عیماد عەلی: ریکخەرانی گۆڕان رۆژو دەگرن و هەڵسوراوانی بە خراپ پێیان دەشکێنن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بزوتنەوەی گۆران بۆ ماوەیەکی تارادەیەک دوورودرێژە کارەکانی بە جوانی بەرێوەدەبات، چ وەک کاروباری سیاسی، وەک رێکخراوێکی حزبی بێت یان بەبۆچون و کردەوەی نەتەوەیی و نیشتیمانیانەی هاوشانی خەڵک و لە پێناو ئامانج و بەرژەوەندیەکانی کۆمەڵگە بەگشتی، هەرچەند زۆر جار لە پێناو وردە بەرژەوەندیەکی حزبیانەی تەسک، جۆرە رەفتارێکی پۆپۆلیستیشی تێدەکەوێت.
بێگومان ئەرکێکی قورس کەوتۆتە سەرشانی بزوتنەوەکە و عەقڵێکی ورد و زانستیانەی دەوێت لە بەرامبەر ئەو هەموو تەگەرە و بەربەست و پیلانی ئەوحزبانەی کە بەرژەوەندیان لەمەر هەڵوێستی دروستی ئەمان دەکەوێتە خەتەرەوە، ئەمەش واپێویست دەکات بە وردیەوە لە راستەرێگەی دروستەوە کونوقوشبنی ماجەرای سیاسی بەرامبەرکانیان بدۆزنەوە کە لە دەرئەنجامی ململامنێی نێوخۆی کوردستان پێویستس یە عەقڵێکی گەورە هەیە و، لەسەر رێکخەرانی بزوتنەوەکەیە کە بە جوانی هەر ئەگەرێکی نەخوازراو بکۆڵنەوە و بە کەمترین رادەی دۆران بتوانن خۆیان دەرپەرێنێنن و لێیدەربچن و، لە پێشەوەی ئەرکەکان هەر هیچ نەبێت پێویستەوا بکەن بزوتنەوەکە نەکەوێتە زەلکاوی هەڵەی خۆیەوە. ئەوەی شایانی وتنە، بزوتنەوەی گۆران تاوەکو رۆژگاری ئەمرۆ بە شێوەیەکی گشتی، بە جوانی هێناویەتی و لە زۆر لاوە ئامانجە گشتیەکانی پێکاوە و بە گوێرەی قۆناغەکە ئەرکە قورسەکانی جێبەجی َ کردووە و نەکوتۆتە هەڵەی زۆر زەق وگەورەوە، ئەگەر بەشداریکردنی لە حکومەتەکەی پارتی لە کاتی نابەجێ و نادروستدا لێی دەرکەیت، ئەوە هەندیچک وردە هەڵەی تر بەو جۆرە نەبووە بە قورسی لەسەری بکەوێت و لێی دەرنەچێت، ئەمەش بە بەرواورد لەگەڵ هەڵەو کەموکورتی زلحزبەکانی تر هەر هیچ نیە . جا ئەمە بۆ سەرکردایەتی و رێکخەرانی باڵای ئەو بزوتنەوەیە بە شانازی و جوانی لەقەڵەم دەدرێت و جێگەی دەستخۆشیە.
بەڵام ئەوەی جێگەی تێرامانە بە دەر لە حزبەکانی ترو رەفتاری سەرکردەی زلهێزەکانی تر و بە پێچەوانەوەی ئەوانەوە، ئەگەر سەرکردایەتی ئەوحزبانە هەمیشەیان بە خۆیان هەڵە دەکەن یان هۆکاری هەڵەکانن، کەچی لە بەرامبەردا کادرانیان بۆیان دایدەپۆشن و هیچ سەلبیاتیەکیان ناکەوێتە ئەستۆ، بەڵام ئەمە بۆ چەندین جارە هەڵسوراوانی گۆران کە هیچ سانسۆرێکی حزبیان لەسەر نیە گەلێک هەڵە دەکەن و خاڵی لاواز دەدەن بەدەستەوە و رێکخەران و سەرکردایەتی بزوتنەوەکە ئیحراج دەبن و باجی دەدەن، وەک ئەوەی بەهەموو شێوەیەک و بە جۆرەها دەربرین لێدوانی پەرشوبڵاو دەدەن و نەیارانی بزوتنەوەکە ئیستغلالی دەکەن و بە قورس لەسەر رەوتی سیاسی بزوتنەوەکە دەکەوێتەوە، وەک ناوبردنی پێشمەرگە بە میلیشیا و قسە لەسەر خێزانی شەهید و پێشمەرگە و چەندین لێدوانی نابەجێ لە لایەن هەڵسوراو و ئەندامانی پەرلەمان و بەرپرسانی سەر بزوتنەوەی گۆران لە دامودەزگاکانی حکومەت، کە نەیارانی گۆران وەک ئەوەی هەنگوینیان لەداردا دۆزیبێتەوە ئەو هەلەیان قۆستەوە و حەشریان بە خودی بزوتنەوەکە کردووە . ئەگەر ئەو کەش و فەزایە دیموکراسی و فروانەی دوور لە دیسپلینی حزبی لە نێو بزوتنەوەی گۆران لە رووی ئازادی و دیموکراسی نێوخۆیی خاڵیکی ئیجابی بێت بۆ رەوتی سیاسی و مێژووی بزوتنەوەکە، بەڵام لە رووی ململانێی حزبی و رکابەری و کێبرکێ لە بارودۆخێکی وەک ئەمەی کرودستاندا، بە کۆی گشتی بە سەلبیات بۆ کاروباری بزوتنەوەکە شکاوەتەوە و، تا رادەیک دەتوانین بڵێین گەیشتۆتە ئاستی فەوزا و بێدەربەستی و نا رێکخراوەیی لە کاروباری حزبیدا . ئەمەش خۆی لە خۆیدا زیان لەکۆی گشتی رەوتی سیاسی بزوتنەوەکە و لەوێشەوە لە کوردستان دەدات . پێویستە سەرانی بزوتنەوەکە بیرێکی جدی لێبکەنەوە، بۆ ئەوەی هەر هیچ نەبێت کە بەجوانی لە هەڵگرتنی قورساییەکی زۆر و نالەباری سیاسی دەربچن، کە بۆماوەیەکی زۆرە رۆژوو لە رۆژەسەختە سیاسیەکاندا دەگرن بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانیان، هەر هیچ نەبێت نەهێڵن هەڵسوراوانی خۆیان بە خراپ بیشکێنن و بزوتنەوەکەیان توشی باری نالەباری سیاسی بکەن، بۆ ئەوەی بەسەر خۆیاندا نەشکێتەوە و هاوسەنگی سیاسی لەکوردستان لاسەنگ نەبێت و حزبەکانی تر ئەم هەلە نەقۆزنەوە و لەوە زیاتر پاشەکشەیان پێ نەکەن، لەو روانگەیەی کە تائێستا تاکە زلهێزێکی ئۆپۆزسیۆنی کوردستانن، بۆیە پێویستە:
1- هەوڵی دیسپلینێکی ئەوتۆ بدەن کە نەزەرەر بە ئازادی ودیموکراسیەتی نێوخۆی بزوتنەوەکە بدات و نەش پەرشوبڵاوی وا دروستت بکات وکە کاروباری بزوتنەوەکە لە گرێژنە دەربچێت .
2- بنەمای سزا و خەڵات بۆ کادر و هەڵسوراوانیان بەکاربێنن و چوارچێَوەی هەمەچەشن بۆ لێدوانی هەڵسوراوانیان دابنێنن و، لەوبارەوە کۆمەڵێک کەس جڵەوبکەن و وتەبێژی رەسمی مخەوەل بێت رۆژانە لەسەر سەرجەم بابەتەکان لێدوانی بەردەوامی هەبێت و نەهێڵێت بۆشایی دروست بێت و رای رەسمی بزوتنەوەکە دەربخات .
3- دەستەیەکی راگەیاندنی رەسمیان هەبێت بۆ گفتوگۆ و رادەربرینی رەسمی بۆ هەر بابەت و مەسەلەیەک و، بە پێیی پسپۆری هەر یەکە و لە بابەبتی تایبەت بە ئەرکی خۆی قسە بکات، نەک تەنها یەک کەس لێدوان لەسەر سەرجەم بابەتەکان بدات.
ئەم وتانەم لەو روانگەیەوە دێت کە بوون و سەقامگیری گۆران لەم کاتەدا وەک ئۆپۆزسیۆنێکی کارا بە زەرورەتێکی مێژووی بۆ پرسەکەی گەلی کوردتان دەزانم .
بۆیە،بەو شێوەیە دەتوانی بڵێی بزوتنەوەی گۆران لە گەورەترین خاڵی لاوازی خۆی کە بەدەستی خۆی دروستی کردووە دەردەچێت و لەو پەرشوبڵاویە سیاسی و راگەیاندنەی رزگاری دەبێت . لە لایەکی ترەوە پێویستە ئەوە بڵێم سەرەرای ئەو هەموو هاتوهاوارەی ئەمرۆی راگەیاندنی بزوتنەوەی گۆران بەڵام دەتوانرێت بە هێمنی و دوور لە شڵەژانی لەم جۆرە کاری جوانتر و کاریگەری زۆرتر لەسەر رەوتی سیاسی کوردستان هەبێت و راوبۆچونی بزوتنەوەکەش بۆ خەڵک دەربرێت و وەک ئەمرۆ خاڵی لاوازیش نەدات بەدەستەوە، کە سسەلبیاتەکانی بە زۆری بۆ بزوتنەوەکە خۆی بگەرێتەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت