عەتا قەرەداخی: کێ لە ناو سەرکردایەتی یەکێتیدا پارتیەو کێ شوێنکەوتووى مام جەلالە؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لێرەو لەوێ گوێمان لەوە دەبێت کە فڵانە ئەندام مەکتەب سیاسی یەکێتی پارتیەو فیسار پیاوى پارتیە و ئەویتر مەسینە هەڵگرەو لەولاتریش ماستاو چیەو بەشێکی تریش کۆیلەو هاوبەشی بەرژەوەندیە. بێگومان ئەگەر وابێت و بەهەمان ئەو بنەمایانەى کە بۆ بە پارتیبوونی بەشێک لە مەکتەب سیاسی و سەرکردایەتی یەکێتی بۆ پارتیبوون دانراوە، ئەوا لە رێگاى هەمان جۆرە پێوانەو وەلائەوە بۆ گۆڕان و بۆ شیعەو ئێران و تەنانەت بۆ پێکەکەش، بەشەکەى ترى یەکێتیش کە پارتی نین دەبن بە گۆڕان، بەشێکیش بەپێی بەرگرى کردنیان بە پێی هەمان پێوانە سەر بە مالیکی و شیعەن و بەشێکیش سەربە ئێرانن و بەشێکیش مەیلدارى پێکەکەن. ئەمەش قسە بە ناوبانگەکەى ئیسماعیل بێشکچیمان بیردەخاتەوە کە دەڵێت: داگیرکەرانی کوردستان هەریەکەیان کوردستانی خۆیانیان هەیە تەنیا کورد کوردستانی خۆیی نیە. لەو رووەوە دەبێ بگوترێت کاتێ بە بەشێک لە سەرکردایەتی یەکێتی بگوترێت پارتیەکانی ناو یەکێتی، ئەوا دەبێ بە بەشێکیش بگوترێت گۆڕانەکانی ناو یەکێتی و مالیکیەکانی ناو یەکێتی و ئێرانیەکانی ناو یەکێتی و… سەرئەنجام شتێک نامێنێتەوە بە ناوى یەکێتی، بێگومان ئەمەش لۆجیکێکی ئاوەژووە.
ئێستا با بزانین ئەوانەى بە پارتیبوون تاونبار دەکرێن، ئایا دژایەتی خۆیانیان بۆ کوردو بۆ یەکێتی و بۆ کوردستان راگەیاندووە؟
ئایا دژایەتی خۆیانیان بۆ تێکدانی تەواوەتی ماڵی شێواوى کورد ئاشکرا کردووە؟
ئەى ئەوانەى کە سەربەگۆڕانن چیان کردووە بۆ کوردو کوردستان کە بیسەلمێنێت لەوانە کوردترن کە سەربە پارتین؟
ئایا ئەوانەى سەر بە مالیکی و شیعەو ئێرانن چەندێ خزمەتی کوردیان کردووە چەندێ لەبەردەم عەرەبدا بچووکی کوردیان نیشانداوە؟
ئەى ئەوانەى تر کە سەربە پێکەکەن چیان بۆ کورد کردووە؟ برادەرینە ئێوە هەمووتان ئەندامی حیزبێکن، چۆن لە رووتان دێت بەوجۆرە هاوڕى و هاوخەبات و هاوسەنگەرەکانتان بەوجۆرە ناشیرینانە تاوانبار بکەن؟
ئەگەر ئەم تاوانبارکردنانەتان راستبن ئەوا هیچتان خاوێن دەرناچن و هەمووتان گوناهبارن چونکە بە پێی ئەو بنەمایەى بۆ پارتیبوونی هەندێک:تان لەلایەن هەندێکی ترتانەوە دانراون ئەوا هەمووتان دەبن بە پیاوى خەڵکی تر، گوناهەکەش ئەمەیە بەوجۆرە غەدر لە خۆتان دەکەن بە تایبەتی ئەوانەتان کە بە حیزبەکەتانەوە ماندوو بوون. بەو پێیەى کە هەر دەستەیەکتان مەیلتان بە لایەکدا هەیە، شتێک نامێنێـەوە ناوى یەکێتی بێت. بەڵام ئایا ئەوە راستە بێگومان نەخێر. بۆیە حەقە هەمووتان کەمێک بە لۆجیکی عەقڵ بیربکەنەوەو واز لەو یەکتر تاوانبارکردنە بهێنن چونکە ئەگەر وریا نەبن ئەم پەرتبوون و خۆخۆریەتان دەتان روخێنێت، ئاشکرایە سەختترین و ترسناکترین برین ئەوەیە لەناو جەستەدا بێت.
ئێوە هەمووتان واینیشان دەدەن کە شانازى بە مام جەلالەوە دەکەن و خۆتان بە شوێنکەوتووى دڵسۆزى ئەو دەزانن. بەڵام لە خۆتان بپرسن بەو ئەندازەى مام جەلال لە ساڵی 2000 بەدواوەو بە تایبەتیش دواى رووخاندنی سەدام لە پارتی نزیک بووەوەو سەردان لە دواى سەردانی پارتی کرد، مەبەستەکەى هەرچیەک بێت لەوانەى کە دواتر باسی دەکەین، ئایا ئەوانەى کە ئێستا لەو مەکتەب سیاسی و سەرکردایەتیتاندا بە پارتیبوون تاوانباریان دەکەن بەو ئەندازەى مام جەلال نزیکبوونەتەوە لە پارتی؟
بێگومان من بۆخۆم زیاتر وایلێکدەدەمەوە کە مام جەلال پاش ئەزموونی نزیکە چل ساڵ ململانێ لەگەڵ بنەماڵەى بارزانی گەیشتن بەو قەناعەتەى کە ناتوانێت بە ململانێ هیچ لە بنەماڵەى بارزانی بباتەوە، بۆیە ئازایانەو بوێرانەو دڵنیام بێ گوێگرتن و گوێدان بەوەى کە رەنگە زۆرێک لە مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و کادیرانی یەکێتیش بەو نزیکبوونەوەى ئەو ناڕازیبن، ئەو بڕیارى خۆیداو کارگەیشتە ئەوەى شارۆچکە بە شارۆچکەو دى َ بە دێ بگەڕێت و کۆبوونەوە بکات و دژى بەربژێرەکەى کاکە نەوەکەى خۆى بانگەشە بۆ کاک مەسعود بکات و دەنگی بۆ کۆبکاتەوە. ئایا یەکێتیەکان تواناى ئەوەیان هەیە بیر لەوە بکەنەوە مام جەلال ئەوەى بۆچی کرد؟
بێگومان یان ئەمیش بووبوو بە پارتی یان لە پێناوى زیاتر لێکنزیککردنەوەى یەکێتی و پارتیدا بوو، یان لە پێناوى بەرژەوەندى خۆیدا بوو بۆ ئەوەى بۆ خولی دووەمیش ببێتەوە بە سەرۆک کۆمارى عێراق. بەڵام بەداخەوە زۆرێک لە یەکێتیەکان کە زیاتر مەبەستم هاوڕێ و دۆستە نزیکەکانی خۆمە لە ناو مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و ناوەندەکانی ترى یەکێتیدا بوێرى ئەوەیان نیە هەرگیز لە بارەى هەڵوێستەکانی مام جەلالەوە لە نزیکبوونەوەیدا لە پارتی پرسیار لە خۆیان بکەن، چونکە ئەگەر ئەو پرسیارەیان کرد ئەوا بە یەکێک لەو سێ خاڵە دەگەن کە پێشتر ئاماژەم بۆ کردن، هەرچەندە من خۆم زیاتر ئەوەیان بۆ هەڵویستی مام جەلال بە درووستتر دەزانم کە لە پێناوى زیاتر لیکنزیکبوونەوەى یەکێتی و پارتیدا ئەوەى کردووە چونکە ئەو باش دەیزانی بۆ ئەم قۆناغە چارەنووسی کورد لە باشوورى کوردستان بەستراوە بە یەکێتی و پارتیەوە. کەواتە ئەو بەرپرسانەى یەکێتی کە ئێستا نایانەوێـت لە پارتی دووربکەونەوەو هەوڵدەدەن پەیوەندی یەکێتی لەگەڵ پارتی باش بێت، ئەوانە لەسەر رێگاى مام جەلال دەڕۆن، کەچی ئەوانەى لە سەنگەرى گۆڕان و شیعەوە قسە دەکەن، ئەمانە بە پارتی تاوانبار دەکەن و خۆیان بە شوێنکەوتووى مام جەلال دەزانن؟ ئایا کام لەم ئاراستەیانە شوێنکەوتووى مام جەلالن؟
هەرچەندە من نە لەو کەسانەم ئامۆژگارى کەس بکەم، نە ئەو حەقەش بەخۆم دەدەم، بەڵام پێموایە لۆجیکی عەقل دەڵێت: سیاسەت بە دیدى پراگماتیکانە دەکرێت. بۆیە هەڵوێستی درووستی حیزبایەتی لە کوردستاندا لە سەر دوو بنەما وەردەگیرێت. یەکەم لە روانگەى بەرژەوەندى نەتەوەیی و نیشتیمانیەوە. دووەم لە روانگەى بەرژەوەندى حیزبیەوە. بۆ یەکێتیش وەکو هەر حیزبێکی تر ئەم دوو بنەمایە راستە، نەک سۆزو عاتیفەو هاوڕێیەتی و رق و کینەو شەرم و ترس لە قسەو جنێو و تاوانبارکردن. بەواتا ئەوەى پێویستە یەکێتی بیکات ئەوەیە: ئەگەر بەرژەوەندى نەتەوایەتی و نیشتیمانی و حیزبایەتی خۆیان لەوەدایە لەگەڵ پارتی نزیک و هاوپەیمان بن، حەقە هیچ لەو نزیکی و هاوپەیمانێتیە نەترسن و بە جیدى و بە ئاشکرا رایبگەیەن و کارى بۆبکەن. ئەگەریش پێیان وایە نزیکی و هاوپەیمانیان لەگەڵ گۆڕان لە بەرژەوەندى کوردو کوردستان و حیزبەکەشیانە، ئەوا پێویست ناکات هیچ دوو دڵ بن و حەقە بوێرانە بڕیارى نزیکی و هاوپەیمانی و پێکەوە کارکردن لەگەڵ گۆڕان بدەن و بۆ رێزگرتنی خەبات و تێکۆشانی خۆیشیان پێویستە لە یەکتر تاوانبارکردن دووربکەونەوەو هەڵوێستی کۆنکرێتیان هەبێت، نەک لەسەر پەتی لەرزۆکی نێوان پارتی و گۆڕان یارى بکەن، چونکە پەتی نێوان پارتی و گۆڕان لە تاڵەموش باریکترە کە بە تەواوى پچڕا یەکێتی کە لەسەر ئەو تاڵە موویە دەکەوێتە چاڵەکەوە. ئەوەش رەنگە نەک زیانی هەر بۆ یەکێتیەکان هەبێت بەڵکو دەبێتە پاشاگەردانی تەواو لەو جوگرافیایەدا کە هەتا ئێستاش یەکێتی بەرپرسی یەکەمە لە بەڕێوەبردنی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت