sherko-bekes_resize

عەتا قەرەداخی : من و ئێوە لە شیعری ( وەڵام ) ى شێرکۆ بێکەسدا .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

( وەڵام ) شیعرێکی شاعیری دیار شێرکۆ بێکەسە کە لە گۆڤاری ئایندەی ژمارە (8،9 ) دا بڵاو کراوەتەوە .ئەم شیعرە بەپێچەوانەی ئەزموونی شیعری دوای راپەڕینی ئەم شاعیرەوە رووبەرێکی تەسکی داگیر کردووە لە کاتێکدا کە شێرکۆ لەو ماوەیەدا زیاتر شیعری درێژی نووسیووە . ئەگەر ئەم خاڵە بە جیاوازییەک دابنرێت لەگەڵ زۆربەی بەرهەمەکانی تری ئەم شاعیرەدا ئەوا جیاوازییەکی لەمە گرنگتر ئەوەیە کە ئەم دەقەی شاعیر زیاتر گەڕانەوەیە بۆ نێو زاتی شاعیر خۆی لە کاتێکدا کە کارکردنی شێرکۆ زیاتر لە رووبەری سیاسەتدایە .بە گوێرەی شیعری درێژیش ئەگەر بەپێی ئەو بنەمایە قسە بکەین کە لەسەردەمی ئێستادا بەهۆی خێرایی رووداوەکان و گۆڕانکارییەکانەوە هاتوونەتە گۆڕێ ئەوا دەشێ بڵێین کاتی ئەوە بەسەر چووبێت کە مرۆڤ بتوانێت خۆی بە خوێندنەوەی شیعری درێژ یان ئیپیکەوە خەریک بکات .هەروەک ئەو رایەش هەیە کە شیعری درێژ زیاتر شیعری قۆناغی فیودیالیە . لەبارەی شیعری درێژو دەربەند پەپولەی شیرکۆوە ، رەخنەگری عێراقی یاسین النێیر دەڵێت ( چۆن لە سەردەمی ئێستادا مەلحەمەی شیعری دروست دەکرێت- رۆژنامەی الاتحاد – ژمارە (216 ) ى 10ی ئایاری ساڵی 1997 ) .

بێگومان ئەم شیعرە کە ناونیشانەکەی ( وەڵام ) ە ، دەشێ لە ئاستی بینراوی دەقەکەدا واتێبگەین کە شاعیر لێرەدا وەڵامی پرسیارێک دەداتەوە کە دیارە دەبێ لە وەڵامدانەوەی پرسیاریشدا زانیاری نوێ پێشکەش بکرێت بەڵام ئەوەی ئاشکرایە لەم شیعرەدا هیچ زانیارییەکى نوێ پێشکەش ناکرێت ، بەڵکو لە رێگای کۆمەڵێک بەراورد کردنەوە هەوڵدەدات تواناو خاسێتە دیارەکانی خۆی بخاتە روو ئەویش بەمەبەستی دەرخستنی جیاوازی لە نێوان خۆی و ئەوانی تردا کە ئەوەش بە ئامانجی بەدەستهێنانی جۆرێک لە شوناسە کە خۆیی لەوانی تر پێ جیابکاتەوە . هەڵبەت ئەوە ئاشکرایە کە شێرکۆ لە ئەزموونی شیعری خۆیدا زیاتر توخم و رەگەزەکانی سرووشتی هێناوەو کردوونی بەپێکهاتە و ئامرازی بنادنانی دەقەکانى و شیعریەتی لێ بەرهەمهێناون .لەوەشدا زۆربەی کات خاسێتەکانی سروشتی حواستووە بۆ وەسفی خۆی یان بە گشتی بۆ وەسفی مرۆڤ . ئەگەرچى هەندێ جاریش خۆی خستۆتە شوێنی توخمەکانی سروشت و خاسێتەکانی سروشتی بە باڵای خۆی بڕیووە ئەویش بە مەبەستی بەخشینی جوانی بە کەسێتی خۆی چ لە لایەنی کەسێتی کۆمەڵایەتیەوە بێت یان لایەنی داهێنانەوە .

لێرەدا پێم باشە دەقی شیعرەکە بڵاو بکەمەوە بۆ ئەوەی خوێنەر دەقەکەی لە بەردەستدا بێت و بزانێت باسی چى دەکەین .

کڵاو کوڕە

بەشێک لەو خەمەی هەیەتی

لە بەر کڵاوە جوانەکەی سەر سەرێتی

بەم رۆژگارە هەزار باڵندەی بێ کڵاو لە داخاندا

باڵ لە بوغزە وەرئەدەن و

چاویان هەڵنایە بیبینن

بەشێک لە مەراقی مامز

لە بەربۆنی خۆشی ئەو مسکەیە لێی دێ

بەم رۆژگارە هەزار ئاژەڵی بۆن ناخۆش

لە سەر رێگای ئەویندا .. لێرەو لەوێ لە داخاندا

داوە مەرگی بۆ ئەچێنن

بەشێک لە ئازاری کرمی ئاورێشمینیش

لە بەر قۆزاخەی ئاورێشمە

بەم رۆژگارە هەزار کرمى بێ قۆزاخەو هیچ پێ نەبوو

لە داخاندا ، ئەچنە ماڵی ئاورێشمەوەو

پەردەی ژووری خەونەکانی ئەژاکێنن

بەشێک لە ژانى تاڤگەش

لە بەر بەرزی باڵایەتی

بەم رۆژگارە هەزار ئاوی کورتە باڵاو تەنکە بوار

لە خوارەوە ، لە داخاندا

ئەچنە سەر شانی کەڵەکی داڕووخاو و

بەردی ئیرەیی تێ ئەگرن .

وەکو لە سەرەوە ئاماژەمان بۆ کرد ناونیشانی ئەم شیعرەیە ( وەڵام ) بریتی نییە لە وەڵامی یرسیار بەڵکو وەڵامە بۆ کەسێک یان بۆ هەموو ئەوانەی کە شاعیر پێی وایە دان بە توانای داهێنانی ئەودا نانێن یان دەشێ کەسێتی شیعری ئەو یان تەنانەت کەسێتی کۆمەڵایەتی ئەویان بە دڵ نەبێت . ئەمیش لە رێگای ئەم دەقەوە بە بەکارهێنان و بە ئامراز کردنی رەگەزو توخمەکانی سروشت لە رێگای بنیادنانی کۆمەڵێک میتافۆرەوە دەیەوێت جوانی و توانای داهێنان و لێهاتووی خۆی نمایش بکات .لە هەمان کاتدالە بنیادی دەقەکەدا ئەوە تێبینی دەکرێت کە ئەم شیعرە زیاتر بەرهەمی جۆرێک لە هەڵچوونە کە ئەوەش وایکردووە شاعیر مل کەچی سانسۆری ناوەوە نەبێت و لە ئەنجامى ئەوەشدا ئەوەی لە رووبەری نەستدا پەنگی خواردۆتەوە لە رێگای میتافۆر و بەراورد کردنەوە فرێِدراوەتە نێو پێکهاتەی دەقەکەوە .ئەمەش جۆرێک لە راستگۆیی بە دەقەکە بەخشیووەو دەقەکە بووەتە پانتاییەک بۆ وێناکردنی ئەوەی لە ناخی شاعیردا هەیە بەرامبەر بەوی تر یان بەوانی تر . بە واتایەکی تر باری تووڕە بوون و هەڵچوون بۆ شاعیر نزیکە لەو بارە دەروونیە هەژاوەی کە شیعری تێدا بەرهەم دێت . بە واتا لە هەڵچووندا مرۆڤ دەگەڕێتەوە بۆ ئەسڵی خۆی و ئەوەی لەو چرکە ساتەدا دەری دەبڕێت دەشێ گوزارشتێکی راستگۆیانە بێت لە بوونی خۆی .دیارە هەر لە سەربنەمای ئەم لێکدانەوەیەیە کە پێمان وایە شاعیر لەم دەقەدا گەڕاوەتەوە بۆ نێو زاتی خۆی و نمایشی ئەو راستیانە دەکات کە لە بوونی راستەقینەی ئەودا هەن چ سەبارەت بە خۆی وەکو شاعیر چ سەبارەت بە ئەوانی تر هەم وەکو شاعیر ونووسەر هەم وەکو کۆمەڵ .

شاعیر ئەم شیعرەی بە زمانێکی سادە نووسیووە بەڵام توانیوویەتی لەو زمانە سادەیە شیعریەت بەرهەم بهێنێت و دەقێک بنووسێت کە هەڵگری کۆمەڵێ پرسیاری سیۆسیۆلۆژی و سایکۆلۆژی و ئێتیکی بێت .شێوازی ئاراستە کردنی پرسیارەکان و ئەو دەلالات و مانایانەی کە دەقەکە هەڵیان دەگرێت رووناکی دەخەنە سەر جیهانبینی دەقەمەو لەوێشەوە بەشێک لە جیهانبینی شاعیر بەرهەمدێت .شیرکۆ لەم دەقەدا کە سروشت و توخمەکانی سروشتی کردۆتە ناوەند بۆ ئەوەی لە رێگای ئەو ناوندەو کارکردن تیایداو بەراورد درووستکردن لە نێوان ئەو توخمانەدا لە سەر بنەمای بە مۆدێل کردنی چەند رەگەزێک و بەراورد کردنی هەموو ئەوانی تر بەو مۆدێلە دەیەوێت زەمینە بۆ درووستکردنی جیاوازی گەورە بڕەخسێنێت .کە ئەویش بە مەبەستی جیاکردنەوەی تاکە کەسی داهێنەر یان تاکە کەسی جیاوازە لە کەسێک کە ناتوانێت داهێنان بکات یان لە کۆی گشتی خەڵک .

شاعیر لەم دەقەدا چوار جار خۆی دەخاتە شوێنی توخم و رەگەزەکانی نێو سروشت وهەرجارەش خۆی کە لە ئاستی نەگوتراودا خۆی بریتیە لەو توخم و رەگەزانە بە روانینی خۆی نموونەی باڵا هەڵدەبژێرێت هەتا بیکات بە مۆدێل ولە گەڵ هاوشێوەکانیدا بیخاتە بەراوردەوە .دیارە لەو بەراوردەشدا دەبێ مۆدێلەکە کە بریتی دەبێت لە کەسێتی ئەم بکەوێتە پێش ئەوانی ترەوە . ئەو چوار رەگەزەی کە کردوونی بە مۆدێل سیانیان زیندەوەرەو ئەویتریان رەگەزێگی سرشتییە .سێ رەگەزە زیندووەکەش دابەش بوون لە نێوان باڵندەو ئاژەڵ و مێروودا . لە ئاستی نەگوتراوی دەقەکەدا لە لایەک جۆراو جۆری و هارمۆنیاو پێکەوە ژیانی پێکهاتە جیاوازەکانی نێو سروشت نیشان دەدات . لە لایەکی ترەوە ئەوە نیشان دەدات کە جوانی و رەنگینی سروشت بە تەنیا توخمێک یان رەگەزێک پێکنایەت بەڵکو سەرجەم توخم و رەگەزە جۆراو جۆرەکان پێکەوە بەشدارن لە دروستکردنی ئێستاتیکای سروشتدا .لەم شیعرەدا هەرچەندە لە شێوەیکی ناراستەوخۆدا قسە لەسەر مرۆڤ دەکرێت بەڵام سروشت و توخمەکانی سروشت کراون بە چەق یان ناوەندی قسەکردن و لە رێگای بە ئامازکردنی سروشت و رەگەزەکانییەوە قسە لە سەر مرۆڤ دەکرێت .

لە یەکەم هاوشێوەکردنی ناراستەو خۆدا شاعیر بە جۆرێک کە لە ئاستی بینراوی دەقەکەدا نابینرَت خۆی هاوشێوە دەکات لە گەڵ کڵاو کوڕەدا و وەسفی خاسێتە دیارەکانی ئەم باڵندەیە دەکات وبەلای ئەمەوە ئەم باڵندەیە لە جوانیدا لە هەزار باڵندەی تر جوانترە . جوانیەکەشی بە هۆی کڵاوەکەی سەر سەریەوەیە . ئەم جوانیەکەش وای لێدەکات کە هەموو باڵندەکانی تر ئیرەیی پێ ببەن و تەنانەت رقیشیان لێی بێتەوە .بێگومان ئەوە شتێکی بەڵگە نەویستە کە جوانی شتێکی رێژەییەو هەر کەسی و ، بوونە وەر و شتێک جۆرێک لە جوانی تێدایە و لە گەڵ جیاوازی رێژەو ئاستی جوانیشدا دیارە جوانیەکیش نییە کە پێی بگوترێت جوانی رەها .دەشێ کڵاوکەی سەر سەری کڵاو کوڕە جوانیەکی تێدا بێت بەڵام دەشێ لە ئاراستەیەکى تریشەوە پرسیار لە بارەی ئەو کڵاوەوە بکرێت . ئایا دەبێ ئەو کڵاوە چ ئەرکێکی فیسیۆلۆژیانەی هەبێت ؟ ئایا دەشێ وای لێکبدەینەوە کە ئەو کڵاوە رۆڵی پاراستنى هەبێت ؟ ئایا دەشێ بۆ ئەم باڵندەیە جێگای شانازی بێت کە شتێکی هەبێت باڵندەکانی تر نەیان بێت ؟ لێرەدا بەدوای وەڵامی ئەم پرسیارانەدا ناگەڕێین ، بەڵام دەمانەوێت لە رووی پەرەسەندنی بایۆلۆژیەوە سەیری کڵاو یان هەر ئەندامێکی تری زیادە بکەین لە زیندەوەراندا .بە پشت بەستن بە تیۆرەکانی پەرەسەندن لە زیندەوەرانی ئاسایدا ئەو ئەندامانەی کە ئەرکیان نامێنێت بەرە بەرە لاواز دەبن و سەر ئەنجام دەپوکێنەوە بۆ نموومە لەبەر ئەوەی کە کلک لە مرۆڤدا هیچ ئەرکێکی نەماوە پوکاوەتەوە . بێگومان مانەوەی کڵاو لە سەر سەری کڵاوکوڕە بەڵگەی سەرەتایی بوونی ئەم باڵندەیە لە رووی پەرەسەندنەوە . کەواتە ئێستا بەراورد کردنی ئەم باڵندەیە لە گەڵ باڵندەکانی تردا کە کڵاویان نییە بەڵگەی پەرەسەندنی کڵاوکوڕە نییە بەڵکو بە پێچەوانەوە دەشێ بکرێت بە بەڵگە بۆ مانەوەی ئەم باڵندە لە بارێکی هێگار سەرەتایدا .

لێرەدا ئەو پرسیارە سەر هەڵدەدات ئایا زیندەوەران ئیرەیی بە یەکتر دەبەن یان ئیرەیی تەنیا خاسێتی مرۆڤە ؟ هەر لێرەوە دەردەکەوێت ئەوەی کە بە کڵاوکوڕە ناو دەبرێت و بەراورد دەکرێت بە هەزار باڵندەى تر ئەوە باڵندە نییە بەڵکو مرۆڤە ، دەشێ وایشی بۆ بچین کە شاعیر باسی کەسێکی تر ناکات بەڵکو ئەوەی کە باسی دەکات رەنگە خۆی بێت یان هەر خۆیەتی .کەواتە لێرەوە دەتوانین بڵێین شاعیر لە بنیادنانی ئەم جۆرە بەراوردو وەسف کردنەدا مەبەستی زاتی خۆیەتی ،رەنگە ئەو پرسیارەش خۆی بسەپێنێت کە بۆچى راستەوخۆ لە زاتی خۆی نادوێت ؟ ئایا دەشێ بەربەستێکی دەروونی یان کۆمەڵایەتی یان ئەخلاقی لە پشتی دوورکەوتنەوەی ئەوەوەبن لە دەربڕینی راستەوخۆی ئەودا سەبارەت بە خۆی ؟ یان لە راستیدا نەتوانینی قسەکردنی راستەوخۆ لە بارەی خوودی خۆیەوە پەیوەندی بە بنیادی کەسێتی ئەو و ئاستی بوێری ئەوەوە هەیە ؟ یان لە بنەرەتدا ئەم پەروەردەی کەلتورێکە ناتوانێت بە شێوەیەکى گشتی تاکە کەسی خاوەن شوناس ئامادە بکات بە جۆرێک کە لە ئاستێکدا بێت بتوانێت بێ گوێدانە هیچ بەربەستێکی کۆمەڵایەتی یان دەروونی یان ئەخلاقی گوزارشت لە خۆی و لەشتەکانی ناخی بکات . لێرەدا شاعیر لە رێَگای بە مەبەست کردنی باڵندەو توخمەکانی سروشتەوە لە خۆی دەدوێت هەروەک لەو لە خۆ دواندنەشدا خۆی لە وێنەی کڵاو کوڕەدا بەرجەستە دەکات و لەو کارەشدا مەبەستێتێتی بڵێت کە ئەم جیاوازە لەوانی تر هەر چۆن کڵاو کوڕە لە باڵندەکانی تر جیاوازە . کڵاو کوڕە بە کڵاوەکەیدا جیا دەکرێتەوە ئەمیش وەکو شاعیر دەیەوێت بڵێت لە رێگای داهێنانەوە لە شاعیر و نووسەرانی تر جیا دەکرێتەوە .لێرەدا لە شێوەیەکی ناراستەو خۆدا شیعر وەکو ئامرازی خۆ جیاکردنەوەی شاعیر لەوانی دی هاوشێوەیە لەگەڵ کڵاوەکەی سەرسەری کڵاو کوڕەدا .بەڵام وەکو پێشتر ئاماژەمان بۆ کرد ئەو کڵاوە ئەرکی فیسیۆلۆژی نەماوەو بە پێی رەوتی پەرەسەندن بەرەو لە ناو چوون دەچێت ، ئایا ناشێت وای بیر لێ بکەینەوە کە شیعریش وەکو بەرهەمی خەیاڵ و نەست دەشێ لەم سەردەمە ئاڵۆزو جەنجاڵەدا بەرەو لەناو چوون بچێت ؟ بە واتا لە سەردەمی ئیشکردنی عەقڵ و تەکنۆلۆژیای ئاڵۆزدا رووبەری کارکردنی خەیاڵ کە بنەمای سەرەکی بەرهەم هێنانی شیعرە ئەگەر تەواویش نەسڕێتەوە ئەوا تەواو تەسک ببێتەوە .

شاعیر لێرەدا لە رێگای ئەو بەراوردەوە کە دەیکات خۆی لە شوێنێکی بەرزو ئەوانی تریش لە شوێنێکی نزم دادەنێت و پێی وایە بۆ ئەوەی کە خۆی بەباشی دەربکەوێت دەبێ ئەوانی تر بسڕێتەوە. بەڵام ئەوەی کە جێگای سەرنجە ئەوەیە لە بواری داهێنان و ئاستی داهێناندا هیچ کەس ناتوانێت کار لە بوار وئاستی داهێنانی هیچ کەسی تر بکات بەڵکو بە پێچەوانەوە لە کۆی پرۆسەی داهێنان و بنیادنانی شێوازێکی ئەدەبی یان هونەریدا دەشێ زیاتر لە کەسێک بەشداری بکەن و هەریەکە لە روانگەیەکەوە بەشداری بکات و لە هەمان کاتدا پارێزگاری لە تایبەتمەندییەکانی خۆی بکات .بەڵام ئەم جۆرە روانین و هەڵوێستەی کە شاعیر لێرەدا بانگەشەی بۆ دەکات ئەوەیە کە بۆ ئەوەی بوونی خۆی بسەلمێنێت هەموو ئەوانی تر رەت دەکاتەوە . ئەم جۆرە روانینەش ئەو تێزو چەمکانە بەرهەم دێنێت کە تەنیا بڕوایان بە تاک رەهەندی و تاک بینینی و تاک لێکدانەوە هەیە و لە یەک گۆشەوە سەیری دنیا دەکەن کە ئەمەش لە بنەرەتدا لە گەڵ پرۆسەی داهێنان و لەکەڵ دەقی زیندوو کراوەدا ناگونجێت چونکە هەموو دەقێکی زیندوو کراوە هەڵگری زیاتر لە پرسیارێک و زیاتر لە مانایەک و زیاتر لە دەلالەتێکە ، هەر بەو پێیەش هەڵگری زیاتر لە روانینێک و جیهانبیەکە .

جارێکی تر شاعیر مامز دەکات بە مۆدێل و لەگەڵ هەزار ئاژەڵی تردا بەراوردی دەکات .سەرئەنجامیش سەنگی قورسی بەلای مامزدا دەبێت .بە بۆچوونی ئەم مامز کە سرووشت بۆنێکی خۆشی پێبەخشیووە رووبەڕووی کێشە بووتەوە چونکە هەموو ئاژەلەکانی تر رقیان لێیەتی و نەخشەی لە ناو بردنی بۆ دادەنێن بێگومان لێرەدا ئەو پرسیارە سەرهەڵدەدات ئایا ئاژەڵەکان هەستی بۆن کردنیان هەمان شێوەی هەستی بۆن کردنی مرۆڤەو ئەو بۆنانەی کە بەلای مرۆڤەوە پەسەندن دەبێ بە لای ئاژەڵەکانیشەوە پەسەند بن؟ دیسان دەشێ بپرسین ئایا ئاژەڵیش هەمان شێوەی مرۆڤ هەستی ئیرەیی و رقی هەیە یان لە رووی گەشەو پەرەسەندنەوە گەیشتۆتە ئەو ئاستەی کە هەڵگری بەشێکى دیار لە خاسێتەکانی مرۆڤ بێت ؟ جگە لەوە جێگای خۆیەتی بپرسین ئایا بۆ دەبێ بێجگە لە مامز هەموو ئاژەلەکانی تر بۆنیان ناخۆش بێت ؟ ئەمە سەرباری ئەوەی کە دەزانین بەهای ئاژەڵەکان بە پێی بۆنەکانیان ناپێورێت بەڵکو ئاژەڵ وەکو سەرچاوەیەکی ئابووری سەیر دەکرێن ، بەو پێیەش بەهادارترینیان ئەوەیانە کە زیاترین بەهای ئابووری هەیە . هەر ئەوەش وایکردووە کە مرۆڤ هەندێ ئاژەڵی ناشیرین و بۆن ناخۆشیش پەروەردە بکات و بایەخی زۆریشیان پێبدات .

دیارە لێرەدا شاعیر ناراستەوخۆ خۆی دەخاتە شوێنی مامزو هەموو ئەوانی تریش دەخاتە شوێنی ئاژەڵە بۆن ناخۆشەکان . ئەوە ئاشکرایە کە لێکچواندن لە گەڵ دەرکەوتنی شیعردا پەیڕەو کراوە .زۆرێکی ئەو لێکچواندنانەش لە نێوان مرۆڤ و بەشێک لە توخم و رەگەزەکانی سروشتدا بووە بە هەردوو ئاراستەی پۆزەتیف و نێگەتیف کە مەبەستی سەرەکیش لە پشتی هەردوو جۆرەکەوە بەرهەم هێنانی شیعریەت بووە . بەڵا دەشێ لە رووی لۆژیکی شیعریەت و ژیانیشەوە لاوازترین شێوازی لێکچواندن ئەوە بێت کەمرۆڤ لە گەڵ هەندێ ئاژەڵدا لێکچواندنی پێ بکرێت ، چونکە مرۆڤ لە دواکەوتووترین شێوەیداو لە سەرەتاییترین باری عەقڵیدا لە پەرەسەنووترین ئاژەڵ لە پێشترە .رەگەزە بێگیانەکانی تری نێو سروشت بە شێوەیەکی گشتی لە رووی پەرەسەندنەوە بێ لایەنن ، بەڵام ئاژەڵ نموونەی سەرەتایی بوونە بۆیە شوبهاندنی مرۆڤ بە ئاژەڵ چی ئەو ئاژەڵە بۆنی خۆش بێت یان بۆنی ناخۆش بێت جۆرێکە لە گەڕانەوە بۆ دواوە واتە گەڕانەوە بۆ نێو سروشت و بۆ قۆناغی بەر لە کۆمەڵایەتی بوونی مرۆڤ کە ئەوەش پێچەوانەی رەوتی مێژووەو لە هەمان کاتیشدا لەگەڵ ئێستاتیکای شیعردا زۆر کۆک نیینە .

دیسان دەگەڕێینەوە بۆ ئەو خاڵەی کە گوایە ئاژەڵەکانی تر داو بۆ مامز دادەنێن و دەپرسین ئایا لە سروشتدا ئاژەڵەکان ماملانێ دەکەن لە پێناوی مانەوەدا یان هەوڵی لەناو بردنی یەکتری دەدەن لە ژێر کاریگەری ئیرەیی لە یەکتر کردندا ؟ یان لە بنەڕەتدا جۆرێک لە رێک کەوتن هەیە لە نێو ئاژەڵەکانی نێو سروشتدا کە ئەوەیش وای لێکردوون بتوانن پێکەوە بژین بە تایبەتی ئەوانەیان کە دڕندەنین .ئەمەش جۆرێک لەهێمنی و هاوسەنگی لە سروشتدا پێکهێناوە و بەشێکە لەو هارمۆنیا گشتییەی کە لە سروشتدا هەیەو سروشتی لە سەر بەندە . ئەگەر بەپێی ئەو لێچواندنانەی کە دەقەکەی لە سەر بنیاد نراوە ئەو رەگەزانەی کە کراون بە مۆدێل و ئەوانی تریان پێ بەراورد کراوە ، بریتی بن لە کەسێتی شاعیر ،دەبێ ئەوانە کێ بن کە داوی مرگی بۆ بچێنن ؟ ئەگەر لە رووی داهێنانەوە سەیر بکەین ئەوا دەشێ کەسێکی داهێنەر یان رۆشنبیرێک بکەوێتە بەردەم هەڕەشەی دەسەڵاتەوە لە بەر ئەوەی لەگەڵ دەسەڵات ناکۆک بێت و داهێنان و نووسینەکانی رەخنە بن لە دەسەڵات بەڵام بە گوێرەی ئەم شاعیرە هیچ ناکۆکیەکی لەگەڵ دەسەڵاتدا نییە و تەنانەت بەشێکە لە دەسەڵاتیش.

هەرشوێن یان شتێکى تر دەخوازێت بە مەبەستى بەکاهێنانی لە بنیادنانی دەق یان هەر بەرهەمێکی تردا دەبێ زانیاری تەواوی لە بارەی ئەو توخم یان رەگەزەوە هەبێت . ئەوەى ئاشکرایە ئەوەی بۆنی خۆش بەرهەم دێنێت لە مامزدا تەنیا ناوکیەتی ئەویش دوای سەربرین و جیاکردنەوەی ئەو ناوکە لە مامزەکەو کەوتنە سەرزەوی ئەو ناوکە . لە لایەکى تریشەوە کاتێ بە ئاشکرا شاعیر مەبەستی لە مامز خۆیەتی واتە کەسێتی شاعیر دیسان ئەو لێکچواندنەش لە جێگای خۆیدا نییە کە شاعیرێکی نێرینە خۆی بە مامز بشوبهێنێت کە دیارە مامز مێینەیە . لەم بارەدا رووی لێکچواندنەکە دەشێ جۆرێک لە بێ ئاگایی نیشان بدات ئەگینا پێموایە ئەم شاعیرەی ئێمە رازی نایێت بشوبهێنرێت بە مامز . خۆ ناکرێت ئەم لێکچوانانە وەکو جۆرێک لەو نامەئلوفانە سەیر بکەین کە دەقى داهێنەرانە لێیان دەدوێت .

لەدرێژەی بەراورد کردندا شاعیر ئەم جارەیان کرمى ئاوریشم دەکات بە مۆدێل و لە بەرامبەر هەزار کرمى تردا دایدەنێت . دیارە لەم بەراورد کردنەشدا کرمی ئاورێشم خاوەنی خاسێتە باش و پەسەندەکانەو هەموو کرمەکانی تریش خاوەنی خاسێتە خراپ و نادرووستەکانن .لێرەشدا شاعیر کرمی ئاورێشم لە شێوەیەکی پڕ گرفت و کێشەدا دەخاتە روو . کێشەو گرفتەکانیشى لەبەر ئەوەیە کە ئەم سروشت توانای بەرهەم هێنانی ئاوریشمی پێ بەخشیووە کە بەرهەمێکی بە نرخ و گران بەهایە .هەر لەم کاتەدا هەزار کرمی بێ بەرهەم قۆزاخەکانی ئەم کرمە دەشێوێنن .ئێمە نازانین پێوانە چیە یان لە سەر چ بنەمایەک ژمارەی هەزار لەم دەقەدا جێگیر کراوەو ئەو هەزارانەش لە گەڵ ئەو نموونەی کە کراوە بە مۆدێل لە سنووری دەقەکەدا ناکۆکن و هەوڵ دەدەن مۆدێلەکان لە ناو ببەن . لێرەدا هەزار کرم بە بێ سوودو بێبەرهەم ناو دەبرێن . راستە کرمی ئاورێشم کرمێکی بەرهەم هێنە بەڵام لە رووی زانستیەوە زۆرێکی تریش لە کرمەکان سوود بەخشن و دەوریان هەیە لە شیکردنەوەی خوێیەکان و گۆرینیدا بۆ نایترۆجین ،هەروەک هەندێکیان دەبنە هۆی ئەنجامدانی کرداری پەڕین لە نێوان نێرەو مێیەی هەندێک لە گوڵ و درەختەکانی میوەدا .

دیارە ئەوە ئاشکرایە کە لێرەدا شاعیر مەبەستی لە کرمی ئاورێشم خۆیەتی . هەر بەو پێیەش هەزار کرمەکەی تر دەبن بە شاعیران و نووسەرانی تر .لەوەشدا شاعیر مەبەستێتی بڵێت کە لە نێوەندی رۆشنبیری نەتەوەکەی ئەمدا هەموو ئەوانەی ئیدیعای شاعیری بوون یان نووسەری بوون دەکەن هیچیان پێ نییە و تەنانەت دەشیانەوێت شووناسی داهێنانی ئەمیش بشێوێنن . ئەوەی جێگای پرسیارە ئەوەیە کە شووناسی داهێنان بە هیچ شتێک ناشێوێنرێت ، کەواتە ئەم شاعیرەی ئێمە بۆچى لەوە دەترسێت کە ئەوانێک وەکو خۆی دەڵێت هیچیان پێ نییە دەبێ بتوانن خەونە داهێەرییەکانی ئەم بژاکێنن ؟ لە لایەکی تریشەوە دەشێ وای لێکبدەینەوە کە داهێنەر کەسێکە لەهەوڵی سەختدایە بۆ ئەوەی بگات بە لوتکەی بڵندی داهێنان و دەشێت ئەوانی دی کە دیسان هەریەکە بە جۆرێک خۆیان بە بواری نووسینەوە خەریک کردووە نەک وەکو نەیار سەیر نەکرێن بەڵکو ئەمی داهێنەر بە هاوکار و هاو رێگای خۆیانبزانێت .بەڵام ئەوەی کە لێرەدا بە شێوەیەکی نائاسایی دێتە پێش چاو ئەوەیە کە ئەو کەسێتیەی کە خۆی دەخاتە بەراوردو روو بە روو بوونەوەوە لەگەڵ ئەوانی تردا وەها دەڕوانێتە هەموو ئەوانی تر کە دوژمن و نەیاری ئەم بن .کە ئەمەش لەگەڵ ئەو روانینەدا یەک ناگرێتەوە کە گوایە داهێنەران لە پێناوی جوانکردنی ژیان و چاندنی تۆوی خۆشەویستیدا کار دەکەن .

شاعیر باسی خەونەکانی کرمی ئاورێشم دەکات . جێگای خۆیەتی بپرسین ئایا کرمی ئاورێش خەون دەبینێت ؟ یان خەون تەنیا خاسێتی مرۆڤە . هەرچەندە خەون لێرەدا مەبەست و ویست و ئامانج و ئەو شتانەیە کە ئەو خەونیان پێوە دەبینێت .بە واتایەکی تر ئەوەی باس دەکرێت خەونی کرمى ئاورێشم نییە بەڵکو خەونی شاعیرە . ئەم خەونانەش لە لایەن هەزار شاعیر و نووسەری بێ خەونەوە دەژاکێنرێن .ئایا لە راستیدا پرۆژەیەکى لەو جۆرە لە نێوەندی رۆشنبیری کوردیدا هەیە بۆ تێکدان و ژاکاندنی خەونەکانی ئەم شاعیرەی ئێمە یان ئەوە لێکدانەوەو بۆچوونی شاعیر خۆیەتی لە سەر ئەوانی دی و وای بۆ دەچێت کە ئیرەیی بەم دەبەن و رقیان لێی دەبێتەوە لە بەر ئەوەی کە کەسێکی دهێنەرە ؟ بێگومان ئەوە تێڕوانینێکی سەیرە کە مرۆڤ بەو جۆرە سەیری دەورو بەرو تەنانەت ئەو ناوەندەش بکات کە خۆیی تێدایە .ئەمەش لە ئاستێکی تردا دەلالەتی بێ متمانەیی بە هەموو ئەوانی دى هەڵدەگرێت.بە واتا شاعیر دیوارێک لە نێوان خۆیی و هەموو ئەوانی تردا درووست دەکات و هیچ رایەڵێکى پەبوەندی ناهێلێتەوە لە نێوان خۆیی و ئەوانی تردا . بە واتایەکى تر لە بری ئەوەی خۆشەویستی ئەوانی دی بوو بێتە رایەڵی پەیوەندی لە نێوان ئەم و ئەوانی تردا کەچى رق و کینەو پرۆژەی یەکتر سڕینەوە لە نێوانی ئەم و ئەوانی تردا هەیە .

جارێکی تر شاعیر تاڤگە دەکات بە مۆدێل و لە بەرامبەر ئاوە کورتە باڵاکاندا رایدەگرێت بە جۆرێک هەرچی سیفاتی باش و پەسەند هەیە دەیبەخشێت بە تاڤگەو سیفاتە لاوازەکانیش دەداتە پاڵ ئاوەکانی تر .لە ئەنجامی ئەوەدا کە تاڤگە باڵای بەرزە هەموو ئاوەکانی تر بەردی ئیرەیی تێدەگرن .بێگومان تاڤگە رەگەزێکی بێ گیان و بێ لایەنیشە لە گەردووندا .شاعیر خاسێتەکانی مرۆڤ دەدات بەم رەگەزەی نێو سروشت . واتا لێرەدا کرداری بە مرۆڤ کردنی رەگەزەکانی سروشت دێتە ئاراوە . بەڵام ئایا ئەو دەلالەتە چییە کە لەم کردارەدا کە پێچەوانەی رەوتی ئاسایی پەرەسەندنە لە سروشتدا بەرهەم دێت ؟ دیسان ئەوەی کە بەراورد دەکرێت لەگەڵ ئاوە کورتە باڵاکاندا تاڤگە نییە هەروەک ئاوە کورتە باڵاکانیش ئاو نین ، بەڵکو تاڤگە خودی ئەو کەسەیە کە قسە دەکات و ئاوە کورتەباڵاکانیش هەموو ئەو شاعیرو نووسەرانەن کە ئەم پێی وایە رقیان لێیەتی و ئیریی پێدەبەن و سەرچاوەی ئەو رق و کینەو ئیرەیی بردنەش بەلای ئەمەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەم خۆی کەسێکی داهێنەرەو ئەوانی تریش لەو بوارەدا بێتوانان . بێگومان جێگای خۆیەتی بپرسین ئایا لە راستیدا ئەو رق و کینەو ئیرەیی بردن و داو بۆ چاندنە بوونیان هەیە یان ئەم کەسێتە لە وەهمدا ئەم هەموو نەیارەی بۆ خۆی دروست کردووە ؟ باشە ئەگەر ئەمانە هەموو لە وەهمدا درووست کرابن ، ئایا هۆی درووست بوونیان چییە ؟ بۆچى ئەم کەسێتیە بەو جۆرە بیر دەکاتەوە پێی وایە ئەم لە واقیعێکدا دەژی هەمیشە ئەوانی دی بەو جۆرە سەیری دەکەن ؟ ئایا لە بنەرەدا ئەم جۆرە روانینە لە سەر زەمینەی واقیع هەیە و شتێکی گشتیە لە بوونی مرۆڤدا یان راستەوخۆ پەیوەندی بە کەسێتی و باری سایکۆلۆژی و پەروەردەی تاکە کەس خۆیەوە هەیە و دەشێ بە شێوەیەکی راستەوخۆ رابردووی ئەو تاکە کەسەو ئەو ژینگە خێزانی و کۆمەڵایەتیەی تیایدا ژیاوە دەوری کاریگەریان هەبێت لە بەرهەم هێنانی ئەو جۆرە روانینەدا بۆ ئەوانی تر و لە بری روانینێکی دۆستانەو هاوشووناسیانە جۆرە رونینێکی نەیارانەو دوژمنکارانە بەرهەم بێت .

وەک لە سەرەتاوە ئاماژەمان بۆ کرد ئەم دەقە شیعریەی شێرکۆ بێکەس کە رووبەرێکى بچووکی داگیر کردووە بە شێوەیەکى بەر بڵاو خەیاڵ و نەست و هەڵچوونیش کە دەشێ ئەمەی دواییان کاردانەوە بێت کاریان لە بەرهەم هێنانیدا کردووەو لە شێوەیەکى ناراستەوخۆدا و لە رێگای بە مۆدێل کردنی چەند نموونەیەکەوەو بەراورد کردنی ئەو نموونانەش بە هاوشێوەکانیان و هەروەها بەخشینی خاسێتی باڵای ئەوتۆ بە نموونە یان مۆدێلەکان کە بە ئاشکرا بکەونە ئاستێکی بەرزترەوە لە چاو هاوشێوەکانیاندا . لە راستیدا شاعیر ئەو دووانانەی لە نێوان مۆدێلەکان و هاوشێوەکانیاندا درووستی کردووە بریتین لە دووانەی نێوان خۆیی و ئەوانی تر . بە واتا ئەم لە رێگای بەرجەستە کردنی بەراوردەوە لە ئاستێکی بابەتیدا لە خودی خۆی دەدوێت و لەو ئاقارەشدا هەستکردنی بەرامبەر بە خودی خۆی چۆنە هەر بەو جۆرە لە نێو رووبەری دەقەکەدا کەسێتی خۆی بەرجەستە دەکات و رووانینی بۆ ئەوانی تریش چۆنە هەر بەو شێوەیەش کەسێتی ئەوانی تریش لە دەقەکەیدا بەرجەستە دەکات .ئەم بەرجەستە کردنەش بەرهەمی نەست و خەیاڵی شاعیرەو لێرەدا ئەم دەقە دەبێتە دەربڕینێکی ریالیستیانەی باری دەروونی شاعیرو دواندنی باری زاتی خۆیەتی بەرامبەر خۆی و دەرەوەی خۆی .

 

2,124 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت