عەتا قەرەداخی : حیکایەتی باخەوان و شێخ و مەلا و مجەوەر .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دەگێڕنەوە باخەوانێک دەبێت ، باخێکی نایابی دەبێت . شێخێک ومەلاى گوندەکەیان و مجەوەرى مزگەوتەکە کە زۆربەى کات پێکەوە دەبن ، هەندێجار کۆک و زۆرجاریش ناکۆک دەبن . رۆژێک بڕیار دەدەن پێکەوە بچن بۆ سەیران . کە دەچنە دەرەوە دەچنە ناوباخی کابراى باخەوانەوەو بە ئارەزووى خۆیان میوە لێدەکەنەوەو تەنانەت بە سەر رێبوارو جوتیارو شوان و باخەوانەکانی ئەو دەوروبەرەشدا میوەى باخەکەى ئەو دەبەخشنەوە . کاتێ کابراى باخەوان دێت ، دەبینێت باخەکەى وێرانکراوە ، نازانێت چی بکات و بە تەنیاش ناتوانێت هیچیان بەرامبەر بکات . دەڕوات بۆ لاى پیاوێکی دنیادیەى فێڵبازى سەردەرچوو لە هەموو شتێک ، ئەویش رێنومایی دەکات کە چی بکات . پاشان باخەوانەکە دێتەوە بۆ لاى باخەکەى و سەلام لە میوانانی ناو باخەکەى دەکات و رووەکاتە یاشێخ و پێی دەڵێت : قوربان جەنابتان سەروەرو گەورەى ئێمەن ، ماڵ و باخ و هەرچیم هەیە لە خزمەتى ئێوەدایە . روودەکات مەلاکەو پێی دەڵێت : قوربان جەنابی مامۆستا ، ئێوە میراتگرى پێغەمبەرانن و ئێمەى مسوڵمانان خزمەتکارى ئێوەین . بەڵام ئێوە تێمبگەیەنن ئەم مجەوەرە قوڕمساخە بەچ حەقێک دێتە ناو باخی من و واى لێدەکات . ئەوانیش هەردووکیان دەڵێن : تۆ راست دەکەیت ، مجەوەر چیە تا بێتە ناو باخی تۆوەو بەوجۆرەى لێبکات . باخەوانەکە کە دەزانێت شێخ و مەلا پشتی مجەورەکە ناگرن بە کوتەکێکی بارخۆش دەکوێتە سەروگوێی مجەوەرەکە ئەوەندەى لێدەدات بێهۆشی دەکات ، پاشان دەیبەستێتەوە بە دارێکی ناو باخەکەوە .
دواى ئەوەى کە وچانێکی باش دەدات ، کاکی باخەوان دێتەوە لاى شێخ و پێی دەڵێت : قوربان جەنابتان سەروەرو گەورەى هەمووانن ، بەڵام ئەمەوێ بزانم ئەم کابرایە چۆن خۆى کردووە بە میراتگرى پێغەمبەرو بەوشێوە باخی من وێران دەکات . یا شێخ دەڵی : راست دەکەیت . باخەوانەکە تێدەگات کە یاشێخ پشتگیرى مەلاکە ناکات ، بۆیە بە هەمان کوتەکی پێشوو دەکەوێتە گیانی مەلا ، هەموو سەروگوێی دەشکێنێت و پاشان ئەویش بە درەختێکی ترى ناو باخەکەیەوە دەبەستێتەوە . کاکی باخەوان پشوویەکی ترى بۆ دەدات و ئەنجا دێتەوە بۆ لاى یاشێخ ، پێی دەڵێت : کێ تۆى کردووە بە شێخ و مافی پێداویت بەمجۆرە باخی من وێران بکەیت . بەهەمان کوتەک دەکەوێتە گیانی یاشێخ و هەموو گیانی تێکدەشکێنێت و پاشان ئەویش دەبەستێتەوە بە درەختێکی ترەوە . کاتێ رێبوارو شوان و جوتیارو خەڵکی دەوروبەرەکە دەبینن باخەوانەکە چۆن ئەو سیانەى تەمبێ کرد ، هەموو لەرزیان لێدێت و بەپەلە هەریەکە چی وەرگرتبوو دەیگێڕێتەوە بۆ باخەوانەکە .
ئەمە حیکایەتێکی فۆلکلۆرییەو من لە دەمی پیاوێکی ژیرو بە ئەزموونی لاى خۆمانم بیستووە ، بەڵام پێ دەچێت ئەو باخەوانە کاک نەوشیروان بێت و شێخ و مەلاو مجەوەرەکەش سێ کەسى یەکەمی یەکێتی بن . ئەگەر یەکێتی باخەکە بێت ئەوا کاک نەوشیروان دەشێ خۆى بەو باخەوانە بزانێت کە رەنجی زۆرى لەو باخەدا داوەو ئەوانیتریش وەها سەیر بکات ، کە هاتوونەتە ناو باخەکەى ئەوەوە . ئێستا من تەنیا دوو پرسیارم هەیە .

یەکەم : ئایا کام لەو سێ بەڕێزە میجەوەرو مەلاو شێخەکەن ؟

دووەم : ئایا ئەم باخەوانە دەتوانێت بەوجۆرەى باخەوانی حیکایەتەکە ئەم شێخ و مەلاو مجەوەرە رابگرێت ؟ ئەى ئەگەر نەیتوانی هیچیان بەرامبەر بکات ، شوێنی خۆى چی دەبێت لە ناو باخەکەدا ؟
تێبینی : ئەمە گێڕانەوەى حیکایەتێکەو بەس هیوادارم هەموو کەسانی ناو باخەکە بە هێمنی و بە دڵسۆزى و دوور لە رق و کینەو بە برایەتی پێکەوە کاربکەن بۆ ئەوەى باخەکە بەرهەمێکی باشترى هەبێت .

کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوەو ، ئەم بابەتە ئاشنا بکە بە هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت