عەدنان سەید ئەمین: نوێگەرى بەکێ دەکرێت!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەوەى بەلاى ئێمەوە گرنگە ئەوەیە کە لە ئێستادا زۆرجار بانگەشەى نوێکردنەوە و نوێگەرى لە ئایندا دەکرێت، ئایا ئەو شێوە لە نوێگەرى باسى لێدەکرێت چ کەسێک شیاوە ئەنجامى بدات و پێى هەڵبسێت. نوێگەر دەبێت هەڵگرى کۆمەڵێک خاسیەت و تایبەتمەندى بێت کە بەبێ ئەو سیفەتانە ناتوانێت کارەکەى سەرکەوتوو بێت و نابێتە هەڵگرى ئەو ناوە.

پێناسەى نوێگەر:
نوێگەر(مجدد) بەو کەسە دەوترێت کە هەڵدەسێت بە نوێکردنەوەى ئاین و لە سایەى قورئان و سوننەت و، بنەماى دروستى ئایندارى دەخاتەڕوو. ئاین دوردەخاتەوە لە داهێنراوەکان. زانست بڵاودەکاتەوە و لایەنگرانى داهێنراوى و سەرشۆڕ دەکات!. دیارە ئەمەش بە کەسێک دەکرێت کە تەواو شارەزا و زانابێت لە زانستە باتینى و زاهیریەکاندا .
سەرچاوەى بیرۆکەى نوێگەر بۆ ئەو فەرمودەیە دەگەڕێتەوە کە پێغەمبەر(د.خ) فەرمویەتى:” إن الله یبعپ لهذه الڕمە على راس کل مائە سنە من یجدد لها دینها” . واتە:خودا لەسەرەتاى هەموو سەد ساڵێکەوە کەسێک دەنێرێت بۆ ئەم ئوممەتە، تاوەکو ئاینەکەى بۆ نوێبکاتەوە. ئەمە واى لە لێکۆڵەران کردووە کە گرنگى بە دەستنیشانکردنى نوێگەر بدەن لە سەرەتاى سەدەکاندا(ساڵى کۆچى). بە دور و درێژى زانایان لەو فەرمودە کۆڵیونەتەوە و ڕا جیاوازى هەیە لەبارەى ئەوەى کە ئایا مەبەست لە نوێگەر کێ یە. واتە دەستە و کۆمەڵێکن کە نوێگەریەکە ئەنجام دەدەن، یاخود کەسێک نوێگەریەکە ئەنجام دەدات.
مێژوونوسان و زانایانى بوارى ئاین زۆر لەو بابەتە کۆڵیونەتەوە و هەوڵیانداوە سەدەکان بەگوێرەى دەرکەوتنى کەسایەتیە دیارەکان پۆلێن بکەن و هەوڵ بدەن ڕاستى و دروستى ئەو فەرموودەیە بسەلمێنن. نوێگەر ئەو کەسەیە کە خاوەن پاشخانێکى دەوڵەمەندى زانستیە، هەوڵ دەدات ئەو زانستەى کە دەستى خستووە بیخاتە خزمەتى ئاین و ئایندارەکانەوە. لە زۆر سەردەم و کاتتدا هەبوون ئەوانەى بانگەشەى نوێکردنەوەى ئاینیان کردووە، یان پاککردنەوەى ئاین لەو وتە و کردارە زیادانەى کە بونەتە بەشێک لە ئاینەکە.

مەرجەکانى نوێگەر:
1- دەبێت نوێگەر بانگەشەکارێکى ڕێگاى دروست بێت: کەسى نوێگەر هەوڵ نەدا کە ئاین بەرەو لاوازى ببات و لە پەیام و بنەماى ئاینەکە بدات. هەروەها ناکرێت پەیام و بەرنامەى دروستى ئاینەکە ڕوون بکاتەوە و بانگەشە بۆ پەیامى ئاشتى ئاینەکە بکات.
2- خاوەن زانست بێت: نوێگەر دەبێت لە هەموو بوارە ئاینیەکاندا شارەزایی تەواوى هەبێت و گەیشتبێتە پلەى موجتەهیدى ڕەها. چونکە ئەو ڕایە نوێیەى کە نوێگەر دەرى دەبرێت دەبێت شارەزاییەکى تەواوى هەبێت لە بنەما و بنەڕەت و شێوەى هەڵێنجان و ڕونکردنەوەى.
3- دەبێت خاوەن گوڕ بێت: نابێت کەسێک بێت لە بانگەشەى پاشگەز ببێتەوە و ئەم کارە بە ئەرک بزانێت و هیچ شتێک ساردى نەکاتەوە. واتە کەسێکى ماندوو نەناس بێت لە لێکۆڵینەوە و بەدوادا چوندا.
ئەمانە و چەندین مەرجى دیکە کە بۆ ئەوە دانراون تاوەکو هەرکەس خۆى لە نوێگەردا نەبینێتەوە و بانگەشەى ئیجتیهاد زۆر نەبێت. هەر لەسەرەتاى دەرکەوتنى گروپ و تاقمە ئیسلامیەکانەوە کەوتنە هەوڵى نوێگەرى لە ئاین و بۆچونەکاندا و چەندین ڕێچکە و هزر و گروپ بەرهەمى ئەم نوێگەریانە بوون. موعتەزیلەکان و ئەشعەریەکان هەمیشە هەوڵى هەڵێنجانى ڕا و بۆچونى نوێیان دەدا. (حسین بن خەیات) لە موعتەزیلەکان و ئامەدى و جوەینى لە ئەشعەریەکان. و چەندینى دیکە. هەوڵەکان هەر درێژەى هەبوو تاوەکو سەردەمى (ئیبن سەڵاحى شارەزورى) کە بڕیاڕیدا ئەو دەرگایە دابخات و نوێگەرى ڕابگرێت، بە هاوکارى دەسەڵاتى سیاسى(سوڵتان زاهیر بیبرس). ئەم هەوڵەى ئیبن سەڵاح بۆ ئەوە بوو کە جۆرێک لە گەڕەلاوژە لەناوى هزرى ئیسلامیدا دروست ببوو، هەرکەس ناوى نوێگەر و موجتەهیدى لەخۆى دەنا و ڕاى جیاوازى دەردەبڕى. بەپێى هەندێگ بۆچون ئەم ڕایەى (ئیبن سەڵاح) بووە هۆى دروستبونى کۆسپێکى گەورە لەبەردەم کرانەوە و نوێگەرى هزرى ئیسلامى.
بەڵام لەگەڵ زیاتر کرانەوەى زیاتر و هەڵمەتى ڕۆژئاواییەکان و هەڵمەتى ڕۆژهەڵاتناسەکان، بووە هۆى ئەوەى ژمارەیەک ڕەخنە ڕوبەڕوى ئاین و کلتورى ناوچەکە ببێتەوە. هەندێک لە نوسەرەکان سەرسام بوون بەو کلتورەى ڕۆژئاوا کە تێکەڵ بە ژیانیان ببوو، هەروەها هەوڵى ئەوەیان دەدا بەجۆرێک ئاین و بیرکردنەوەى موسوڵمانەکان لەگەڵ ئەو کلتورەدا بگونجێنن و جۆرێک لە تێکەڵى دروست بکەن. ئەم کەسایەتیانە لە هەوڵ و کۆششى خۆیاندا دڵسۆز بوون، بەڵام پاشخانێکى بەهێز و دەوڵەمەندى ئاینیان نەبوو و نەیاندەتوانى مەبەستەکان بەشێوەیەکى باش بگەیەنن و زۆرکات بۆچونەکانیان لەگەڵ بنەڕەت و بنەماى ئاینەکەدا وێک نەدەهاتەوە. یان هەندێکیان لەبەر حەزى دەرکەوتن وەک نوێگەر و ڕۆشنگەر ئەو کارەیان دەکرد. کە نمونەیان لەم سەدەیەدا زۆرە.
ئەوەى جێگەى سەرنجى ئێمەیە ئەوەیە: کەسێک کە بانگەشەى نوێگەرى دەکات دەبێت خاوەن ئەو سیفەتانەى نوێگەر بێت کە باسکرا، بۆ ئەوەى ڕوبەڕووى کەمترین ڕوبەڕووبونەوە ببێت لەلایەن ڕەشۆکى ئایندارەوە. چونکە هەموو ئەوانەى بانگەشەى نوێگەریان کردووە یان بە نوێگەر دەرکەوتوون لە ژیاندا زۆر چەوسێنراونەتەوە تا توانیویانە مەبەست و ئامانج بگەیەنن.

1- صالح بن فوزان: من ڕعلام المجددین. ط1. دار المۆید.(1421هـ/2001مـ).ص4.
2- الحاکم:المستدرک. ج4/ص56.رقم الحدیث(8592).
3- بڕوانە، ویکیبیدیا: wikipedia

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت