عیماد عەلی: رەوای حەقە هەژارێکی ئەم شارە بۆ کەمێک نەوتی عەبادی، دەستی ئاوارەیەک ماچ بکات؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەر ئەوەندە تەماشایەکی ئاوارە عەرەبەکەی کرد، کە ریزی بۆ وەرگرتنی نەوتەکەی عەبادی گرتبوو، بە چاوێکی گریاناوی و بە دڵێکی پر لە خەم و تەنگەنەفەسیەوە، گوتی کاکە ئەمە نەوتەکەی عەبادیە بۆ ئەمانە هاتووە؟ وتم بەڵێ . کەوتە دەربرینی حاڵی دڵی خۆی و وتی: دەشێت منێک ئەمە حاڵم بێت و لیترێک نەوتم لەماڵە پێنج کەسیەکەمدا نەبێت و ئەم وەزعە وا ببینم و…… دای لە پڵمەی گریان و قسەکانی پێ تەواو نەکرا و بۆ ماوەیەک بە بێ دەنگی وەستا و لە جێی خۆی بێ جوڵە و نوتق بە تێرامانەوە تەماشای پرۆسەی دابەشکردنی نەوتەکەی عەبادی بەسەر ئاوارەکاندا کرد، کە لە ناو شارێکی گەورەی ئەم کوردستانەی ژَێر زەوی پر لە نەوت و کانزایەدا ئەمە حاڵی بێت. ئەوەی بینیم هەر ئەوەندە مابوو بچم بەناخی زەویدا و ئاواتەخوازبووم کە پێش مردنم ئەو دیمەنەم لە ژیانمدا نەبینیبا. ئینجا وتی: کوری خۆم دەشێت ئەمانە حکومەتەکەیان لەبەغداوە نەوتیان بۆ بنێریت و حەقی خۆیانە و ئەو دڵسۆزیەی دەسەڵاتدارانیان پیرۆزیان بێت، بەڵام دەکرێت منێک لەسەر زەوی و ماڵی خۆم بەبژی و مەمرە بژیم و خاوەن قوربانی و بێ وڵات و بێ حکومەتی دڵسۆز بم، چی بکەم، بۆ وەزعمان بەیەکلادا ناخەن و خەریکی ملشکاندنی یەکترن.
ئینجا وتی: ئەم سەرمایە رەحم بەکەس ناکات و چاوەرێی من ناکات کە کەی هەمبێت برێک نەوت بکرم . وتی بەسەری تۆ لە سەرمادا بمرم دەمم بۆ دەستی ئەمانە نابەم، هەرچەند دراوسێیەکی عەرەبمان هەیە زۆر جار دەڵێت ئەگەر نەوتت پێویستە بەشت دەدەم .
وتم: مامە کَیان حەق وایە ئەم بەناو دەسەڵات و حکومەتەی ئەم حاڵەتەی دروستکردووە لەدەرئەنجامی نەزانین و بە هۆکاری دزی و گەندەڵی و ململانێی حزبی و شەخسی و بەدەنگی بەرز شکستهێنانی خۆی رابگەیەنەێت و، لەم کاتەدا نەک وازی لەم دەسەڵاتداریە بهێنابایە، بەڵکو دەبوو سەرە زەبەلاحەکانی دەسەڵاتەکەمان بەم وەزعەی تۆ خۆیان لەناوبردبایە و ئەم میلەتەیان نەگەیاندبایە ئا ئەم وەزعە . ئالەم دیمەنەوە وەزعی حکومەت و چۆنێتی بەرێوەچونی کاروباری دەسەڵات شیبکەنەوە و هەڵسەنگاندن بۆ هەست و شعور و میلەتدۆستیی بەرپرسەکانی ئەم گەلە خێر لەخۆنەدیوە بکەن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت