111.2899 Barzani 7

عیماد عەلی : خەڵک دژە پارتی نیە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بۆچی سەرانی پارتی وابیر دەکاتەوە ، کە خەڵک دژی ئەو حزبەن و بەئەنقەست و بێ هیچ خەتایەک و تەنها بەدژایەتی ئەو دەیانەوێت بژین و رەفتار بکەن ، لێرەدا قسەم لە سەر حزبەکانی تر نیە ئەوەندەی مەبەستم خەڵکی کوردستانە بە گشتی .
مێژووی پارتی دیموکراتی کوردستان پرە لە هەوراز ونشێوی و نسکۆ و ئاشبەتاڵ و دەستخستنە ناو دەستی دوژمنان، لە هەمان کاتدا بە درێژایی مێژووەکەی ئەگەر مەبەستیشی نەبوبێت هەوڵی داوە لە پێناو بەرژەوەندی تەسک تا رادەیەک خزمەتی گشتیش بکات بە شێوەیەک وەک ئەوەی خەڵک هەمووی جوتیار و سەپان و مشەخۆری ئەو بن و ئەویش خاوەن موڵک و ماڵ ، خەڵک رەعیەت و میگەل و ئەویش فەرمانرەوای باڵا و خاوەن ماڵ نەک هیچی تر .
ئەگەر پارتی دیموراتی کوردستان وەک حزبێک رەفتاری بکردایە و تەنها موڵکی بنەماڵەیەک نەبوایە و خەڵکی تریش پاشکۆ نەبوایە ئێستا نە لە ناوخۆی حزبەکەی خۆیدا کە بە هۆی بەرژەوەندیەکەوە خەڵک خۆیی پێ بەستبێتەوە و نەش لە دەرەوەی ، کەس دژی نەبوو ، ئەگەر دڵسۆزی بۆ بنەماڵە و ئەقڵە تەسکەکەی حوکمی پارتی و کوردستان بە مەرجی وەفاداری و حزبایەتی راستی پارتی لەقەڵەم نەدرایە ئێستا خەڵک وەک حزبێکی مۆدیرن حسابی بۆ دەکرد و بە لێشاو رووی تێ دەکرد و بە بیرو بۆچونی مەبدەئەوە خەباتی دەکرد ، ئەگەر بریار و هەڵوێستی پارتی تەنها لەسەر راو بۆچونی سەرانی بنەماڵەیی ئەو پارتە نەوەستایە ئێستا حزبێکی تر دەبوو پاش ئەو هەموو ساڵە تەمەنەی ، ئەگەر پارتی خەڵکی بە پارە و پێگە و پلەی حزبی و حکومی هەڵنەخەڵەتاندایە و خەڵک بە ئارەزوو و قەناعەتی فکری و مەبدەئی خۆی ئینتمای بۆ پارتی بکردایە ، ئێستا پارتی وا هەستی نەدەکرد لەم وەزعە دەژی و خۆی بەلاتەریکی لە دۆخی گشتی خەڵک نەبینیوە سەرەرای دەسڵاتدارێتی ، ئەگەر پارتی بە شێوەیەکی مۆدێرن خۆی لەگەڵ گۆرانکاریەکانی سەردەمدا بگونجاندایە کەس رقی لێ نەبوو بەڵکو هەمووان شانازیان پێوە دەکرد . بەلام پارتیەک کە دوور بێت لەهەموو بنەماکانی سەردەم و دیموکراسی و فەراهەم کردنی ئازادی لە نێوخۆ و تا بۆی بکرێت لە کوردستان بە گشتی وەک چۆن لە زۆنی زەرد پەیرەوی دەکات دیارە شوێنی شایستەی خۆی دەگرت لە دڵ و دەروونی ئەندامان و هەوادارانیدا . بۆیە هەست کردنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە نەگونجاوی خۆی لەگەڵ واقعی ئێستای کوردستان و بەزۆر خۆسەپاندنی و مامەڵەکردنی بە پێی بەرژەوەندی تەسکی حزبی و شەخسی وا خۆی گۆشەگیر کردووە تەنها بە خۆداچونەوە و گۆرانکاری هەمەچەشنی نێوخۆیی پارتی و خوێندنەوەی واقعیی کوردستان و خۆگونجاندنی دەتوانێت لەو هەلومەرجەی کوردستان کە رووبەروی بۆتەوە خۆی قوتار بکات .
کێشەکە لەوەدا نیە کە تەنها پارتی خەتاباری ئەم واقعەی کوردستانە و کاریگەری سەلبی ئەو حزبەیە وەک کورتبینانە دەبینرێت ، تەنها ئەوە ئەم هەموو گرفتەی بەسەر خەڵکیدا هێناوە ، بەڵکو پارتی وەک حزبی پێشرە و مامەڵە دەکات و ئەگەر بە ناراستەوخۆش بێت کاریگەریی لەسەر رەفتار و بۆچون و سیاسەتی سەرجەم حزبەکانی تریش هەیە و چونێتی رەفتار و کاری حزب و سەرکردە و لایەنەکانی تر هیچی لە پارتی کەمتر نیە ، بەڵام پارتی تا ئێستاش لەسەر ریژەی نەگۆری خۆی بەردەوامە و هیچ هەوڵێکی لە ئارادا نیە بۆ گۆرانکاری و خۆگونجاندن لەگەل سەردەمدا .
دیارە کەم سەرکردەی پیروپەککەوتەی حزبەکانی تر هەن فێری سیاسەتی پارتی نەبوبن و وەک ئەو مامەڵە لەگەڵ حزبەکانی خۆیان و کوردستاندا نەکەن و حزبەکانی خۆشیان بەهەمان رێرەودا نەبەن . ئەوەی تا رادەیەک دڵی خەڵکی خۆش کردبوو تا ماوەیەک گۆران بوو ، بەڵام رەفتار و کردەوەی سەرانی ئەم بزوتنەوە و ململانێ و رەفتاری نێوخۆیی و دەرەکیان ئەو راستیەی دەرخست ، کە پارتی ئاوەکە دەرێژی و ئەمانیش هەوڵی پێی تێدەخەن ، پارتی رەنگرێژی دەکات و ئەمانیش پۆڵیش ، پارتی بە ناوەندێتی حوکم دەکات و ئەمانیش بەهەمان شێوە و ناوەرۆک بەڵام بە ناوی ترەوە ، بۆیە پارتی بۆ ئەم هەموو تەمەنە دوور و درێژەی خۆی ئەگەر لە چەندین ساڵی خەباتیدا قازانجێکی بە میلەت گەیاندبێت لە هەزار لاوە زەرەری پێگەیاندووە و حزبەکانی تریش فێری ئەو کردەوەو سیاسەتە کردوە و ، وەک دەڵێن هەمان نانی خستۆتە داوانی ئەوانیشەوە .
ئەمەیە واقعی کوردستان ، ئەگەر ئەمە حاڵتان بێت بۆچی دەتانەوێت خەڵک رقی لە پارتی نەبێت و کەچی لە کاردانەوەدا ، هەر رەفتارێکی ئاسایی گەنجانی خوێن گەرمیش بێ یەک و دوو بە دژە پارتیان لەقەڵەم دەدەن .
بۆیە لێرەدا دەبێت بڵێین کەس لە خۆرا رقی نە لەکەس و نەش لە هیچ لایەنێک نابێتەوە ، ئەگەر هەرچەند کەس و لایەن و حزبەکانی تریش لەو بارەوە بە مەبەست کاری بۆ بکەن ، لەوەدا پێویستە پارتی دراسەی ئەم بابەتە گرنگ و پرسە سەرەکیەی خۆی بکات و رێگە چارەی هەمەلایەنی بۆ بدۆزێتەوە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت