Dllshad-germyani

عەتا قەرەداخی : ئیسلامییەکانی کوردستان و داعش .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئایا نزیکی هەیە لە نێوان ئیسلامیەکانی کوردستان و داعشدا؟ رەنگە وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە بێ شیکردنەوەو بەسەرپێیانەو بە بەڵێ کارێکی نادرووست و نابابەتیانە بێت . هەروەک وەڵامدانەوەیەکی سەرپێیش بە نەخێر دیسان دەشێ کارێکی نادرووست بێت. بۆیە لێرەدا ئەو پرسیارە سەرهەڵدەدات ئایا رەگوریشەى داعش چیە ؟ ئایا رەگوریشەى ئیسلامییەکانی کوردستان چیە ؟ ئایا دەشێ کۆی ئیسلامییەکانی کوردستان وەکو یەک و بەیەک چاو سەیر بکرێن ؟ ئایا روانینی داعش بۆ کوردو تەنانەت بۆ مەسەلەی نەتەوایەتی چیە ؟ ئایا تێڕوانینی ئیسلامییەکانی کوردستان بۆ مەسەلەى نەتەوایەتی کوردی چیە ؟ ئایا سەرجەم حیزب و لایەنە ئیسلامیەکانی کوردستان هەمان تێڕوانینیان هەیە بۆ مەسەلەى نەتەوایەتی کورد ؟ ئایا پەیوەندی نێوان داعش و دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی چیە ؟ بەمانایەکی تر ئایا ئەوەى داعش لە سیاسەت و بەرنامەیدا هەیەتی هەمان بەرنامەى دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامیە یان نا؟
ئاشکرایە سەرەتای درووستبوونی دەوڵەتی ئیسلامی لە مێژوودا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێغەمبەری ئیسلام ، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ئیسلام تەنیا بریتی نەبووە لە پەیامێکی رۆحی و بەس بەڵکو بریتی بووە لە پەیامی رۆحی و بەرنامەى بەڕێوەبردن کە ئەمەی دووەمیان مانای دەوڵەتداری دەگەیەنێت . کەواتە ئیسلام لەگەڵ هاتنیدا پرۆژەى جۆرێک لە دەسەڵاتداری و فەرمانڕەوایی و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەی پێبووە کە ئەو سیستێمە سیاسی و ئیدارییەش سەرەتاکەى لە سەردەمی پێغەمبەر خۆیدا دانراوە. هەڵبەت ئەوەش ئاشکرایە کە کۆی ئایینەکان لەسەر بنەمای بڕوابوون سەیری خەڵک یان مرۆڤایەتی دەکەن. ئەوەى دەبێـتە بڕوادارو شوێنکەوتووی ئایینەکە هەموویان پێکەوە بێ لەبەرچاوگرتنی جیاوازی ئیتینیکی و رەگەزی لە یەکەیەکی گەورەتردا کۆدەبنەوە کە پێی دەوترێت ئومە . بەهەمان شێوە پەیامی ئیسلامیش پەیامێکی ئومەمی بووەو سەرباری ئەوەى کە ئەم ئایینە بە زمانی عەرەبی و لە جوگرافیای عەرەبیدا هاتووەتە خوارەوە بەڵام خواست و ویستی ئەوەى هەبوو کە هەموو ئەوانی تر بێ لەبەرچاوگرتنی جیاوازی ئیتنکی و نەتەوەیی و رەنگ کۆبکاتەوەو ویستوویەتی ئومەی ئیسلامی لە هەمووان پێکبهێنێت . دیارە هەر لەسەرەتاشەوە ئەو پرۆژەیە زیاتر لە رێگای جەنگەوە هەوڵی جێبەجێکردنی دراوە. ئەو هەوڵانەش زیاتر لە دوای پێغەمبەر خۆی و لەسەروەختی درووستبوونی دەوڵەتی خەڵافەتەوە دەستی پێکردووە. کەواتە دەوڵەتی خەلافەت چیەو چۆن پێناسە دەکرێت ؟ ئایا ئەو دەوڵەتەى کە ئێستا داعش بە دەوڵەتی خەلافەت ناوی دەبەن ، هەمان شێوەى ئەو دەوڵەتی خەلافەتەیە کە خەلیفەکانی راشیدین لە دوای پێغەمبەر درووستیان کرد؟
دەوڵەتی خەلافەت یان خەلافەتی ئیسلامی جۆرێکە لە سیستێمی فەرمانڕەوایی بەپێی شەریعەتی ئیسلام کە لەسەر بنەمای جێگیر کردنی سەرکردەیەکی مسوڵمان بەسەر دەوڵەتی ئیسلامیەوە بینا دەکرێت کە بەپێی شەریعەتی ئیسلامی فەرمانڕەوایی دەکات، ئەو فەرماڕەواییەش بە خەلافەت ناودەبرێت و فەرمانڕەواش پێی دەگوترێت خەلیفە کە ئەویش سەرۆکی خەلافەت یان هەموو رەعیەتی جوگرافیای خەلافەتەکەیەو جێگرەوەی پێغەمبەرە بۆ سەرکردایەتی کردنی کۆی مسوڵمانان و دەوڵەتی ئیسلامیدا . کە دیارە ئامانجی روون و ئاشکرای خەلافەتیش جێبەجێکردن و بەدیهێنانی بنەماو پرینسیپەکانی ئیسلام و هەڵگرتن گەیاندنی پەیامی ئیسلامە بە هەموو جیهان ئەویش لە رێگای بانگهێشت یان جیهادەوە. دەوڵەتی ئیسلامی لە سەردەمی خەلافەتی راشیدیندا بە تایبەتی لەسەردەمی عومەری کوڕی خەتابدا کەوتە جێبەجێکردنی پرینسیپەکانی دەوڵەتی خەلافەت لەسەر زەمینەى واقیع. بۆ ئەو مەبەستەش هێرشی سووپای مسوڵمانان بەئاراستەى دەرەوەى نیمچە دوورگەى عەرەبی دەستی پێکرد کە لەو میانەشدا سوپای ئیسلامی لەسەردەمی عەمەری کوڕی خەتابدا بەئاراستەى کوردستان هێرشی هێناو لەپێناوی بڵاوکردنەوەى ئایینەکەى خۆیاندا سوپای ئیسلام هیچ سڵیان لەوە نەکردەوە کە بەهەموو شێوەیەک هێرش بۆسەر ناوچەکانی دەرەوەى دوورگەى عەرەبی دەست پێبکەن و لەو میانەشدا هێرشی سوپای ئیسلام بەرەو کوردستان هاتووەو ناوچەکەیان بە تەواوەتی کۆنترۆڵ کردووەو ئەوەشی کە نەبووەتە مسوڵمان باج و جزیەی بەسەردا سەپێنراوە . لەو هێرشەدا کوردستان زیانی گەورەی بەرکەوتووە. پرۆسێسی فەتحی ئیسلامی کە دوو ئەمانجی هەبووە . یەکەمیان بڵاوکردنەوەى ئایینی ئیسلام و دووەمیشیان فراوانکردنی سنووری دەوڵەتی عەرەبی ئیسلامی و بەدەستهێنانی سەرچاوەی ئابووری بووە لە دەرەوەى نیمچەدوورگەى عەرەبی، ئەوەش لە شێوەى هێرشی تووندو خوێناویدا گەیشتووەتە ئەنجام کە ئەم پرۆسێسە لەسەروەختی دەوڵەتی خەلافەتدا بەشێوەیەکی بەرفراوان دەستی پێکردووە. پرۆسێسی ئەنفالی یەکەم کە لەو سەر زەویانەدا روویداوە کە سووپای ئیسلام لە پرۆسێسی فەتحدا هێرشی بۆ کردوون ، زیانی گەورەى لەو گەل و نەتەوانە داوە کە رازی نەبوون بە بێدەنگی و بێبەرگری ببنە ئیسلام و دەسەڵاتی دەوڵەتی خەلافەت قبوڵ بکەن . هەڵبەت ئەوەش ئاشکرایە کە کوردستانیش بەر پرۆسێسی فەتح کەوتووەو سەرئەنجام کورد بووەتە مسوڵمان، بەڵام وەک ئاشکرایە پاش هێرشی سووپای ئیسلام و داگیرکردنی وڵاتەکەى ئەو پەیامەى وەرگرتووە . ئەگەر لە رووی هەندێ لە کاروکردەوەکانیەوە، لە داعش بروانرێت ئەوە هەروەکو خۆی ئیدیعای دەوڵەتی خەلافەت دەکات بێگومان هەندێ لەو کارانەى کە دەیکات بە ئاشکرا خاسێتەکانی دەوڵەتی خەلافەتی پێوە دیارە بە تایبەتیش کە ئەو باسی جێبەجێکردنی فەرمانرەوایی دەکات بەپێی ئەحکامەکانی شەریعەتی ئیسلامی ، کە یەکێک لەو خاڵە ئاشکرایانەى کە لەسەری دەڕوات بە گوێرەى غەیرە مسوڵمانەکان ئەوەیە یان ببن بە مسوڵمان یان جزیە بدەن کە ئەوەش لەسەردەمی دەوڵەتی خەلافەتدا جێبەجێکراوە. رەنگە لێرەدا جیاوازییەکە ئەوە بێت کە ئەو کەسەى لەسەردەمی دەوڵەتی خەلافەتدا نەبووەتە ئیسلام و جزیەى داوە ، ئیتر ژیانی پارێزراو بووبێت بەڵام ئێستا لەسایەى دەسەڵاتی خەلافەتی داعشدا سەرباری جزیەدانیش هێشتا ئەو کەسانەى جزیە دەدەن لە چارەنووسی خۆیان دڵنیانین.
دیارە رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام، رێکخراوێکی ئیسلامی جیهادیە کەلەسەر بنەمای فیکری سەلەفی ئیسلامی درووستبووەو تێدەەکۆشێت لە پێناوی درووستکردنی دەولەتی خەلافەتدا یان گێڕانەوەى دەوڵەتی خەلافەتداو بۆ ئەو مەبەستەش ئەم رێکخراوە جیهادیە هەموو رێگایەکی تووندو تیژی لەبەرگرتووەو سڵ لەهیچ ناکاتەوە کە پێدەچێت بڕوای بەو بنەمایەش هەبێت کە ئەو یان شەهید دەبێت یان غەزا دەکات. کە بە ئاشکرا دیارە ئەو هێزەى کە ئەم رێکخراوە کۆیکردووەتەوە هێزێکی ئومەمیەو لە هەموو رەگەزو ئیتنیک و رەنگێکی تێدایەو ئەمەش نیشانی دەدات کە هەمان شێوەى ئەوەى لە ئاییندا هاتووە بڕوای بە جیاوازی نەتەوەکان نیەو ئەم بڕوای بەیەک دەسەڵات و یەک دەوڵەت هەیە کە ئەویش دەسەڵات و دەوڵەتی خەلافەتە کە تیایدا خەلیفە جێگرەوەى پێغەمبەری ئیسلامە. بەهەرحاڵ داعش خۆی وانیشان دەدات کە ئەو هەڵگری راستەقینەى پرۆژەى دەوڵەتی خەلافەتەو دەوڵەتی خەلافەتیش لە مێژووی ئیسلامدا دیارترین دەسەڵاتی ئیداری و سیاسی ئیسلامیە ، هەر لە خەلیفەکانی راشیدینەوە هەتا کۆتایی هەردوو ئیمپراتۆرێتی عوسمانی و فارسی . کەواتە ئێستا کامیان راستن و کامیان لەسەر هەقن، رێکخراوی داعش کە خۆی بە نوێنەری راستەقینەى دەوڵەتی خەلافەت دەزانێت یان ئەو حیزب و رێکخراو و بانگخوازە ئیسلامیانەى تر کە زۆرینەیان تەکفیری داعش دەکەن؟ وەکو ئاشکراشە هەرلایەنەیان چەندین ئایەتی قورئان و فەرموودەى پێغەمبەر بۆ پشتگیری راوبۆچوونەکانی خۆیان دەهێننەوە کە رەنگە ئەوەش پەیوەندی بەوەوە هەبێت کە هەریەکە بە پێی بەرژەوەندییەکانی خۆی دەقەکان راڤە دەکات.
ئیسلامییەکانی کوردستانیش کە مەبەستمان سیاسیەکانیانە نەک کۆی خەڵکی مسوڵمانی کوردستان لەبارێکی شلۆق و ناجێگیرو پارچە پارچەبوودان لە رووی هەڵوێستیانەوە بەرامبەر بە رێکخراوێکی وەکو داعش. بەشێکیان کە زۆرینەن بە ئاشکرا دژایەتی خۆیان بۆ داعش راگەیاندووەو ئەوەندەشی پەیوەندی بە کوردەوە هەبێت هەڵوێستیان پاراستنی بەرژەوەندییەکانی کوردە بە تایبەتی هەڵوێستی یەکگرتووی ئیسلامی و هەڵوێستی بەشێکی زۆری کۆمەڵی ئیسلامی هاوشانە لەگەڵ هەڵوێستی فەرمی سیاسی هەرێمی کوردستاندا. ئەگەرچی کۆمەڵێ دەنگی دژی ئەم هەڵوێستەش لە ناو ئیسلامیەکاندا دەبینرێت و تەنانەت سەرزەنشتی یەکگرتووى ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامیش دەکەن. هەندێ لە کەسانی سیاسی نێو حیزبە ئیسلامیەکان و هەندێ لە شارەزایان و بڕواداران بە ئیسلامی سیاسی چی سەلەفی بن یان لە نێو کۆمەڵ و لایەنەکانی تردا بن، یان خۆیان وانیشان بدەن کە بانگخوازن یان شارەزای ئەو بوارەن، دان بەوەدا نانێن کە رێکخراوی داعیش رێکخراوێکی تەکفیریەو هەندێکیان وەکو رێکخراوێکی ئیسلامی سەر لێشێواو و هەندێکی تریان وەکو رێکخراوێکی ئیسلامی جیدی باسی دەکەن و هەندێکیشیان بێترس واینیشان دەدەن کە داعش لە سەر شەریعەتی ئیسلامی دەڕوات و بەو پێپەش ئەوەى دەیکات رەوایە. هەندێ لە مامۆستایانی ئایینی و شارەزایانی ئیسلام کە سەرەبە حیزب و رێکخراوە کوردییەکانن وەکو هەر کەسێکی کورد ئەو رێکخراوە بە تیرۆریست و خوێنڕێژ دەدەنە قەڵەم. لەراستیدا ئەم فرە هەڵوێستیەى ئیسلامیەکانی کوردستان بەرامبەر بە داعش و رەفتاری تووندو تێژی داعش بەرامبەر بە غەیری مسوڵمان و بەرامبەر بە کوردیش جۆرێک لە ئیحراجبوونی ئاشکرای بۆ حیزب و رێکخراوو بانگخوازە ئیسلامییەکان هێناوەو ئەو پرسیارەشی لای خەڵکی ئاسایی درووست کردووە : ئایا کامیان ئیسلامی حەقیقین، داعش و ئەو تووندڕەوە ئیسلامیانەى کوردستان کە هەڵگری هەمان عەقڵیەت و بەرنامەى داعشن کە ئەویش وەکو دەردەکەوێت عەقڵیەت و رەفتاری دەوڵەتی خەلافەتەو هەر لەسەردەمی خەلیفەکانی راشیدینەوە ئەو سیاسەتە پەیڕەو کراوە ، یان ئەو ئیسلامیە میانڕەوانەى وەکو یەکگرتوو ئیسلامی حەقیقین کە تاکو ئێستا بڕوایان بە چەک و تووندو تیژی نییەو بە هێمنی و مەدەنیانە کاری سیاسی دەکەن؟ بێگومان ئەگەر لە روانگەى ئیسلامیە توونڕەوەکانی کوردستانەوە سەیری نزیکی نێوان داعش و ئیسلامیەکانی کوردستان بکرێت ئەوا نزیکی زۆر هەیە لە نێوان داعش و ئیسلامیە تووندڕەوەکانی کوردستاندا، بەڵام ئەگەر لە روانگەى یەکگرتووى ئیسلامی و ئیسلامیە میانڕەوەکانی تری کوردستان و خەڵکی مسوڵمانی کوردستانەوە سەیری پەیوەندی نێوان ئیسلامییەکانی کوردستان و داعش بکرێت ئەوا زۆر دوورن لەیەکترەوە .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت