عەتا قەرەداخی : لە شەنگاڵ و جەلەولاوە بۆ کۆبانی!!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەوە ئاشکرایە کە ئێزیدییەکان کوردی رەسەنن و زۆرینەى زۆری خۆیشیان خۆیان بە کوردی رەسەن دادەنێن . بەڵام یەکێک لە کێشەکان ئەوەیە ئەو بەشانەى کورد کە پەیڕەوکەری ئایین یان مەزهەبێکی تری غەیری ئیسلامن ، لە لایەن ئەوانی ترەوە بە تایبەتی کوردناسان بە کورد دانانرێن . زۆرێک لە رۆژهەڵاتناسان و کوردناسانی بیانی لوڕو ئێزیدی و کاکەیی و شەبەک وەکو پێکهاتەى جیاواز لە کورد سەیر دەکەن ، کە ئەوەش لە کۆنەستی کۆمەڵایەتی ئەوانە خۆیان و تەنانەت کورددا بەگشتی زیانی گەورەى لە یەکێتی نەتەوەی کورد داوە . بەهەرحاڵ بۆ ئێمەى کورد خۆمان ئەو مەسەلانە جێگای گفتوگۆکردن نین چونکە هەموو ئەوانەى ئینتیمایان بۆ رەگەزی کوردی هەیەو خۆیان بە کورد دەزانن ئەوە هەموویان کوردن .
ئێستا باسی ئەوە ناکەین کە ئێزیدییەکان چۆن لە مێژوودا غەدریان لێکراوەو بە جۆرەها شێوە هەوڵی رووتکردنەوەیان لە شووناسی نەتەوەییان دراوەو تەعریبکراون و لە لایەن ئیسلامیە تووندڕەوەکانیشەوە بە قسەو بە ئاخاوتن سووکایەتی زۆر بە ئایینەکەیان و بە خۆیشیان کراوە . تا دواجار کەوتنە بەر هێرشی هێزێکی تاریکستانی دڕندەى وەکو داعش ، ئەو هێزەى کە هەڵگری کەلتوورو پرینسیپەکانی دەوڵەتی خەلافەتە ، ئەو دەوڵەتەى کە لە فەتحی ئیسلامیدا یەکەم ئەنفالی کوردی کردو پاش چواردە سەدەش سەدام حسێنی سەرکردەى ناسیونالیستی عەرەبی ، ئەو ناسیونالیستەى کە بکەری ئەو ناسیونالیزمەیە ئیسلام یەکێکە لە پایە سەرەکیەکانی . واتە ئەوەى کورد بە گشتی لە لە ئەنفالی یەکەمدا سوپای ئیسلام بەسەری هێنا ، لە قۆناغێکی تردا سەدام حسێن و لە ئێستاشدا داعش چ لە شەنگاڵ و ناوچەکانی تر چ لە کۆبانی ئەوە دژی کورد دەکاتەوە . کە دیارە ئاشکرایە ئێزیدیەکان سەرباری ئاوارەبوونیان و بەجێهێشتنی شەنگاڵ و ناوچەکانی تریان ، ئەوانەشی کە بەردەستی ئەو هێزە دژمرۆییە کەوتوون چ سوکایەتیەکیان پێکراوە . ئەمە بێجگە لەوەى کە داعش وەکو هێزێکی رەشی دژە کوردو دژە مرۆڤایەتی دەستی لە رشتنی خوێن کورد نەپاراستووە.
بەهەرحاڵ جێگای خۆیەتی بپرسین ئایا بۆچی ئێزیدییەکان بوونە ئامانجی هێرشەکانی داعش ؟ ئەی ئایا بۆچی شەنگاڵ و جوگرافیای ئێزیدییەکان زۆر بە ئاسانی و بێ بەرگرییەکی ئەوتۆ کە شایانی باس بێت کەوتە ژێردەستی هێزەکانی داعش ؟ ئایا هێرشەکانی داعش ئەوەندە بەهێز بوون کە هێزی پێشمەرگە نەتوانێت بەرگری بکات ؟ یان داخۆ هێزی پێشمەرگە لەو ناوچەیە ئەوەندە لاواز بوو کە توانای بەرگری کردنی نەبێت ؟ یان ئەمە جۆرێک بوو لە یاری و لەو یاریەشدا ئێزیدییەکان کران بە قۆچی قوربانی ؟ یان دەشێ جۆرێک لە سزادانی پارتی بێت بۆ ئێزیدیەکان بە تایبەتی کە بەشێکی دیار لە یەزیدییەکان لایەنگری پەیەدەو پێکەکەن .
بێگومان کە سەیری ئەوە دەکەین بە بێبەرگرییەکی ئەوتۆ ئەو رووبەرە فراوانەى کوردستان کەوتە ژێر دەسەڵاتی داعشەوە ، ئەو پرسیارەمان لادرووست دەبێت کە داگیرکردنی جوگرافیای ئێزیدییەکان لە جۆرێک لە یاری دەچێت ، کە ئەنجامی ئەو یارییەش بێگومان ئەوەیە کە پێدەچێت ئێزیدییەکان بکاتە ئاوارەی هەتاهەتایی ، چونکە هیچ ئومێدێکی رزگارکردنی شەنگاڵ و ناوچەکانی دەوروبەری ناکرێت. ئێستا پرسیار ئەوەیە ئایا دەشێ یارییەکی نێودەوڵەتی لە پشتی بەقوربانیکردنی ئێزیدییەکانەوە بێت یان یارییەکی کوردی ؟ بێگومان هەرکام لەو دوویارییە بێت ئەوە شتێکی قێزەونەو هیچ دەستکەوتێک ئەوە ناهێنێت کە ژماەرەیەکی زۆر لە دانیشتوانی مەدەنی لە پێناویدا بکرێنە قۆچی قوربانی .
ئەوەى زیاتر گومان لەسەر بوونی ئەو یارییە سیاسیە زیاتر دەکات ئەوەیە کە پێشتر سەرکردایەتی سیاسی هەرێمی کوردستان باسی ئەوەى دەکرد کە کوردستان مەترسی لەسەر نییەو ئەگەر مەترسیش هەبێت ئەوە کورد لە پێگەى بەرگریدایەو بە هەموو شێوەیەک دەتوانێت بەرگری لە سنوورەکانی خۆی بکات ، بەڵام وەکو بینیمان شەنگاڵ و دەوروبەری بە بێبەرگریەکی ئەوتۆ چۆڵکرا، هەروەک ئێستا ئەوەى لە کۆبانی روودەدات هەمان بیرەوەری تاڵی شەنگاڵمان بیردەخاتەوە. پێشتر پەیەدەو پێکەکە سەرزەنشتی پێشمەرگەیان دەکرد کە ناتوانن بەرگری بکەن ، کەواتە بابپرسین ئەی داخۆ ئەوان خۆیان بۆچی بەهەمان دەردی پێشمەرگەچوون لە شەنگاڵ و مەخموورو خازرو جەلەولاو سەعدیە . بۆیە جێگای خۆیەتی بپرسین ئایا ئەو هێزانەى بۆ بەرگریکردن لە سنووری شەنگاڵ و زومار دانراربوون چیان کرد؟ کامەیە ئەو بەرگرییەى لەو بەشە گرنگەى کوردستانیان کرد ؟ ئایا ئەو هێزە بەزین و سەنگەرەکانیان چۆڵکرد؟ یان فەرمانی کشانەوەیان پێدرا؟ ئایا بۆچی پاش شەڕێکی درێژخایەن هێزى پێشمەرگە نەیتوانی لە جەلەولا بمێنێتەوە ؟ ئەی کۆبانی ؟ گریمان ئەوەی باشووری کوردستان یارییەکەو لە پێناوی مەکسەبدا کراوە ئەگەرچی ئەوە یارییەکی قێزەونە ، بەڵام ئایا ئەوەى رۆژئاوا چیە ؟ ئایا ئەویش هەر یارییە؟ یان لاوازی توانای بەرگرییە ؟ یان سەرکردایەتی سیاسی کوردی لە رۆژهەڵات و رۆژئاوا بێئاگایە لە توانای بەرگری هێزی پێشمەرگە ؟؟ هەرچەندە هیچ گومانمان لەوە نییە کە پێشمەرگە ئەو هێزە خۆبەختکەرو نەبەردەیە کە ئامادەی خوێن بەخشین و ژیان بەخشینە لە پێناوی پاراستنی بستێکی کوردستاندا ، بەڵام ئەوە سەرکردایەتی کوردییە لە هەموو بەشەکانی کوردستان ناتوانێت وەکو پێویستە رابەرایەتی پێشمەرگە بکات ؟
بەهەرحاڵ ئەوەى پێشبینی دەکرێت دەسەڵاتی کوردی بە ئومێدی ئەوە نییە کە جارێکی تر بگەڕێـتەوە بۆ شەنگاڵ و زومارو جوگرافیای ئێزیدییەکان . هەروەک لە جەلەولاش درێژەکێشانی بارودۆخەکە چاوەڕوانی ئەوەى لێناکرێت جارێکی تر هێزی پێشمەرگە یان کورد ببێـەوە بە خاوەنی ئەو ناوچەیە . ئەنجا ئایا چارەنووسی کۆبانی چی دەبێت ؟ بە تایبەتی لە ئێستاوە سەرکردایەتی کوردی لە هەردووبەش کەوتووەتە پاساوهێنانەوە بۆ نەتوانینی هێرشکردن بۆ ئەو ناوچانە.کە من پێموایە ئەوە بێجگە لە خۆدزینەوە هیچیتر نییە . بەهەرحاڵ ئەوەى دەبینرێت ئەوەیە کە ئێزیدییەکان کران بە قوربانی یارییەکی سیاسی و دەشکرێن بە ئاوارەیەکی هەمیشەیی و دەشێ بیر لەوەش کرابێتەوە کە ئێزیدییەکان وەکو کەمینەیەکی ئایینی ، نیشاندانیان وەکو قوربانی ، یان هەر لەراستیدا بوونیان بە قوربانی زیاتر سۆزی جیهانی بڕیاربەدەست و دەرەوە بەلای کورددا رابکێشێت و ئەوەش بەشێکە لە هۆکاری ئەو یارییە بێت ، کە پێموایە دیسان ئەگەر رووداوی ئاوارەبوونی ئێزیدییەکان لێرەوە سەرچاوەی گرتبێت و ئەمە یارییەکە بێت ، ئەوا یارییەکی هێجگار قێزەونەو یاریکردنە بە کەسێت و کەرامەت و ژیانی رووبەرێکی فراوان لە مرۆڤ کە شایانی ئەوەن رێزیان لێ بگیرێت و بە کەرامەتەوە بژین . هەروەک ئێستا هەمان مەترسی لەسەر کۆبانی و پاشانیش بەشەکانی تری رۆژئاوای کوردستان هەیە . ئایا کورد بە گشتی دەتوانێت چی بکات بۆ پاراستنی کوردستان بە تایبەتی بۆ پارستنی ئەزموونی رۆژئاوا ئەگەر ئاشکرایە ئەو ئەزموونە چارەنووسی هەر لەسەرەتاوە لێڵ و تەمومژاویە ؟ ئایا پەیەدەو هێزە کوردییەکانی تر بە گشتی و پێکەکە لەو رووەوە چ دەورێکیان دەبێت ؟ ئایا مەترسی ئەوە لە ئارادا نییە قەیرانی کۆبانی لە ئێستادا بۆ ئەوە بێت پێکەکە بکرێتە ئامانج ؟ بە بڕوای من پێویستە کورد بە گومانێکی سەختەوە سەیری هەموو ئەو ئەگەرانە بکات و بەو پێیەش ئامادەباشی خۆی بکات .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت