عیماد عەلی: دەتوانن هەولێر و دهۆک لە سلیمانی و کەرکوک دابرن .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پێداگری پارتی لەسەر فەرزکردنی ئەمری واقیع و ملنەدان بۆ چارەسەرەکان، بێ ئەوەی بە هیچ شێوەیەک چاوی لە دووری و ئایندەی کوردستان بێت و، هاوکێشەکان لە سۆنگەی گەلی کوردەوە بخوێنێتەوە، بەپێی دەزگا شیکاریە سیاسیەکان و خەڵکانی بیرمەندی سیاسی و خاوەن پێگەی تایبەتی و دامودەزگای پسپۆر و کاریگەر لەسەر وەزعی سیاسی ناوچەکە، واپێشبینی دەکەن کە پارتی هەنگاوەکانی بۆ قوڵبونەوە لە نێو هاوکێشە ناوچەییەکە بتەوتر دەکات و لە نێوخۆدا درێژە بە کات کوشتن دەدات، بەتایبەتی بە دواخستنی چارەسەرە بەردەستەکان بۆ وەزعە نالەبارەکەی نێوخۆ و قەیرانە هەمەچەشنەکان و موعانات و ناڵاندنەکانی میلەت . ئەوەتا قەیرانی وەزعی ئابووری گەیشتۆتە بیناقاقای خەڵک و کێشەو گیروگرفت هەمەجۆر بەرۆکی خەڵکی گرتووە . سەرەرای ئەوەی ئەگەری چارەسەر لە ئارادایە، بەڵام پارتی بە پشت بەستن بە هاوپەیمانێتیە دەرەکیەکانی تەماشای ئەم بابەتە لەو روانگەی بەرژەوەندیە تەکەکانی خۆی و ئەو لایەنانە دەکات و خۆی لەقەرەی چارەسەرە نێوخۆییەکە نادات و تا دێت دوور دەکەوێتەوە .
بەو پێیەی پلانە نهێنیەکانی میحوەری پارتی و تورکیا و سعودیە و تا رادەیەکیش خودپارێزی ئەمریکا هەڵوێست وەرگرتن لە جموجوڵەکانیان، پارتی لەکەینوبەینی دروستکردنی هەرێمی نوێیە لەگەڵ سونەکان و تورکیا و سعودیە و، لە هەوڵی هەڵوەشانەوەی پاریزگای نەینەوا و دابەشکردنی بۆ سێ پارێزگا و دروستکردنی هەرێمێک لەو سێ پارێزگایەدایە، کە پابەند بێت بە مانەوەی زاڵێتی تورکیا و بەردەوامی و بەهێزکردنیشی لەسەرجەم رووەکانی سیاسی و ئابووریەوە لەسەر ئەرزی واقیعەکە و، ئەگەر بەمانەوەی بە شێوەیەک پەیوەست بێت بە یەغدا لەرووی یاسایی و سیاسیەوە . ئەمەش وای لە بیرکردنەوەی پارتی کردووە کە قەیەرانە نێوخۆییە قوڵەکە بەو چاوەوە سەیر بکات و لە نەشعەی وەعد و پەیمانی تورکیا بە چەسپاندنی وەزعێکی نوێ لە ناوچەکە، پاش رزگارکردینی موسڵ، بەو مەرجەی پارتی لایەنی یەکەمی کوردستانیی زاڵ بێت و، ببێتە هێزی یەکەم لە هەرێمەکەی خۆی ئەگەر بە دابەشکراویش بێت و قورساییەکەی بگاتە حاڵەتێک کە لایەنەکانی کرودستانی باشوری دابەشکراو و رۆژئاواو و رۆژهەڵاتیش، لەناوچەکەدا بخرێنە ژێر رکێفیەوە و، بەو شێوەیە لە لایەنەکانی کوردی باشوور، لە سەر ئاستی گرنگی و قورسایی بەرزتر بکرێتەوە . وای لێهاتووە پارتی ئەم قۆناغە بە تێپەر بزانێت و پلانە هاوبەشەکانی خۆی و تورکیا و میحوەری سونە بە گشتی بە قوتارکەر لەقەڵەم بدات و، ئەوەش خستویەتیە حاڵەتێکی نەشئە وخۆشیەکەوە خەریکە گەشکە دەکات و، لەمامەڵە کردنی لەگەڵ ماجەرای ئێستای کوردستان، تەنها رەفتاری بە پێی مەبەستی کات بەسەر بردنە و بەس . ئەمەش وادەزانێت تاوەکو پاش رزگارکردنی موسل و پێکهێنانی هەرێمی نوێ و خۆهەڵکێشانیەتی بە بەرزبونەوەی پێگەی خۆی بۆ هێزێکی بریار بەدەستی ناوچەیی هاوشانی هەندێک وڵات لە جیاتی ئەوەی وەک هێزیکێ هەرێمێکی بچوکی وەک کوردستانی بچوک بێت، کەچی لەولاشەوە بەم رەفتارەی خەریکە سەری لە هەمبانەکەی هەرێمی کوردستان بە ئیفلاسەوە دەربچێت .
لەملای ترەوە، ئەوەتا ئێران و ناوەندی عیراق، پەیوەست بە تەرەفی زۆر نزیکی خۆی کە لە مالکی و حزبی دەعوە بە شێوەیەکی سەرەکی و، یەکێتی و گۆران و حزبە ئیسلامیەکان لە هەرێمی کوردستاندا دەبینێتەوە، لە هەوڵێکی بەرامبەر هاوپەیمانێتەکەی تردان، کە ئەگەر پاش رزگار کردنی موسڵ لەقازنجی ئەواندا نەیەتەوە، ئەو کاتە کاری وا بکەن هەردو پارێزگای سلێمانی و کەرکوک و گەرمیان و هەڵەبجە لەسەر ئەمری واقیع هەرێمێکی پابەند بە بۆچونی پێچەوانەی ئەوانیتر کار بکەن و ئاراستەی فشارەکانیان لەوبارەوە بێت، تەنانەت ئەو هەنگاوانەیان تاوەکو ئەو شوێنەش بر بکات ئەگەری دابرانی ئەم پارێزگایانە لە هەوڵێر و دهۆکیش بێنێتە ئاراوە .
بۆیە، لەدەرئەنجامی ئەم دوو ئامانج و پیلانە ناوچەییە و، پابەندبونی لایەنە عیراقیەکان و کوردستان بە شێوەیەکی جیاواز بەو کارە، وا لە هاوکێشەکان دەکات تەنها دوو ئەگەری راستەوخۆ لە ئارادابن، کە هەردوکیان لە قازانجی کورد بە تایبەتی و عیراق بە گشتی نیە . واتە نەهێشتنی یەکپارچەیی عیراق و هەرێمی کوردستان و دابەشبونی راستەخۆی هەرێمەکان بە ئامانجە ناوچەییەکەوە، کوردستان لە ئامانجە میلیە سیاسیە گشتیەکانی خۆی دوور دەخاتەوە، یان راستر بڵین، بنبری دەکات و، عیراقیش تا ماوەیەکی دوورو درێژ وابەستەی دەوڵەتانی ناوچەکە دەکات، یان هەموو ریسەکە دەبن بە خوری و حکومەتێکی ناوەندی تێڵا بەدەستی کاتی دروست دەبێت و لەوێشدا تەنها کورد زەرەر دەکات و، لەم حاڵەتە ناسازەی ئێستاش پاشەکشەتر دەکات .
بۆ هەرێمی کوردستان، سەرەتای ئەو دابرانەش، لە لایەنی ئابوریەوە دەست پێ دەکەن و واقعی نالەباری ئێستای خەڵکی کوردستان ئیستغلال دەکەن، کە بە هەر شێوەیەک بێت بە گۆرانکاریە زەرەربەخشە دوورمەوداکانیش رازی دەبن . ئا لەم کاتەدا کە میلەت تەنها بیری لای مەعاش و بژێوی ژیانی تایبەتی خۆیەتی، دەتوانن بە ئاسانی دوژمنانەترین ئەجێندای دژ بە کورد جێبەجێ بکەن . بەم شێوەیە نەک هەرێََََمی کوردستان سەرەبەخۆیی بەدەست ناهێنێت، بەڵکو ئەگەری دابەشبونی زیاتر خۆی فەرز دەکات و، دەبین بە پێنج بەش ئەگەر زیاتر نەبێت و، بەسەرهاتەکانی مێژوو دوبارە دەکەینەوە، لەجێی ئەوەی هەنگاوەکانی یەکگرتویی نێوخۆیی کوردستان سەربخەین و هاوکاری و هاوبەشی سەرجەم لایەنەکان بگەیەنینە دوا ئەنجام .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت