عەتا قەرەداخی : بۆ مامۆستا سەلاحەدین بەهادین بە گەڕانەوەت شانازیەکەت لە دەست دەدەیت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

خاسێتی زۆرینەى سەرکردەکانی رۆژهەڵات ، حیزبی بن یان حکومی ئەوەیە کە چوونە سەر کورسی دەسەڵات ، بە ئاسانی نایەنە خوارەوە مەگەر بمرن یان کودەتایان بەسەردا بکرێت . ئەمەش یەکێکە لەو بنەما سەرەکیانەى کە سیستێمی سیاسی و حیزبی رۆژهەڵات لە رۆژئاوا جیادەکاتەوە . کوردستانیش وەکو جوگرافیەک لە پەراوێزى رۆژهەڵاتدا ، لەم رووەوە بارودۆخی نەک لە کۆمەڵگەکانی ترى رۆژهەڵات باشتر نیە بەڵکو خراپتریشە . راستە پێشتر کە سیستێمی حیزبی لە کوردستان نەبوو ، ئەو تاکە کەسانەى لە شێخ و سەرۆک عەشیرەت یان سەرخێڵ یان رابەرى رێبازەکانی تەسەوف کە رابەرایەتی بزووتنەوەکانیان کردووە تا شکستی بزووتنەکەیان لە شوێنی خۆیان ماونەتەوە ، بەڵام کە دامەزراوەى حیزب درووستبوو ، بەو پێیەى کە حیزب دامەزراوەى کۆمەڵگەى شارە ، دەبوو ئەو ستراتیژى خێڵایەتیە بگۆڕایە کە بریتیە لە مانەوەى سەرۆک خێڵ لە ترۆپکی دامەزراوەکەیدا تا مردنی و لە دواى مردنیشی دەسەڵاتەکەى خۆى بە میراتی بۆ نەوەکانی بەجێدەهێڵێت .
حیزبی کوردی هەر بەهەمان ستراتیژو عەقڵی خیڵ و عەشیرەت دامەزراوەکەى خۆیی بەڕێوەبردووە . گریمان مەلا مستەفاى بارزانی بڕواى بە حیزب نەبووەو تا کۆچی دوایی خۆى وەکو تاکە سەرۆکی بزووتنەوەى کوردى سەردەمەکەى خۆى ماوەتەوە. بەڵام لە دواى ئەو کاک مەسعود بارزانی کە سەرەتا وەکو سەرۆکی حیزب بووەتە سەرۆکی پارتی بەڵام ئەویش زیاتر لە 35 ساڵە سەرۆکی پارتیەو گومانیشی تێدا نیە تا بمێنێت سەرۆک دەبێت . یەکێتی نیشتیمانی کە لە دامەزراندنیەوە کە خەریکە دەبێتە 40 ساڵ مام جەلال سکرتێرێتی و ئەوە ماوەیەکی درێژیشە نەخۆشەو ناتوانێت هیچ چالاکیەکی سیاسی ئەنجام بدات ، کەچی حیزبەکەى هێشتا باسی ئەوە دەکەن بۆ ئەو کۆنگرەى کە دەمێکە باسی گرێدانی دەکەن و بۆیان گرێ نادرێت ، هەر ئەو پاڵێوراوى سکرتێرى گشتیە . مامۆستا عەلی باپیر ئەوەتی کۆمەڵی ئیسلامی درووستبووە ئەو ئەمیرە . گۆڕان لە درووستبوونیەوە هەر کاک نەوشیروان مستەفا رێکخەرى گشتیەتی ، سۆشیالیست سکرتێرى هەمیشەیی و هەتاهەتاییەکەى هەر کاکە حەمەیە ، کاک قادر عەزیزیش کە حیزبەکەى هەر بەناو ماوە هەر خۆى سکرتێرەو ، عەبدوڵا ئوچالانیش سەرۆکی هەتا مردنە با لە زیندنیش بێت . کاک عەبدوڵاى موهتەدی و سەید برایمی عەلیزادەش هەر لە شوێنی خۆیانن ، حیزبی شیوعی کوردستان جار جار سکرتێرەکانی گۆڕیوە ئەویش کاتێ سکرتێر تەواو پیر بووە .
دیارە لە سادەترین سەرنجدانیشدا مانەوەى سەرۆک و سکرتێر بۆ هەتاهەتا بەڵگەى لاوازى بنەماکانی دیموکراسیە لە ناو دامەزراوەى حیزبدا ، ئیتر چۆن ئەم جۆرە حیزبانە دەتوانن سیستێمی دیموکراسی بۆ کۆمەڵگە بنیاد بنێن . ئەوەشی مایەى پێکەنینە لە ناو سیستێمی حیزبی کوردیدا پەیڕەوى ستراتیژى خیڵ و بنەماکانی مەلەکیەت دەکرێت و نەک هەر سەرۆک تا مردن سەرۆک دەبێت بەڵکو لەبڕیاردانیشدا هەر ئەو هەموو شتێکەو مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی رۆڵی پیاوماقوڵانی خێڵ و عەشیرەت دەبینن و تەنانەت ئەگەر پرسیشیان پێبکرێت گویێان لێناگیرێت ، بەڵکو بەسەر لەقاندن شەرعیەت بە بڕیارەکانی سەرۆک و سکرتێرو ئەمیر و ئەمیندارو رێکخەر دەدەن .
یەکگرتووى ئیسلامی کوردستان دواى ئەوەى کە نزیکەى دوو دەیە مامۆستا سەلاحەدین بەهادین ئەمیندارى بوو، ئەم پیاوە بڕیارێکی باشی داو بە کردەوەو لە تەمەنێکی گەنجیشدا وازى لە پۆستەکەى هێناو ئەمیندارێکی تر هەڵبژێردرا . دیارە ئەوەش خاڵێکی گەش بوو لە مێژووى سیاسی ئەم سەرکردەیەداو ئەو هەڵوێستەشی لاى خەڵک زیاتر خۆشەویستی کرد بە تایبەتی لاى کەسانی بە ئاگا لە سیاسەتی دەرەوەى حیزبەکان چونکە ئەوە هەڵوێستێک بوو جیاواز لە هەڵوێستی سەرکردەو بەرپرسەکانی ترى کورد لە مێژوودا .
ئێستا مامۆستا سەڵاحەدین جارێکی تر خۆى دەپاڵێوێت بۆ ئەوەى ببێتەوە بە ئەمیندارى یەکگرتووى ئیسلامی . دیارە بەم بڕیارە ئەم مامۆستا بەڕێزە دەیەوێت بچێتەوە ریزى سەرکردەى حیزبەکانی ترو جارێکی تر بچێتەوە سەر کورسی ئەمیندار . ئەمەش وەها لێکدەدرێتەوە کە مامۆستا سەلاحەدین پەشیمانە لەو بڕیارەى کە پێش چوار ساڵ داى و پۆستەکەى بەجێهێشت . ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ئەمیش هەر هەڵگرى هەمان عەقڵ و بۆچوون و لێکدانەوەو تێڕوانینی سەرکردەکانی ترى حیزبی کوردیە . دیارە بەم کارەشی مامۆستا سەلاحەدین رەنگە بگەڕێتەوە سەرکورسیەکەى ئەمیندارو پۆستەکەى ئەوساى بباتەوە ، بەڵام بەم کارەى بەشێک لە خۆشەویستی و متمانەى خەڵک لە دەست دەدات و دەیسەلمێنێت کە ئەویش هەمان شێوەى زۆرینەى هەرە زۆرى نوخبەى سیاسی کوردى شەیداى کورسی و دەسەڵاتەو ناتوانێت لە دەرەوەى دەسەڵات بژى . خۆ ئەگەر مامۆستا نایەوێت لە ریزى زۆرینەى نوخبەى نەخۆشی سیاسی کوردیدا ناوى تۆمار بکرێت ئەوا لەو خۆپاڵاوتنەى پاشگەز دەبێتەوەو شوێنەکە چۆڵ دەکات بۆ کەسانێکی تر کە رەنگە بتوانن باشتر لە مامۆستاش حیزبەکەیان بەڕێوە ببەن ، چونکە دیارە مێژوو نە لە دواى مامۆستا سەلاحەدین و نە لە دواى هیچ کەسێکی تر کۆتایی نایەت .

کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوەو ، ئەم بابەتە ئاشنا بکە بە هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت