عەتا قەرەداخی: گوتارى کورد بوون!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

مەبەست لە گوتارى کوردبوون چیە؟ بەڵام پێویستە سەرەتا بزانین گوتار چیە؟ مەبەست لە گوتار پێکهاتەیەک یان دەربڕنێکی زمانیە کە دەشێ نووسراو یان گوتراو-زارەکی- بێت و بە بیرو زانیارى و ماناو دەلالات بارگاوى بکرێت. گوتارى نەتەوەیی پێکهاتەیەکی زمانیە بە بیرو زانیارى و ماناو دەلالاتە نەتەوەییەکان بارگاوى دەکرێ. هەر لێرەوە گوتارى کوردى یان کوردبوون ئەو گوتارەیە بە زمانی کوردى بەرهەم دێت چی نووسراو بێت یان زارەکی، هەروەها بە بیرو زانیارى و ماناو دەلالاتی کوردى بارگاوى دەکرێت. بیرى کوردیش تەنیا کاتێک شووناسی کوردبوونی بەباڵا دەبڕرێت کە لە گەوهەردا کوردى بێت و سەرچاوەکەى کوردى بێت و دیدو روانینی کوردانە بێت و خواست و ویست و مافەکانی کوردى لە خۆیدا کۆکردبێتەوەو هەڵگرتبێت.
ئاشکرایە خواست و ویست و مافی هەر نەتەوە یان پێکهاتەیەکی ئیتنیکی لە سادەترین پێناسەدا ئەوەیە کە ئەو پێکهاتەیە خۆى خاوەنی هەموو شتێکی خۆى بێت. واتە خۆى ئەو کەسە بێت کە بڕیارى هەموو شتێکی خۆى بدات. بۆ نەتەوەو پێکهاتە داگیرکراو و دابەشکراو و ژێردەستە و چەوساوەکانی وەکو کوردیش خواست و ویست و سادەترین ماف بڕیاردانی چارەنووسی خۆیانە، کە ئەوەش لەوێوە سەرچاوە دەگرێت ئەو پێکهاتەیە بە ئازادى و بێ هیچ رێگرییەک مافی ئەوەى هەبێت کە خۆى بڕیاربدات چی دەوێت.
کاتێ باسی گوتارى کوردبوون دەکرێت، دەبێ بزانین گوتارى کوردبوون بە ئاستێک لە گوتارى کوردى جیادەکرێتەوە ئەویش لە رووى زیاتر جەختکردنە سەر گەوهەرى گوتارەکەو رووانین بۆ هێزو وزەى ناوەوەی گوتارەکەو شێوازى رەنگدانەوەى ئەو گەوهەرو ماهیەتە بە ئاراستەى دەرەوە. واتە گوتارى کوردبوون جەختکردنە لەسەر بوون و ماهیەتی ئەو پێکهاتە کە ناوى کوردە، دووەمیان واتە گوتارى کوردى ئەو قۆناغە نیشان دەدات کە ئەم پێکهاتە خاوەن بوون و ماهیەتە گوزارشت لە خۆى بکات بە شووناسی دیارو تایبەتی خۆیەوەو ئەوەش لە دەرەوەى گوتارەکەو کورد خۆیشی وەکو بەرهەمهێن و خاوەنی گوتارەکە دەبینرێت. بەڵام سەرئەنجام هەردوو گوتار پێکەوە کۆدەبنەوەو گوتارى نەتەوەیی کوردى پێکدەهێنن، کە بێ چەندوچوون ئەم گوتارى لەوەدا پێناسە دەکرێت کە گوتارێکە بە کۆى رەگەزە نەتەوەییەکان و خواست و ویست و تموحە نەتەوەییەکانی کورد بارگاوى کراوە، کە ئەویش لە گەوهەردا بریتیە لەسەر بەخۆیی و درووستکردنی دەولەَتی نەتەوەیی، چونکە کوردبوون مەبەست بوونی کوردە بە خاوەنی شووناسی خۆى، واتە شتێک نیە ناوى کوردبوون و کوردایەتی بێت بەبێ بوونی شووناسی کوردبوون. شووناسی کوردبوونیش ماناى گەیشتنی کورد بە ئاستی ئامادەبوون و بەدەستهێنانی تواناى خۆنمایشکردن لەبەرامبەر ئەوانی ترى غەیرى کورددا. کەى کورد دەتوانێت وەکو کورد خۆى لەبەرامبەر ئەوانی تردا نمایش بکات؟ بێگومان کاتێک شووناسێک هەبێت لەسەر ئاستی جیهانی ناوى شووناسی کوردى یان شووناسی کوردستانی بێت. هەر شووناسێکی لەم جۆرەش تەنیاو بەس تەنیا لە بوونی کورددا بە ئەندامی کۆمەڵگەى نێودەوڵەتی بەدەست دێت. کەى کورد لە پێکهاتەى کۆمەڵگەى نێو دەوڵەتیدا دەبێتە خاوەنی شووناس ؟ بێگومان کاتێک ببێتە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆى خۆى. بۆ نموونە ئەگەر ئێستا کوردێک لەسەر ئاستی جیهان یەکەمین زاناى فیزیاى ئەتۆمی بێت و خەڵکی شارى سنە بێت، ئەوا لەناوەندى زانستی و پەیوەندى نێودەوڵەتیدا پێی دەڵێن زانایەکی فیزیکی ئێرانی. بە یەشار کەمال دەگوترێت نووسەرى گەورەى تورک، بە بەهمەنی قوبادى دەگوترێت دەرهێنەرى سینەمایی ئێرانی، کاتێ مەسعود محەمەد کتێبەکەى “بۆ پایەبەرز گورباشۆف” نووسی، بە بیرمەندو نووسەرێکی گەورەى عێراقی ناویان برد. واتە هەرچۆن ئیسماعیل بێشکچی دەڵێت هەموو داگیرکەرانی کوردستان، کوردستانی خۆیان هەیە، بەڵام کورد کوردستانی خۆیی نیە، کورد شووناسی داگیرکەرانی کوردستانی هەیەو شووناسی کوردستانی یان کوردبوونی نیە. ئەمەش گەوهەرى کێشەکەیە واتە وڵاتێک نیە کە شووناسی کوردستانی هەبێت و منی کوردیش هەڵگرى ئەو شووناسە بم. هەرگیز ئێمە نابین بە خاوەنی شووناسی کوردى یان کوردستانی تاوەکو کورد نەبێتە ئەندامێکی دانپێدانراوى نێو پێکهاتەى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتی. کەواتە ئێستا پرسیار ئەمەیە: ئایا کورد دەیەوێت ببێتە خاوەنی شووناسی کورى و کوردستانی یان دەیەوێت هەڵگرى شووناسی داگیرکەرانی کوردستان بێت؟
وەڵامدانەوەى ئەم پرسیارە زۆر بە سادەیی پەیوەندى بە ئاستی هوشیارى نەتەوەیی کوردەوە هەیەو لە دوو ئینتیماى جیاوازەوە سەرچاوە دەگرێت، کە ئەوانیش ئینتیمایە بۆ کوردستان، یان ئینتیمایە بۆ شووناسی دەوڵەتانی داگیرکەرى کوردستان. بێگومان کاتێک باسی شووناسی کوردبوون دەکەین بەهیچ شێوەیەک مەبەستمان ئەوە نیە کە کوردبوونمان لە عەرەببوون بۆ عەرەب و تورکبوون بۆ تورک و فارسیبوون بۆ فارس پێ لە پێشتر بێت، یان پیرۆزتر بێت. نەخێر مەبەستمان ئەوەیە کوردبوون بۆ کورد لە ئاستی عەرەببوون بۆ عەرەب و تورکبوون بۆ تورک و فارسبوون بۆ فارسدا بێت، بەڵام بەبێ شۆڤێنیزمەکەى ئەوان. ئەمەش ئەو ستاندارە مرۆیی و گەردوونیەیە کە هاوشانی لە نێوان نەتەوەو ئیتنیکە جیاوازەکاندا پێکدەهێنێت و برایەتی لە نێوان نەتەوەکانیشدا بەبێ هاوشانبوونیان پێکنایەت. کەواتە کوردبوون بریتیە لەو قۆناغەى کە مرۆڤى کورد تیایدا وەکو مرۆڤـــــ و بەدەر لە هەر رق و کینەو هەستێکی ترى نەتەوەیی بەرامبەر بە ئەوانی تر گوزراشت لە بوون و شووناسی خۆى دەکات.
لەبەرئەوە ئێستا بە ئاشکرا دەتوانین بڵێین گوتارى کوردبوون بریتیە لەو گوتارەى کە بارگاوى کراوە بە رەگەزو توخمەکانی بوون و ئامادەبوون و خۆسەلماندنی کورد کە ئەوەى یەکەمیان بوونی مادیانەى کوردە، واتە بوونی فیزیکیانە، دووەم و سێیەمیش دوو رەگەزن، کردار یان پراکتیک بەرهەمیان دەهێنێت و پێناسەیان دەکات، یان بە دەربڕینێکی تر بەرهەمهێنانی مادى ئامادەبوون و خۆسەلماندن پاساو دەدات و، بەبێ بوونی بەرهەمی مادى شتێک نیە ناوى ئامادەبوون و خۆسەلماندن بێت. مەبەست لە ئامادەبوون ئەوەیە کە بکەرێکی رووداو درووستکەر یان بەرهەمهێن بوونی هەبێت. بە گوێرەى کوردیش تەنیا کاتێک دەبێتە بکەر کە رووداو لەسەر شوێن کە جوگرافیاکەى خۆیەتی درووست بکات، رووداویش بە گوێرەى کورد گواستنەوەیە لەم قۆناغەوە کە هێشتا نەبووەتە خاوەنی شووناسی کوردى بۆ قۆناغێک کە ببێتە خاوەنی شووناسی کوردى دانپێدانراو لەلایەن ئەوانی ترەوە. ئەوەش تەنیا کاتێک دەبێت کە کەسێتی کوردى کە مەبەست کەسێتی نەتەوەیی کوردیە لەسەر نەخشەى جیهانی سیاسی و لەسەر نەخشەى پەیوەندى نێودەوڵەتی بەجۆرێک بوون و ئامادەبوونی هەبێت کە هەم گوێ لە دەنگی بگیرێت هەم قسە بۆ گوێیەکانی بکرێت. ئەوەش تەنیا کاتێک دێـتە دى کە کورد ببێتە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆى خۆى. خۆسەلماندن و ئامادەبوونیش کە جووتەیەکی لێکجیانەکراوەن بۆ ئەوەى ببنە خاوەنی ماناى راستەقینەى خۆیان، دەبێ کورد وەکو نەتەوە ببێتە بکەرێکی بەرهەمهێن، ئەوسا ئامادەبوون و خۆسەلماندن ماناوەردەگرن. تەنیا کاتێکیش ئامادەبوون و خۆسەلماندنی کورد لەلایەن ئەوانی ترەوە دانی پێدادەنرێت کە ئەم ببێتە ئەو بکەرە رووداو درووستکەرە کە بەشدارى هەبێت لەبەرهەمهێنانی شارستانێتی مرۆڤایەتیدا. تاکو کورد نەبێتە دەوڵەت، ئەو بنەمایانەى نابێت کە دەیگەیەنێننە ئاستێک بتوانێت بەشدارى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتی، یان مرۆڤایەتی بکات و لەوێشەوە هەم بوونی بپارێزرێت و لە مەترسی لەناوچوون دەربازى بێت، هەم ئەو ئامادەبوونەى بیگەیەنێتە ئاستی بەدەستهێنانی ئەو شووناسەى کە پێی دەگوترێت شووناسی کوردبوون کە ئەوەش تەنیا کاتێک دەبێت کە گوتاری نەتەوەیی کوردى بگاتە بەرزترین ئاستی و لەسەر زەمینەى واقیع جێبەجێ بکرێت، ئەویش وەکو سەرەتا ئاماژەمان بۆ کرد تەنیا کاتێک دەبێت کە کوربوون بگاتە ئاستی عەرەببوون، تورکبوون، فارسبوون ….هەموو ئەوانیتر بوون بەڵام بە دیدێکی مرۆیی رووتکراوە لە هەست و هەڵوێستی شۆڤێنیستانە. تەنیا لەو ئاستەى بووندا کورد دەبێتە خاوەنی راستەقینەى بوونی خۆى، بوونێک کە رۆحی گشتی کۆمەڵگەى کوردى تیایدا بگاتە بەرزترین ئاستی بڵندبوون و لەوێوە گوزارشت لە بوونی خۆى بکات، کە ئەوە بارى راستەقینەى بوونیەتی، بوون لە ئازادیدا، بوون لە دەرەوەى ترسی لەناوچوون، بوون لە دەرەوەى خۆبەستنەوەو پاشکۆیەتی بۆ داگیرکەرانی کوردستان، بوون لە یەکێتی و یەکبوونی نەتەوەییدا، بوون لە گوتارى نەتەوەیی کوردیدا، بوون لە دەوڵەتدا، دەوڵەتی سەربەخۆى کوردستان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت