عیماد عەلی : ئەم وەزعەی کوردستان بە کاک نەوشیروان چارەسەر دەکرێت ؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

قسەمان لەسەر ئەوە نیە کە ئەم وەزعە خەتای کێیە و کێ گەیاندی بەم ئاستە خەتەرناکە و کێ زیاتر دەتوانێت چارەسەری بکات ، ئەگەر مەبەستی بێت ، مەبەستمان قوربانیدانە بۆ چارەسەر و گوێنەدانە بە هەندێک بەرژەوەندی کە لە پێناو خەڵکدا بدرێت .
چۆن سەرکردە و حزبەکان دێنە ژێر بار و ، کێ دەتوانێت گرێکە بکاتەوە و ، کێ خەتابارە و ، بۆچی وەزعی سیاسی چەقی بەستووە و ، باری ئابووری بەکوێ دەکات و کێ دەتاونێت گۆمی قەیرانەکە بشلەقێنێت و بۆچی بە خێرایی ناجوڵێنەوە ، ئەمانە و چەندین پرسیاری تر ، بەردەوام بونەتە خولیای مێشکی خەڵک بە گشتی و هەموو لایەک بە تەواوی بێ تاقەت بوون و ئاواتەخوازی دۆزینەوەی دەرچەیەکن بۆ دەرچون لەم قەیرانانە .
کەس ناتوانێت نکوڵی لەوە بکات کە حزب دەسەڵاتی رەهای حوکمداری کوردستانی بەدەستەوەیە ، چ تەشریعی بێت یان جێبەجێکردن یان دادوەری ، لە ناو حزبە باڵادەستەکانیش تاقە سەرکردە و ئەڵقە و چەند کەسێک هەن کە دەسەڵاتێکی باڵایان هەیە و دەتوانن خۆیان لە رکێڤ و بەرژەوەندی دەرەکی دەربێنن و رووە و چارەسەری کێشەکان هەنگاو بنێن ، بۆ ناینێن ؟
لێرەدا با قسە لەسەر ئەوە نەکرێت کە پارتی و بارزانی نایەنە ژێر یار ، چونکە هەمووان دەزانن بۆ دەیان ساڵە بەو شێوەیە سیاسەت دەکەن و هیچ شتێک نیە نەیکەن بۆ خۆیان و حزبەکەیان ، ئەگەر لەسەر تاک بە تاکی کوردستانیش بکەوێت ، رەفتار و سیاسەتەکانی پارتی لە مێژووی خۆیاندا ، بۆ هەمووان روونە .
دەتوانین بڵێین ، ئێستا و پاش رێکەوتنەکەی گۆران و یەکێتی ، کاک نەوشیروان دەتوانێت هەنگاوی عەمەلی گەورەی مێژویی بنێت ، ئەویش بە گەورەیی بۆی حیساب دەکرێت نەک ملکەچ بوون . با کاک نەوشیروان رایبگەیەنێت ؛ سەرۆکی پەرلەمان و وەزیرەکانی ئەوان هیچ کێشەیەک نیە ، تەنها ئەوەی پەیوەندی بە دوا رۆژی میلەتەکە و هەنگاوە ستراتیجیەکانەوە هەیە ، مەبەستی ئەوانە :
دەبێت سیاسەتی ئەمان ئەوە بێت پارتی بخەنە بەردەم ئەمری واقیعەوە . ئەوەی دەزانرێت کە پۆستی سەرۆکی هەرێم و سیتسمی سیاسی کوردستان گرێکوێرەی سەرجەم کێشەکانە ، بۆیە بە گوێنەدان بە ئەتەکێت و وردە کاری تەکنیکی ، با بە راشکاوی نەوشیروان موستەفا باسی پۆستەکان و دابەشکردنی نوێ بۆ دوای هەڵبژاردنی داهاتوو دوابخات و داوای ئەوە بکات کە مەسعود بەرزانی بۆ خەڵکی و رای گشتی رایبگەیەنێت و پەیمان بدات ، خۆی و حزبەکەی بە سیستمی پەرلەمانی رازین و دەستاو دەستکردنی دەسەڵات پەیرەو دەکەن ، با ئەم ماوەیە تاوەکو هەڵبژاردن بەم شێوەیەش بێت ، ئەوا گۆران بە گۆرینی یوسف موحەمەدیش هیچ زەرەرێک ناکات . لەمەدا و ، دوور لە باسکردنی پۆستەکان و داوای تایبەت ، خەڵک دەزانێت کە ئەم تاکە پێشنیارە هیچ بەرژەوەندیەکی تەسکی گۆڕانی تێدا نیە و خاڵێکی گەورە بۆخۆی تۆمار دەکات و ، ئەو کاتە خەڵک باوەر دەکات کە شتی نهێنی لە رەفتاری کۆراندا نیە و هیچ مەبەستێکی تری نیە و لە ژێر رکێڤی تردا نیە و ئازادە لە بریارەکانی .
بۆیە بە راگەیاندنێک و رەفتارێکی لەو جۆرەی نەوشیروان موستەفا ، پارتی و بەرزانی دەخاتە بەردەم دووریانێکەوە ، یان دەبێت وەڵامی خەڵک بداتەوە ، یان رازی بێت . لە هەردوو حاڵەتەکەشدا رەوتی چارەسەری قەیرانەکە جوڵەی تێدەکەوێت و هەنگاوێک دەنرێت . بە رەتکردنەوەی ئەو پێشنیارە ئاشکرایەش ، پارتی و بارزانی دەکەونە گۆشەیەکی تەسکەوە و هەر خۆیان زەرەر دەکەن و، بە رازیبونیش رووە و ئاساییبونەوە دەرۆین .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت