عیماد عەلی : ئەمرۆ عەقڵم لەگەڵ ناحەقدا بوو .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پێش ئەوەی پەرلەمان عیراق متمانە لە هۆشیار زێباری وەربگرێتەوە، هەر ئەمرۆ پاش بیرێکی قوڵ لە چۆنێتی کەوتنەوەی دەرئەنجامی لێ سەندنەوەی متمانە لە زێباری و، بە پێی هاوکێشەیەکی تایبەتمەندی ناوچەیی نەک نێوخۆیی کوردستان، بەڵام بە بینینی دەرهاویشتەکانی لەسەر کوردستان لەمەودوا، لەعەقڵەوە لە گەڵ سەندنەوەی متمانەو لێکەوتە پێشبینیکراوەکانیدا نەبووم. ئەمەش لەدەرئەنجامی خوێندنەوەی هەموو لایەنەکانی پرۆسەکە و مامەڵە کردنی پارتی لەگەڵ دەرئەنجامکانداو، چۆنێتی کەوتنەوەی هاوکێشەکان و رەوتی ناوچەکە و وەزعی پارتی و پەیوەندیەکانی و ئەگەری ئاراستەکردنی سیاسەتی ئەم حزبە و کاریگەری لەسەر وەزعی تایبەتی کوردستان، بە وردی هاوکێشەکانم خوێندەوە، بەڵام لە بەرامبەرداو پر بەدڵ لەدڵەوە لەگەڵ لێسەندنەوەی متامانەکەدا بووم لە زێباری .
سۆزم بۆ وەزعەکەی زێباری لەبەر ئەوە نەبوو، کە کوردە و زۆرینەی عەرەب بەرامبەری وەستاون، لەبەر ئەوەش نەبوو کە وەزیرێکی دەست و داوێن پاکە و باوەرم وابێت کە پەرلەمانتاران زوڵمی لێدەکەن، لەبر ئەوەش نیە، کە کابرایەکی بلیمەت بێت و سیاسیەکی بە توانا و کردەوە راست بێت و ستراتیجێکی کوردانە و مەردانەی هەبوبێت و لەپێناو بەرژەوەندی باڵای گەلی کوردستاندا هەنگاوێکی ئەوتۆی نابێت، لەبەر ئەوەش نەبوو کە باوەرم وا بێت عیراق و کورد کەسێکی تری وەک زێباری تێدا نەبێت، یان ترسم لەوە بێت گەرانەوەی زێباری بۆ کوردستان سیاسەتکردنی لە چوارچێوەی ماڵی بارزانی و پارتی کێشەو بێشەی زیاتر بۆ کورد و تەنانەت بنەماڵە دروست دەکات، بەڵکو سۆز و بیری عەقڵانیم تەنها لە رووی ئەوەی کە لە دوورەوە بەحاڵ دەیبینم، ئەوەیە کە زیاتر دابەشبون ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکات و ناکۆکیەکان قوڵتر ئازاربەخشتر دەبن و، کاردانەوەی پارتی بێ گوێدانە هیچ شتێک، زیاتر لە میحوەرەکەی خۆی نزیک دەکاتەوە و پابەند دەبیت بەو پیلانە هەمەجۆرە ناوچەییەی کە جگە لە ماڵوێرانی هیچ شتێکی بۆ کوردستانی تێدا نیە و، پارتی تا بینا قاقای لە قورە خەستەکە نغرۆ دەکات .
لە هەندێک حاڵەتدا وەک ئەم هەڵوێستە جۆراوجۆرانە و ئاڵۆزبونی هاوکێشە نێوخۆییەکانی کوردستان، لەدەرئەنجامی خوێندنەوەی وەزعی کوردستان و عراق، بە پێی پەیوەندیە نێوخۆییەکان و کار وکاردانەوەی حزبەکان، بە تایبەتی یەکێتی و پارتی و گۆران و دورکەوتنەوەی زیاتری ئەو سێ لایەنە، وا بکات پاڵ بە پارتیەوە بنێت، کە بەتەواوەتی دەست لە چارەسەری نێوخۆیی بشۆرێت و تەنها ملکەچی فەرمانەکانی لایەنە نەیارە دەرەکی و عراقیەکانی دژ بە کوردی میحوەرکەی خۆی بێت و هیچ حسابێک بۆ نێوخۆی هەرێم نەکات و تەنانەت تاڵە دەزووەکەش وەک هێڵی گەرانەوەی بۆ باوەشی کوردستان لەبەرچاو نەگرێت . ئەمەش وادەکات زیاتر هەرێمی کوردستانی پاش ئەم لێکترازانەی فراکسیۆنە کوردستانیەکان لە بەغدا، هیچ بوارێکی بۆ یەکێتی و یەکبون و یەک هەڵوێستی ناهێلێتەوە و فراکسیۆنە زەبەلاحەکانی تر بە ئاسانی ویستی خۆیان بەسەر سەرجەم لاینەکانی کوردستاندا و هەر یەک بە جۆرێکی بسەپێنن . ئەگەر فراکسیۆنەکانی شیعە و سونە شێوەیەکی تر بێت و باردوخی ئەوان جیاواز بێت، ئەگەر ناکۆک بن و پاڵپشتیکەریان زۆر بێت، بەڵام فراکسیۆنە کوردستانیەکان خۆیان و خودایان زیاتر کەسیان لەگەڵدا نیە و بێ کەس و بێ پاڵپشتی دڵسۆزن و، تەنها یەک هەڵوێستی و کاری هاوبەش و وەلانانی ناکۆکیە نێوخۆییەکانی کوردستان لە بەغدا قازانجی بۆ کۆی پرسەکە دەبێت .
ئەوەی پارتی بناسێت هەروا بە ئاسانی ئەم کردەوەی بەرێ ناکات و بێ وەڵام نابێت و، ئەم هەڵوێستە جۆراوجۆرانە بە ئاسانی بەسەریدا تێپەر نابێت و، لەمەودوا بێ ئەوەی کاردانەوەی لەمەر ئەم رەفتارەی فراکسیۆنەکان لە ناخی دەرناچێت و ناجوڵێتەوە . ئەمەش بە کۆی گشتی و لە ڕوانگەی دابەشبون بە سەر هەردوو میحوەرەکە و ئامانجەکانی دوای رزگارکردنی موسڵ مەترسیەکی یەکجار گەوەری بۆ هەرێمی کوردستان هەیە . لەبەر ئەوەی پارتی داخی کردۆتە دڵی ئەم گەلە ستەمدیدەوە و هۆکاری سەرەکی ئەم قەیران و قاتوقریەیە، بۆیە بە دڵ زۆر تامەزرۆی ئەوەبووم متمانە لە زێباری خاڵی بارزانی بسەنرێتەوە و، لە ترسی لێکترازان و دابران و دابەشبونی زیاتر و دەرئەنجامی خراپی لێسەندنەوەی متمانەکە بەتایبەتی بە هاوکاری پەرلەمانتارە کوردەکان و ناسینی پارتی و رەفتار و مێژووەکەی، بە عەقڵیش نزای پێچەوانەکەیم دەکرد و ئاواتەخواز بووم کە متمانە لە زێباری نەسەنرێتەوە و، بەمەش بەتەواوەتی بەبیرکردنەوە و عەقڵ لەگەڵ ناحەقدا بوو .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت