عیماد عەلی : ئەم قەیرانە و ریفراندۆم ؟ 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەر ماوەیەک نابات و بارزانی بە شێوەیەک دەردەچێتەوە و باس لە ریفراندۆم دەکات ، وەک ئەوەی : هەموو شتێک لە کوردستان وەک ماستی مەیو بێت و ، جگە لە هەنگاوی خێرا بەرەو سەربەخۆیی لە هیچ شتێکمان کەم نەبێت و ، سەرجەم پێداویستیەکانی بریاردانی مافی چارەنوس مەیسەر کرابێت و ، زەمینەی پتەویی بۆ رەخسابێت و بناغەیەکی وای بۆ دانرابێت کە بەهەزار پیلانگێر نەتوانن زەفەری پێ بەرن و ، تەنها کارە گرنگ و ئامانجە چارەنوسسازەکە لەسەر ریفراندۆمەکە وەستابێت . زۆرێکیش خۆشباوەرن بەمە و ، ئەوەی راوبۆچونێکی زانستیانەی هەبێت بۆ ئەم مەسەلەیە ، بە دژە دەوڵەتی کوردی لەقەڵەمی دەدەن ، جا چ لەبەر حزبایەتی بێت و کوێرانە قسەی ئەم سەرکردانە بخوێننەوە یان لە کاڵفامیەوە بێت لە سیاسەت و نەزانینی پێداویستیەکانی سەربەخۆیی ولاتێکی وەک کوردستان ، بەم ئاڵۆزیەوە کە لە هیچ شوێنێکی تردا نیە .
دەشێت هۆکاری ئەم بۆچون یان هەڵچونەی بارزانی هەر ماوەیەک و لە پرێکدا بۆ کۆمەڵێک هۆکار بگەرێنینەوە ، بەڵام ئەوەی وەزعی ناوخۆیی کوردستان بخوێنێتەوە و پێشهاتەکان لەبەرچاو بگرێت پاڵنەری پشت پەردەی ئەم بۆچونەی بارزانی لەم کارەیدا دەزانێت .
جارێک با ئەوە بخەینە بەرچاو کە هیچ کاتێک هەرێمی کوردستان بەقەد ئەمرۆ لە قەیرانێکی قوڵی ئابووری ئاوها و بێ ئاسۆی چارەسەر خۆی نەبینیوە و ، بە تۆزێک تێرامان : بە هەموو شێوەیەک ئەوە دەسەلمێنیت کە ئەم دەسەڵاتە چەند شکستیخواردووە و ، هیچ ئەگەرێکی چارەسەریی بۆ قەیرانەکانی و نزیکبونەوەی لە خنکان ، لە مەودایەکی نزیکدا نیە ، بۆیە وادەزانێت کە ئاسانترین رێگە بۆ سەرقاڵکردنی خەڵک بە شتێکەوە هەرچەند کاتییش بێت ، بۆ بەرێکردنی رۆژ ، کە بەقازانجی خۆی دەکەوێتەوە ، بەلارێدابردنی خەڵک بە چەواشەکاری ریفراندۆمەوە بەئاسانترین رێگە دادەنێت .
ئەم دەسەڵاتە ، ئەوەی هەمیشە بیری لێدەکردەوە کە مێژوویەک بۆ خۆی بنوسێتەوە ، بەڵام بەم وەزعە سیاسی و ئابوری و کۆمەلایەتیەی ئێستای بێ ئومێدی کرد ، نیازی وایە بە سەرکێشیەک تێیپەرێنێت و بێ ئەوەی دەرئەنجامەکەی بخوێنێتەوە و بە شێوەیەکی زانستی دیاری بکات ، دەیەوێت هەنگاوێکی لەم بارە بنێت و تەنها لەبەر ئەوەی هەندێک دەستکەوتی شەخسی و حزبی مسۆگەر بکات . بۆیە دەیەوێت بەم بۆچونەی بە بەردێک لە کۆمەڵێک چۆلەکە بدات : خۆی رزگار بکات و شکستەکەی لەبیر خەڵک بباتەوە ، مەجدێک بۆ خۆی و حزبەکەی تۆمار بکات هەرچەند دەرئەنجامەکەی روون نەبێت و ، بە ئەرێنی بێت یان نەرێنی ئەو هیچ کێشەیەکی لەوبارەوە نیە ، نارەزایەتیەکانی خەڵک خەفە بکات بەم هەنگاوە عاتفیە و ، خۆی لەم قەیرانە دەرباز بکات کە تا بیناقاقای گرتۆتەوە . ئەگینا تۆ لەم وەزعە نالەبارەدا بیت و گەلەکەت لە ناخۆشترین بارودۆخدا بێت و هیچ بنەمایەک نەبێت و زەمینە سازیەکت نەکردبێت و تا ئێستا لە هەموو بوارێکدا پشت بە دەرەوە ببەستێت و ، پشتگیری هیچ وڵاتێکت مسۆگەر نەکردبێت ، بەڵکو زۆرێک لە ولاتان بە ئاشکرا نارەزایەتی خۆیان لەو بارەوە دەربرن ، وا بێت تۆ لە کوێیت و ریفراندۆم بۆ راوەرگرتنی گەل بۆ سەربەخۆی لەکوێ یە ، ئەگینا ئەگەر بارودۆخ بە هەموو شێوەیەک گونجاو بوو ، کێ هەیە نەزانێت خەڵک هەموو سەربەخۆیی دەوێت ، کە لە یەک مانگدا دەتوانرێت ئەو کارە بکرێت .
ئەوەی گومانی لێدەکرێت : بەم کارە و لەم کاتەدا کە خەڵک تورەیە ، بریاری لەم شێوەیە ناواقعیە بۆ ئەوەی بێت و ، وا پیشانی بدات کە خەڵک بەخۆی سەربەخۆیی ناوێت و ، ئەو هاوارەی لە پێناو شتی لاوەکی بەناوی سەربەخۆییەوە بە خەڵکیان دەفرۆشتەوە ، ئەمرۆ بە کردەوەیەک خەڵک لە رازینەبون لەوبارەوە تۆمەتبار بکەن و بەرپرسیارێتی شکستی گەورە لە ملی خۆیان بەدوور خەن و بیخەینە سەر خەڵک بە گشتی .

بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت