عوسمان عومەر: ڕەشکە – حبة البركة – Fennel Flower.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ڕووەکێکە بەتۆو دەچێنرێ و وەرزیە بەرزیەکە 20 تا 30 سم دەبێت و شوینى ئەو رووەکە خوارووى رؤژئاواى ئاسیا و ئێران و هیند و پاکستان و حەوزى دەریاى سپى ناوەراست و مەغریب و دوورگەى عەرەبیە ناوە زانستیەکەى Nigerlla Sativa یە . ڕەشکە بەشێوەى خەت دەچێنرێ لەهەر چالێکدا 4-5دەنکە تۆوى تێدەکرێ و یەکسەر ئاو دەدرێ بەبەردەوامى تا 20 رۆژ پێش دورینەوەى.
شایەنى ووتنە یەکەمجار، کە تۆوەکان بەرهەم دێت سپین، بەلام کە بەر هەوا دەکەوێ رەش دەبێت. لەکوتایی ئەیلول و سەرەتاى تشرینى یەکەم دەست بەچاندنى دەکرێ و لە مانگى نیسان دا دەدورێتەوە.
بەکوردى رەشکە و، بەعەرەبى حبة البركةوبە ئینگلیزى Fennel Flower. لە وولاتى فارس بە شونیار ناسراوە. بۆیە لەزمانى عەرەبى دا بەحبة البركة” ناسراوە. چونکە بەرەکەتى زۆرو چارەسەرى نەخۆشى زۆرى پێوەیە . رەشکە لەسەدەى پێنجەمى پ . زاینەوە دەرکەوتوە و بەکارهێنراوە لەلایەن ئەبوقرات و بەپێى لێکۆلینەوەو پشکنینەکان یەک شوشەى پر لە زەیتى رەشکە لەگۆرى یەکێک لە فیرعەونەکان، ئەویش توت عنخامون بووە دۆزراوەتەوە.
لەیەکێ لەفەرمودەکانى پێغەمبەر (د .خ) دا هاتووە کە فەرمویەتى ” عليكم بهذه الحبة السوداء فانها فيها شفاء لكل داء الا السام واتە مردن.
زەیتى رەشکە لەرەشکەکە خۆى دەردەهێنرێ وەک چۆن رونى کونجى یا (راشى) لە کونجیەکە خۆى دەردەهێنرێ بەهۆى هاڕینەوە، بەم شێوەیەش رەشکەکە دەهاڕدرێ تا ئەو زەیتەى لێ دەست دەکەوێت. بەپێى لێکۆلینەوەکان دەرکەوتوە رۆن یا زەیتى رەشکە پڕە لە رەگەزى خۆراکى بەسود بۆ لەشى مرۆڤ و چەند سیفەتێکى چارەسەرى هەندێ لەنەخۆشىەکانى پێ دەکرێ لەهەمات کاتدا پارێزگاریى گشتى تەندروستى لەش دەکات , هەروەها لێکۆلینەوەکان و پشکنینەکان ئەوەیان دەرخستووە کە تاکە ڕووەکە ئەو هەموو توانایەى تێدا بێت بۆ چارەسەرى نەخۆشى.
بۆ زانیارى خوێنەرانى بەڕێز رەشکە دوو ئاوێتەى گرنگى تێدایە:
یەکەمیان/ پێکهاتەى نیجیلۆن
دووەمیان/ ثیمۆکینون
ئەوەى یەکەمیان یارمەتى دەرى چارەسەرى نەخۆشیەکانى دەزگاى هەناسەیەو لەهەمانکاتیش دژە هەستیاریە. بەلام پێکهاتەى دووەم لەچەند پێکهاتەیەکى گرنگى دژە هەوکردن و دژە ئۆکسانى تێدایە، کە دەبنە هۆى پاککردنەوەى لەش لە ژەهرەکان . رەشکە چەندین جۆرى ڤیتامین A,B,C و خۆییە کانزانییەکانى وەک کالسیۆم , پۆتاسیۆم و کاربۆهیدرات و چەورییە نا تێرەکانى وەک ترشەلۆکى لینۆلیکى تێدایە.

چەند سودێکى گرنگى زەیتى رەشکە:
1- زەیتى رەشکە تواناى پاراستنى دەزگاى بەرگرى لەشى هەیە کە دەبێتەهۆى لەناوبردنى ئەو بەکتریایانەى هەستیارى دروست دەکەن ، بەلام بۆ پاراستنى دەزگاى بەرگرى لەش وا رێنمایی کراوە بەیانیان و ئێواران یەک کەوچکى بچوک لە زەیتى رەشکە بخورێتەوە.

2- پاککردنەوەى لەش لە ژەهرەکان:
زەیتى رەشکە زۆر گرنگە بۆ پاکردنەوەى ژەهرەکانى لەش ئەویش بەڕینمایی کردنى خواردنەوەى یەک کەوچکى بچوک لە زەیتى ڕەشکە بەیانیان و ئێواران لەگەل هەنگوین یا بێ هەنگوین.

3- زەیتى رەشکە بۆ پاراستنى دڵ و مولولەکانى خوێن:
وەک زانراوە بەرز بونەوەى ماددەیەک بەناوى هۆمۆسیستین لەخوێن دا دەبێتە هۆى زیاتر زیان گەیاندن بە دەمارەکانى دڵ و مێشک چوارپەل, زاناکان ئەوەیان دۆزیوەتەوە بە پێدانى فولیک ئەسید و ڤیتامین B6 ,B12 هۆکاریکە بۆ کەمکردنەوەى ئاستى هۆمۆ سیستین لەخوێن دا, بەپێى لێکۆلینەوەى دەرکەوتوە بەهۆى ئەوەى رەشکە ماددەى ثیمۆکینۆنى تیدایە کەدەبێتە هۆى رێگرتن لە بەرزبونەوەى ئاستى هۆمۆ سیستین لەخوێن دا، کە ماددەیەکى کاریگەرە لەماوەى 30 خولەک ماوەى یەک هەفتە لەسەر مشک تاقیان کردۆتەوە بۆیان دەرکەوت کاتێ هۆمۆ سیستین بەرزدەبێتەوە ئاستى چەورى سیانى و کۆلیستلرۆل ئۆکسانە زیان بەخشەکان بەرز دەبنەوە، بەلام بۆیان دەرکەوت بە پێدانى زەیتى ڕەشکە توانرا بەرزبونەوەى ئاستى هۆمۆسیستین کەم بکرێتەوە و دڵ و دەمارەکانى مێشک و چوارپەل بپارێزرێت لە زیان.

4- زەیتى ڕەشکەو کۆلیسترۆل
بەپێى هەندێ لێکۆلینەوەى زانستى کە لە زانکۆکان ئەنجامدراوە، پاش تاقى کردنەوەو پێدانى زەیتى ڕەشکە بەمشک بۆ ماوەى هەفتەیەک بۆیان دەرکەوت کۆلیسترۆل بەڕێژە 15% و چەوریە سیانیەکان بەڕێژەی 22% و شەکر بەڕێژەى 16,5% کەم بونەوەو و ئاستى هاتوچوى خوین بەرێژەى 17,5% باشتر بوو ئەوەش نیشانەى ئەوەیە کە زەیتى ڕەشکە سودبەخشە بۆ دابزاندنى رێژەى کۆلیسترۆڵ و شەکرو چەوریە سیانیەکان لەخوێن دا، لەمشک بەڵام سەبارەت بەمرۆڤ پێویستى بە لێکۆلینەوەى زیاتر هەیە.

5- رەشکەو بەرزى فشارى خوێن
سالى 2000 چەند لیکۆلەریک سەرقاڵى پشکنین لیکۆلینەوە بون گەر رێژەى ٠,6 ملگرام دەبێتە هۆى زیاتر میزکردن و نزم بونەوەى ئاستى فشارى خوین بەرێژەى 22% لاى مشک، بەلام ئەو مشکانەى کە چارەسەرى پزیشکیان پێ دراوە 18% بووە لەوەوە بۆیان دەرکەوتوە کە زەیتى رەشکە دەتوانرێ وەک چارەسەرى نزم کردنەوەى ئاستى فشارى خوێن بەکار بهێنرێ.

6- بۆ چارەسەرى تا و کۆکەو رەبوو (تەنگە نەفەسى):
بەهۆى ئەوەى زەیتى رەشکە سیفەتى دژە بەکتریا و دژە هەوکردنى تیدایە یارمەتى چارەسەرى هەندێ نەخۆشى وەک تا و کۆکەو تەنگە نەفەسى دەدات بۆ چارەسەرى ڕەبوو پیویستە کەوچکێکى بچوک لە زەیتى ڕەشکە بکرێتە ناو کوپێک ئاوى گەرمەوە و هەڵمەکەى هەڵمژرێ ڕۆژانە دووجار, بۆچارەسەریى کۆکە دەتوانرێ یەک کەوچکى بچوک بکرێـتە ناو چا یا قاوەو بخورێتەوە و نیوکەوچکى بچوک بۆ چەورکردنى سنگ وئەمەش دەبێتە هۆى ئارەق دەردان.

7- زەیتى ڕەشکە چارەسەریى نیشانەکانى پیرى و بەرەو پێشچونى تەمەن دەکات بەتایبەت چرچ و لۆچى دەم وچاو و ڕێگرى لەسپى بون قژ دەگرێ و بیروهۆش چالاک دەکات و تەرکیز زیاد دەکات هەروەها ڕێگرى اە نەخۆشى زەهایمەر دەگرێت.
8- زەیتى ڕەشکە وەک چارەسەرێک بۆ نەخۆشیەکانى جگەر بەسودە و ڕێگریى دەکات لە شیرپەنجەى قۆلۆن و کۆلیسترۆلى زیانبەخش کەم دەکاتەوە.

9- باشکردنى ئاستى دیتن یا بینایی
یەکێکى تر لەسودەکانى زەیتى ڕەشکە بۆ باشکردنى ئاستى بینین و هەرکەموکوڕیەک لەچاودا هەبێ دەتوانرێ شەوانە پێش نوستن پیڵۆکانى چاو بەو زەیتە چەوربکرێ هەروەها دەتوانرێ نیوکەوچکى بچوک لەو زەیتە بکرێتە پەرداخێک شەربەتى گێزەرەوەو بخورێتەوە.
10- بۆئەوەى مرۆڤ لەتەواوى ڕۆژەکە بەچوست و چالاکى بمێنێتەوە بەیانیان یەک کەوچکى بچوک لەزەیتى ڕەشکە دەکرێتە ناو پەرداخێک شەربەتى پرتەقالەوەو لەگەل نانى بەیانى دا دەخورێتەوەو شەوانەش بەهەمان شێوە بۆ خەوێکى ئاسودەو خۆش هەمان شتت دوبارە دەکرێتەوە .
بێگومان هەر ماددەیەک یا ڕووەکێک، کە سودبەخش بێ بۆ لەشى مرۆڤ زیاد لەپێویست بەکار بهێنرێ زیانى زیاتر دەبێ وەک لە سودەکانى, بۆیە وەک راسپاردەکان بۆنمونە کەوتراوە یەک کەوچکى بچوک نابێ لەو رێژەیە زیاتر بەکار بهێنرێ. پێم وایە ئەم ڕووەکە دەتوانرێ لەوولاتى خۆشمان بچێنرێ چونکە زەوى کوردستان سوێر نیە و دەکەوێتە ئەو ناوچانەش کەئەو ڕووەکەى لێ بەرهەم دەهێنرێ ئەمەش بۆ پسپۆرانى بوارى کشتوکاڵ لێ دەگەرێم تا لێکۆلینەوەى لەسەر ئەنجام بدەن . هیوادارم سودێکى کەمم بەهاورێیان و دۆستان و خوێنەرانى ئازیز گەیاندبێ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت