عەتا قەرەداخی: هەڵوەشاندنەوەى هەر سێ دامەزراوە سەرەکیەکەو پێکهێنانی حکومەتی رزگاریی نیشتیمانی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کوردستان لە قەیرانێکی خنکێنەردایەو ئەگەر لە زووترین کاتدا چارەسەر بۆ ئەو قەیرانە نەدۆزرێتەوەو لەسەر زەمینەى واقیع و بە کردەوە چارەسەرى قەیرانەکە نەکرێت، ئەوا ئەگەرى شکست و هەرەسی دەسەڵاتی کوردى لە ناوخۆدا ئەگەرێکی نزیک و چاوەڕوانکراوە. کەواتە چارەسەر چیە؟
پێشنیارەکەى بەڕێز مەسعود بارزانی رێگاخۆشکەرەوە بۆ دۆزینەوەى چارەسەر بەڵام دەبێ میکانیزمی چارەسەرو کاتی ئەوپەڕینیش بۆ چارەسەر دیارى بکرێت چونکە بارودۆخەکە تەحەمولی کۆبوونەوە بە دواى کۆبوونەوەدا ناکات، بەڵکو چارەسەرى خێراو بەپەلەى دەوێت.
ئەگەر هەر پێنج حیزبەکە مەبەستیان چارەسەرە، ئەوە پێویستە لە زووترین کات و بێ هیچ مەرجێک لەسەر مێزى دانیشتنی جدى و بڕیاردەر دابنیشن، بەڵام یەک مەرجیان هەبێت و هەمووان دانی پێدا بنێن کە ئەم کابینەیەى حکومەت شکستی هێناوە. ئەم پەرلەمانەى ئێستا خوڵقێنەرى ئاژاوەو قەیران بووە، سەرۆکایەتی هەرێم لە ئاستی پێویستدا نەبووەو رۆڵی خۆیی نەبینیووە.
بۆیە پێویستە حکومەت و پەلەمان پێکەوە هەڵبوەشێنرێنەوەو هەروەک بەڕێز بارزانی خۆیشی داوایکردووە کەسێکی گونجاو دیارى بکەن بۆ شوێنی سەرۆکی هەرێم تا کاتی هەڵبژاردن. واتە پەرلەمان هەڵبوەشێنرێتەوەو تا هەڵبژاردنێکی تر دەرگاى ئەو دامەزراوە ناکاراو هەمیشە پاشکۆییەى حیزب دابخرێت.
حکومەتێکی رزگاریی نیشتیمانی پێکبهێنرێت لە کەمترین وەزارەت بە مەرجێک هیچ کام لەسەرۆکی حکومەت و جێگرەکەى و وەزیرى سامانە سرووشتیەکان کە نەیانتوانیووە هەنگاوى کردەیی بۆ چارەسەرکردنی کێشەى دارایی بنێن و داواکارییەکانی خەڵکیان پشت گوێ خستووەو هیچ چارەسەرێکی بینراویان بۆ کێشەى کەندەڵی دارایی و ئیداریی نەدۆزیووەتەوە نەکردووە، بخرێنە دەرەوەى ئەو حکومەتە نوێیەى کە پێکدەهێنرێت.
حکومەتی رزگاریی نیشتیمانیش دەبێت مووچەى هەموو بندیوارو خانەنشینانی نایاسایی رابگرێت و پێداچوونەوەى وردى بۆ بکرێت و بە تایبەتی ئەو هەموو پلە تایبەتیانەى کە بە نامەشروع کراون لە خوارەوە بۆ سەرەوە لە جوندى و جوندى ئەوەلەوە تادەگاتە ئەو کەسانەى بە وەزیر و رەنگە بە پلەى بەرزتریش خانەنشینکراون و بە فیعلی لەو بوارانەدا خزمەتی یاساییان تەواو نەکردووە هەڵبوەشێنرێتەوە.
سنوور بۆ کۆمپانیاکانی حیزب لە کۆمپانیاکانی نۆکان و کارو سەرجەم پاشکۆکانیان دابنرێت، ئەگەر بەراستی ئەم حیزبانە بەتەنگ ئایندەى کوردستانەوەن ، دەبێ ئەولەویەتیان خەڵک و ژیانی خەڵک و بەرژەوەندییەکانی خەڵک بێت، ئەگەریش بە تەماى ئەوەن کە بەرژەوەندى حیزب و ئەندامانی سەرەوەى حیزب لەپێش بەرژەوەندى نەتەوەو نیشتیمانەوە بێت، ئەوا هیچ شتێکتان پێ چارەسەر ناکرێت و دڵنیابن ئەگەر بارودۆخی ژیانی خەڵک باش نەکەن و بەم شێوەیە بەردەوام بن، کۆمپانیاکانیان و حیزب و دەسەڵاتەکانیشیان دەدۆڕێنن و بۆ هەتاهەتایە هەموویان رووزەردى مێژوو دەبن، سەرئەنجام میللەت هەموویان بە نەفرەت دەکات.
بە بڕواى من ئەگەر هەموو لایەنەکان بەجیدى بیانەوێت ئەوە دەتوانن لە رێگاى ئەو خاڵانەى سەرەوە هەنگاو بەرەو تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە خنکێنەرە هەڵبهێنن. ئەگەر لەسەر ملهوڕى و لوتبەرزى و رق و کینەى رابردوو، لەسەر پاراستنی بەرژەوەندیە حیزبی و کەسیەکانیان بەردەوام بن، ئەگەر لەبرى گوێگرتن لە لۆجیکی عەقڵ گوێ لە رۆمانسیەتی سۆزى بەرژەوەندى و لە دەهۆڵی پاڵنەرى رق و کینە بگرن ، ئەوا هیچیان پێناکرێت و سەرئەنجام هەموویان بەدەستی خۆیان گۆڕ بۆخۆیان هەڵدەکەنن. دڵنیابن، ئەوان لە مێژوودا دەبنە ناوى دزێووناشیرین و بێزراو، میللەتیش پاش سەردەمێکی تر لە ئێش و ئازارو بەدبەختی جارێکی ترى رابوونێکی تر دەست پێدەکاتەوە. بەڵام باشترە بۆ ئەوەى خۆیان فڕێ نەدرێنە پەراوێزى مێژووەوەو میلەتیش رووبەڕووى تراژیدیاى ترسناکتر نەکەن، هەوڵبدەن چارەسەرى کێشەکان بکەن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت