عەبدولڕەحمان عەلی: لەسەرخەوشەکانی ڕەشنوسی بودجەی( 2018)، نابێت هەر لۆمەی عەرەب و عێراق بکەین.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ساڵێک و دوو مانگ بەر لە ئێستا و بە دەقیقتر بیڵێین لە 21-09-2016 وە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە بەزۆرینەی دەنگی ئەندامەکانی متمانەی لە وشیار زێباری وەزیری دارایی عێراق سەندەوە، دواترو بۆ ماوەیەک ئەو پۆستە بەوەکالەت لەلایەن وەزیرێکی کابینەکەی عەبادییەوە بەڕێوەدەبراو، پاش ماوەیەک و ئێستاشی لەگەڵدا بێت ڕاستەوخۆ حەیدەر عەبادی خۆی سەرپەرشتی وەزارەتەکە دەکات و بەڕێوەی دەبات، پارتی دیموکراتی کوردستان کە ئەو پۆستە لەنێو کوردا پشکی ئەوە لەجیاتی ئەوەی بەخێرایی و زوو بەزوو شوێنی وەزیرە متمانە لێسەندراوەکەی پڕبکاتەوە کەپۆستێکی گرنگ و سیادیشە, کەچی جێگرەکەشی کە فازڵ نەبیە کشاندەوەو دواتر عەرەبێک لەشوێنی ئەویش دانراو دەستبەکاربوو، کەئەمەش دەرفەتێکی باشی دایە دەست هێزو گروپە عێراقیەکان, کە هەر لەو ساتەوە خۆیان مەڵاس و سازو ئامادە بکەن بۆ دانان و دەستکاریکردنی بودجەی عێراق بەگشتی و پشکی کورد بەتایبەتی بەو شێوازەی کەئێستا هەیە.
بۆیە ڕەخنەگرتن بەتەنها لەسەرانی عێراقی و عەرەبی بەس نیە لەسەر ڕەشنوسی بودجەی ساڵی( 2018 ) کەپڕیەتی لەکەم و کورتی و کەلێنی گەورە بەتایبەت لەپشکی هەرێمدا، و بەتەواوی پێشێلکردنی دەستورو زوڵمی گەورەی تێدا بەدیدەکرێت.
ئایا دەکرێت هەموو ڕەخنەو سەرنجەکان ڕووبەڕووی سەران و بەرپرسانی عێراقی بکرێنەوە لەسەر ئەو غەدرە گەورەیەی کە لەو ڕەشنوسی بودجەیەی( 2018) دا بەرامبەر کورد کراوە ؟
یان ئەوەبەشێکی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ کەمتەرخەمی و بێباکی کورد خۆیی و لەنێو کوردیشدا بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان کە( 14) مانگە نەیتوانیوە یان نەیویستوە کەسێک دیاریبکات و بیکاتە شوێنگرەوەی وشیار زێباری وەزیری پێشوی متمانە لێوەرگیراو.
بۆیە پێویستە پێش هەر ڕەخنەو تۆمەتبارکردنێکی هیچ لایەن و کەسێکی دیاریکراوی عەرەبی و عێراقی لۆمەو ڕەخنە ئاڕاستەی پارتی دیموکراتی کوردستان بکرێت کەبۆچی هێشتویەتی ئەو ماوە دورو درێژە پۆستێکی گرنگی وا کە پشک و بەرکەوتەی کوردە بە بەتاڵی بهێڵێتەوەو شوێنگرەوەی بۆ دیارینەکردوە.
گەر بیانووی پڕنەکردنەوەی ئەو پۆستە و دیارینەکردنی کاندید بۆی بەهانەو بیانویەکیان لەپێشتردا ئەوە بووبێت کەدەیانوت هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی لەمەودوا دەبنە دوو دراوسێی باشی یەکدی ئەوا بەڕێزگرتن و پابەندبونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەدەستوری عێراقی و یەک پارچەیی خاکی عێراق لەلایەک و هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ڕیفراندۆمەکەی (25 ی ئەیلول )ی هەرێمی کوردستان لەلایەن دادگای فیدڕاڵی عێراقەوە لەمڕۆدا واتا 20-11-2017 لەلایەکی دیکەوە ئەو بیانوەشی کۆتایی پێهێناو ئەرزشیشی نەما.
گەر پێشتریش بڕیاربووە پارتی دیموکراتی کوردستان بایکۆتی پرۆسەی سیاسی لەعێراق بکات و بەنیازی کشانەوەی یەکجارەکی بوە، بۆیە ئەو پۆستەی پڕنەکردۆتەوە خۆلەدوای متمانە وەرگرتنەوە لەوشیار زێباری هەوڵی وەرگرتنی چەندین پۆستی تریدا لەبەغداد، یاخود نزیکترین بڕیاریش کەدایان گەڕانەوەی فراکسیۆنەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانیانە لە عێراق کەگەورەترین فراکسیۆنی کوردیە بۆ بەشداریکردن لەدانیشتنەکانی ئەنجومەنەکە کە بەوتەی خۆیان گەڕاندنەوەکەیان لەپێناو بەدیهێنانی داواوخواستەکانی کوردو بەدادگایگەیاندنی هەموو ئەو هێزە عێراقیانەیەکە لەدوای (16ی ئۆکتۆبەری 2017) وە زوڵم و ستەمیان لەخاک و خەڵکی کوردستان بەگشتی و ناوچەدابڕێنراوەکان بەتایبەتی کردوە یاخود ئەنجامیانداوە.
بۆیە پێویستە پێش لۆمەکردنی هەرحیزب و کەسێک لۆمەی ئەو حیزب و کەسانەی خۆمان واتا کوردو لەنێویشیاندا پارتی دیموکراتی کوردستان بکرێت کە پشکی شێریان بەردەکەوێت لەو پێشێلکارییانەی بەرامبەرمانکراوە بەتایبەت لەڕووی داراییەوەو بەتایبەتتریش لەو ڕەشنوسی بودجەیەی کەبۆساڵی ( 2018) ی عێراق ئامادەکراوە، کە دنیایەک بۆمبی چێنراوی تێدا دانراوە و، بەتەقینەوەشیان تەنهاو تەنها هاوڵاتیانی هەرێی کوردستانی تێدا دەبێتە قۆچی قوربانی نەک بەرپرسانی بازرگانی تێرۆپڕ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت