عیماد عەلی : دۆڕانی بەردەوام بێشەرمی بەدواوەیە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هاورێیەکم دوێنێ شەو لە خرپەی خەودا بووم و ، ئەو لەو کاتەدا بۆ پارشێودا هەستابوو ، لای ئەوی بێ ئاگا ؛ هەموو خەڵک بەخەبەرە ، تەلەفۆنێکی بۆ کردم ، وتی : هەر من و دەسەڵاتی کوردی بەردەوام نادۆرێین ، ئەوەتا ئەرجەنتینیش بۆ چوارەمین جارە دەدۆرێت و کەس ئەو گلەییەی ئێمەی لێ ناکات ، فڵان سەرکردە جارێک دۆرا کردیان بە هەرا و شاخیان لەسەر رواند ، کەچی سەرکردەی وا هەیە تا ئێستا لە ئەرجەنتین زیاتر لە دوا یاریدا دۆراوە ، هیچ کەسێک نیە وا بەزەقی بیدا بە دەموچوایدا و بڵێت ئیتر بەسە .
ئەم برادەرە بێزارکەرە بێشەرمە ، تامەزرۆی یاریی یەکە کەچی بەردەوام لێی دەدۆرێت و تا ماوەیەک بەهانەی بۆ دەهێنایەوە و بەرگری لە خۆی دەکرد ، بەڵام ئێستا دەڵێت زۆری دۆراندن بەتایبەتی لە کۆتایی هەر خولێکدا بێ شەرمی دێنێت لەگەڵ خۆیدا و دواتر بەرگری دروست دەکات و تەنانەت سوکە خەمێکیش ناهێنێت لەگەڵ خۆیدا . ئینجا وتی : ئەوەتا لەچل و شەش و شەست و یەک و شەست وشەش و حەفتاو چوار و نەوەت و یەک و نەوەت و شەش ، ئەمانە هەمووی دۆرانی دوا ساتەکانی یاریەکە بوون ، کەچی تا ئێستا تیپەکە بە هەمان سەرۆک و راهێنەر و یاریچیەوە بەردەوامە و لە دۆراندنیش بەردەوامن و هیچ نەگۆڕاون، تۆ چی دەڵێیت . منیش وتم :
جارێک تۆ لەو هەموو دۆراندنە یەک لە دوای یەکەی توشی بوویت، گەیشتویت بە رادەی بێ شەرمی و نەبونی خەجاڵەتی لە هەر کارێکدا دەیکەیت و ، تەنانەت لەم کاتەدا کە منت خەبەر کردۆتەوە، تۆ باش دەزانیت کە خۆت بۆ پارشێو هەستاویت خەڵکی تر ناچار نیە بخەوێت ، بێ شەرمانە باسی شتێک دەکەیت و درێژەی پێ دەدەیت کە لەم کاتەدا نەک قازانجی نیە ، بەڵکو زەرەر لە کەسی تر ئەدات ، ئەوەتا پارەکەی خۆتزۆر بڵێە خەرج دەکەیت و خەوەکەی منیشت زڕاند . لەگەڵ ئەوەی شەرم لای تۆ نەماوە ، ئەوەتا باسی خەڵکی سیاسی و شیکردنەوەم بۆ دەکەیت لەم کاتەدا ! دەڵێیت بێشەرمی باڵی بەسەر ئەخلاقیاندا کێشاوە . لەدرێژەی قسەکانیدا وتی؛ کاکە بە راستی ئەوەی ئەم وەزعە بخوێنێتەوە کە سەرکردایەتی گوێی پێنادات ، باش دەزانێت ئێمە بەدەستی بێشەرمەکانەوە دەناڵێنین و چارەسەریان پێ نیە ، دەبێت ئێمەش وەک ئەوان لە خۆمان بکەین و ، منیش خۆم رادێنم و حەسانەوە و پشودان و ژیانی بەرامبەر باوی نەماوە و نایخوێنمەوە ، وەک چۆن لای ئەوان بەرژەوەندی میلەت باوی نەماوە ، گرنگ خۆمم چی دەکەم و چۆنم بۆ باشە ، ئەوەتا ئەرجەنتین و کابرای لای خۆشمان شەرمیان شکاوە و ، دۆران هیچ نیە لای ئەوان و لەسەر ملهوری خۆیان بەردەوامن تاوەکو ملی گەلەکەش دەشکێنن ، منیش پەتای ئەوان لێی داوم .
وتم چارەسەر زۆرە ، وتی بەچی ، وتم یاریچیەکان دەگۆرین و راهێنەر و سەرۆکی تیپەکە دەخەینە زبڵدانی مێژووەوە ، وتی بەچی ، وتم بەوانەی تا ئێستا لە خرپەی خەودان و باوەریان بەخۆیان هەیە و بە عەقڵیەتی پێشکەوتنخوازانەی خۆیان دەژین و تا ئێستا شەرمیان ماوە و خەڵک بێزار ناکەن و ، دەتوانن خەڵکی بێزارکەر بتاڕێنن ، بە سەرۆک تیپ و یاریچیە بێ فەڕەکانی خۆشمانەوە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت