عەلی مەحمود: با ریفراندۆم و دیموكراسی راستەوخۆ ببێتە پایەی حوكمڕانی لە كوردستان.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ریفراندۆم ئەمرۆ بۆتە بابەتی ژمارە یەكی كوردستان و لە هەموو كۆڕو كۆبونەوەكان و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان, رۆژنامەو گۆڤار و پێگە ئەلكترۆنییەكان, بابەتی گەرمی رۆژ ریفراندۆمە, خەریكە هێزە هاوبیرە سیاسییەكان, گروپە ئایدۆلۆجیەكان, دابەش دەكات .
بابەتی ریفراندۆم پێویستە بە بێ تەخوینكردن, لە ژینگەیەكی تەواو ئازاددا گفتوگۆی لەسەر بكرێت , هەردوو بەرەی بەڵێ و نەخێر , هەوڵبدەن لەناو گەلدا زۆرترین هەوادار بۆ خۆیان رابكێشن, با بەرەی نەخێر بێنە هەولێرو دهۆك ریكلام بۆ خۆیان بكەن , بەرەی بەڵێش بێ تەخوین و جنێودان لە سلێمانی ریكلام بۆ پرۆژەكەی خۆیان بكەن, با 2 مانگی دیموكراسیانە لە ململانێی سیاسیدا بەرینە سەر, جەمسەر بەندییەكە هەمان جەمسەر بەندی سیاسی 53 ساڵ لەمەوپێشە بۆ ئەم پرسەش, ئاساییە ئێستاو داهاتووش دوبارە بێتەوە , سەیری نەخشەی هەڵبژاردن و ریفراندۆمەكانی جیهان بكە, ئەم دابەشكارییە مێژووییە تەنانەت لە وڵاتێكی ئاست بەرزی سیاسی وەك فەرەنساش بەدی دەكرێت, كارەكە خۆی لە كۆتادا گەل یەكلای دەكاتەوە , ئەگەر بڕیار وایە ریفراندۆمێكی پاك و دور لە ساختەكاری بەڕێوە بچێت و هەردوولا باوەریان بە دەنگی گەل و ئیرادەی گەل هەبێت, دوای ریفراندۆمەكەش عەرابانی هەردوولا لە ژێر رۆشنایی ئەنجامەكانی ریفراندۆمەكە پاداشت و سزای خۆیان وەربگرن, ئازایەتی سیاسیش هەبێت ئیتر دەستكێشانەوە لە ژیانی سیاسی زەرورە لە دوای روداوێكی گرنگی وا، هەر نەبێت لە پۆست و پلەی سیاسی و حیزبی وەك نموونەی سكۆتلەندا.
پرۆسەی ریفراندۆم پیادە كردنی دیموكراسی راستەوخۆیە, بكە ۆ یەكەمجار لە هەرێمی سانت غالنی سویسرا لە ساڵی 1831 دا جێبەجێكرا , دواتر لە ساڵی 1848 ەوە لەسەرتاسەری سویسرا پیادە دەكرێت, تا هەنووكە زیاتر لە 600 راپرسی لە وڵاتی دیموكراسی راستەوخۆ سویسرا ئەنجامدراوە , لەوانە لە ساڵی 1891 ەوە 240 ریفراندۆمی سەرانسەری ئەنجامدراوە كە كەمتر لە 10%یان سەركەوتوو بوونەو دەنگی پێویستی بەڵێی هێناوەتەوە, هەر لە سایەی ریفراندۆم و دیموكراسی راستەوخۆدا ژنانی سویسرا تا ساڵی 1972 مافی دەنگدانیان لێ زەوت كرا, كە چەندین جار پەرلەمانی ئەم وڵاتە دەنگی بۆ دا, وەلێ پیاوانی سویسرا لە رێگای ریفراندۆمەوە رەتیان دەكردەوە, هەر پارساڵیش لەم وڵاتە دەستپێشخەرییەكانی موچەی بنەڕەتی, كەمكردنەوەی جیاوازی موچە بۆ 1 بە 12 و كەمتر لە كۆمپانیاكان و زۆر دەستپێشخەری دیكەی گرنگ رەتكرایەوە, لێرەدا كێشەكە لە پرۆسەی ریفراندۆمدا نییە, بەڵكە كێشەكە لە هەیمەنەی بیری كۆنەپەرستانەو راستگەرایانە لە كۆمەڵگادا, مەگەر ئەوانەی داوای ئازادی و یەكسانی دەكەن لە گەڵ ئیرادەی خەڵكدا نین؟, مەگەر هەر ئیرادەی خەڵك نەبوو , هیتلەر و ترامپ و خومەینی و…. دەیانی دی هێنایە سەر دەسەڵات, ئەم نموونە ناشرینانەی مێژوو نابێت دەستبەرداری مومارەسەی ئیرادەی خەڵكمان بكات.
دیموكراسی راستەوخۆ شێوازێكە لە شێوازەكانی دیموكراسی, وەلێ لە هەموان زیاتر تیایدا گەل بڕیار دەدات, بە پێچەوانەی دیموكراسی نوێنەرایەتی, كە شوێنی مامەڵەیە بە دەنگی گەلەوە, لە دیموكراسی راستەوخۆ گەل بڕیاری خۆی دەدات, لە دەركردنی بڕیارەكان, گۆڕینی دەستورو یاساكان, دانان و دەركردن و سزادانی بەرپرسان, نموونەی باڵاش لە دیموكراسی راستەوخۆ (تا رادەیەكی زۆر سویسرا و كۆمۆنەی پاریس) ە ( لە مێژووشدا لە 500 ساڵ پێش زاینییەوە ئەسیناو ئیمپراتۆری رۆمانی لە 509 پێش زاینەوە پیادە كراوە, وەلێ كۆیلەو ژنان مافی دەنگدانیان نەبووە), وە ئێستا لە زۆر وڵات بزووتنەوەی سیاسی بەهێز پەیدا بوونە وەك پارتی قەراسینەی ئیسلەندی, پۆدیمۆسی ئیسپانی, بێدارانی شەوی فەرەنسی , كوپ ی كەتەلۆنی و سەدان دەستەو تاخمی ئانارشستی و چەپگەرا كار بۆ پیادە كردنی دیموكراسی راستەوخۆ دەكەن لە جیهاندا, تەنانەت پارتی پۆپۆلیستی وەك ئەلتەرناتیفی ئەڵمانیای راستگەراو پارتی 5 ئەستێرەی ئیتاڵیاو پارتی گۆڕانی 2011ی فینلەنداو دەیان پارتی دیكە لە سوئید, نیوزلەنداوە تا دەگاتە ئەرجەنتین, لەسەر بنچینەی دیموكراسی راستەوخۆ دامەزراون.
بۆیە گرنگە لە كوردستان نەك بۆ دیاریكردنی مافی چارەی خۆنوسین پەیڕەو لە ریفراندۆم بكرێت, ئەگەر ریفراندۆم بڕیار وایە گەلی كوردستان لە مەینەتی ستەمی نەتەوایەتی سەدان ساڵە رزگار بكات, ئەوا ریفراندۆم و دیموكراسی راستەخۆ با ببێتە پایەی حوكمڕانی داهاتووی كوردستان و هەموو بڕیارو دەسەڵاتەكان لە رێگای ریفراندۆم و كۆبونەوە گشتییەكانەوە بەڕێوە ببردرێت, لە دەستوردا جێگیر بكرێت, گەل بكرێتە سەرچاوەی یەكلا كردنەوەی بڕیارەكان.
وەلێ بەهۆی دواكەوتوویی بیری سیاسی لە كوردستان, كە لە دوای نەوەتەكانەوە زۆر بۆ دواوە گەڕاوەتەوە, وە نا دیموكراسی بوونی بونیادی رێكخراوەیی سەرجەم هێزە سیاسییەكانی كوردستان, لە ئاستی گۆڕانكارییەكانی ژیانی حیزبایەتی نین لە جیهاندا كە بەرەو دیموكراسی راستەوخۆ دەڕوات, نەبوونی هێزی سیاسی داكۆكی لە دیموكراسی راستەوخۆ بكات لە كوردستاندا, بۆیە گرانە بەرژەوەند پەرستانی سیاسی لە كوردستان دیموكراسی راستەوخۆ پەسەند بكەن, لە كوێ قازانج و بەرژەوەندییان بێت كەڵكی لێوەرە گرن, چونكە بەرژەوەندی كەمایەتی سیاسی مشەخۆری باڵادەست لە گەڵ بەرژەوەندی گەلدا یەك ناگرێتەوە, بۆیە ترسیان لە هاتنە مەیدانی گەل هەیە.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت