عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا: بۆ قوباد تاڵەبانی؛ قسەکانی پێنجوێنت مایەی تێڕامان بوو.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

قوبادتاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی لیستی یەکێتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕۆژی یەک شەممە بەرواری (16- 09- 2018)، بەمەبەستی بانگەشەکردن بۆخۆیی و لیستەکەی سەردانی پێنجوێنی کرد. و لە کۆبونەوەیەکدا، کە بۆی ڕێکخرابوو لەهۆڵێکدا وتارێکی خوێندەوەکە لەبەشێک لە وتەو قسەکانیدا زۆرشتی ووت، بەڵام سێ لەوتە یاخود قسەکانی کەکردنی جێگای تێڕامان بوون کە بریتی بون لە:
1- لەبەشێکی وتەکانیدا ئاماژەی بۆئەوەکردکە دوو هەزارکارگە دادەمەزرێنین و هەلی کار بۆ پەنجا هەزارکەس دەدۆزینەوە.
من نازانم کاک قوباد ئاگای لێیەکە زۆر زیاتر لەو ژمارە کارگەیەی ئاماژەی بۆکرد، لەئێستادا داخراوە و زۆرتریش لەو ژمارەی کەباسی دۆزینەوەی هەلی کارییان بۆدەکات، کارەکانیان لەدەستداوە و بەتاڵەن.
دەبوایە ئەوەشی بزانیایە کە نەک لەئێستادا کارگەی نوێ ناکرێتەوە بەڵکو بەهۆی زیادکردنی نرخی کارەباو سوتەمەنی لەلایەن حکومەتەکەی کەخۆی جێگریەتی لەسەریان بەچەندین هێند لەجاران کارگەکان دەرگاکانیان کڵۆم دەدرێن و دەگوازرێنەوە بۆ شارەکانی ناوەڕاست و خواروی عێراق.
2- قوباد تاڵەبانی لەبەشێکی تری قسەکانیداو وەک بەخشینەوەی مژدەیەک بەخەڵکی ناوچەکە ووتی لەناوچەکەدا مەرزێکی نێو دەوڵەتی هەیە کەباشماخەو بەم زوانەش مەرزێکی تر دەکرێتەوە کەئەویش سەیران بەنە، زۆرم بەلاوە سەیرە کەجێگری سەرۆکی حکومەت بیت و بێئاگابیت لەوەی کە مەرزی سەیرانبەن لە بەرواری ( 20- 07- 2016) واتا دووساڵ و دوو مانگێکە ئەو مەرزە لەمەراسیمێکدا بەئامادەبونی پارێزگاری ئەوکاتی سلێمانی ئاسۆ فریدون و پارێزگای سنەو چەندین بەرپرسی هەرێم و کۆماری ئیسلامی ئێران کرایەوە. من نازانم تۆبڵێی ئەو کردنەوەیەی پێش( 26 )مانگ بەر لە ئێستا کامێرای شاراوە بوبێت و من نەمزانیبێت.
یان تای هەڵبژاردن هۆکاری پێدانی ئەو مژدە کۆن و بەسەرچوە بووە.
3- ناوبراو لەبەشێکی تری قسەکانیدا زۆر ڕاشکاوانە وتی لەپێنجوێندا لەهەڵبژاردنەکانی تردا خەڵکی دەنگیان بەلایەنێکی ترداوە، و داوای دەکرد کە ئەمجارە دەنگبدرێتەوە بە یەکێتی تاکو خزمەتی زیاتری ناوچەکە بکەین. بۆیە دەکرێت لە کاک قوباد بپرسین لەماوەی ئەو چوارساڵەی کە جێگری سەرۆکی حکومەت بووی چ پڕۆژەو خزمەتێکت بەپێنجوێن و ناوچەکەی کردوە تاکو دەنگتان پێبدرێتەوە؟
تۆ دەزانیت لەو کاتەوەی تۆجێگری سەرۆکی حکومەتیت تائێستاش نەتوانراوە جادەیەکی خێرای پێنجوێن ـ باشماخ تەواو بکرێت کەدرێژییەکەی کەمترە لە ( 10)کیلۆمەتر و تاکو ئێستاش کەمتر لەنیوەی کارەکانی تەواو کراوە کە ئەوەش بەتەواوی بڕسکی لەهاوڵاتیان وشۆفێران بڕیوە، ئایا ئەوەش دەزانی کە زیاتر لە ساڵێک بانکی کوردستانی نێودەوڵەتی دەستی گرتبوو بەسەر پارەی پڕۆژەکەدا و بەقسەی کەسیشی نەدەکرد.
تۆدەزانیت کەلەناوچەی پێنجوێندا زیاتر لە ( 15)جۆر سامانی سروشتی و کانزایی تێدایە و کارگەیەکی تێدا نیە، ئەوەش دەزانی (40)ساڵ پێش ئێستا بەردە بەنرخەکانی پێنجوێن کە لە ئیتالیاو ئۆکرانیای کانگای بەردیشدا دەگمەنن و بونیان نیە وەک کەرەستەیەکی خاوی گرنگ دەبرایە شاری بەسرەی دورترین شاری عێراق بۆ پیشەسازی و وەبەرهێنان، بەڵام ئەو حکومەتەی تۆ کەئێستا جێگری سەرۆکەکەییت نەیتوانیوە کارگۆچکەیەکیش لەناوچەکە بنیادبنێت لەماوەی زیاتر لەچارەکە سەدەیەکی حوکمڕانی.
گەنج چۆن دەنگ بدات و چۆن داوای دەنگی لێدەکەی؟ کەنەک هەلی کاری بۆ فەراهەم نەکراوە، بەڵکو ڕێگەی پێنادرێت تەنانەت کاری حەماڵیش بکات گەر تەزکیەی حیزبی پێ نەبێت و بەدڵی حیزب نەبێت و نەجوڵێتەوە.
شتگەلی تری زۆرهەن بوترێن بەڵام باجارێ بەس بێت و لەکوێدا پێویستیکرد باسیان دەکەین و دەیان نوسین.
بۆیە دەشمەوێت بپرسم ئایا مژدەی کۆتایهاتنی پاشەکەوتی موچە و گێڕانەوەی پارە پاشەکەوتکراوەکانیش هەرلەوێدا مەبەست لێی بانگەشەیە یان نا چونکە وتنی قسەیەکی لەو چەشنە کوت و مت پێمان دەڵێت: کە ئەوەی کێشەوگرفت نیە لەم هەرێمە بوونی پارەیە، و ئەوەی پێی دەوترێت سیستمی پاشەکەوتی موچە جگە لە سزادانی بەکۆمەڵی فەرمانبەران و موچەخۆران هیچی دیکەنیە.

تێبینی: وێنەکان بەرواری ( 20- 07- 2016)یە ڕۆژی کردنەوەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی سەیران بەن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت