عیماد عەلی : دەشێت یاساناسێک پێچەوانەی یاسا قسە بکات ؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

زۆر بە داخەوە لە دوکتۆرێکی پسپۆری یاسای نێودەوڵەتیەوە راو بۆچونێکم بیست کەدوورە لە عورفی قسەکردنی یاساناسان و ، ئەوەی پێویستە بۆ راستگۆیی و ئاگادار کردنەوەی خەڵک بە شێوەیەکی تایبەت کاری خۆی رایی بکات ، کە هەر پسپۆرێکی تایبەت بە هەر رشتەیەک بێت ، وەک خۆی شرۆڤەی هەر بابەتێک بکات کە تایبەتمەندە لێی ، نەک سیاسەت لە سەروی هەموو پسپۆریەکەی و هەر شتێکەوە دابنێت ، نەخاسمە لە بواری یاسا و ، بەتایبەتی چونێتی تێپەراندنی یاساکان .
لەهەموو دونیادا نەبووە و نیە کە یاسا ئەگەر ئاسایی بێت یان خاوەن رەهەندی هەمەجۆر و بە تایبەتی نیشتمانی و نەتەوەیی ، لە جێگاو رێگای یاسایی تایبەتی خۆی دەربکرێت و ، بە هیچ شێوەیەک و بۆ هیچ کەسێک و لایەنێک نیە خۆی لە سەروی ئەو رێگا یاساییانە دابنێت و ، بۆ مەرامێکی سیاسی یان لە پێناو بەرژەوەندیەکی حزبی یان شەخسی ، یان بە پێی بەرژەوەندیە هەمەجۆرەکان ، رێوشوێنە یاساییەکان بگۆرێت ، بە تایبەتی بە نیازی ئامانجێک ، بیەوێت گۆرانکاری لە ئالیەتی جێگیرکراو و باورەپێکراوی یاسایی دەرچواندنی یاساکە بکات .
هەر یاسایەک ئەگەر لە پەرلەمان وەک جێگەی تایبەتی تێپەراندنی یاسا خۆی ، بە خودی یاسا و بە عورفیش لە هەموو دونیا رێکدەخرێت و ، هیچ شوێنێکی دی جێگەی پەرلەمان ناگرێتەوە بۆ بە یاساییکردنی هەر پرۆژەیەک ، بەڵام کە تۆ لەبەر هەر پاسا و و هۆکارێک ئەم دەسەڵاتە لە پەرلەمان بسێنیتەوە و ئەگەر بە بیانوی راوبۆچونی خەڵکی دەسترۆیشتوش بێت ، هیچ رێز و سەروەری و تایبەتمەندیەک بۆ یاسا و پەرلەمان و سیستمی سیاسیش ناهێڵیتەوە .
یاسایەک سروشتی دەستوری هەبێت و هەمە رەهەندی لە خۆ هەڵگرتبێت ، دەکرێت لە شوێنی سروشتی خۆی و بە یاسایی تێپەراندنی لابدەیت و گفتوگۆ و مشتومری لەبارەوە بۆ شوێنی تر بگوازیتەوە ؟
ئەگەر بە نارەسمیش ئەو کارە کرا دەکرێت بەسەر پەرلەماندا فەرزی کەیت ؟ ئا لەو کاتەدا وەزیفەی پەرلەمان چی لێ دەمێنێتەوە ؟ ئەمە کرۆکی پێششێلکاری خودی یاسا نیە کە دەبێت لە سەروی هەموانەوە بێت ؟ لەو کاتەدا پەرلەمان بە سەرچاوەی سەرەکی یاسادانان دەمێنێتەوە ؟ یان حزبەکان لە هەمان کاتدا نابنە پەرلەمان و ئەنجومەنی جێبەجێ کردن ؟ ئەگەر کەس و حزبەکان خۆیان لەسەروو پەرلەمان دەزانن و بە خۆیان ناچنە پەرلەمان، بۆچی باسی سەروەری یاسا دەکەن و خەڵک چەواشە دەکەن ؟
بۆیە راو بۆچونی پسپۆری تایبەتمەند بە تایبەتی یاساناسان لە سەر پسپۆریەکەی خۆیان لەسەر سیاسەت و بەرژەوەندی وەستابێت ، کۆی گشتی پێگە و عەقڵیەتی یاساناسانی کوردستان ناخاتە ژێر پرسیارەوە ، لەبەر ئەوەی بەم هەڵوێست و بۆچون و شرۆڤە بەرژەوەندخوازانە ، یاساناس بە خۆی پێشێلکاری زەقی یاسا دەکات و شەرعیەتی سەروەری یاساش دەخاتە ژێر هەزار و یەک پرسیارەوە ؟
لەم بارەوە یاساناسێکی کوردستان نەک خەڵکێکی تر ، گفتوگۆی حزبەکان بە شوێنی یاسایی یەکلاییکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم بزانێت ، تەنها لەبەر ئەوەی کە ئەم یاسایە سروشتی دەستوری هەیە !! ئەم پسپۆرە چی ناودەنێیت ؟ یاساناس یان سیاسەتمەدار ؟ چەواشەکار یان راستگۆ ؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت