عیماد عەلی : کام هەڵوێست لە خزمەت کورد دەشکێتەوە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەبارەی داهاتوی عێراق ، چەندین بۆچون لەئارادایە . بەخوێندنەوەی وردی کاریگەری پێشهاتەکانی عێراق لەسەر رۆڵی ناوچەیی ئێران ، لە عیراقەوە بۆ سوریا و ئینجا لوبنان ، هەروەها لەسەر ململانێی توندرەو و میانرەوەکانی نێوخۆی خودی ئێران و ، دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا و پرسی گفتوگۆی ئەتۆمی ئێران زۆر شتمان بۆ روون دەبێتەوە .
یەکێک لە بۆچونەکان دەڵێت : توندرەوەکانی ئێران بە توندی دەست بە مالکیەوە دەگرن و شەری داعش دەکەن وەک بەشار بە بەرزکی بانانەوە لەم زەلکاوە دەریدەکەن ، لەم بارەوە پێدەچێت هانا بۆ (حزب الله) ی لوبنانیش بەرن ، ئەگەر بارودۆخی لوبنان رێگە بدات . بەوشێوەیەش ناهێڵن میانرەوەکان هیچ تەنازولێک بۆ ئەمریکا بکەن ، چ لە ئاست پرسی ئەتۆمیەکە بێت یان لە لادانی مالکی لە حوکم، بەمەش وای لێدێـت بەخۆیان لە ناوچەکە تەراتێن بکەن .
بۆچونێکی تر وای بۆ دەچێت کە راپەڕینی سونە تا رادەیەکی باش چۆک بە هیلالی شیعی دەدات ، لەبەر ئەوەی زۆر خاڵی گرنگی سیاسی بەدەستیانەوە دەبێت و لەسەر ئەرزیش ، سنوری عیراق و سوریاش گرنگە لە هاوکێشەکانداو ، لەم بارەشدا ، مالکییش لەسەر کورسیەکەی نامێنێت .
بۆچونی سێیەمیش لەوەدا دەبێت کە باری ناوچەیی نوێ بێتە ئاراوە ، هاوکاری لە نێوان میانرەوەکانی ئێران و سعودیە بێتەکایەوەو ، گرژیەکانی شیعەو سونە خاوببنەوە . ئەمەش لە خزمەتی گفتوگۆکانی ئیران ئەمریکا دەبێت و ، ئەمریکاش بە هەموو هێزو توانایەوە هەوڵ بۆ ئەم بۆچونە دەدات ، بۆ ئەوەی چاکسازیەک لە پەیوەندیەکانیان بکەن و لە گفتوگۆکانیان سەرکەوێت .
بە لێوردبونەوە لەم چەند رۆژەی دوای هاتنی داعش ، بۆمان دەردەکەوێت کە دۆخەکە بەرەو ئاڵۆزبون یان دابەشبون و شەر یان راستکردنەوەی رێرەوی سیاسی لەعێراقدا دەچێت .
ئێستا لێک نزیکبونەوەیەکی ئێران ( بەتایبەتی میانرەوەکان) _ ئەمریکا لەئارادایە بۆ نەهێشتنی داعش لە رێی هاوکاری سوپا و دەسەڵاتی عیراقەوە ، بەڵام لە رێگەی لێکنزیکبونەوە و بە دەستپێکردنی دانوستانی لایەنە عیراقیەکان پێش یان هاوکاتی شەر لەگەڵ داعشدا . پاش ئەوەی ئەمریکا داوای لە مالکی کرد کە لەگەڵ سونە و کورد هەنگاوی جدی بۆ راستکردنەوەی دۆخەکە بنێت ، کەچی مالکی هەنگاوی سەربازی بە باشتر دەزانێت بۆ یەکلایی کردنەوەی کێشەکە ، بە ئاشکرا ئەم هەڵوێستەی نواند و بەڵکو ئیستغلالی هەڵوێستی سیستانیشی کرد لەم بارەوە ، ئەمەش نەک هەر بۆچونی خۆی بێت بەڵکو توندرەوەکانی ئێرانیش فشاری بۆ دێنن لەم بارەوە، چونکو دەزانن بە هەر دانوستانێک بێت مالکی لەسەر کورسیەکە نامێنێت ، ئەمەش لە قازانج توندرەوەکانی ئێران نیە . ئێستا ئۆباما و روحانی ( نەک توندرەوەکانی ئێران) بۆ ئەوە دەچن کە هاوڕابن لەسەر ئاسایی کردنەوەی دۆخی عیراق لە رێگە سیاسیەکەوە پێش هەر شەرێک ، بۆیە پێدەچێت ئۆباما و روحانی بە شێوەیەک کار بۆ لادانی مالکی بکەن ، کە لەقازانجی هەردوو لایاندایە ، چ وەک ئۆباما لەئاست نەیارەکانی لە نێوخۆی ئەمریکا و ، لەولاشەوە روحانیش لە ئاست توندرەوەکان و ، بۆ هەردولا لە سەر ئاستی پەیوەندیەکانیان لەگەل عەرەبی سونەدا ، چ لەنێوخۆی عیراق یان وڵاتانی دراوسێی ، یان بۆ ریخۆشکردن بۆ سەرکەوتنی گفتوگۆی پرسی ئەتۆمی ئیران .
ئەوەی پێشبینی دەکرێت کە مالکی بە کەلەرەقی و بە پشتبەستن بە توندرەوەکانی ئێران تەنها رێگەی شەر بگرێتە بەر ، توندرەوەکانی ئێرانیش بە هەموو توانیانەوە لەم هەڵوێست و بۆچونەی پشتگیری دەکەن .
ئەوەی بۆ کورد گرنگە لەم هاوکێشانەدا ، کە ئاگاداری زۆر توندی ئەوە بێت ، کە بە هەر رێگەیەکەوە بێت نەوەک بە ناراستەخۆ و بەهەنگاوی هەڵە بۆچون و هەڵوێستەکانیی لەپشتگیری و قازانجی مالکی بکەوێتەوە و، ئەگەر بۆی بکرێت بە نهێنیش بێت بە هەڵوێستی راست و بە کردەوە و لەسەر ئەرز لە دژی بوەستێتەوە ، ئەمەش لە دەرئەنجامدا لەقازانجی دوارۆژی کورد دەکەوێتەوە ، ئەگەر راستەخۆش بێت یان ناراستەوخۆ ، شەری داعش و چەکدار و رێکخراوە هاوشانەکانی بە هەر شێوەیەک بێت لەگەڵ مالکی درێژە پێبدات ، دیسان لە قازانجی ئامانجە ستراتیجیەکانی دەکەوێتەوە . چونکە بە دۆڕانی توندرەوەکانی ئێران و مالکی ، نەخشەرێگا و ئەجێندایەکی تر دێتە ئاراوە کە بە چەسپاندنی فیدراڵی و هاتنە ئارای هەرێمی نوێ تەواو دەبێت ، ئەگەر هەلێکی باش و پێگە سەرەکیەکان لە باری ئابوری و پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکانی کورد ئامادە و لە ئارادابن ، بریاری سەربەخۆیی کوردستانیش یەکێک دەبێت لە ئەگەرە سەرکەوتوەکان . بەڵام بە سەرکەوتنی باڵی توندرەوی ئێران و مالکی لەم جەنگە سیاسی و عەسکەریەیاندا لەگەڵ داعش و رێکخراوەکانی هاوشانی ، پێگەی کورد لە هاوکێشە نوێکانی ناوچەکە و عێراق زۆر لاواز دەبێـت و ، هیچ کارتێکی تریشی بەدەستەوە نامێنێتەوە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت