عەلی مەحمود: تەیموری رۆژهەڵات ئەزمونێك بۆ خەڵكی كوردستان.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

رێزدار كاك كاوە مەحمود ئەمین بابەتێكی بڵاو كردۆتەوە بە ناوی ( تیمووری ڕۆژھەڵات و سەربەخۆیی : خەندان, كاركردن لەسەر ئەم بابەتانە و گواستنەوەی ئەزموونی ئەو گەلانەی كە دۆزەكانیان نزیكن لێمانەوە گرنگە, بەرچاو ڕوونیمان دەداتێ بۆ بیركردنەوەی تەندروست بۆ چۆنییەتی مامەڵەكردن لە گەڵ پێشهاتەكان و خواستەكان و بەرەو پێشچونەكان, وەلێ پێویستە نەترسین لە وتنی تەواوی ڕاستییەكان و گواستنەوەیان وەك خۆی بۆ رایگشتی, نەوەك لە پنتێكدا لە خشتەیان ببەین, لێرەدا چەند كورتە سەرنجێك لەسەر ئەم بابەتەی نووسەر دەخەمە ڕوو وەك راستكردنەوەو درێژە دان بە گواستنەوەی ئەزمونی تەیموری رۆژهەڵات, چ وەك گەلێكی بن دەست, وە چ هەڵوێستی هێزە سیاسییەكانی نەتەوەی سەردەست و ژێر دەست و هێزە جیهانییەكان لەسەر دۆزەكە, وە چ وەك شێوازی ئەنجامدانی ریفراندۆمەكەیان بۆ مانەوە لە چوارچێوەی ئەندەنوسیا نەك ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی, كە لە كۆتادا ئەنجام هەر یەكە, وەلێ لێرەدا نەخێر ڕۆڵی پۆزەتیف دەبینێت لە پرۆسەكە, چونكە ریفراندۆمی ئەوان بۆ مانەوەو نە مانەوە بوو بە پارێزگای 27 ـەمینی ئەندەنوسیا و وەرگتنی ئۆتۆنۆمی لە چوارچێوەی بەرگی مافی چارەی خۆنوسیندا، پرۆسەكە ناڕاستەوخۆ بۆ سەربەخۆیی بەڕێوە چوو, وەلێ لە شێوازدا ڕیفراندۆمەكە بۆ مانەوە بوو لە چوارچێوەی ئەندەنوسیا.

چۆن زەمینەی ریفراندۆم هاتە پێشەوە
لە 25ی نیسانی 1974 كۆمەڵێك ئەفسەری گەنجی چەپگەرا كودەتای قەرنەفەڵ ( گوڵی سور) یان بە پشتیوانی و هاوكاریی سۆسیالستە چەپەكان و شیوعییەكان لە پورتوگال ئەنجامدا دژ بە حكومەتی ئستادۆ نۆڤۆ كە 43 ساڵ بوو بەشێوەی دكتاتۆریانە حوكمی وڵاتی پورتوگالی دەكرد (لە ساڵی 1934 ەوە بۆ ساڵی 1973 تەواوی كورسییەكانی پەرلەمانی لە ڕێگای پارتی یەكێتی نیشتمانی پورتوگالی – راستی ئاینی توندڕەوە برد بۆ خۆی, كە دوای سەپاندنی دەسەڵاتی تاك حیزبی لە ساڵی 1928 هاتە سەر حوكم), پورتوگال وڵاتی داگیركەری تەیموری رۆژهەڵات بوو, ئەو رۆژەی كاتێك بەیانی هاووڵاتیانی لشبۆنە هەستان لە خەو سەربازە پلە نزمەكان بە خۆیان و تانكەكانیانەوە كودەتایەكی سوری سپییان ئەنجامدابوو ( سور وەك بیری سیاسی كودەتاچییەكان و سپیش وەك ئەوەی بە ئاشتیخوازانە بەڕێوە چوو ) هاوڵاتیان بە گوڵی سورەوە پێشوازیان لەكودەتاچییە سەربازە گەنجەكان كرد, بۆیە كودەتاكە ناو نرا شۆرشی قەرنەفەڵ.
حكومەتی شۆڕشگێڕی پورتوگالی كە لە دوای كودەتاكە دەسەڵاتی گرتە دەست, كۆمەڵێك سەربازیان لە گەڵدا بوو كە لە كودەتاكەیان بەشدار بوون, لە شەردا بووون لە وڵاتە ژێر دەستەكانی پورتوگال لە دژی گەلانی ئەو وڵاتانە و هەڵوێستیان لە گەڵ كۆتایی ئەو شەڕانەدا بوو, بەشداریان كرد لە ڕوخانی حكومەتی ئستادۆ نۆڤۆ,حكومەتی چەپگەرا لە پورتوگال كە بە كودەتای سپی سەربازی هاتە سەر حوكم و بە هۆی پشتیوانی جەماوەر لێی گۆڕا بۆ شۆرشی سور, ( دواتر حكومەتی هەڵبژێردراو بە سەرۆكایەتی سۆسیالستەكان پێك هات لە رێگای ئەنجامدانی دوو هەڵبژاردنی دواتر لە 25ی تەموزی 1975 و 1976, سۆسیالست و شیوعییەكان هێزی كۆمەڵایەتی گەورەی وڵات بوون و زۆرینەی كورسییەكانیان مسۆگەر كرد), حكومەتی كاتی كودەتای سور بڕیاری دا كۆتایی بە شەڕی داگیركاری لە وڵاتانی ژێر دەستە بهێنێت, تا كۆتایی 1974 سوپای پورتوگال لە غینیا, مۆزەمبیق, رەئس ئەلئەخزەر, ساوتۆمی و برینسیبی و ئەنگۆلا و تەیموری رۆژهەڵات كشانەوە, ئەمەش دوای جاڕنامەی ئاشتی شۆڕشی ئۆكتۆبەر و رسواكردنی پەیماننامەی سایكیس پیكۆ لە لایەن بەلشەفیكەكانەوە, گەورەترین دەستبەردار بوون بوو لە وڵاتانی كۆڵۆنیاڵی لە مێژووی نوێدا.
لە 28ی نۆڤەمبەری 1975 فریتلین كە 14 مانگ و 13 رۆژ بوو دامەزرابوو, تاك لایەنە سەربەخۆیی راگەیاند, لە 7ی دیسەمبەر ئەندەنوسیا پەلاماری داو داگیری كرد, ئەندەنوسیا بە هاوكاری ئەمەریكا, ئوسترالیا و ژاپۆن, بە رەزامەندی راستەوخۆی سەرۆك كۆماری ئەمەریكا فۆرد و وەزیری دەرەوە كیسنجەر, لە ترسی تارمایی كۆمۆنیزم كە لە دورگەكە دوای كۆمەڵكوژی شیوعییەكانی ئەندەنوسیا لە 1965 سەری هەڵدابوەوە, لە گۆڕ نرا و كۆمارە ساواكەی تەیمورییەكان خەڵتانی خوێن كرا, كیسنجەر 3 كاتژمێر پێش داگیركردنی تەیموری رۆژهەڵات لە جاكارتا بوو, لە پەلامارەكەی ئەندەنوسیا هاووڵاتیانی سڤیلی تەیموری بە بۆمبی ناپاڵم بۆمبا باران كران, شاندی پەرلەمانتارانی ئوسترالی بۆ دورگەكە دوای گەڕانەوەیان رایان گەیاند لە جەنگی جیهانی دووەمەوە, كۆمەڵكوژی وا نەكراوە, تەنها بەهانەی ئەمەریكییەكان بۆ هاوكاری ئەندەنوسیا ئەوەبوو وەك واشنتۆن پۆست نوسی سەگێكمان نەبوو پیشبڕكێمان بۆ بكات, واتا سزای تەیمورییەكانیان بەهۆی بیرو باوەڕی سیاسییانەوە دا.
سوهارتۆ دكتاتۆرەكەی ئەندەنوسیا كە لە ساڵی 1965, حیزبی شیوعی قەڵاچۆكردبوو بە كوشتنی زیاتر لە 3 ملیۆن ئەندام و دۆستی, حیزبێك لە یەكەم بەشداریكردنی لە هەڵبژاردن لە ساڵی 1955دا, زیاتر لە 6,232,512 دەنگی ئەوسای وڵات و 18,47%ی كۆی دەنگەكانی هێنابوەوە, كە بووە دوا هەڵبژاردن شیوعییەكان بەشداری تێدا بكەن كە تا ئێستا قەدەغەیان لەسەر هەڵنەگیراوە دوای 20 ساڵ لە روخانی حكومەتی سوهارتۆ, لەو 10 ساڵەدا حیزبی شیوعی گەشەی زۆرتری كردبوو, چاوەڕێی رێژەی زۆر زیاتری دەنگی دەكرد ئەگەر هەڵبژاردن بكرابایەتەوە, تەیمورییەكانیش بەشی زۆریان متمانەیان دابووە ئەو پارتە, ئێستا سوهارتۆ دوای 10 ساڵ لەو كۆمەڵكوژییە, مەترسی لە پارتی فریتلین هەبوو, كە هێزی باڵا دەست و بە نفوز لە تەیموری رۆژهەڵات بوو, لە 13ی ئازاری 1975 هەڵبژاردن لە تەیموری رۆژهەڵات كرا, فریتلین یەكەمی بێ ركابەر بوو, ئەندەنوسیا راشكاوانە رایگەیاند رێگا بە حكومەتێك نادا ت لە تەیمور كە فریتلین بەڕێوەی ببات.
لە 28ی نۆڤەمبەری 1975, فریتلین تاك لایەنە سەربەخۆیی راگەیاند, كۆماری تەیموری رۆژهەڵاتی دیموكراتی راگەیاند, تەنها 6 وڵات دانیان پێدا نا, لەوانە ئەلبانیا (شیوعی ئەنوەر خۆجەیی, رەئس ئەخزەر, غینیا, غینیا بیساو, مۆزەمبیق, ساو تۆمی و برینسیبی كە ئەوكات سەرجەمیان ئەو وڵاتانە پارتە چەپ و ماركسی لینییەكان دەسەڵاتداریان بوون, فرانسیسكۆ كزافییە دو ئامارال لە پارتی ماركسی فریتلین بووە یەكەم سەرۆك كۆماری وڵات لە مێژوودا.
لەو كاتانە شۆڕشی ڤێتنام لە لوتكەی سەركەوتندا بوو, بۆیە ئەمەریكا رێگای نادا وڵاتێكی دیكەی كۆمۆنیستی لە ناوچەكە بە پشتیوانی حكومەتی چینی میلی دامەزرێت, ئەنجومەنی ئاسایش داوای راوەستان و كۆتایی هێنان بە داگیركاری تەیموری كرد لە لایەن ئەندەنوسیاوە, وەلێ ئەمەریكا رێگای نەدا سزا بسەپێنرێت بەسەر ئەندەنوسیا, لەوەش زیاتر ئوسترالیا و ئەمەریكا و ژاپۆن هاوكاری ئەندەنوسایان كرد لە پەلامارەكەی بۆ سەر گەلی تەیمور كە ئەندەنوسیا كردییە پارێزگاری 27ی وڵات, هەرچەندە لە ڕووی یاساییەوە تەیمور هێشتا بەشێك بووو لە وڵاتی پورتوگال, هاوكارییە دارایی و سەربازییەكان تا روخانی حكومەتی سوهارتۆ بەردەوام بوو.
دوای داگیركردنەوەی تەیمور فالینتیل باڵی سەربازی فریتیلین, خەباتی پارتیزانی دەست پێكرد, لە ساڵی 1975 ەوە بۆ ساڵی 1999 بەرگری چەكدارانە بۆ سەربەخۆیی بەردەوام بوو, لە جەرگەیدا زیاتر لە 102,800 كەس كوژرا, 200هەزار كەس لە برسان مردن و 16800 كەس بە كاری تیرۆریستی گیانیان بەخشی, لە ناویاندا ژمارەیەك زۆر لە سەركردەكانی فریتلینی تێدا بوو, چاودێران پێیان وایە زیاتر لە سێیەكی هاووڵاتیانی تەیمور لە لایەن ئەندەنوسیاوە لەو پرۆسەیە كوژران.

راپرسی و سەربەخۆیی

لە ئازاری 1973 هەڵبژاردنێكی ڕووكەش لە تەیموری ڕۆژهەڵات بۆ یەكەمجار ئەنجامدرا, تەنها هاووڵاتیە پورتوگالییەكانی دانیشتوی تەیمور ئەوانەی سێ ساڵ زیاتر بوو دانیشتوی بوون, وە خوێندەوارو زمانی پورتوگالی باشیان دەزانی مافی دەنگدانیان هەبوو, پەرلەمانێكی 24 كورسیان هەڵبژارد, لە كۆی 610541 هاووڵاتی دانیشتوی تەیمور, تەنها 12444 خۆیان ناونوسكرد بۆ دەنگدان و ئەو مافەیان هەبوو, لەوانە تەنها 11052 كەس بەشداری دەنگدانەكەیان كرد,ل ەو مێژووە پێك هێنانی پارتی سیاسیش قەدەغە بوو چ لە پورتوگال و چ لە وڵاتە ژێردەستەكانی, واتا لە هەردوو سەردەمی پێش شۆڕشی گوڵ و دوای داگیركردنەوەی تەیمور شتێك نەبوو ناوی دەنگدان و هەڵبژاردن بێت لە تەیمور، رێگایەك جگە لە خەباتی نهێنی و چەكداری نەمابوەوە بۆ گەل.
لە 12 ی نۆڤەمبەری 1971, بە بەرچاوی دوو رۆژنامەنوسی بیانییەوە, كوشتارگەی سانتا كروز لە شاری دیلی پایتەختی تەیموری رۆژهەڵات ئەنجامدرا تیایدا 271 هاووڵاتی سڤیل بوونە قوربانی تاوانەكە, كە نە یەكەم و نە دوا كوشتارگە بوو, وەلێ ئەوە یەكەم جار بوو رۆژنامەنوسانی بیانی بیبینن و هەواڵەكە بگوازنەوە بۆ دەرەوەی تەیمور, پێشتر بە بێدەنگی تاوانەكان لەم دورگە دور دەستە ئەنجام دەدرا, ئەمەریكا و ژاپۆن و ئوسترالیا و هۆڵەندا لە پاڵ كۆمەڵە تەرمی تەیموورییەكان بە دوای نەوت و گازدا دەگەڕان و شاباشی تاوانەكانی سوهارتۆیان دەكرد, وەلێ لە پاڵ ئەم حكومەتانەوە, رۆژنامەنوسان و پارێزەرانی مافی مرۆڤ تاوانەكەیان گواستەوە, دژ بەو تاوانانە هەڵمەتی جیهانی بەڕێوە چوو, لە پایتەختی ئەو وڵاتانەی حكومەتەكانیان بێزراوترین تاوانیان ئەنجام دەدا, كوشتارگەی دیلی بوووە خاڵی وەچەرخان لە خەباتی گەلی تەیموری رۆژهەڵات, بە دوای شۆرشی قوتابیان لە ئەندەنوسیا, لە 21ی ئایاری 1998 سوهارتۆ لە دەسەڵات دورخرایەوە, یوسف حەبیبی جێگیری شوێنی گرتەوە, زەمینە بۆ تەیمورییەكانیش رەخسا پەرە بە خەباتی ئاشتیانەی خۆیان بدەن, ئەوە بوو لە 30 ی ئابی 1999 لە تەیموری رۆژهەڵات راپرسی بۆ ئۆتۆنۆمی بە چاودێری نەتەوە یەكگرتووەكان كرا, لە راپرسییەكەدا 78,50%ی هاووڵاتیان رەتیان كردەوە لە ئەندەنوسیا بمێننەوە, لە كۆی 451792 هاووڵاتی مافی دەنگدانی هەبوو, 438968 كەس بەشداری ریفراندۆمەكەی كرد, 344580 كەس دژ بە مانەوە بوون لە ئەندەنوسیا, 94388 كەسیش لە گەڵ مانەوە بوون, بەمە بەرەی نەخێر بۆ مانەوە لە گەڵ ئەندەنوسیا سەركەوت, لە كۆتایی هەمان ساڵ نەتەوە یەكگرتووەكان ئیدارەی تەیموری دا تا یەكەم هەڵبژاردن لە 30ی ئابی 2001 ئەنجامدراو حكومەت پێك هێنرا.
لە هەڵبژاردنەكە گەل پاداشتی خەبات و تێكۆشانی پارتی فریتلین – بەرەی شۆرشگێڕی رزگاری تەیموری دایەوە, 57,37%ی دەنگەكان و 55 لە كۆی 88 كورسی پەرلەمانی هێنایەوە, یەكەم حكومەتی تەیموری رۆژهەڵاتی پێك هێنا.
لە كۆتادا سەرۆكی ئەندەنوزی عەبدالڕەحمان وەحید داوای لێبوردنی لە تەیمورییەكان كرد بەهۆی 24 ساڵ داگیر كردنی وڵاتەكەیان و ئەنجامدانی تاوانەوە بە تایبەتیش لە كەسوكاری قوربانیانی سانتا كروز, ئەم داوای لێبوردنەی سەرۆكی ئەندەنوسی لە كاتی سەردانیدا هات بۆ تەیموری رۆژهەڵات و دانانی تاجە گوڵینە لەسەر مەزاری قوربانیان لە سانتا كروز, ئەمە لە كاتێك بوو تەیمورییەكان داوای قەرەبوی سەردەمی داگیركاریان دوای سەربەخۆیی لە بیرنەچۆتەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت