عیماد عەلی: بۆ بە هانای تەها ئاغاجانەوە نەچوون؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

تەها ئاغاجانی هونەرمەندی هەست ناسکی بر لەتوانا و بەهرەمەند، راستە خەڵکی شارێکی لاتەریکی زوڵم لێکراوی خانەقینی کوردستان بوو، بەڵام هەموو توانا و کارە هونەری و خزمەتەکانی لە شاری دێرینی هەولێر کرد و، بەخۆی ئەگەر هەمیشە تامەزرۆی بینینی خانەقین بوو بەلام هەولێریشی بە شاری خۆی دەزانی و هەمیشە باسی میهرەبانی و غەریب دۆستی و دڵ سافی هەولێریانی دەکرد. بەڵی خۆی بە هیج حزبێکەوە وابەستە نەکرد و پشتی بە عەشیرەت و بنەماڵە و پێکهاتە تەسکەکان نەبەست، بەڵام داخەکەم کەس ئەوە لەبەرچاو ناگرێت کە بەهرەمەندی و توانا و خزمەت بە هەموو رێگەیکەوە دەبێت، نەک تەنها لە رێگە و چاویلکەی حزبەوە تەماشی کار و کردەوەی خەڵک بکەیت. نابێت هەڵسەنگاندنی توانا و بەهرەمەندی و ئاستی خزمەتکردن و هونەردۆستی و بیروباوەری پێشکەوتنخوازی هونەرمەندان بە پێوەری ئایدیۆلۆجی نەخوێنیتەوە .
لێرە من لۆمەی ئەم دەسەڵاتە ناکەم کە تەنها لە زومی حزبەکانەوە تەماشای پێکهاتە و بەهرەو توانای خەڵک دەکات و ئەوەی کەس و عەشیرت و دەنگی زۆری نەبێت پشتگوێی دەخات و ئەوەندە گلەییم لە شاری هەولێر و خەڵکە هاورێدۆستەکانیشی لەوێ نیە، چونکە تەها زیاتر مەیلی خۆشەویستی راستەقینەی لای خانەقین بوو و سەدانجار باسی ئەمەی کرد و بە خزمەتی هەونەری بۆ ئەو شارە ئەمەی سەلماند. پێش لەوەی لە هەولێر گەشە بە خۆی بدات هەمیشە عاشقی ئاوی ئەڵوەن و پردەکەی خانەقین و مەسفا و کاریز و ئەرکەوازی و مەزرەعە و تۆڵەفرۆش بوو. داخەکەم ئەو هاورێیانەی لە کاتی تایبەتیدا پێویستیان پیچ بوو، کە لە بانگەشەی حزبی خۆیان قازانجیان لەم هونەرمەندە کرد و بۆ کاری حزبی وەک خانەقینیەک بەکاریان دەهێنا بەر لەوەی هیچ قازانجێکی تایبەتی بکات و تەنها لەبەر خۆشەویستی خانەقین هەموو کارێکی دەکرد و بە لەخۆبوردەییەوە زۆرێک لەو شانۆییانەی تەنانەت بە شێوە زاری خانەقینی پێشکەش کرد و، ئێستا ئەوانەی کە خۆیان بە دۆست و برادەری نزیکی دەزانی ئەندام پەرلەمان و وەزیر و ئەندامی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و پلە و پۆستی باڵایان لەم دەسەڵاتە تا بیناقاقا گەندەڵەدا هەیە، بۆچی لەم ماوەیدا ئەمان خۆیان قر و قەپیان لێکرد و هیچ کارێکی تەنانەت خێرخوازانەیان بۆ نەکرد کە ئەگەر خەڵکێکی تر و ئەگەر لەشولار ناسکێ بێت خۆی فرێدایە ماڵەکەیان یان بەتەلەفۆنێک هەزار و یەک هەوڵیان بۆ دەدا، نەک تەنها هەرچیەکی بویستایە بۆی دابین دەکردن . رۆژێکیان پێش ئەوەی ئاوا ئەم نەخۆشیە زۆر زەفەری پیچ بەرێت پێی وتم: کاک عماد ئێمە کوری فەقیرین و هیچ کەس تەنانەت خەڵکە خۆ بە پرۆلیتاریا زانەکەش قەدرمان نازانن لەسەر ئەرزی واقیع، هەرچەند لاف و گەزافی هەژاردۆستی دەکەن، وتی تۆ کوری پیاوێکی حەماڵی شارەخۆشەویستەکەیت و پر بە دڵ هیوادارم ئاگات لەخۆت بێت و پێویستیت بەمانە نەبێت. وتی لەبیرت دێت لە پاش راپەرین لە حزبەکەی تۆش نەبووم کەچی لەبەر خاتری ئەوەی فلانەکەس خەڵکی شارەکەمە بە هەموو توانا و ئیمکانیاتی کەمی خۆمەوە هاتم بۆ کەلار و چەندین رۆژ ئەو شانۆگەریەم بۆکردن و دواتر هیچ رێزێکیشیان لێنەگرتم، ئەی دوای رزگاربونی خانەقین بینیت چەند کاری ناوازەم بۆ شارە خۆشەویستەکەم کرد و دواتر پیشتگوێش خرام. بەڵی ئەوەی کردم پەشیمان نیم و بۆ شارەکەم کرد نەک بۆ ئەو کەسانە بەڵام ئێستا بێگانە خاوەن ماڵ و خاوەن ماڵ بووە بە بێگانە .
ئەوەی جێگەی باسە لێرەدا بوترێت، چارەسەرنەکردنی کاکە تەها و کَیان لەدەست دانی لە ئەستۆی خەڵکە بێفەرە خۆپەرست و نامەسئولەکەی شاری خانەقینە پێش ئەوەی لەسەرهەر کەس و حزبێکی تر بێت. دەکرا هەموو یارمەتیەک بدرێت کە شایانی بوو، بەڵام ملی بۆ کەس کەچ نەکردو لا یخۆیەوە دەیوت ئەگەر بیانەوێت یارمەیتم دەدەن، نەبوو بە پیاوی کەس، باوەری تەنها بە هونەر بوو دوور لە حزب، عیزەتی نەفسی رێگەی نەدا دەمی ببات بۆ هیچ دەسێک، ئاوا بەو حاڵەتەوە بە دەستی نەخۆشیەکی زاڵم گیانی لەدەستدا و لەوەدەچێت تەنانەت بەرپرسە هاورێکانی سبەی موزایەدە بەسەر پرسەنامە ناردنەکەتەوە بکەن کاکە تەها. مەرۆن کەس نەروات تەها ئاغاجان رۆیشت و بە دەم بە گلەییەوە لەهەموتان، رۆیشت، بەڵی رۆیشت و لە ناخەوە رقی لێتان هەڵسابوو، تفی و نەعلەتەی لێکردن، بەڵام بە دڵە ناسکەکەی هیوادار بوو کە کەس لەدوای ئەو خەفەت نەخوات و گلەیی لەخۆی نەکات کە بێهەڵوێست بووە و پێش مردنی بەهانایەوە نەچووە. بەڵێ تف و لەعنەت لە بیر و کار و مامەڵەتان لەگەل تەنانەت کەسە نزیەکانیشتان، ئەگەر هاوکوف و هاورا و هاوحزبی و هاوکوتلەتان نەبێت تەنانەت نایناسن، تف لە ئەخلاق و بیرکردنەوەتان و تف لە بێ ئەمەکی و رق و کینەتان، کەچی لە لاف و گەزافی راگەیاندن و موزایەدە کردندا کەس بەرتانناگرێت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت