عەبدولڕەحمان عەلی: 25ی تەمموز و مێشەکانی ئێمەو گامێشەکانی ئەوان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ماوەیەکە چەندین دەزگای ڕاگەیاندن و میدیاو ماڵپەڕی سێبەروبێ سەروکلک، واتە واتێکی بێ ماناوبەرنامە بۆ داڕێژراویان دەستپێکردوە، و چیرۆک ئاسا کەوتونەتە هۆنینەوەی شتگەلێک بەناوی کێشەو ململانێ لەنێوان گۆڕان و هەڵسوڕاوەکانیدا.
ڕاستیەک هەیە کەدەبێت هەموان بیزانن ئەویش ئەوەیە هەرحیزب و ڕێکخراوێک و تەنانەت فەرمانگەیەکیش گەر ڕای جیاوازی تێدا نەبێت بۆ باشتر بەڕێوەبردنی ئۆرگان و کاروبارەکانی ئەوا دەبێت ئەو حیزب و ڕێکخراوە بەزوویی فاتیحا بۆ مەرگی خۆی بخوێنێ و دوابزمار لەتابوتی خۆی بدا.
گەر لەنێو گۆڕانداڕەخنەو ڕای جیاوازو ململانێیەکیش هەبێت ئەوا زۆر شەریفانەیەو تەنها مەبەست لێی باشتربەڕێوەبردنی ئۆرگانەکانی گۆڕانەو نیشانەی زیندوێتی بزوتنەوەکەیە، گەر گۆڕانخوازێک ڕەخنەیەک ئاڕاستەی هەڵسوڕاوێکی تری گۆڕان دەکات لەڕێکخەرەوە تا ئەوانیکەش ئەوابوونی ئەوپەڕی ئازادی ڕادەربڕین و قسەکردنە، ئاخەر خۆ گۆڕان قوفڵێک نادات لەدەمی هەڵسوڕاوەکانی و کلیلەکەی لێبسەنێتەوە.
من تێناگەم هەندێ هێزی سیاسی بە چ مەبەست و نیەتێک لەپشت گەورەکردنی ڕەخنەو سەرنجەکانی هەڵسوڕاوەکانی گۆڕانەوەن و بەململانێ و کێشەی قەبە ناوزەندی دەکەن.
سەرنج و تێبینی گۆڕانخوازان لەبزوتنەوەکەیان لەپێناو شکۆمەندترکردنی زیاتری بزوتنەوەکەیانە.
ئاخەر تۆ وەک تاک و ئێوە وەک حیزب کامە جومگەو ئۆرگانێکی حیزبەکەت هەیە کەهەنجن هەنجن و دانەڕزابێت یان توشی شێرپەنجەونەخۆشی درێژخایەن نەبوبێت، باشە لەجیاتی باسکردنی هەڵامەتێکی سادەی گۆڕان و سەرقاڵبونت پێوەی بۆناچیت و باشترنیە فریای نەک کۆی حیزبەکەت تەنانەت ئۆرگانێکیشی بکەویت تا بەتەواوی لەدەستنەچوە.
ململانێی گۆڕان لەسەر هیچ کام لە (پ)کان نیە کەبریتین لە پایەو پۆست و پارە، لەسەر پشک پشکێنەی بیروبۆری نەوتیش نیە، خاوەنی کۆمپانیای جۆراوجۆریش نین تاکو لەسەری بەشەڕبێین و سەنگەرلەیەکدی بگرین، وە هێزی چەکداریشمان نیەدابەشی بکەین و هەرکەسەو داوای لیواو فەوجێک بکات بۆخۆیی وخۆی پێوەبابدات.
بەڵکو ململانێی و سەرنجەکانی هەڵسوڕاو گۆڕانخوازانی بزوتنەوەکە لەپێناو پتەوترکردن و بەدامەزراوەیکردنی زیاتری ئۆرگان ودام ودەزگاکانیەتی، لەساڵیادی یەکەمین بەشداریکردنی بزوتنەوەی گۆڕان لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان وەک هێزێکی مەدەنی و جەماوەری لە ( 25- 07- 2009)دا کەدەکرێت بە وەرچەرخانێکی گرنگ و گەورە هەژماربکرێت چونکە لەو ڕۆژەوە ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێزو ڕاستەقینە هاتەبوون و لەدایکبوو، هێندە بەسە بوترێت کە گۆڕان نەکەسی لێ زیادەو نەخۆشی بەدورە پەرێز دەزانێت لەگەڵ خەڵکی کوردستاندا، وەپێویستیشی بە وزەو توانای هەموان هەیە لەهەڵسوڕاو دەنگدەرێکەوە تا بەرپرسانی باڵا بۆ بەردەوامبون لەسەر ئەو پرینسیپانەی کە لەپێناویدا دامەزرا، و هەر زوو خەڵکی کوردستانیش بەهەموو چین و توێژەجیاوازەکانیەوە بەتوندی لەئامێزی خۆیان گرت و تاهەنوکەش بەفریادڕەسی خۆیانی دەزانن و ئومێدی گەورەیان لەسەر هەڵچنیوە.
بۆیە باشترە ئەو کەس و پارت و ڕێکخراوانەی هێندە چاویان تیژکردوە، و زەڕەبینی چاویلکەکانیان مێشەکانی گۆڕانی لێکردونەتە گامێش و گامێشەکانی خۆشیان بەمێش، پێبزانن یان نا ئەو سەرنج وڕەخنەو تێبینیانەی کەهەڵسوڕاوو دۆستەکانی گۆڕان لەدەرەوەو ناوەوە لێیدەگرن نیشانەی زیندوێتی و فەراهەمکردنی ئازادی تەواوە بە هەڵسوڕاووگۆڕانخوازو دەنگدەرەکانی.
بۆیە گۆڕان ئیرادەیەکی بەردەوامەو هیچ کۆسپ و لەمپەرێک ناتوانێ بەری پێ بگرێت و بیوەستێنێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت