عیماد عەلی : ئایا تێپەراندنی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم دژی سازان بوو ؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سەرەتا دەبێت بڵێین بەڵێ تێپەراندنی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم بەدەر لەسازانی سەرجەم لایەنەکان هاتەبەرهەم و لایەنێکی سەرەکی و هەندێک پاشکۆی تر بەو کارە رازی نەبوون و بایکۆتی دانیشتنەکەیان کرد ، ئەمەش یەکەمین جارە کە یاسایەک بەو گرنگیەی دوور لە پارتی خوێندنەوەی یەکەمی بۆ بکرێت و وەک وەرچەرخانێکی گرنگ لە کاروان و تەمەنی بیست و سێ ساڵەی کار و رەفتار و بریارەکانی پەرلەمان حسابی بۆ بکرێت .
ئەگەر بە بێلایەنی و ئینسافەوە باس لەم هەنگاوە بکەین ، دەبێت ئەوە بڵێین کە زۆرێک لە یاسا گرنگە خاوەن رەهەندە نیشتیمانی و نەتەوەییەکان بە سازان و کۆبونەوە و رێککەوتنی لایەنەکان لەدەرەوەی پەرلەمان تێپەرێنراون ، بەڵام هەمیشە لەو سازانانە پارتی دیموکراتی کوردستان برا گەورە و خاوەن بریار ی یەکلاکەرەوەی چۆنێتی تێپەراندنی یاسا و بریارەکان بووە و ئەگەر بە میلیم لەزەرەری حزبی و شەخسی هەندێک سەرکردەی ئەو حزبە بوایە مۆری نەدەکرد، بەڵام زۆر جار بۆ مانەوەی برا گەورەیی و لەسەر حسابی هەندێک بەرژەوەندی بچوکی خۆی سازانی کردووە و لایەنەکانی تریش پێی رازیبون .
ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە لایەنەکانی تر جەختیان لەسەر سازان نەکردبێتەوە و سازانیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکارنەهێنابێت . یەکێتی لەکاتی جیابونەوەی کاک نەوشیروان موستەفا و پێکهێنانی بزوتنەوەی گۆران هەمیشە پارتیی وەک برا گەورە داناوە و لەپێناو دەرچون لە قەیرانی ململانێی لەگەڵ گۆراندا هەزار و یەک تەنازولی کردووە و لە سازان زیاتریشی کردووە و ئەمە جگە لە رێککەوتنی ستراتیجی و رێککەوتنی درێژکردنەوەی ماوەی حوکمی سەرۆکی هەرێم کە باجێکی گەورەی لەو رووە داوە . بەهەمان شێوە گۆرانیش لەو ماوە کورتەی تەمەنیدا زۆرێک لە خۆنزیککردنەوە و تەنازولی بۆ پارتی کردووە ، کێ هەیە گەشتە مەکۆکیەکانی کاک نەوشیروان بۆ سەری رەش لەبیرچوبێت ، ئەوەش لە پێناو زاڵبونی بووە بەسەر یەکێتیدا ، سازانیشی وەک کردەوەیەکی سیاسی لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندی خۆی بەکارهێناوە . گۆران ئەو کاتە پەرلەمانی خستە دەست حزبەکان کە رێککەوتنی بەشداریکردنی لە حکومەت لە رێگەی حزبەوە و بە عالەمی ئاشکرا و لەبەر دەم دەزگاکانی راگەیاندن ئیمزا کرد و نەیخستە دەست فراکسیۆنەکەی لە پەرلەمان ئەو ئەرکە ئەنجام بدات دوور لە هەر رێککەوتنێکی حزبی ئاشکرا و بەرپەردە .
ئەمرۆش، کە پارتی بەهانەی سازانی بەدەستەوەیە، ئەو هەموو هەنگاوانەی ئەوانی تری لەبەردەستە و دەیدات بە چاویاندا و حەقی خۆیەتی کە تا ئێستا سازان کرابێت ، بۆچی لەم کاتەدا لەم پرۆسە گرنگەدا پشت گوێ بخرێت . بەڵام ئەگەر لە نێوان تێپەراندن و تێنەپەراندنی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم دوور لە سازان ، لە دیدگای قازانج و بەرژەوەندی گشتی کوردستانەوە یەکێکیان هەڵبژێرین ، دیارە تێپەراندنی لە قازانجی بەرژەوەندی گشتی و پێشخستنی رەوتی سیاسی کوردستاندا بوو ، لەبەر ئەوەی :
1 – پارتی تا ئێستا خۆی بە برا گەورە زانیوە و بە چاوی سەلتەنەتی خۆی مامەڵەی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا دەکرد و لەو قەناعەتەدا بوو کە بێ ئەو هیچ هەنگاوێک ناهاویژرێت . بەڵام ئێستا دەزانێت دەنگی خەڵک و زۆرینە رۆڵی خۆی هەیە .
2 – پارتی ئەگەر لە تێنەپەراندنی ئەم یاسایە سەرکەوتو بوایە، بە هەموو شێوەیەک مەرجەکانی خۆی دەسەپاند و بێ ئەملا و ئەولا هەرچی بیویستایە دەیکرد .بەڵام ئێستا دەبێت حساب بۆ ئەوانی تر وەک خۆی بکات .
3 – پارتی ئەگەر لە هەنگاوەکانی پێش تێپەراندنی ئەم یاسایە و لە پەرلەمان سەرکەوتوو بوایە،هیچ کارتێکی بەدەست ئەوانی ترەوە نەدەهێشت و بەخۆی هەڵگری سەرجەم کارتەکانی سەپاندنی بۆچونەکانی دەبوو لە رێگای سازانەوە .
4- – پارتی پاش 23 ی6 بۆی دەرکەوت کە هێزگەلێک هەن دەتوانن بێ ئەو بریاری گرنگ بدەن و هیچ منەتێکیان بە سەنگی سیاسی و هێزی ئەو نەبێت و سەرەتایەک بێت بۆ پێداچونەوەی لەسیاسەت کردن و مامەڵە کردن لەگەڵ پرسەکاندا .
5 – قازانجێکی سەرەکی ئەم هەنگاوەی پەرلەمان بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان خۆیەتی کەئەو حزبە لە رێژەیەک لە بوغرایی و هەندێک رەفتاری نیمچە دیکتاتۆریی دوور دەخاتەوە .
ئەو هەموو خاڵانە خۆی لەخۆیدا لە بەرژەوەندی کورد و دیموکراسی و نەهێشتنی رەفتاری دیکتاتۆریانەیە لە کوردستاندا و ، نەک لەسەر یاسای سەرۆکایەتی هەرێم بەتەنها بەڵکو لە هەنگاوە هەستیارەکانی داهاتووشدا رۆڵ و گرنگی خۆی دەبێت و هاوسەنگی هێز لە نێوان لایەنە سیاسیەکانی کوردستان رێ رێک دەخات و هەمووان هەست بە پێویستی بە سازانی راستەقینە و گرنگی لێکتێگەیشتن و پاراستنی بەرژەوەندیەکانی گەلی کوردستان دەکەن .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت