PUK-1

عیماد عەلی : ئایا یەکێتی بە خۆی دەزانێت لە گێژاودایە ؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

گوێم لە کادرێکی باڵای یەکێتی بوو ، کە دەیوت وا باشە بۆ دوارۆژی یەکێتی ؛ زیاتر خۆی لە پارتی نزیک بکاتەوە ، لەبەر ئەوەی بە هەردوکیان دەتوانن هەڵبژاردن دوابخەن و هەرچی دەیکەن لەم کاتەدا ئەگەر لە قازانجی میلەتەکەش نەبێت بە دواخستنی هەڵبژاردن لەبیر خەڵکی دچێتەوە و ، بەخۆیان لە سەر رێرەوی تایبەتی خۆیان دەرۆن و هەمان سەردەم ی فیفتی فیفتی دوبارە دەکەنەوە و ، هەر بە خۆیان دەسەڵاتی هەمیشەیی کوردستان بە رێوە دەبەن ! تا ئەوکاتە بارودۆخ چاکتر دەبێت ، ئینجا بکەونە ململانێی پارتیەوە ، چونکو ئەوان دەبنە دوو حزبی گەورەی کوردستان .
تۆ تەماشای را و بیروبۆچونی ئەم جۆرە کادرانە بکە ، و ئەوجا هیچ سەرت سورنامێنێت لەو لێدوانە دژبەیەکیەی بەرپرسە باڵاکانی یەکێتی لەسەرجەم بوارەکاندا، کە بە ئاشکرا لە راگەیاندنەکان باسی دەکەن . تا وەکو رۆژگاری ئەمرۆ یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەقەد ئێستا وەک ئەم جۆرە چەقینەی لە بەرێوەبردنی کاروباری دەرەوەی حزبەکەیان بە خۆیانەوە نەبینیوە . تۆ بڵێیت بێ تالەبانی بەم حەدە کاریگەری خۆی لەسەر بیرکردنەوەیان جێهێشتبێت ، یان بەرژەوەندیە تەسکەکانی بەرپرسانیان رێگەی لێ ون کردون کە بەرپرسەکانیان وەک چەندین حزب هەڵوێستی خۆیان دەربخەن نەک وەک بەرپرسانی یەک حزب ، ئەگینا لە کاروباری نێوخۆی خۆیان چی دەکەن بیکەن ، بەڵام با لە ئاست رووداوە گرنگەکانی رۆژ و لەمەر دەسەڵاتی هەرێم یەکگرتوو بن ، کە سەرەتاییترین دیسپلینی حزبیە لە هەموو شوێنێکدا .
ئەگەر خەڵک یان بەتایبەتی کادرانی یەکێتی وا لێکیبدەنەوە کە لەم کاتەدا روگیر بوون و گیریان خواردووە لە نێوان پارتی و گۆراندا ، بۆیە وایدادەنێن بەم شێوەیە نەدەکەونە رێرەوی سیاسەتی گۆرانەوە نەش هی پارتیەوە ، ئەوە زۆر هەڵەن . لەبەر ئەوەی سیاسەتی راست و دروست هەر حزبێک بە پشت بەستن بە بنەما سەرەکیەکانی خۆی دەبێت بە پلەی یەکەم ، نەک لە روانینی سیاسەتی حزبی تر یان رێکخراوێکی تر یان هەر لایەنێکی تر .
نایەکگرتویی لێداونەکان رەنگدانەوەی ململانێی بەڵکو کێبرکێی بەرپرسە باڵاکانی یەکێتیە ، تا رادەی دژ بەیەکی و، ئەمەش لە هیچ کات و لە هیچ حزبێکدا وا بە زەقی دەرنەکەوتووە ، ئەگینا لەسەر خاڵێکی هەستیاری وەک هەناردەکردنی نەوت و غاز و بەشداری یەکێتی لەو بابەتەدا بەسەر دوو بەرەدا دابەش نەدەبوو ، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە ، کە کۆمەڵێک بەرپرسی باڵای یەکێتی ئاگای لەوە مەسەلەیە هەیە و کۆمەڵێکیش لاخەبەرە ، ئەمەش خاڵی هەرە لاواز و نەبونی دامودەزگەیی و نەبونی هەماهەنگی نێوان خۆیان دەردەخات .
ئەگەر پرسیار لە هەر یەک لەوانە بکەیت ؛ ئایا ستراتیجی یەکێتی لەمەر ئەم پرسە هەستیارە چارەنوسسازە و چەندین بابەتی تریش چیە ، هەر یەکە و بە مەیل و زەوق و راوبۆچونی خۆی باسی دەکات و کەس لە سیاسەتی حزبەکە نازانێت وەک حزب چی دەکات . ئەگەر ئەمە گێژاوێکی ترسناک نەبێت و لە قازانجی حزبەکانی تر نەکەوێتەوە چیە ، بۆیە پێویستە ئەوەش بڵێین ، کە یەکێتی بەو هەموو کادرە رۆشنبیر و بەتوانا و پر مێژووەوە گوناحە ببێتە قوربانی بەرژەوەندی تەسک و ، لەو نێوەندەشدا خەڵکی موحافزکار و حزبی سەردەمەکانی قەیتون قازانجی لێبکات، بەمەش بەرەی پێشکەتنخواز لاواز دەبێت ، ئەمەش لەزەرەری میلەتەکە دەکەوێتەوە ، بۆیە زۆر پێویستە یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەم کاتە هەستیارەدا خۆی لە ناجێگیری رزگار بکات و سیاسەتەکانی لە سەر ئامانجە ستراتیجیەکان بنیات بنێت ، نەک پشت بە عەقڵیەت و بۆچونی ئەو جۆرە کادرانە ببەستێت کە رایان وایە لەگەڵ پارتیدا یەک دەنگ و یەک رەنگ بن و هەڵبژاردن دوابخەن و ، ئێستاش بشت بە هاوکاری ئەو ببەستن و لەسەر پێویستیەکانی ئەم کاتە برۆن بە رێوە ، ئەمەیە لە گێژاو ترسناکتر . سیاسەت و بۆچونی سەربەخۆ پشت بە لایەنی تر نابەستێت ، ئەم کاتەش بە قۆناغی بریاردانی راست و دروست لەمەر پرسە هەستیارەکانی میلەت و حزبەکەی خۆیانە و ، لەم کەاتەدا لە تاقیکرنەوەدان ، گەر بیانەوێت بە سەرکەوتویی تێیدا دەربچن ، نەک بە شڵەژاوی بمێننەوە ، وا بروات لە گێژاوەکە دەخنکێن . ئەگەر زۆر لەگەڵ بەرەی پێشکەوتنخوازدا خۆیان یەکلایی نەکەنەوە هیچ نەبێت بێلایەنی خۆیان بسەلمێنن بۆ جەماوەرەکەیان دوارۆژی رۆشن چاورەێیان ناکات ، ئەمەش ئاسان نیە بەو جۆرە کادرانە و بەم رەفتار و لێدوانانە دژبەیەکانەی بەرپرسەکانیان بکرێت .

بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت