عەلی مەحمود: خەونی شاعیرانەی ئاشتەوایی و یەكێتی پارتەكانی ئۆپۆزسیۆن!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەم ماوانەی دوایدا زۆر دەستپێشخەری و دەنگ بەرز دەبێتەوە، بۆ پێك هێنانی بلۆكی سیاسی و ئاشتەوایی لایەنەكانی دەرەوەی دەسەڵات و هاوپەیمانی نێوان هەندێك پارتی سیاسی، بۆ ئەوەی كۆتایی بە هەیمەنەی پارتی وبنەماڵەی بارزانی بهێنن لە كوردستان، كە زۆرجار بە چەسپ یەكێتی و بنەماڵەی تاڵەبانیش بە پرۆسەی كۆتایی پێ هێنانەكەوە دەنوسێنن، جار جارەش چەسپەكە حوكمی نامێنێت و پێكەوە نووسانەكە هەڵەوەشێتەوە، لێرەدا دەمەوێت بپرسم ئەم داواكارییە خەونە یان واقعە؟ هەرچەندە هەمومان هەمان خەومان هەیە و دەمانەوێت كۆتایی بەو تارماییە بێت كە 27 ساڵە شەو رۆژ لە بەرچاومانن، دەمانەوێت پشوییەك كاتیش بێت لە ژێر وێنەو تارمایەك دیكە بدەین.
دیارە ململانێی ئەم پارتانە لە كوردستان لەسەر بنچینەی دروشمی باوەكەی داواكاری خەڵك دادپەروەری كۆمەڵایەتی و دابەشكردنەوەی سەروەت و سامان بەسەر كۆمەڵگادا نییە، زیاتر بۆ دابەشكردنەوەی ئیمتیازاتی سیاسیە لە كوردستان بە تایبەتیش هەیمەنەی سیاسی لە پارێزگای سلێمانی، باشترین نموونە یەكەم یاسای پەسەندكراوی ئەم خولەی پەرلەمان یاسای بودجەی حیزبەكان بوو ، زۆرترین رێژەی بودجەی بۆ دیاریكرا كە زۆر زیاتر بوو لە 1٪ ی داهاتی نەتەوەیی كوردستان، رێژەی وا لە جیهاندا بوونی نییە.
گەندەڵی و ناعەدالەتی لەو رۆژەوە ئەنجام نادرێت كە ئەوان ملی رێگایەكی دیكەیان گرتۆتە بەر كە ناوی ئۆپۆزسیۆنە, بەڵكە لە ساڵی 1991ەوە ئەم دیاردەیە بوونی هەیە, زۆرجارانیش ئەوانەی باسی گەندەڵی دەكەن پێش وەزیفەی ئێستایان بەشێك بوونە لە پرۆسەی گەندەڵیەكە, كە ئەوكات بە ئەندازەی داهاتی نەتەوەیی كوردستان قێزەونتر بوو لە ئێستا, وە ئەم لایەنە سیاسیانەی كوردستان جگە لە باڵەكانی پكك و حككع ئەوانی دیكە هەموو بەشێك بوونە لەم پرۆسەی سیاسیەو پریشكی گەندەڵی و نادادپەروەریان بە بارستایی خۆیان بەركەوتووە, لە تۆپباراندا مرۆڤی باڵا بەرزو پان و پۆڕ پارچەی زیاتری بەر دەكەوێت.
ئایا ئەم لایەنانە دەتوانن ئاشتەوایی هەمیشەیی لە نێوان خۆیان پێك بهێنن, بە تایبەت ” گۆڕان و هاوپەیمانی و ینك و نەوەی نوێ” هەرچەندە وتەیەك نا فەرمی باوی ناو كۆنە سیاسیەكان هەیە دەڵێت: هەر چواریان سەرێكیان لە باخەڵی دلێری سەید مەجیدە؟.
من پێم وایە خەونە باس لەوە بكرێت ئەم 4 لایەنە نزیك ببنەوەو كۆتایی بە بەرامبەر كێ بهێنن لە پرۆسەی هەڵبژاردندا, چونكە ئەوە كۆتایی دوو هێزە نوێكەیە گەڕانەوەیە بۆ خاڵی سفر, تەنانەت ئەگەر ینك یشیان لێ داببڕیت, 3 لایەنەكەی دیكە ناتوانن بە ئاشتەوایی لە نێوان خۆیان پرۆسەی هەلبژاردن تێپەڕێنن, چونكە ئەمان كار لەسەر رێژەیەكی دەنگی دیاریكراو دەكەن كە ئەویش دەنگی ینك ی جاران و , دواتر ینك – گۆڕان ە, هەر لایەك لەوان دەیانەوێت گەورەترین پارچەیان لەو كەعەكە بەر بكەوێت, بۆیە پێویستیان بەوەیە لاینی بەرامبەر تێك بشكێنن, هاوكات تایبتمەندی هێزی پۆپۆلیست ئەوەیە, هانا بۆ گوتاری رۆمانسی تێكشكێنەر ببات, نێچیری ئەوان رێژەیەك دەنگی دیاریكراوە دەبێت شەڕی مان و نەمان بكەن بۆ ئەوەی زۆرترین پشكیان لێ بەر بكەوێت, بەرهەم ساڵەح خۆی بە نەوەی سیاسی مام جەلال دەزانێت, بە كۆچی دوایی كاك نەوشیروان گۆڕان كاریگەری لەسەر بنكەی ینك نەما, ئێستا ئەم پیاوە كاریگەرە, وە تموحاتی سیاسی لە بنكەی ینك یش تێپەڕی كردووە, وەكو سیاسیەكی پراگماتیك دەیەوێت لە سنوری دەنگدەرانی ینك بپەڕێتەوە بۆ دەنگی گۆڕان و ئیسلامیەكان”ئەمەیان زەحمەتە” بۆ دەنگدەرانی زەحمەتكێش و شیوعی و ….. تەنانەت پارتیش.
هەرچی نەوەی نوێیە كار لەسەر دەنگدەرانی گۆڕان دەكات بە تایبەتی, شاسوار عەبدالواحێد تەنانەت جل و بەرگی نەوشیروانانەو رەنگی مۆریش دەپۆشێت, ئەوەندەی خەریكی رەنگ و دەنگی گۆڕانە ئەوەندە ریكلام بۆ رەنگ و ئارمی خۆی ناكات, هەرچەندە ئەو لە بیری چووە كەسایەتیەكان لە مێژوودا وەك خۆیان دوبارە نابنەوە, ئەگەر ببنەوەش لە بری تراژیدیا دەبنە كۆمیدی, بۆیە خەونی ئاشتەوایی گۆڕان و نەوەی نوێ, خەونێكی شاعیرانەیە.
شەڕی ئەمان وەك سێ پارتی پۆپۆلیستی هەڵبژاردن بۆ میراتی كورسیەكانی تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفایە, تاكە رێگا بۆ رێگا گرتن لەم شەڕە دابەزین بوو بە یەك لیستی هەڵبژاردن, ئەویش نە هێزە كۆنەكان ئامادەن دەستبەرداری كورسیەكانیان بن, نە تازەكانیش بە پشكی ئەوان رازی دەبن, نە تموحاتە سیاسیەكەشیان بەو پشكەی بۆیان دیاریدەكرێت ئاو دەخواتەوە, ئەمان لە خەونی بوونە مەلیكدان نەك دروستكەری مەلیك وەك نەوشیروان مستەفا, بۆیە ناتوانن بە پرۆسەكە پۆپۆلستیەكەی ئەو هەمان رۆڵ بگێڕنەوە.
هێشتا نەگەیشتوینەتە قۆناغی بانگەشەی هەڵبژاردن, دەكرێت لە ئێستادا هودنەو بێدەنگیەك هەست پێبكەین, حیوار و دانیشتن و بەیان دەركردن و لیست دروستكردن لە ناوچەكانی دەرەوەی هەرێم, رێگا هێشتا كراوە بێت بۆ سوڵحە خەیاڵیەكان رۆشتبیرەكان, كە ئەوانیش زۆرجار لە رێگای ئەو سوڵح و پیاوچاكیانەوە بەدوای پارچە كەعەكی خۆیانەوەن, وەلێ لە قۆناغی بانگەشەی هەڵبژاردن شەڕە سەختەكەی پۆپۆلیستەكان كە زیاتر گرایشی راستگەرایانەیان هەیە لە كوردستان, دەبێت شەڕی ئێسك شكاندن یەكتر, شەڕێكی وا كڵاوی ناوبژیوانكەر دەبات, بۆیە ئەوانەی پێیان وایە دەتوانن رۆڵی پیاوچاكی لەو نێوەدا بگێڕن, ئەگەری زۆرە بەر پروشكی ئاگرەكە بكەون, چونكە شەڕی پۆپۆلیستەكان زیاتر شەڕی ئەخلاقیە نەك شەڕی دابەشكردنەەی سەروەت و سامان, ئەمەی لە كوردستان هەیە رەوتێكی پۆپۆلستی راستگەرایانەیە نەك پۆپۆلستیەكی چەپگەرایانە, خەون بۆ سكی هاووڵاتیانەوە ببینێت, ئەمان خەون بە كورسی و ئیمتیازاتەوە دەبینن, ئاخر هەر یەكێك لەم لایەنانە كۆمپانیای زەبلاح لە پشتیانەوەن و ناتوانن شەڕی ئەخلاقی بگوازنەوە بۆ شەڕی چینایەتی و دابەشكردنەوەی سەروەت سامان.
تەڵەی پۆسیدیدس تەنها بۆ ئەسینا و ئەسپەرتە, چین و ئەمەریكا لە ئێستادا راست نییە, شەڕ لە نێوان هێزی باڵا دەستی جیهانی و بەهێز بووی جیهانی روبدات, تازە سەری كۆن بخوات, وەك لە مێژوودا لە كۆی 16 جێگۆڕكێی هێز 12 جار بەهێز یەكلا كراوەتەوە لە نێوان كۆن و نوێدا, ئەمە بۆ هەرێم و شارێكیش راستە, ینك دەیەویست باڵادەستی پارتی كۆتایی پێ بهێنێت لە باشوری كوردستان, وەلێ پارتەكەی خۆی تەقیەوە بۆ چوار پارچە و ئەگەری تەقینەوەی زیاتریش هەیە لە داهاتوو, چونكە پۆپۆلیزم چارەنووسی زۆریان تەقینەوە بوو نەك كۆكەرەوە, شەڕی ئەم لایەنانە لەسەر سلێمانیە لە ئێستادا, هەولێر و دهۆك بۆ پارتی لەم قۆناغەدا پارێزراوە, كەركوك و خانەقین و دوزیش بۆ ینك, هەڵەبجەش بەهۆی هژمۆنیای ئیسلامیەكانەوە ئەستەمە یەكلا بكرێتەوە بە سانایی, بۆیە شەڕی قورس لەم هەڵبژاردنە لەسەر بەدەستخستنی سلێمانیە لە هەنووكەدا, ینك و گۆڕان بە سانایی دەستبەرداری نابن بۆ دوو هێزە تازەكەی لێیان بونەتەوە” هاوپەیمانی -نەوەی نوێ”, وەك چۆن لە نۆ ساڵی رابردوو ینك و گۆڕان ئەم شەڕەیان كردو درەنگانێك ینك رازی بوو بە واقعی نوێ و دەستبەرداری باڵا دەستی بوو بەشێوەی ئاشتیانە, بۆیە لە چاوەڕوانی بانگەشەیەكی هەڵبژاردنی واداین خەونی رۆشنبیرە وردە بۆرژواكان لە جەنگە ئەخلاقیەكاندا دەخنكێن, ئەگەریش پرشكی گڕاویان بەر نەكەوێت چونكە كە شەڕ هەڵسا ئەوانیش لە پیاو چاكەوە دەبنە لایەندار و ئەرك بەڕێكەر, جەنگاوەری شەڕی ئەخلاقی بێلایەنی و پیاوچاكی ناوێت تەنها جەنگاوەری شەڕكەری مەیدانی دەوێت, چونكە شەڕەكە كورت ماوەیەو كاتی زۆریان لەبەردەست نییە بۆ پیاوچاكی و گفتوگۆو سوڵح كردن, ئەو مانگە دەبێت شەڕی خۆیان بكەن و كۆتایی پێ بهێنن, دەستپێكردن و كۆتایی كاتەكەی نراوەتەوە, پێویستی بە پیاوچاك و نێوەنجی گەر نییە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت