عەتا قەرەداخی : نەخشەى سیاسی کوردستان لە نێوان مانەوەو ئەگەری لاوازی گۆڕاندا .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

گۆڕینی نەخشەى سیاسی لە هەر وڵاتێکدا پەیوەندی بە بوونی تێڕوانینی جیاوازء بەرنامەى جیاوازو ستراتیژی جیاوەزەوە هەیە . بۆ نموونە لە وڵاتێکی وەکو بەریتانیادا کاتێ دەسەڵات لە پارتی کارەوە دەچێتە دەستی پارتی کۆنسێرڤەتیڤ ، لەو رووبەرەیدا کە پەیوەندی بە ژیانی خەڵکەوە هەیە بەرنامەى ئەو دوو پارتە جیاوازە بۆیە لە وڵاتێکی وەهادا دەنگدان لەسەر بنەمای ئەو جیاوازییانە دەبێت ، کە ئەم دیاردەیەش لە زۆرینەى ئەو وڵاتانەدا ناو بەناو ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتی تێدا دەکرێت پەیوەستە بە جیاوازیی لە روانینء لە شێوازی بەڕێوەبردن و لەستراتیژی ئایندەیی ئەو پارت و لایەنانەوە کە لەسەر بەڕێوەبردنی ئەو وڵاتە ململانێ دەکەن . جیاوازی لە کۆمەڵگەیەکدا دەتوانرێت پێناسە بکرێت کە تاکەکەس بووبێتە خاوەنی شووناسی تایبەتی خۆی و لەدەرەوەى دامەزراوەکانی تری وەکو بنەماڵەو خێڵ و عەشیرەت و حیزبدا ئامادەبوونی هەبێت . مەبەست لەم قسەیەش ئەوەیە تەنیا لەو کۆمەڵگەیانەدا ئەگەری بەرزىو نزمی ئاشکرا لە دەنگی جەماوەردا دەبێت کە ئینتیمای تاکەکەس لە ئاستە فراوانەکەیدا بۆ بەرنامەو کارو شێوازی بەڕێوەبردن بێت و لە هەمان کاتیشدا جیاوازی ئاشکرا لە بەرنامەى ئەو دامەزراوەو ئاراستانەدا هەبێت کە ململانێ لەسەر بەڕێوەبردنی وڵات دەکەن .

ئێستا پرسیار ئەوەیە ئایا لە کوردستاندا ئاستی جیاوازییەکان بەو ئەندازەیە ئاشکرایە هەتا جیاوازی نێوان ئاستەکانی کۆمەڵگە لە هەڵویست و دەنگدا دیاری بکات؟ ئایا ئەو جیاوازییانەش ئەگەر هەن لەسەر بنەمای تێڕوانین و دیدو ئایدیۆلۆجیاء شێوازی کارکردن و بەرنامەی بەڕێوبردنە؟ کورترو ئاسانتر بڵێین ئایا جیاوازی ئاشکرا لە رووی بەرنامەو ستراتیژو شێوازی کارکردن و بەرنامەی بەڕێوەبردنەوە هەیە لە نێوان ئەو پارت و ئاراستانەى کە لە کوردستاندا هەن ، بە جۆرێک کە ئەو جیاوازییانە ئاستی پەیوەستبوونی جەماوەری و تەنانەت رێژەى بەدەستهێننای دەنگ دیاری بکات؟ بەتایبەتی ئایا لێرە دەشێ جەماوەر دەنگی خۆیی هەبێت بەجۆرێک کە ئەو دەنگە جیاواز بێت لە دەنگی حیزب و لە دەنگی شارو ناوچەو کۆی ئینتیما تەقلیدیەکان؟ بێگومان رەنگە وەڵامدانەوەى ئەم پرسیارە بە بەڵی جۆرێک لە وەهم بێت و دەرئەنجامی تێنەگەیشتن بێت لە کۆمەڵگەى کوردیء شێوازی جوڵەو کارکردنی سیاسی و فەرهەنگی لەم کۆمەڵگەیەدا . هەر بۆیە ئەوەى پێشبینی دەکرێت ئەوەیە کە گۆڕانی گەورە یان ئاشکرا لەم کۆمەڵگەیەو زۆر کۆمەڵگەى تریشدا روونادات. چونکو ئەوە ئاشکرایە لە کۆمەڵگەى کوردیدا جەمسەرگیری کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئایینی و حیزبی و تەسەوفی و تەنانەت بنەماڵەییش تا ئەندازەیەکی ئاشکرا لە مێژە پێکهاتووەو چوارچێوەیەک داڕێژراوە کە شکاندنی تەواوەتی یان تەجاوزکردنی تەواوەتی ئەو چوارچێوەیە جێگای گومانە. بۆ نموونە دوای ئەو پێشکەوتن و گۆڕانکارییانەى کە لە ئاستی سەرخانی کۆمەڵگەدا روویانداوە ، بەڵام تاکو ئێستا گۆڕانکاری ئەوتۆ لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و ئینتیمای تاکەکانی کۆمەڵگەدا رووینەداوەو تاکو ئێستا ئینتیمای بەهێز بۆ خێڵ و عەشیرەت و حیزب و ناوچەو شارەو دوای ئەوە نەتەوەو نیشتیمان دێت . بۆنموونە هەڵگرانی بڕوانامەى دکتۆراو ماستەرو بەکالۆریۆس لە ناو بنکە رۆشنبیرییەکانی خێڵ و عەشیرەت و ناوچەکاندا دەبینرێن ، دادوەرو نووسەرو هەنەرمەند لە دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی بنەماڵەو خێڵ و عەشیرەتەکاندان. مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی حیزبەکان لەسەر بنەمای ناوچەو شارو تەنانەت خێڵء عەشیرەتەکان دابەشکراون . واتە نەخشەیەکی سیاسی ئەوتۆ لە کوردستاندا دانراوە یان درووستبووە کە بەجۆرێک لەجۆرەکان رەنگدانەوەى واقیعی باوو باڵادەستی کۆمەڵایەتی ئەم کۆمەڵگەیەیە. تاکو ئێستا دەنگی سەرخێڵ و سەرۆک عەشیرەت و پیاوماقوڵی ناوچە چەندین جار باشتر لە دەنگی رۆشنبیرو نووسەرو مامۆستای زانکۆو تەنانەت مامۆستای ئایینیش دەبیسترێت . ئەم بنیادەو شێوازی ئەم ئینتیماو وابەستەبوونە کە لەماوەی بیست ساڵی رابردوودا بەشداریکردووە لە داڕشتنی جێگیرکردنی نەخشەى سیاسی کوردستاندا گۆڕانی گەورەى بەسەردا نایەت. رەنگە ئەمە شتێکی نوێیش نەبێت و بەلایەنی کەمەوە لەچوار پێنج دەیەی رابردوودا بەم شێوەیە بووە. لەدوای پاشەکشە کردنی رۆڵ و پێگەى بنەماڵەى شێخانی سلێمانی رۆڵ و پێگەى بنەماڵەى بارزان بەهێزترین و دیارترینە لە کوردستاندا و سەرباری دەنگء رەخنەو رووبەرووبوونەوەى بەشێک لە نوخبەى رۆشنبیرو باڵێکی بەهێزی وەکو مەکتەبی سیاسی پارتی لە رابردوودا و هێزێکی گەورەو جەماوەرداری وەکو یەکێتیء پاشان پێکەکەو لە رووداوەستانی نوخبەیەک لە شاری سلێمانی بۆ پارتی کە دەشێ وەکو گروپی بەرخانەقا ناوببرێن کە ئێستا لە لوتکەى بڕیاری بزووتنەوەى گۆڕاندانء رووبەرێکی جەماوەری تا ئەندازەیەک بەرفراوانیشان لە دەوری خۆیان کۆکردۆتەوە ، بەڵام هێشتا پێگەى ئەو بنەماڵەیە هەر بەهێزترین و دیارترینە لە کوردستاندا. مەبەستمان لەم قسانە ئەوەیە کە سرووشتی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەى کوردی بە جۆرێکە کە گۆڕانکاری لەبەرچاوى ئەوتۆ کە دەورببینێت لە تێکدانی ئەو نەخشە سیاسیەى کە ئێستا هەیە ئەگەرێکی لاوازە . واتە بە جۆرێکی تر دەتوانین بڵێین شێوەیەک لە جەمسەرگیری هەیە لە کوردستاندا کە ئەو جەمسەرگیرییە زیاتر شێوازی دەنگدان و ئاستی دەنگدان بۆ هەر لایەنێک دیاری دەکات . ئەمەش ئەوەمان بۆ ئاشکرا دەکات کە بەرنامەو درووشم و پڕوپاگەندەکانی پێش هەڵبژاردنیش رۆڵ و کاریگەرییەکی ئەوتۆیان نییە بەتایبەتی کە زۆرینەى جەماوەر دابەشبوون بەسەر پارت و لایەن و ئەو لیستانەدا کە بەشداری هەڵبژاردن دەکەن .

ئەوەش ئاشکرایە کە ململانێ و کێبڕکێ لە هەڵبژاردنی ئەمجارەشدا لە نێوان دوو حیزبەکەی دەسەڵاتء سێ لایەنەکەى ئۆپۆزسیۆندا دەبێتء ئەگەری گەیشتنە ناو پەرلەمانی کوردستان بۆ سەرجەم ئەو بەناو حیزبء دەستەو گروپانەى تر ئەگەرێکی لاوازە، یان لە ئاستی کورسیء دوو کورسی تێپەڕناکات کە ئەوەش دەورو کاریگەرییەکی ئەوتۆی نابێت. هەر لێرەشەوە ئەو راستیە دەردەکەوێت کە ئەگەر پارتء لایەنێک ئەوەندە پێگەى جەماوەری نەبێت کە بگاتە پەرلەمان عەیبی گەورەیە لە پرسەگرنگەکانی پەیوەست بە چارەنووسی نەتەوەو کێشەکانیدا پرسء رای پێبکرێت یان بکرێت بە پارسەنگی ئەو هێزانەى ئۆپۆزسیۆن کە پێگەى جەماوەری فراوانیان هەیەو دەبنە خاوەنی ژمارەەیکی باش لە کورسی پەرلەمان. بەهەرحاڵ ئێستا پرسیار ئەوەیە ئایا نەخشەى سیاسی کوردستان لەم هەڵبژاردنەدا دەگۆڕێت؟

وەکو پێشتر ئاماژەم بۆ کرد ئەو پێنج لایەنەى کە ئێستا لە پەرلەماندا دیارن، دیسان ململانێی ئەمجارەش لە نێوان ئەواندا دەبێت. کە ئەویش ئاستی بە دەستهێنانی دەنگ بە گوێرەى هەندێکیان تا ئەندازەیەک جێگیرە. ئەگەر سەرنجی دوو حیزبە ئیسلامییەکە بدەین ئەوا بە ئاشکرا دەبینرێت شێوازی پەرەسەندنء گەشەکردنی ئەوان بە شێوەیەکی زۆر خاوو لەسەرخۆیە، هەربۆیە ئەو دەنگانەى کە دەشێ لەم هەڵبژاردنەشدا بەدەستی بهێنین ناشێت گۆڕانکاری گەورەى بەسەردا بێت. تاکە جیاوازییەک ئەوەیە کە لەهەڵبژاردنی پێشوودا ئەو کورسیانەى سۆشیالیستء زەحمەتکیشان بەدەستیان هێنا بەدەنگی ئەو دوو لایەنە ئیسلامییە بوو کە ئەمجارە ئەو دەنگانە دەگەڕێـتەوە بۆ خۆیان، بەڵام لەلایەکی تریشەوە ئەو ئاراستە سەلەفیەى کە لەماوەی ئەم چوارساڵەدا لە کوردستاندا گەشەى کردووە، پێناچێت دەنگ بە ئیسلامییەکان بدەن، دەشێ ئەوە کاریگەری نێگەتیفی لەسەر دەنگی لایەنە ئیسلامییەکان هەبێت. بەگوێرەى پارتی دیموکراتی کوردستان ئەویش تا ئەندازەیەکی ئاشکرا خاوەنی جەماوەرو دەنگی جێگیری خۆیەتیء دەشێ رێژەى دەنگەکانی گۆڕانی ئەوتۆی بەسەردا نەیەت، بەڵام دابەزینی بە لیستی جیا بە تەواوەتی قەبارەى ئەو دەردەخات کە ئەگەری زۆر ئەوەیە زیاترین دەنگی هەڵبژاردن بهێنێت لە کوردستاندا بەڵام دیسان ناگاتە ئەوەى کە زۆرینەیەکی ئەوتۆ بەدەست بهێنێـ کە بە تەنیا حکومەت پێکبهێنێت. ئەو دوو لایەنەی کە وەکو جەستەیەکی دابەشبوو ئەگەری گۆڕانکاری ئاشکرا لە دەنگەکانیاندا هەیە ئەویش لەسەر حیسابی یەکتری بریتین لە یەکێتی نیشتیمانیء بزووتنەوەى گۆڕان، بە تایبەتی کە قاعیدەی ئەوان تێکەڵاوەو شوێنی ئامادەبوونء ململانێیشیان هەمان رووبەرە، بۆیە ئەگەری ئەوە هەیە کە زیادبوونی دەنگی یەکێکیان لەسەر حیسابی دەنگی ئەویتریان رووبدات، بەڵام ئەوەش ئاشکرا نییە کە کامیان زیاد دەکاتء کامیان کەم دەکات، لە کاتێکدا کە هەریەکەیان لەم هەڵبژاردنەدا خاڵی لاوازیان هەیە لەبەرامبەر ئەویتریاندا. بەگوێرەی یەکێتی ئەگەری ئەوە هەیە غیابی بەڕێز مام جەلال دەورو کاریگەری لەسەر رێژەى دەنگدان بۆ ئەو پارتە هەبێت. لە هەمان کاتدا دوورکەوتنەوەى سەرکردەکانی پێشتری یەکێتی لە ریزی گۆڕانء رێگانەدان بە خۆکاندید کردنەوەى ئەندام پەرلەمانای ئێستای ئەو لیستەو شێوازی کارکردنی لیستی گۆڕان لەپەرلەمانء لە دەزگاکانی راگەیاندیشیەوە لە ماوەى چوار ساڵی رابردووداو گومناوی زۆرینەى پاڵێوراوەکانی ئەمجارەى گۆڕان دەشێ دەوری نێگەتیفی لەسەر ئاستی بەدەستهێنانی دەنگەکانی ئەم بزووتنەوەیە هەبێت. بەهەرحاڵ بەروانینی من ئەوەى دەشێ گۆڕانکاری لە زیادبوون یان کەمبوونی ئاشکرای دەنگەکانیدا رووبدات بریتین لە یەکێتیء گۆڕان، بەڵام ئەویش پێموایە نەخشەى سیاسی بە ئاشکرا ناگۆڕێت چونکە ململانێی ئەم دوو لایەنە لە نێوان خۆیاندا دەبێت نەک لە نێوان ئەوانء لایەنەکانی تردا، بۆیە ئەگەری گۆڕینی نەخشەى سیاسی جوگرافیای ئەوسا سەوز لە ئارادایە، بەڵام گۆڕینی نەخشەى سیاسی کوردستان لاوازە، بۆیە پێناچێت دوای ئەم هەڵبژاردنەش گۆڕانکاری لەبەرچاو لە کوردستاندا رووبداتء ئەگەری چاوەڕوان کراو ئەوەیە کە دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی وڵات هەر لە دەستی یەکێتیء پارتیدا بمێنێتەوە.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت