین) یا بەبڵاوکردنەوەیادابەزاندنى یا کارکردن بە بەرنامەى نایاسایی قەدەغەکراو.
کاتێ دەمانەوێ پرسیار لەناسنامەى ئەوانە بکەین کەتاوانى ئەلیکترۆنى ئەنجام دەدەن 3 کەسایەتى دێتە پیشمان بەپێى کتێبە هاوبەشەکەى نێوان نوسەر داڤید ئایکۆف و هاورێکانى کەلەسالى 1995 چاپ و بڵاوکراوەتەوە بریتین لە موحتەریفەکان, موختەریقەکان و کینەو رق لەدلەکان (حاقدین) گرنگیشە جیاکارى بکەین لەنیوان تاوانکارە کەم تەمەنەکانى تاوانە ئەلیکترۆنیەکان خاوەن ئەزمونەکان کەپێکەوە هەوڵى کارکردنى پێکەوە دەدەن بۆ دروستکردنى رێکخراوى تاوانکارى ترسناک بەهۆى کۆمپوتەرەوە بۆ ئامانجى بەدی هێنانى دەستکەوتى ماددى, تۆلەسەندنەوە و زیان گەیاندن بەو شوێنانەى کاریان لێکردوە.
دووبارە هیواخوازم کە پەرلەمان کارا کرایەوەو کەوتەوە سەرپێى خۆى بیر لەیاسایەک بکاتەوە بۆ تاوانە ئەلیکترۆنیەکان هەرچەندە پێم وایە زۆر گەشەى نەکردووە بەلام پیویستە زوو بەرەنگارى ببینەوە وەک تاوانەکانى تر گەر بمانەوێ یاسا سەروەربێ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت