Dana-Saeid-Sofi

عەتا قەرەداخی : بەڵێ کاک دانای سەعید سۆفیش شتەکان وەکو پیشتر نابینێت!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

قسەکانی کاک دانای سەعید سۆفی لە لڤین لەبارەى هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدەوە باشترین بەڵگەى ئەوەیە کە کادیرانی پێشکەوتووی یەکێتی بەتەواوی خۆیان داوەتە دەستی ئەو سەرکردایەتییەى کە خۆیان باش دەزانن لەو ئاستەدا نییە کە توانای بەڕێوەبردنی ئەو حیزبەی هەبێت .

کاک دانا باسی ئەوە دەکات کە دەست لە کارکێشانەوەی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد هەنگاوێکی گرنگە . بەڵام ئەو دەرک بەوە ناکات کە هێرۆ خان پەلەقاژێی ئەوەیەتی بە زووترین کات ئۆفیسەکەى بگوازرێتەوە بۆ مەکتەبی سیاسی چونکە واهەست دەکات هەریسەکە لە مەکتەبی سیاسی دابەش دەکرێت و ئەویش , کە خۆی بۆ بەشی گەورەى هەریسەکە ئامادە کردووەو خۆی بە جیگرەوەى مام جەلال دەزانێت و بە ئومێدی ئەوەیە کە بە پۆستەکانی ئەو لە حیزب و لە حکومەت شاد بێت .

هەست دەکات پۆستی مەڵبەندی سلێمانی بۆ ئەو کەمەو دووریشە لە مەکتەبی سیاسیەوە کە دەبێ لەوێ جێگای سەرەکی خۆی بگرێت بەو ئومێدەى بتوانێت بە زووترین کات دوو جێگرەکەى تاڵەبانی فرێ بداتە دەرەوەو بەتەواوی رێگاکە بۆ خۆی تەخت بکات .

دیارە کاک دانا بیری چووە یان ناوێرێت باسی ئەوە بکات کە یەکێتی داماوی دەستی ئەو سەرکردایەتیەیە بە تایبەتی هێرۆخان و کاک کۆسرەت ، ئەوەش بەڵگە نەویستە تا ئەو دوو بەڕێزەو زۆرینەى ئەو مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتییەى ئێستای یەکێتی لەسەر کورسی و پۆستەکانیان بن نەک ئەگەری زیندووبوونەوەى یەکێتی نییە بەڵکو گەیشتنی یەکێتی بە خاڵی کۆتای خێراتر دەبێت .

دیارە پێدەچێت هەرچۆن مەکتەبی سیاسی و زۆرینەى سەرکردایەتی لە پێناوی پاراستنی بەرژەوەندییە زۆرو زەبەندەکانیاندا نایانەوێت باری ئێستایان تێکبچێت ، زۆرینەى ئەو کادیرانەشی بەپشتی ئەو مەکتەب سیاسی و سەرکردایەتیە بوونەتە خاوەنی بەرژەوەندی و پلەوپایەو موچەی مفتیان پێبڕاوە دەبێ هەوڵی پەردەپۆشکردنی کەموکورتی و گەندەڵییەکانی ئەو بەرپرسانە بدەن کە ئەوانیان بەو پۆست و موچەو بەرژەوەندییە زۆرانە شاد کردووە .

هیوادارم کاک دانا ئەندام پەرلەمانی و پلەوپایەکانی کە بەهۆی حیزبەوە دەستی کەوتووە وایلێنەکەن پەردەپۆشی گەندەڵی و دزی و تاپۆکردنی رووبەری فراوانی مڵکی گشتی و چەندین کاری تری بەرپرسانی حیزبەکەی و کۆی بەرپرسە گەندەڵەکانی کوردستان بکات و ئەو رابردووەی کە پێش ئەوەى ببێتە ئەندامی پەرلەمان لەبیر نەکات کە پێشتر ئەو نووسەرێک بوو باسی لە رەخنەو لە ئاشکراکردنی دزێوی و ناشیرینەیەکانی دەسەڵا ت و عەقڵە داخراو و کۆن و باونەماوەکانی زۆرینەى بەرپرس و حیزب و دامەزراوەکانی کۆمەڵگەى کوردی دەکرد .

دەبوو کاک دانا لەبری مەدح و ستایشکردنی وازهێنانی هێرۆ ئیبرایم ئەحمەد ، داوای لەو بەرپرسەو کۆی بەرپرسانی حیزبەکەی و کۆی بەرپرسانی تری هەرێمی کوردستان و خۆیشی و هاوەڵەکانی لە پەرلەمان بکردایە داوای لێبووردن لەگەل بکەن لە پای ئەو هەموو درۆو دزی و ناپاکییەى کە بەرامبەر بە گەل کردوویانەو داواشی بکردایە لەپای ئەو هەموو دزی و کەندەڵی بە تاڵانبردنەی سامانی گەل هەموویان راپێچی بەردەم دادگایەکی عادیلانە بکرێن .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت