عەتا قەرەداخی: کامیان گوتاری کوردی یان گوتاری عێراقی؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

گوتار چیە؟ گوتاری عێراقی چیە؟ گوتاری کوردی چیە؟ رەنگە ئەمە پرسیاری زۆرێک لە خوێنەران بێت. لە راستیدا گوتار وەکو دەقێکی نووسراو پێناسە دەکرێت کە بارگاوی کراوە بە فیکرو مەعریفەو روانین کە کۆی ئەمانەش پەیوەستن بە ئایندەبینیەوە یان نەخشەرێگای ئاسۆیەک بەرەو ئایندە نیشان دەدەن. هەر بەم پێیە گوتاری کوردی پێویستە ئەو گوتارە بێت کە بارگاوی کراو بێت بە مەعریفەو فیکری نەتەوەیی و بنەمای سەرەکی بریتی بێت لە روانین بەرەو ئاسۆیەکی گەش پەیوەست بە ئایندەى نەتەوە. کە لە راستیدا رەهەندە واقیعیەکانی گوتاری کوردی وەکو گوتاری نەتەوەیی پەیوەستە بە بوون و ئامادەبوونی ناسیونالیزمی کوردییەوە. هەر بەو پێیەش ئاستی گوتاری کوردی دەبێتە پێوانە بۆ دیاریکردنی ئاستی پەرەسەندنی ناسیونالیزمی کوردی و گەیشتنی بە ئاستی بەدەستهێنانی شووناس.
گوتاری نەتەوەیی کوردی کاتێ دەبێتە گوتارێکی خاوەن شووناس کە بە لایەنی کەمەوە هەڵگری پرۆژەى سەربەخۆیی کوردستان و درووستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی بێت. لێرەو لەوێ گوێمان لێدەبێت باسی بڕیاردانی مافی چارەتووس دەکرێت. لە راستیدا ئەو مافە شتێکی سرووشتیەو هەموو نەتەوەو پێکهاتە ئیتنیکیەکان دەتوانن هەیان بێت. بەڵام بۆ گەیشتن بە ئاستی بڕیاردانی چارەنووس بکەرێکی کارا پێویستە کە ئەویش بکەری نەتەوەیەو ئاشکراتر بڵێین ناسیونالیستێکی پێگەیشتوو کارایە کە هەڵگری پرۆژەى ناسیونالیزمە. کە لە راستیدا ئەو بکەرە تاکو ئێستا لە رووی واقیعیەوەو لەسەر زەمینەى واقیعی کوردستان وەکو پێویست بوونی نییە. واتە ئەوەى تاکو ئێستا دۆزی کوردیی پێوەى دەناڵێنێت نەبوونی ئەو بکەرەیە کە هەڵگری پرۆژەى ناسیونالیزمە.

راستە لە باشووری کوردستان لە سەروبەندی جەنگی یەکەمی جیهانیەوە خەباتی چەکداری دەستی پێکردووەو بزووتنەوەکانی شێخ مەحموودی بەرزنجی رووبەرێکی فراوانیان لەو مێژووەدا گرتووەو بۆ ئەو کاتەش شێخ مەحموود خواست و ویستی درووستکردنی دەسەڵاتدارییەکی سەربەخۆی بەلایەنی کەمەوە لە سلێمانیدا هەبووە. کە ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت سەرباری لاوازیی ناسیونالیستی کوردی لەو کاتەدا، گوتاری بزووتنەوەکانی شێخ مەحموود بە هەندێ لە رەگەزەکانی گوتاری نەتەوەیی بارگاوی کراون. بەڵام بۆ ئەو کاتەو دواتریش و تاکو ئێستاش گوتاری بزووتنەوەى کوردی لە باشووری کوردستان نەبووەتە گوتارێکی خاوەن شووناسی ئەوتۆ کە لە چوارچێوەى گوتاری ناسیونالیزمدا پێناسە بکرێت. هەر ئەم لاوازییانەش لە ئاستی بنیادیدا کە مەبەست بنیادی کۆمەڵایەتی کوردییە بە هەموو رەهەندەکانییەوە هۆکار بووە بۆ ئەوەى کورد بەردەوام مەیلێکی بۆ عێراقیبوون و مانەوە لە چوارچێوەى عێراقدا هەبووبێت.

دیارە لای هەمووانیش ئاشکرایە کە باشووری کوردستان لە پرۆسێسێکی ناڕەوای سیاسەتی نێودەوڵەتیدا بە عێراقەوە لکێندراوە، کە ئەو کرداری پێکەوەلکاندنەش لەگەڵ رۆیشتنی کاتدا لە کۆنەستی جەماوەری کوردی باشووردا جۆرە پەیوەستبوون یان ئینتیمایەکی بۆ گوتاری عێراقی درووست کردووە، کە دیارە ئەو وابەستەبوونەش لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی و زیاتر سەرکەوتنی هەژموونی سۆڤێتی کە باشتروایە بە هەژموون و گوتاری ستالینی ناوببرێت لە ناوچەکەدا برەوى زیاتری سەندووە، بە تایبەتی دوای سەرهەڵدانی چەمکی دیموکراسی بۆ دەوڵەتی سەردەستەو ئۆتۆنۆمی بۆ نەتەوە بندەستەکان کە ئەویش وەکو بەرهەم و گوتاری حیزبە ستالینیەکان و حیزبە شێواز ستالینیەکانی ناوچەکە زیاتر پەرەیسەند. لەوسەروبەندەشدا گوتاری نەتەوەیی کورد دووچاری جۆرێک لە پاشەکشە هات کە تاکو ئێستاش کاریگەری و شوێنەواری نەرێنی ئەو پاشەکشەیە بە گوتاری کوردی باشووری کوردستانەوە دیارە.

هەڵبەت لە بەشەکانی ترى کوردستان گوتارى ناسیونالیزم زۆر لەوەى باشووریش لاوازترە. بۆ نموونە پارتی کرێکاران کە زووتر باسی سەربەخۆیی کوردستانی دەکرد ئێستا هیچ بەرنامەو دیدێکی روونی بۆ ئایندەى کورد نیەو خاوەنی گوتارێکی تەمومژاوی پەیوەستکراوە بە دیموکراسی تورکیاوە. لە باشوور، ئەم کاریگەرییە هەرچەندە لە دوای راپەڕینی خەڵکی کوردستان و پێکهاتنی حکومەتی هەرێم زۆر لاواز بوو، بەڵام لە هەڵەى سەرکردایەتی سیاسی کوردی لە دوای رووخاندنی سەدام حسێن کە بێ مەرج و بەند چوونە بەغدا ئەو گوتارە زۆر لاواز بوو، ئەو رۆحە گشتیەی کۆمەڵگەى کوردی کە روو لە هەڵچوون بوو پاشەکشەى پێکراو، بەوەش گوتاری کوردی بەرەو رووتکردنەوەى زیاتر لە رەگەزە نەتەوەییەکان چوو، لەبەرامبەردا رەگەزەکانی گوتاری عێراقی شوێنی بەشێک لە رەگەزەکانی گوتاری کوردی گرتەوە.
کەواتە دەشێ لێرەدا ئەو پرسیارە سەر هەڵبدات : ئایا گوتاری عێراقی چیەو چ پەیوەندییەکی ئەرێنی یان نەرێنی بە گوتاری کوردییەوە هەیە؟ گوتاری عێراقی ئەو گوتارەیە کە بە کۆی رەگەزە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانی عێراق بارگاوی کراوەو بە گوێرەى عێراقییەکان عێراق وەکو گەل و وەکو نیشتیمان بۆ ئەوان لە پێش هەموو شتێکی ترەوەیەو بوون و سەروەری ئەوان واتە ئەوانی عەرەب بە شیعەو سوونەوە لە بوون و سەروەرێتی عێراقدایە. بەڵام ئایا ئەو گوتارە چ پەیوەندییەکی بە کوردەوە هەیە کە خۆی چاک دەزانێت چۆن نیشتیمانەکەیان دابەش کردووەو لە پێناوی بەرژەوەندی ئەوانی عەرەب و ئەوانی دەوڵەتانی خاوەن بەرژەوەندیدا باشووری کوردستانیان لکاندووە بە عێراقەوەو لە هەموو ئاستێکیشدا هەوڵیانداوە گوتاری کوردی لە نێو بۆتەى گوتاری عێراقیدا بتوێننەوەو لە بری ئینتیما بۆ کوردستان ئینتیما بۆ عێراق درووست بکەن و بەرهەم بهێنن. لێرەوە ئاشکرایە کە کورد هیچ پەیوەندییەکی نیە بە گوتاری عێراقیەوە، ئەگەرچی هەر لە ناوەڕاستی سیەکانی سەدەى رابردوودا مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد وەکو کوردێک چوارچێوەیەکی بۆ گوتارى عێراقێتی کورد داڕشتەووە ئەویش لە کتێبی ( العرب والاکراد )دا. دواتریش مێژوونووسێکی وەکو پرۆفیسۆر کەمال مەزهەر وەکو مێژوونووسێکی کورد گوتارى عێراقێتی کوردى زیاتر بەرجەستە کردووە، ئەویش لە کتێبەکانی ( رۆڵی کورد لە شۆرشی بیستدا، کوردستان لە ساڵانی جەنگی یەکەمی جیهانیدا، چینی کرێکارى عێراق، مێژوو، چەند لاپەڕەیەک لە مێژووى هاوچەخی عێراق و تێگەیشتنی راستی و….
راستە پێشتر بە کاریگەری لاوازیی هەستی ناسیونالیستی کوردی و نەبوونی ناسیونالیزم و رۆڵی نەرێنی ئایدیۆلۆجیای چەپ کە چاوی لەسەر پیکێتی چینی کرێکاری عێراق بووە، لە ئاستێکی دیاری کراوی هەستدا مەیلی پەیوەستبوون بە عێراقەوە درووستبووە، کە ئەوەش بۆ رووبەری نەست گواستراوەتەوەو پەیوەستبوونی کورد بە گوتاری عێراقیەوە لە ئاستێکی لاوازدا بەرهەمهاتووە. بەڵام پرسیار ئەوەیە کە ئایا پەیوەستبوونی کورد بە گوتاری عێراقییەوە وەکو نەتەوە چی بۆ بەرهەمهێناوە، یان بۆ ئێستاو داهاتوو چی بۆ بەرهەم دەهێنێت؟
لێرەدا حەزناکەم بە رەشبین ناوم ببەن بەڵام من بێجگە لە نەهامەتی و بەدبەختی و دووبارە کیمابارنکردن و ئەنفالکردنەوەو وێرانکردنەوەی کوردستان چاوەڕوانی شتێکی باشتر لە عێراق ناکەم. بۆیە هەر گۆرانی گوتنێک بە باڵاى بەغدادا بێجگە لە خۆفریودانی کورد هیچیتر نیە. بۆیە ئەگەر سەرکردایەتی کۆى حیزب و لایەنەکانی کورد، کەمترین ئاستی هوشیارى و بەرپرسیارێتی نەتەوەییان هەبێت، بۆیە ئەگەر هەر تاکەکەسێکی کورد سادەترین ئینتیماى نەتەوەیی هەبێت یەکەم باسی یەکێتی خاکی عێراق و مەترسی لەسەر ئەو یەکێتیە ناکات کە ئەو یەکێتیە بێجگە لە درۆو ویستی شۆڤێنیزمی عەرەبی هیچیتر نیە. ئەگەر نوخبەى سیاسی کوردى هەستی نەتەوەیی و بەرپرسیارێتی هەبێت، دەبێ هەموو ناکۆکیەکی ناوخۆى نێوانیان چارەسەر بکەن و مێژووى ناکۆکی و ململانێی خێلەکیانەى رابردوویان بەلاوە بنێن و وەکو هێزى نەتەوەیەک پێکەوە لە پێناوى یەک کوردستاندا تواناو هێزى خۆیان بخەنە کار و، واز لە سوکایەتیکردن بە مێژووى خۆیان و سوکایەتیکردن بە رۆحی کوردى بهێنن کە بە بێ سەربەخۆیی و درووستکردنی دەوڵەتی کوردى ئەو رۆحە هەموو رۆژێک هەتک دەکرێت، بۆیە حەقە لە برى گۆرانی گوتن بە باڵای پایتەختی داگیرکەرانی کوردستانداو لەبرى گاڵتەکردن و سووکایەتیکردن بە مەسەلەى سەربەخۆیی و دەوڵەت لەبەرئەوەى فڵانە حیزب یان فڵانە سەرکردە بانگەشەى بۆ دەکات و ئەوانیتر ئەو حیزب و سەرکردەیان بە دڵ نیە، هەموو ناکۆکیەکان بەلاوە بنێن تا کورد سەربەخۆ دەبێت ئەوسا لەژێر چەترى دەوڵەتدا خەبات بکەن بۆ درووستکردنی باشترین سیستێم. بەڵێ گوتارى کوردى کاتێ پێ،اسەى تایبەتی خۆیی هەیە کەبە رەگەزەکانی سەربەخۆیی و دەوڵەت بارگاوى کرابێت. بڕوابوونی هەر کوردێک بە گوتارى عێراقی واتە داماڵینی ئەو کوردە لە رەگەزى کوردبوون و بارگاویبوونی بە رەگەزو توخمەکانی گوتارى عەرەبی عێراقی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت