عیماد عەلی: پارتی دەیەوێت تەنها قاچی یەکێتی بە خۆیەوە ببەستێتەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەوەی لەم کاتەدا لە نیاز و مرازی پارتی تێبگات کە دەیەوێت چی بکات، باش دەزانێت کە بە ناحەق، لەو چەند ساڵەی پێشودا چیی بۆ کراوە بێ ئەوەی شایانی بێت. لەدەرئەنجامی ئەو مامەڵە هەڵانە بوو کە بووە تاکە هێزی یەکەمی بێ رکابەر و بە دەنگ و جەماوەرێتیەکی کەمەوە قۆرخی سەرجەم جومگەکانی دەسەڵاتی کردووە و توانیویەتی خەڵکی تر بکاتە پاشکۆ. تەنها هاوپەیمانێتی فشەڵ و لەپێناو خودی خۆی کۆمەڵێک ئامانجی حزبی پێکاوە و لەو پێناوەشدا پۆستەکانی بەغدا و پۆستە لاوەکیەکانی کوردستانی وەک منەتێک بە ناوی شایستەی دەنگ و جەماوەری و پێگەی بەرپرسیارێتی بۆ هاوپەیمانەکانی وەک یەکێتی و گۆران دیاری کردون و وەک خێر و سەدەقە بەو پلە لاوەکی و ئاسایی و ناهەستیارانەوە مامەڵەی لەگەڵ کردوون و، بەو شێوەیەش دەسەڵاتی بە موڵکی خۆی زانیوە و ئەوانیتر بە شێخی بەرماڵ.
تاوەکو فیفتی بە فیفتی بوو کۆی گشتی داهاتەکان، کە گرنگترین شت بوو بۆ هەردوولا بە دوور لە شەفافیەت، رێژە زۆرەکەی لای پارتی مایەوە و یەکێتیش ناچار بوو پاش شەری نێوخۆ بە پێی بەرکەوتەی جوگرافی بە بەشی خۆی رازی بێت و، تەنانەت هۆکاری سەرەکی شەری نێوخۆ لەسەر داهاتی دەرچەی گومرگی برایم خەلیل بوو، کەچی یەکێتی لەوبارەوە پاشتر نوتقی لێوە نەهات و، دواتر وەزعی پاش روخانی سەدامی هاتەسەر و پلەو پۆستەکان برا بەشکران، بەڵام بەردەوام پارتی گرەوی لەسەر مانەوەی پۆستە سەرەکیەکانی کوردستان لە ژێر دەستی خۆی دەکردەوە و پۆستەکانی بەغدا ی بە کاتیی دادەنا، بۆیە لەوێشدا ئەگەر سەرۆکی کۆماری بۆ یەکێتی بەجێهێشتبێت تەنها بۆ دوور خستنەوەی سەرکردە باڵاکانی یەکێتی بووە بۆ بەغدا و فەرزکردنی تاکرەوی خۆی بووە لە کوردستاندا.
پاش دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆران و خۆفەرزکردن و جەماوەرییبونی، سەرجەم هاوکێشەکان گۆران و، لەم بەینەدا پارتی بە هەلی زانی کە یاری لەو نێوەندەدا بکات و بەو عەقڵەی کە هەر جارەو هاوپەیمانی لەگەڵ لایەکیاندا بکات و، ئەویتر بخاتە باری ئۆپۆزسیۆنبونەوە یان ناچاری بکات بەهەموو شتێک رازی بێت و تاماوە وا بەرێی بکات. بەڵام ئەوەی بزوتنەوەی گۆران بە پێکهاتەی جیاواز و عەقڵیەت و مامەڵە و ئامانجی تازەوە لەسەری رۆیشت لەگەڵ ئامانج و بۆچون و بیرکردنەوە و خەیاڵی پارتیدا نەهاتەوە، بۆیە پارتی چاوەروانی ئەوەی نەکرد کەبە شێویەکی یاسایی لەو تەگەرەی بەردەم ئامانجە ستراتیجیەی خۆی دەرباز بکات و لە پاشگەزبونەوەکەی لە هاوپەیمانی لەگەڵ گۆراندا بەسەلامەتی دەربچێت و، وەک خۆی لە پلانە درێژخایەنەکەی زەرەر نەکات و مانەوەی سەرجەم جومگە گرنگ و هەستیار و باڵاکانی هەرێمی بەدەستەوە بمێنێتەوە و، کە زانی بە هیچ شێوەیەکیش ناتوانێت لە رێگەی بەشداری کردن لە دەسەڵات و دوور لە هاوبەشیی راستەقینە و بە بەشداری کرچ و کاڵ و لاوەکی و فەرزکردنی وابەستەیی بەخۆیەوە، گۆران دەستەمۆ بکات، بۆیە ئەو هەنگاوە نا یاساییانەی هاویشت. کەچی پێشتر یەکێتی لەبەر کۆمەڵێک بارودۆخی بابەتی و خودی و لەو هۆکارانەش جیابونەوە و دامەزراندن و سیاسەتی نامەقوڵی گۆران بەرامبەر یەکێتی لە یەکەم ساتەکانی دامەزراندنیەوە، یەکێتی بەو واقعە رازیبوو، تەنانەت تاوەکو ئاستی دەستەمۆیی و تەنازول کردنیش بۆ پارتی رۆیشت.
ئەمرۆ و لەم وەزعە گۆراوەدا پارتی دەیەوێت بەهەمان یاریچی و پلانەوە بێتەوە مەیدان و یاریە کۆنەکەی خۆی بکات و تەنها مەبەستی گەرانەوەی یەکێتیە بۆ وەزعەکەی پێش سەرهەڵدان و لەکاتی ئۆپۆزسیۆن بونی گۆراندا، دەیەوێت بەم تەکتیک و مانۆرانەی لەگەڵ یەکێتیدا دەیکات، بە توعم و چێژی پۆست و پارە و هەندێک جێگۆرکێ لە رێکەوتنەکەی لەگەڵ گۆراندا بیکاتەوە و، تەنها لە پێناو شکستپێهێنانی ئەوەدا، ئەم قۆناغە بەرێتە سەر و دواتر بەهەمان ریتمی پێشتر مامەڵە لەگەڵ یەکێتیدا بکات و، بە ئیستغلال کردنی هەندێک خاڵی لاوازی یەکێتی لە بەکارهێنانی ناکۆکی کۆن و نوێی نێوخۆی یەکێتی و چەند هێڵێکی یەکێتیش لەگەڵ گۆراندا هەمان سیناریۆی پێشتر بەکار بهێنێت و، خەڵک لە دیموکراسی و مافی راستەقینەی لایەنەکان و شایستەیی هەڵبژاردن و رێژەی دەنگدان بێبەری بکات و، تا بێت خۆی بەسەر کوردستاندا زاڵ بکات و چەند بۆی بکرێت خۆی لە شکستی حوکمرانی قوتار بکات و لە هەڵبژاردنی نوێدا بە هەر چۆنێک بێت لەم دەنگانە زیاتری دەستکەوێت و بەردەوامی بە حوکمی دەسەڵاتی تاک حزبی و شەخسی بدات و بە هەمان مامەڵەی پێشو لەگەڵ لایەنەکان، یاری سیاسی خۆی درێژە پێ بدات.

بەڵام ئەوەی پارتی بەو عەقڵیەتە کلاسیکیە زۆر کۆنەی خۆیەوە حسابی بۆ نەکردووە:
1- یەکێتی ئێستا هەمان یەکێتی جاران نیە و حساب بۆ رای گشتی و گەنجە تازە پێگەیشتوەکانی دەکات و بریاری یەکلایی بە دەستی تاکە کەس نیە و رای زۆرینە بە هەر شێوەیەک بێت رۆڵی خۆی هەیە نەک کەس و لایەنی دەسترۆیشتو یان تەکتەولباز.
2- ئەوەی یەکێتی لە رەفتارەکانیەوە لەم ماوەیەدا دیارە کە زۆر بە باشی پەندی لە سەلبیاتەکانی 30 ی حوزەیران وەرگرتووە و حساب بۆ جەماوەری بونی خۆی دەکات و کەس لەوباوەرەدا نیە کە دووبارە هیچ سیاسەت و هاوپەیمانیەک لەسەر حساب و زیانی خۆی بکات.
3- ئێستا گۆران بەهەر شێوەیەک بێت لە پایەیەکی باشدا لە ساحەکەدا و عەقڵیەت و سیاسەتی ئەم دوو لایەنە وەک پێشتر نیە کە لە کێبرکێی هەردوو لایەن، واتە یەکێتی وگۆران حساب بۆ جەماوەری هاوبەشی یەکتر نەکەن، کە تا رادەیەک خەڵکە راراکانی نێوانیان هەڵبژاردنی زۆرینە یەکلا دەکەنەوە.
4- گۆران لەو هەڵەیەی کە لەدەرئەنجامی بەشداریکردنی لە حکومەت بە هاوپەیمانی کردن لەگەڵ پارتیدا کردی پەندی وەرگرتووە و، لەو دەردان و لێکەوتەی لەپاش بەباشی و راستی نەخوێندنەوەی ئامانج و رەفتار و بۆچون و مەبەستی پارتی کە چیی بەسەریدا هێنا، وا ئێستا پەندی لێوەرگرتووە و بەهەردوولا زۆرینەی یەکێتی و گۆران بە یاریە زۆر ئاشکرا و دیارەکانی پارتی هەڵناخەڵەتێن و تەنانەت قاعیدەی خۆیان رێگە نادەن هیچ لەم دوولا یەنە هەنگاوێک بهاوێژن کە لەزەرەی خۆیان بێت و بە تەنها لە قازانجی پارتی بێت و ، وا دەردەکەوێت ئەمجارە سەرکردایەتی هەردوولا لەمبارەوە بە هۆشیاریەوە هەنگاو بنێت.
5- هەرچەند یەکێتی لە گفتوگۆدایە لەگەڵ پارتی بەڵام بە باشی ئەوەی خۆێندۆتەوە کە مەبەستی سەرەکی پارتی دوورخستنەوەیەتی لە گۆران و ئەمەش دووبارە زاڵبون و حساب بۆ نەکردنی لایەنەکان بە یەکێتیشەوە لە لایەن پارتیەوە دێنێتە ئاراوە.
بۆیە، لەو باوەرەدام کە ئەم دۆخە زۆر درێژە بکێشێت و پارتی بەم مشک و پشیلە و مانۆرانە بتوانێت کاتەکە بکوژێت و هەروا بەم شێوەیە یاری بە دوا رۆژ و موقەدەراتی میلەتەکەوە بکات و لە پێناو کۆمەڵێک بەرژەوەندی تەسکدا پرسی گەلی کوردستان بە دەردی گەورەتر بەرێت . هەر بۆیە، پێویستە یەکێتی و کۆران، دوور لە هەموو ناکۆکی و شتێکی بچوکی ئێرە و ئەوێی نێوانیانەوە تەماشای وەزعەکە بکەن و بە جوانی و بە باشی و بە عەقڵ فراوانیەوە نیاز و مرازی پارتی بخوێننەوە و نەهێڵن لە مەرام و بەرژەوەندیە حزبی و شەخسیە تەسکەکانی سەرکەوێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت