عوسمان عومەر: پیاوە ئاینیەکانى سەدەکانى ناوەراست و دەسەڵاتدارە حیزبیەکانى هەرێمی کوردستان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وەک لەیادم بێ لەقۆناغى 4ى ئامادەیی گشتى یا قۆناغى 5ى وێژەیی لەبابەتى مێژوو لەسەرەتاو ناوەراستى حەفتاکان بابەتێکى تێدا بوو بەناوى مێژووى ئەوروپاى کۆن و سەدەکانى ناوەراست دەمانخوێند .
سەدەکانى ناوەراست بە 3 قوناغ دا تێپەرى کرد لەوانە شەروشۆڕى نیوان هۆز و تیرەکان و بەربەریەت و دواتر قۆناغى دەرەبەگایەتى و قۆناغى سیەم دەسەلاتى کلێسایی بوو ,سەدەکانى ناوەراست لەسەدەى پێنجەمى زاینى تاکو سەدەى یانزەمى زاینى درێژ دەبێتەوە ئەوروپا لەو قۆناغە مێژوویەدا بەشێک بوو لەئیمپراتۆریەتى رۆمانى و بەسەدەتاریکەکانى ئەوروپا دادەنرێ و دەژمێردرێ چ لەرووى رۆشنبیرى چ لەرووى خویندن و چ لەرووى حوکمڕانی ودواکەوتویی و گەمژەیی, بۆئەوەى خوێنەرانى بەڕیز سەر نەیەشێنم ناچمە قوولایی بابەتەکەوە تەنها قوناغى سیەم دەسەلاتى کاهین و پیاوە ئاینەیەکان و کلیساکان ئەویش زۆر بەکورتى دەخەمە ڕوو . لەو سەردەمە باوى کۆیلایەتى و گەمژاندن و سوتاندن و لە بەندیخانە توند کردن هەبوو, کاهین و قەشەکانى پەرستگاکان هەموو شتێکیان بە کتێبى پیرۆزەوە بەستبۆوە, هەرشتێکیان بویستبایە و لەبەرژەوەندیان بوایە بەناوى خوداوەندەوە جێبەجێ یان دەکرد و هیچ مرۆڤێک بەبیرى دا نەدەهات کە بەرەنگاریان ببێتەوە و چەند و چونیان لەگەل بکات بەهۆى ئەوەى پیرۆزیەکیان بەخۆیان بەخشیبو کەس قسەیان لەقسەدا نەکات و لەراستى و ناراستى ئەو یاسایانەى بەکاریان دەهێنا نەیانپرسیوە ئایا ئەو کارانەى ئیوە دەیکەن و دەیسەپێنن بەسەر کۆمەلانى خەلک و مرۆڤەکان ویستى خوداوەندە؟ بیگومان دواى بەهۆش هاتنەوەو ووشیار بونەوە بۆیان دەرکەوت کە خوداوەند هەمو شتێکى لەپیناو مرۆڤایەتى و خۆشگوزەرانى ئەودا تەرخان کردووە و کاهین و کلیساکان دەسەلاتەکانیان بەخراپى بەکارهێناوە دواى راپەرێن لێیان.
چەند سەدەیەک ئەوروپا لەم بارودۆخە کولەمەرگى و ناهەموارەدا ژیان و نالاندیان بەدەست پیاوە ئاینى و کاهینەکانەوە هەر لەکوشتوبڕو تیرۆرو و سوتاندن و تەنانەت سەرپەڕاندن بەناوى خوداوەندەوە ئەنجامدەدرا، کە هیچ شتێک لەدەسەلاتى خودا گەورەترو پیرۆزتر نییە, خەڵکە رەش و ڕووت بێ دەرەتانەکەش لەترسى توورەیی خوداوەند لێیان و سزادانیان لەم دونیا و لەو دونیاش جێبەجێ یان دەکرد. چونکە بیروباوەرى ئاینزایی باڵى کێشابوو و زاڵ بوو بەسەریاندا و وەک رانەمەڕ لێیان دەخورێن دەیانگەمژاندن و ویست ئارەزوو بەرژەوەندیەکانى خۆیانیان پێ جێ بەجێ دەکرد. ئێستا گەلى کوردم وەک ژیانى سەدەکانى ناوەراست دێتە بەرچاو بەدەست دەسەلاتى حیزبەوە, هەرچى حیزب بیلێ وەک فەرمانى خوداوەندەو پیرۆزە و پاڕیزگارى لێدەکرێ ئەوەتا بەناویى پارێزگارى لەحیزب و بەرژەوەندیەکانى مامۆستا بەرشەق دەدرێ, هەر بەناوى حیزبەوە موچە پاشەکەوت دەکرێ و داهاتى نەتەوەیی دەدزرێ, هەر بەناوى پارێزگاریى لە حیزب خەلک دەگیرێ و سزا دەدرێ, هەر بەناوى حیزبەوە خەلک دەفرێنرێ و تیرۆر دەکرێ تەنانەت دەرمانخواردى ئەوانەش دەکرێ کە نهینیەک دەدرکێنن یا قسەیەک یا ووتاریکیان لەسەردەنوسێ تیرۆرى دەکەن و لەناوى دەبەن, هەربەناوى حیزبەوە لەدادگاکانەوە تۆمەتى ناراست و نارەوا دەدرێتە پاڵ کەسانیک بۆ ڕاکێشانیان بۆ بەردەم داد گا, هەر بەناوى حیزبەوە جەنگ و ئاژاوەو ماڵوێرانى پیرۆزدەکرێ و هەرکاتێکیش بمانەوێ ئاشتى دەکەین و هەر بەناوى حیزبیشەوە توانراوە کۆنترۆلى دڵ ودەرونی بەشێک لەخەلک و کۆمەڵگا داگیربکرێ و تەفرە بدرێن و چەواشە بکرێن و بگەمژێنرێن هەر بەناوى حیزبەوە بەلتەجى هاندەدرێن داواى قەرەبووى 100 ملیون دینار لە دکتۆریک بکرێ کە هاتۆتە سەرشەقام و داواى مافى خۆى کردووە.
چۆن لەسەدەکانى ناوەراست گەلانى ئەوروپا بەدەست کلێساو کاهین و قەشەکانەوە دەیاناڵاند، ئاواش ئێستا گەلى ئێمە وەک سەدەکانى ناوەراست بەدەست دەسەلاتدارانى حیزب و فەرمانەکانیان ویست ئارەزوەکانیان دەنالێنن و، هەرچى بیانەوێ بیکەن بۆ خۆیان و بەرژەوەندیەکانیان دەکرێ و، بەم شێوەیە گەل چەواشە دەکرێ و دەگەمژێنرێ و تەفرە دەدرێ و بەلارێدا دەبرێت. چاکترین نمونەش جارێک ئاراستەکردنى گەلە بۆ رێفراندۆم و سەربەخۆیی و هەڵپەڕاندنى و جاریکیش چونەوە لاى ئەوانەى بەشۆڤینى و رەگەز پەرست و تایەفەگەر ناو دەبران، بۆیەش بەشوڤینى ناودەبران، چونکە داواى سەرجەم داهاتى چەندساڵەى خاڵە سنوریەکانیان لێ دەکردن. بۆیە شۆڤینى بوون چونکە پەیمان و بەڵێنەکانیان لەگەل عیراق جێبەجێ نەکرد و بونە هۆى بڕینى بودجە و موچەى هاووڵاتیان. بۆیە شۆڤینى بوون داواى داهاتى نەوت و گرێبەستە نەوتیەکانیان و ئاشکراکردنى پارەى دزینى نەوتیان لێدەکردن. بۆیە شۆڤینى بوون داواى چەک و چۆلى دواى کەوتنى موسل و کەدەستیان تێیدا هەبووە دەکردەوە. بۆیە شۆڤینى بوون چونکە وەزیریکیان لەسەر گەندەلى دەرکردووەو …. هتد. لەئێستاشدا دەچنەوە بۆلاى ئەوانەى بەنیازبوین لێیان جیا ببینەوە لەژێر ئالاکەیان و شان ماچ کردنیان کردووە بە ئەرک.
بارودۆخى ئەوروپا لەژێرسایەى حوکمرانى کلیسا زۆر دژوارو خراپ بوو لەهەموو رووەکانەوە تاهاتنە کایەى سەردەمى رینسانس و شۆرشى پیشەسازى پەیدابونى بزوتنەوە مرۆڤایەتیەکان و وەرگێرانى ئینجیل بۆ زمانە خۆمالیەکان. ئەوکات خەلک تێگەیشت و ووشیار کرانەوە لەلایەن بیرمەندەکانەوە شەویان دەخستە سەر رۆژ بۆ ئەوەى گەل لەم بارودۆخى نەهامەتیە رزگار بکرێ. پرسیارەکەشم ئەوەیە ئایا لە کوردستانى خۆمان چ بیرمەندێ چ رەوتێ چ هێزێک خۆى تەرخان دەکات بۆ هۆشیارکردنەوە و رینسانس و چاکسازى لەم وولاتە تا گەلەکەمان وەک گەلانى ئەوروپا بکەوێتە بارى خۆشگوزەرانى؟
بۆ زانیارى خوێنەرانى ئازیز هەموو خەلکى ئەوروپا دەیانزانى سیستەمى دەرەبەگایەتى و تاک رەوى و دەسەلاتى کلیسایی خراپە کە ببونە خاوەن زەوى زارێکى زۆر بەلام یەکێ لە پارێزەرانى کلیسا پادشاى فەرەنگەکان شارلەمان بوو لەوکات سەردەمەدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت