عەلی مەحمود: لە سەرکردەکان خۆتانەوە دەست پێبکەن.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە بەڕێز حەمید دەروێشەوە دەستپێبکەین کە 54 ساڵی تەواوە سکرتێری حیزبەکەیەتی لە رۆژئاوای کوردستان و کۆنترین سکرتێری کوردە، بگرە یەکێکە لە کۆنترین سەرکردەی حیزبەکانی جیهانیش، تا سکرتێری بچوکترین پارتی سیاسی کە بە کورسییەکەوە نووسا مەگەر مردن لێی دورخاتەوە یاخود لە پرۆسەیەکی بازرگانی سیاسی کورسیەکی لە دوکانێکی گەورەتر دەست کەوێت ، لە کاتێکدا لە جیهاندا ژیانی سیاسی بە ئاستێک چۆتە پێشەوە، حیزبە سیاسییەکان بە رێگایەکی مۆدێرن بەردەوامن لە گۆڕینی سەرۆکەکانیان پاش هەموو پاشەکشە سیاسییەکان و شکستەکانی هەڵبژاردن و سکانداڵە ئەخلاقی و سیاسییەکان، تەنانەت هەڵبژاردنی سەرۆکی پارت بەو شێوە نەرێتیەی لای خۆمان بە چەپڵە ئەنجام دەدرێت، یاخود لە رێگای کۆنگرەی چەند سەت کەسی یان کۆمیتەی ناوەندی و مەکتەبی سیاسی باوی نەماوە، ئەندامان راستەوخۆ بە کۆبونەوەی دەیان و سەدان هەزاری سەرۆکی حیزبە بێدەسەڵاتەکەیان هەڵدەبژێرن.
تا ئێستا لە کوردستان پاش ئەم هەموو خیانەت و شکستانە سەرکردەمان نەبینی دەست لەکار بکێشێتەوە، دان بە راستییەکاندا بنێت و بەرەو روی لێ پێچینەوەو سزا نەبێتەوە، هەمیشە بەهانە بۆ تاوان و شکست و گەندەڵییەکانیان دەهێننەوەو خۆیان بە سیاسییە پاکیزەکە دەناسێنن، مردن نەبێت لە کورسی جیا نابنەوە، دوای خۆشیان کورسی حیزب و مومتەلەکاتی حیزب بۆ مناڵەکانیان بەجێ دەمێنێت.
لەم چەند رۆژەی رابردوو پاش خیانەتە مێژوییەکەی 16 ی ئۆکتۆبەری کەرکووک ، هەڵمەتێک بۆ داخوازی دەست لەکار کێشانەوەی بارزانی دەستی پێکرد، تا ئێرە ئاساییە، چونکە ئەمە مافێکی سەرەتایی هاووڵاتیانە، زۆر بێ مانایە بارزانی 41 ساڵە سەرۆکی حیزبەکەیەتی و 26 ساڵە دەسەڵاتداری کوردستان و 12 ساڵە سەرۆکی هەرێمی کوردستانە ، لەو کاتەوە دەیان هەڵەو تاوان لە ژێر سەرکردایەتی ئەودا ئەنجامدراوە کە هەندێکیان دەچنە چوارچێوەی تاوانە مەزنەکان و هەڵەی سیاسی گەورە، وەلێ ئەوەی نا ئاساییە لە داواکاری ئەم بەڕێزانە ئەوەیە سەرکردەکان خۆیان تا مردن بە کورسی حیزبەکانیانەوە نووسان و بەریان نەدا لە کاتێکدا رۆڵی باڵایان هەبووەو نەیان وێراوە بچوکترین رەخنە لەو سەرکردانەی خۆیانیان نەگرتووە، تا چووونە قەبرەوە هەر خەریکی ماستاو بوونە بۆیان ، دوای خۆشیان مومتەلەکات و حیزبەکانیان بۆ مناڵەکانیان بە میرات مایەوە ، کەچی ئەوان لە گرتنەوەی ماستاوە چرکان بەردەوامن، هاوکات ناوێرن ئازایانە دەست بخەنە سەر برینە قولەکەی 16ی ئۆکتۆبەر، کە ئەوەی لەناو رودوەکە نەبێت نازانێت خیانەتەکە چەندە گەورەو کەمەر شکێن بوو، شوێنەوارەکەی و شێوازەکەی کەمتر نەبوو لە 31ی ئاب .
لە کۆتادا من بەو بەڕێزانە دەڵێم تکایە لە حیزبەکان خۆتانەوە هەموو دەست پێبکەن و دەسەڵاتی بنەماڵەیی بە هەموو رەنگ و ناوەکان ببەنە زبڵدانی مێژوەوە، ئاخر ئێمە تا کۆیلەیی ئێسک و پروسک و تارماییە مردووەکان بین و خۆمان رزگار نەکەین لەو کلتورە ناتوانین بە خەڵکێکی دیکە بڵێین بۆ ماڵەوە، با زیندووەکان بکەینەوە بە مرۆڤی ئاسایی و ئازادیان بکەین و مردووەکانیش بنێرینەوە بۆ گۆڕستانە گشتییەکان خۆمان لە تارماییە بێ روحەکانیان ئازاد بکەین، ئەوجا بە خەڵکی دیکەش بڵێین بۆ ماڵەوە، چونکە بڕیاری وا مەزن تەنها بە مرۆڤی زیندوو دەدرێت نەک بە مرۆڤی کۆیلە، با هەموویان بنێرینەوە بۆ ماڵەوە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت