عەتا قەرەداخی: توڕەیی بەغدا لە بەرژەوەندى کوردە!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگەر سەرنجی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان بدەین، دەبینین چۆن وروژاون و وەکو ئەوە وایە کە ریفراندۆمی خەڵکی باشوورى کوردستان نەک هەر زیانی گەورەى بۆ ئەوان هەبێت، بەڵکو سوکایەتی بێت بۆ بوون و کەرامەتی نەتەوەیی و نیشتیمانی ئەوان ئەگەر هەیان بێت. ئەوەى ئەم داگیرکەرە خوێنڕێژانەى کوردستانی کردووەتە هاوهەڵوێست ئەو عەقڵە وەحشیگەرییەیە کە بەشێکە لە بوونی عەرەب و تورک و فارس، بەشێکیشی بەرهەمی ئەو شۆڤێنیستیەیە کە رۆح و گەوهەرى ناسیونالیستی عەرەب و تورک و فارسە.
بەڵام لە ئاستێکی تردا ئەو خۆتەنگەتاوکردنەى داگیرکەرانی کوردستان لەبەرئەوەیە کە ئەوان واهەست دەکەن درووستبوونی دەوڵەتی باشوورى کوردستان دەشێ کاریگەرى لەسەر بەشە داگیرکراوەکانی ترى کوردستان هەبێت و پرۆژەى ناسیونالیزمی کوردى لەو بەشانەش بەهێز بکات. هەروەک لەو ئیرادەى کورد دەترسن کە سەربارى ناڕەزایی ئەوان و بەشێکی ئاشکراى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتی، ئەم راپرسیە بەرهەمی ئیرادەى گەلی کوردستانە لە دەنگداندا کە بۆ یەکەمجار بەمجۆرە ژێردەستەیی و پاشکۆیەتی ئەوان رەت دەکاتەوەو مەترسی ئەوەیان هەیە کە بەشەداگیرکراوەکانی ترى کوردستانیش لەلایەن ئەوانەوە، رۆژێک لە رۆژان بگەنە ئەو ئاستەى راپرسی و دەنگدان و دەسەڵاتی رژێمە تۆتالیتارەکانی ئەوان رەتبکەنەوە. هەروەک خۆیشیان دەزانن کە ئەگەر کورد بەم راپرسیەى دەوڵەت درووست بکات، دەبێتە یەکەمین گەلی رۆژهەڵات کە بە ئیرادەى خۆى و بەدەنگی راپرسی ئەو دەولەَتەى درووستکردووە زۆر جیاوازە لەو دەولەَتانەى زۆربەیان کە دەوڵەتانی بڕیار بەدەست لەسەر مێزى رێکەوتن و بێ ئیرادەى گەلەکانیان درووستیان کردوون. بەهەرحاڵ کورد لە راپرسی سەربەخۆیی کوردستاندا بۆ یەکەمجار بە گیانێکی بەرەنگاربوونەوەى مەدەنیانەوەو لە رێگاى بڕیاردانی راپرسی و پیادەکردنی ئەو بڕیارەشەوە لە رووى داگیرکەرى شۆڤێنیست تایفەگەر مەزهەبی کۆنەپەرستی عێراقیدا راوەستاو لە دواى سەدو یەک ساڵ لە سایکس پیکۆو نەوەدو شەش ساڵ دواى درووستبوونی دەوڵەتە درووستکراوەکەى عێراق، کورد بەدەنگی بەرز بە عێراق و بە جیهانی راگەیاند کە چیتر نایەوێت لە سایەى سیستێمی کۆڵۆنیالییستی عەرەبیدا بژى.
وەڵامدانەوەکانی عێراقی عەرەبی بە شیعەو سونەوە، بە مەزهەبی و بەناو عەلمانیەوە، بە خۆپارێزو رادیکاڵەوە، یەک هەڵوێستەو هەموویان یەک بۆچوونیان هەیە، کە لە کانیاوى ژەهراوى شۆڤێنیزمی عەرەبیەوە سەرچاوەى گرتووەو هیچ بنەمایەکی مرۆیی و شارستانێتی پێوەدیار نیە. ئافەرم کۆمەڵگەى عەرەبی عێراقی، لە کۆمەڵگەیەکی دەوروبەرى سی ملیۆن کەسیدا، گوێت لە دەنگی کەسێک نەبێت لە کەسی یەکەمی ئەم نەتەوەى عەرەبەوە تا سیاسی و بەرپرس و نووسەرو رۆشنبیرو رۆژنامەنووس، بڵێت باشە ئەم کوردەش مرۆڤن و نەتەوەیەکی جیاوازن لە عەرەب و بۆ دەبێ مافی بڕیاردانی چارنووسی خۆیانیان نەبێت. با ئەم هەڵوێستەى عەرەبی عێراق بەراورد بکەین بەوکوردانەى کە تاکو ئێستاش گۆرانی بە باڵاى بەغداى ئەنفال و کیمیایی باراندا دەڵێن پێیان وایە نەدەبوو کورد ریفراندۆمی بکردایە!!!
ئێستا کورد پێی ناوەتە قۆناغێکی ترەوەو دۆزى کورد بەتەواوەتی لە بابەتێکی ناوخۆى عێراقەوە بووەتە بابەتێکی نێودەوڵەتی و سەربارى فشارو گوشارو هاژەوهوژەى عێراقیەکان و خەلیفە ئەردۆگان و ئاخوندەکانی مامۆستاو ئاغاى شیعە عێراقیەکان.. ناتوانرێت داواى رەواى کورد سەرکوتبکرێت و سەرئەنجام ئاسۆیەکی گەش لەبەردەمماندایە، بەڵام دەبێ چاوەڕوانی گرفت و زەحمەت و کێشەو تەنگ پێهەڵچنینیش بکەین.. بەڵام ئەوانە کاتین و ئیرادەى کوردیش پێموایە لەسەر ئاستی گشتی لەوە بەهێزترە کە بەئاسانی ببەزێت، بە تایبەتی لەبارودۆخێکدا کە حکومەتی عێراقی بێجگە لە دەرکردنی بڕیار شتێکی ئەوتۆى پێناکرێت، بەتایبەتیش پێگەى عەبادى و حکومەتەکەى بەجۆرێک لاوازە بڕیارەکانی بە تەواوەتی لە ناوچەى سەوزى بەغداشدا جێبەجێ ناکرێن. سەرۆک وەزیرانێک هێندە کورتبین بێت، بیەوێت بە دەستوورە تۆپیوەکەى عێراق دەسەڵات بەسەر کوردستاندا بسەپێنێت، هەق نیە زۆر گوێی پێبدرێت، چونکە بیرچووە ئەگەر ئێستاش فڕۆکەکانی هاوپەیمان نەبن داعش زۆر شوێنی ترى عێراقەکەى ئەو دەکەن بە موسڵ بە تایبەتی قەڵاکانی شیعە لە نەجەف و کەربەلا، ئەگەر داعش درووستکراوى ئێران نەبێت. تاکە شتێک کە حکومەتی مەزهەبی عێراق بتوانێت بە دژى کورد بیکات و تاکو ئێستا نەیکردبێت، راگرتنی فڕۆکەخانەکانی هەولێرو سلێمانیە کە پێموایە هەرهەنگاوێکی لەوجۆرەو تەنانەت تووندتریش لە جۆرى ئەوەى دکتۆر فوئاد مەعسوم و وەزیرو بەرپرسانی کوردو ئەندام پارلەمانەکانی کورد لە بەغدا دەربکەن… هەموو ئەمانە لە قازانجی کورد دەشکێنەوەو زووتر لە پێکهێنانی دەوڵەت نزیکمان دەکەنەوە.
ماڵی شیعە کە دەیان کەلەبەرى تێدایە و ماڵی سونەش کە وێرانبووەو چەند کەسێکی لاوزو پشکۆى شیعەى وەکو سەلیم جبورى لە دەسەڵاتی عێراقیدا ماون، هەموویان لەبەرئەوەى خاوەنی هیچ پرۆژەیەکی نیشتیمانی و خزمەتگوزارى و زانستی و پەروەردەیی و … نین بۆ عێراق، لەم کاتەدا کە نزیکەى هەشت مانگێکی ماوە بۆ هەڵبژاردن، دەیانەوێت لە رێگاى دژایەتیکردنی کوردەوە پێگەى هەڵبژاردنی خۆیان بەهێزبکەن و دەنگی جەماوەر کۆبکەنەوە. ئایا کوردە پرۆعێراقیەکان بەچ هیوایەکەوە بەتەماى هاوپەیمانی و ژیانن لەگەڵ ئەم عەقڵیەتەى شیعەو سونەى عەرەبی عێراقدا؟
بێگومان رەنگە ئەم هاژەوهوژەى بڕیاردەرکردن و قسەکردن دژى کورد لە عێراق تا کاتی هەڵبژاردن بخایەنێت. چارەنووسی ئەم هەڵبژاردنەش هێزى یەکێک لە دوو لایەنی ئێرانی یان ئەمەریکی دیارى دەکات. ئێران پشتگیرى مالیکی و پاشکۆکانی لە شیعەو هەندێ کەسێتی لاوازى سونە دەکات بۆ ئەوەى زۆرینەى سیاسی پێکبهێنن و کۆتایی بە تەوافوق بهێنن لە عێراقدا، کە ئێستا بە کردەوە ئەوە کۆتاییهاتووە. ئەمەریکیەکان پشتگیرى عەبادى دەکەن بەڵام عەبادى پێگەیەکی زۆر لاوزى هەیە، هەم لەسەر ئاستی جەماوەرى شیعەى عێراق و هەم لە ناو حیزبی دەعوەشدا. بۆیە ئەگەرى گەورە ئەوەیە کە عەبادى بدۆڕێت کە ئەوەش دۆڕاندنی ئەمەریکایەو شتێکی چاوەڕوانکراوە. بەڵام ئایا ئەڵتەرنایتیڤى ئەمەریکا بۆ دۆڕاندنی لایەنگرانی خۆیی و سەرکەوتنی پرۆئێرانیەکان چی دەبێت؟
من ئێستا وایدەبینم سەرکەوتنی مالیکی مسۆگەرترە لە عەبادى. لە عێراقی عەرەبدا سەرکیترین و بەهێزترین کەسێتی میحوەرى ئێستا مالیکیەو کۆى ئەوانەى تر بە شیعەو سونە ناتوانن لە هەژموونی ئەو دەربازبن. هەرچۆن لە کوردستان مەسعود بارزانی میحوەرو ئەوانی تریش بە ئاستی جیاواز بەدەورى ئەوەوەن. لەحاڵەتی سەرکەوتنی مالیکیدا هیچ بوارێک بۆ مانەوەى ئەوەى کە ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی بە عێراقی یەکگرتوو ناوى دەبەن نامێنێتەوەو ئەمەریکا خۆى دەبێتە ئەندازیارى دابەشکردنی عێراق و بە زیادەوە بەرنامەکەى جۆ بایدن کە لە سەرەتاى سەدەى بیست و یەکدا بۆ ئایندەى عێراقی پێشنیارکردبوو، جێبەجێ دەکرێت. خۆ ئەگەر عەبادى لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا بە پشتگیرى ئەمەریکا بیباتەوە ئەوە حکومەتەکەى عەبادى لەمەى ئێستاى بەهێزتر نابێت و ناتوانێت هیچ رێگرییەک لە درووستبوونی دەوڵەتی کوردى بکات. لە بارێکی وەهاشدا ئێران کە لە عێراقدا دەدۆڕێت، هەروا بە ئاسانی دەستبەردارى بەرژەوەندییەکانی نابێت و لەلایەک لە نێو ماڵی شیعە خۆیەوە دژایەتی عەبادى و شیعە پرۆئەمەریکیەکان دەکات و لەبەرامبەریشدا پشتگیرى مالیکی و ئەوانەى تر دەکات کە بووکەشووشەى ئێرانین. لەم هەلومەرجەدا ئێران ئەگەر پشتگیرى کوردیش نەکات بۆ دروستکردنی دەوڵەت ئەوا دژایەتی ناکات.
ئایا راگەیاندنە شێلگیرییەکانی ئەردۆگان بەردەوام دەبێت و ئەوەى دەریدەبرَێت بۆ ماوەى دوورو درێژ لەسەر زەمینەى واقیع جێبەجێ دەکات؟ ئایا بەرژەوەندییە ئابوورییەکان و کۆمپانیە وەبەرهێنرەکانی تورکیا لە باشوورى کوردستان لەم رووەوە چ رۆڵ و کاریگەرییەکیان دەبێت؟ ئەوەى پێشبینی دەکرێت، پێناچێت هاژەوهوژەکانی سولتان ئەردۆگان زۆر بەردەوام بێت، ئەو سولتان ئەردۆگانەى کە ئێستا گڕى گرتووەو وا رەفتار دەکات کە درووستبوونی دەوڵەتی کوردى ماناى ناردنەوەى ئەوى تورکە بۆ ئاسیاى ناوەند. پێشتریش زۆر گوێمان لەوە دەبوو کە ریفراندۆم پرۆژەى درووستکردنی میرنشینێکی ئەرۆگانیە لە لایەن مەسعود بارزانیەوە. ئایا دەشێت هەڕەشەو گوڕەشەکانی ئەردۆکان جۆرێک لە نواندن بێت و لە بنەوە لەگەڵ درووستبوونی دەوڵەتی کوردى یان بە روانینی ئەوانەى گوتمان لەگەڵ درووستکرنی میرنشینی ئەردۆگانیدا بێت. هەروەک دەشێت هەڵوێستەکانی ئەردۆگان بۆ راگرتنی سۆزى تورکە کەمالیستەکان و جەماوەرى دەنگدەرى خۆیشی بێت کە ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن لە هەڵبژاردنی داهاتوودا کەسی ئەردۆگان فرَبدرێتە دەروەى دەسەڵات.
بەهەرحاڵ دواى ریفراندۆم کورد پێی ناوەتە قۆناغێکی ترى ژیانی سیاسیەوەو فایلی سەربەخۆیی کوردستان کراوەتەوەو هەتا لەسەر زەمینەى واقیعیش ئەو دەوڵەتە پێکنەیەت، فایلی کوردى لەسەر مێزى سیاسەتی نێودەوڵەتی ناپێچرێتەوە. بەڵام گرنگە کورد یەکەم خۆڕاگربێت، دووەم دوور لە هەڵچوون و بە هێمنی و بە لۆجیکی عەقڵ و پشوودرێژانە کاربکات و بە بریارە هەرزەکارییەکانی عەبادى وپەرلەمانە کارتۆنیەکەى عێراق نەوروژێت و لەگەڵ ئەوەشدا دەبێ خۆى بۆ هەموو پێشهاتێک ئامادە بکات. بێگومان هێمنی کوردو هەڵوێستی هسترییانەى عەرەبی عێراق، لە سوودى کورد دەشکێتەوەو چەند عێراقیەکان بەو شێوە دڕندانەو بەو عەقڵیەتە نالۆجیکیەوە هەڵوێست بەرامبەر بە کورد و خواستەکانی وەربگرن و نیشان بدەن.. هەنگاوەکانی گەیشتنی کورد بە سەربەخۆیی و راگەیاندنی دەوڵەت کورتتر دەکەنەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت